له‌بارەی گرفتی پاشماوەی قوربانی

Kurd24

لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز چەندە دڵخۆشین بەوەی گیانی بەخشین و بەپیریەکچوون گەرم دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا گرفتێکی مەترسیدار دێتە ئاراوە، ئەویش بابەتی بە فیڕۆدانی پاشماوەی قوربانییەکانە، رووباری خوێن لە کۆڵان و شەقامەکان دەڕژێت، لە قەراخ شار و سەر رێگاکان، پێست و ورگ و بەشەکانی دیکەی قوربانی کەڵەکە دەکەن، چه‌ندین جۆر میکڕۆبی زیانبەخش بڵاودەبێتەوە و چەندان نەخۆشی درووست دەبن، بۆنێکی ناخۆش هەموو لایەك دەگرێته‌وه‌، مێش و مەگەز گڤەگڤی دەگاتە حەفت تەبەقەی ئاسمان، لەگەڵ دیمەنەکە هەرچی تام و چێژی جەژن هەیە، دەبێتە زەقنەپووت، خەریکە مرۆ لە بنی زگییەوە هەڵێنجی دێتێ و دەڕشێتەوە. ئەم دیاردەیە وێڕای ئەوەی جوانییەکانی قوربانی دەشێوێنێت، سیمایەکی ناشارستانی و ناهۆشیاریش بۆ وڵات و نیشتیمان و خەڵکەکە درووست دەکات.

هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیە، گۆڕانی دیندارییە لە خواپەرستییەوە بۆ عادەت، چونکە کاتێك قوربانییەکەت وەکو خواپەرستی ئەنجام دەدەی، دەزانی قوربانی چەندە خێر و پیرۆز و گەورەیە، لەوانەیە ئازاردانی خەڵك لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دەیان نەخۆشی و پیسکردنی ژینگە و پڕژاندنی ئەو بۆنە پیسە و گرتنی ئاوەڕۆکان و درووستکردنی ئەو وێنە ناشیرینە، بە ئەندازەی هەموو خێرەکانی قوربانییەکە گوناهت بۆ درووست بکات. کەواتە مرۆڤی مسوڵمان ئەگەر بە چاکی لە مانای پەرستش تێگەیشت، دەزانێت عیبادەت دوو سەرەیە، (چاکە بکە و خراپە مەکە)، چاکەکردن: لە رێگەی قوربانی و بەخشین و هۆشیاری و بەهاناوەچوونی نەخۆش و لێقەوماوان. خراپە: بە دوورکەوتنەوە لە ئازاردانی خەڵک و نەبوونە مایەی ئازار و سەرئێشە.

دیاردەی فڕێدانی پاشماوەی قوربانی بەو شێوە هەڕەمەکییە پێچەوانەی کۆمەڵێك دەقی ئیسلام و وەلاوەنانی گرنگترین ئامانجەکانی داڕێشتنی فیقهی ئیسلام و وەلاوەنانی رەوشتە جوانەکانی ئیسلامە. لە روانگەی ئیسلامەوە هەر شتێك ببێتە مایەی ئازاردان بە گشتی، حەرامە. وەکو رێسایەکی گشتی، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت فەرمووی: (زیان لەخۆتان مەدەن و مەبنە مایەی زیانیش). پاکوخاوێنی کردووه‌تە نیوەی باوەڕ. لابردنی ئەو شتانەی خەڵك ئازاردەدەن بەشێکە لە باوەڕ و پێی دەچیتە بەهەشتێ، پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێت: کابرایەك بە رێگادا دەڕۆیشت، بینی دڕکێك لەسەر رێگایە، لایبرد، ئینجا خوا سوپاسی کابرایەکەی کرد و لێیخۆش بوو). ئەگەر خاوەنانی قوربانی دیمەنی مرۆڤێك بێننە پێش چاوی خۆیان، کە ئازاری لەسەر رێگای خەڵك لابردووە، لەگەڵ خێرخوازێك کە بووە مایەی بڵاوکردنەوەی دەیان ناخۆشی و پیسی و شێواندنی دیمەنەکان، قەت رێگە بەخۆیان نادەن ئەو خێرە گەورەیە بەو هەڵانە لەخۆیان بچووك بکەنەوە.

لێرەوە داوا لە خێرخوازان دەکەم، وریای خێر و چاکەکانیان بن، زانایان فتوایان داوە دەتوانن قورباییەکانیان لە قەسابخانە فەرمییەکان بکوژنەوە و گۆشتەکەی بێننەوە، کە هەم پیسی کۆڵانێ درووست نابێت، هەمیش پاشماوەکەی فڕێن نادرێت، ئەوەی حەزیش دەکات لە ماڵێ کارەکە بکات، تکایە وریای پاشماوەکان بن. هەروەها پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو بابەتە بە جددی وەربگرن لەوەی چۆن دووبارە سوود لەو پاشماوانە وەربگیرێت، چونکە ساڵانە رێژەیەکی خەیاڵی بەهەدەردەدرێت و دەبێتە مایەی ناخۆشی و نەخۆشی، کەچی دەکرێت بە رێگای زانستی نەك تەنیا لەناوببرێت، بەڵکو سوودی گەورەی لێ وەربگیرێت.