شەڕی درۆنەکان
بۆ جاری چەندەمینە کە بە درۆن (فڕۆکەی بچووکی بێ فڕۆکەوان) هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کە بەتێڕوانین لە ئامانجە نەپێکراوەکانیان ئەم هێرشانە هەڵگری پەیامی دووسەرەن بۆ هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگی کاریگەریی هەرێمی لەلایەک و هێزەکانی ئهمهریكا لەلایەکی تر کە ئەمەیان بەشێکە لە جەنگێکی کۆن و رانەگەیەنراو لە ناوچەکە.
جەنگێک کە چوار دەیەیە بە میتۆدی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و دواینیان شەڕی بە وەکالەتە لە نێوان ئهمهریكا و ئیسرائیل و باڵەکانی ئێران(میلشیاکان وەک حزبوڵڵاو و حەماس) و گروپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا، بەڵام ئەمجارە هاوکاتە لەگەڵ ئەنجامی نوێی هەڵبژاردنەکانی ئێران و هەوڵەکانی بۆ چالاککردنەوەی رێکەوتننامەی ئەتۆمی و هێورکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەری کە رەنگە لەم قۆناغەدا بەرامبەرەکانیشی لە هەردووبەری ئەتڵەسی (ئەوروپا و ئهمهریكا) ئامادەی ئەو یاریی و تێهەڵچوونەوەیەن، رێگەدان بە مامەڵەی ئابووری و کاریگەری سیاسی ئاشکرای ئێران لە عێراق و ناوچەکە ئاماژەی ئەو گریمانەیەن.
ئەگەر دیوێکی هێرشی درۆنەکان بۆسەر هەندێک پێگەی ئەمهریکی لە هەولێر پەیام بێت بۆ ئهمهریكا کە چارەنووسیان لەهەموو عێراق یەک ئەنجامە، ئەوا بە بۆچوونی من دیوی دووەمی تەواوکردنی ئەو جەنگە ئابووریەیە کە بەبڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان و قوت و مووچەی خەڵکەکەی دەستی پێکردو لە قۆناغێکدا گەیشتە ئاستی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانە و سنوورە نێودەوڵەتییەکان.
بەڵام ئەم شەڕە تەنیا ئەنجامەکەی ترس و دڵەڕاوکێی هەرێمی کوردستان و بەربەست دروستکردن نیە بۆ ئەو گەشە ئابوورییەی کە سەرەڕای قەیرانەکان بەئاستێکی بەرچاو بەردەوامی هەیەو نهێنی گەورەی ئەو ئاسایش و ئارامیەیە کە کردویەتییە نموونەییەکی دیاری ناوچەکە، بەڵکو کوردستان دەکاتە بەشێک لەئاسایشی ئهمهریكا و بەناڕاستەوخۆ دەیکاتە بەشێک لە پلانی خۆپارێزی نەیارەکانی کە ئەمە لەسەر ئاستی نزیک و دوور دەستکەوتێکی تری سیاسی ئەم هەرێمە دەبێت و پێگەی لە هاوکێشەکاندا بەهێزتر دەکات ئەگەر خۆی کاری بەرنامەداری بۆ بکات هەروەک گومانی زۆرم هەیە هێرشی شەوانەی درۆنێک کەنرخی هەریەکەیان لەچەند سەد دۆلارێکی ئەمریکی تێناپەڕێت، بتوانێت چۆک بە سیاسەتی هەرێمی کوردستان دابدات لە رێگەی بەرگرتن لە گەشەیەکی ئابووری کەدەیان ملیار دۆلاری هێزە گەورەکانی ئابووری دۆست و نەیاری ئێران پێکەوە تیایدا بەشدارن.
ئەوەی روون نیە ئەوەیە کە ئایا شەڕی درۆنەکان دەبێتە ناونیشانی قۆناغێکی نوێی جەنگی ساردی نێوان ئهمهریكا و ئێران هاوشێوەی شەڕی هەسارەکان کە لەناوەندی قۆناغی شەڕی ساردی ئهمهریكا و سۆڤیەت سەری هەڵدا و بە هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت کۆتایی هات یان نا؟
بەڵام ئەوە روونە کە شەڕکەرەکانی بە وەکالەت لەکۆتاییدا دەبنە کارتی سووتاوی جووڵەیەکی سیاسی کە رەنگە لەهەر ساتێکدا رووبدات.