بۆنی خوێن لەم خاکە دێت

Kurd24

بەری بەیانە، خۆر وردە وردە زەردەی خۆی بەسەر زەویدا پەخش دەکاتەوە، دونیا کش و ماتە، دەنگی هیچ نایەت، ڕەنگی ئاسمان لە تاو بێ دەنگیی زەویدا ھەورینە، ئەستێرە هێدی هێدی کزدەبن، کەچی دونیا ڕووناک نابێت، کات درەنگە بۆ لەخەو هەڵسان، بەڵام دونیا هەر تاریکە!

بەرخۆ كاتژمێری بارکراو لە ژێر سەرینەکەی دەردێنێ:

- سەیرە! گەلێک درەنگە، بۆچی دنیا هەر تاریکە! ڕەنگە خۆر لەپەنای چیاکان گیرابێ! بەڵام بەدرێژایی تەمەنم ئەوەم نەبینیوە، سەیرە! خودایە چی ڕوودەدات..!

بانگ لە «پۆڕێ» دەکات، کە ھەمووی دوو مانگێکە زەماوەندییان کردووە:

- پۆڕێ.. هەستە نانم بۆ ئامادە بکە دەچمە سەر کارەکەم.

- ئەرێ بەرخۆ دە بنوو هێشتا شەوە، ئەی نابینی دونیا تاریکە.

بەرخۆ دەچێتە دەرەوە سەیری ئاسمان دەکات هەر تاریکە، كاتژمێرەکەی لە باخەڵ دەردەهێنێت، کات درەنگە. لە باخی حەوشەدا کەمێک خۆی سەرقاڵی ئاودانی گوڵەکان دەکات، دێت و دەڕوات گوڵێکی سور لە شێوەی جگەر دەچێت، بە نوکی چەقۆێکی خاچ لەسەر دەچنێت، بۆنی دەکات و هەناسەی قوڵ هەڵدەمێژێت:

- چەند خۆشە ئەم بۆنە! دەڵێی بۆنی پۆڕێ یە، دەچم دەیدەمێ، پێی دەڵێم تۆم دۆزیەوە.

سەری نا بە ژوورەوە،  پۆرێ لە دەنگی دەرگا خەبەری بووەوە.

لەپڕ دەنگێک دێت دەڵێ(اخرج یا موخاربین) سۆرگوڵی نێو لەپی بەرخۆ کەوتە سەر فەرشی چنراو، چووە دەرەوە لە کونی دەرگای حەوشەی هتانەوە بینیی کۆڵان هەمووی عەسکەرە: سەرگرد، سەربان و بەردەرگاکان پڕکراوە لە تانک و تۆپ، ئاسمان ڕەشبووە لە هەلیکۆپتەر، لە کۆڵان بەدەیان مەنشا و پاس راوەستاون، بەرخۆ بەشڵەژانێکی زۆرو لەبەرخۆیەوە:

- ئای خوایە ئەمە چی ڕوودەدات!

دەنگی چەتۆی دراوسێ دێت، بە سەربازەکان دەڵێ: چیتان لە ئێمە دەوێت؟

- وەرە دەرەوە! دەزانین چەندین جار هاوکاری پێشمەرگەت کردووە، ئێوە هەموو موخاربن.

چەتۆ دەسگیردەکەن، زۆر هەوڵدەدات لە دەستیان ڕاکات هیچی بۆ ناکرێت ، هەرچی بکات ناتوانێت لە دەستیان ڕزگاری بێت، چونکە دەورو پشتی ھەمووی عەسکەرە،  بە ئەسلەحە دەکێشن بەسەریدا، دەستی دەبەستنەوە، جلی خەوتنی لەبەرە، نانی بەیانیی نەخواردووە، بە دەنگێکی بەرزەوە هاواردەکات:

بەرخۆۆۆ.. منیان برد خۆت ڕزگاربکە ئەوانە زاڵمن.

جارێکی تر دەکێشن بە سەری دا، بەڵام لە ھاوار ناکەوێت:

دەزانم ناگەڕێینەوە، دەزانم هەر کەسێ بکەوێتە دەستیان لەناوی دەبن، ڕاکە بەرخۆۆ.. ئەگەر قورتار بووی منداڵەکانم ئامانەتی تۆن تکایە ئاگات لێیان بێت بچووکن با گەورەبن ڕۆژێک دێت ناوی من بەوانەوە سەرهەڵدەداتەوە.

- ئەوە چییە بەسەرمان دێت خودایە! بەرخۆ وادەڵێت و بەپەلەپروزێ و شڵەژاوی دەگەڕێتەوە لای پۆرێ، پۆڕێ دەستی بەرخۆ دەگرێت و بەدەستەکەی تر سۆرەگوڵەکە ھەڵدەگرێتەوە، ئاگای لە هیچ نەبووە:

- ئەم گوڵە بۆنخۆشەت لە کوێت هێنا؟ نەکا بڵێی لە جوانیی تۆ دەچێت؟ دەی با نان بخۆین، با درەنگ نەکەویت لەکارەکەت، ئێوارە هاوڕێکانیشت لەگەڵ خۆت بێنە خوانێکی خۆشتان بۆ دەڕازێنمەوە.

بە دڵێکی پڕەوە لە چاوانی پۆرێ دەڕوانێت:

- ڕەنگە ئەمە دوا خوان بێت پێکەوە بخۆین پۆرا من!

پۆرێ لە مەبەستی ناگات:

- تۆ چی دەڵێی بەرخۆ؟ دەزانی زۆرم خۆشدەوێیت؟ لاوێ من تێر بخۆ با برسیت نەبێ، زۆر خۆت هیلاک دەکەی، دونیا ئەوندە ناهێنێت هەر ئەوندەیە بژین و وا دەشبینی خۆش دەژین.

وەک ئەوەی ھیچ نەبووبێ پۆرێ بەردەوام دەبێ:

دەزانم لەبەر من هێندە خۆ ماندوو دەکەی، چیتر بەم شێوەیە قبووڵ ناکەم. ئەرێ دونێ شەو چیتانکرد تۆ و چەتۆ؟

- بۆچی؟

- ئەی هەمووجار لەم شەودا هاوکاریەکانتان ناگەیەنن بە بازۆ؟

- من و چەتۆ چوین بۆ بناری چیا، بەڵام بازۆ نەهات، زۆر چاوەڕێ بووین ئێستاش نەمانزانی بۆ نەهات! دەترسم شتێک ڕوویدابێت.

- شتی وەکو چی؟

- خودانەکات شەهید کرابێت، ھەرچەندە لە پێناو نیشتمان ھەموومان مەرگمان وا لەپێش خەباتەو سڵ ناکەینەوە.

- نا بەرخۆ، بازۆ زۆر دلێر و ئازایە، پێموانییە هیچی بەسەرهاتبێت.

زرم! زرم! زرم! زرمەی پۆستاڵ گفتوگۆکەیانیانی پچڕاند.

- هەستە دەنگێکی سەیر دێت!

- دەنگی پۆستاڵە!

لەناکاو چوار عەسکەری  پۆستاڵ لەپێ خۆیان بە بەژوورداکرد، سەردەستەکەیان بە نەڕەو ھاوارەوە:

-  مەجوڵێن! ئێوە باسی ژوان و هاوکاری و بەخشین دەکەن! یەڵا ئەو تێکدەرە ببەن.

قۆڵی بەرخۆیان گرت، بەرخۆ بەچاوی پڕ لەگریان:

ئازیزم ئەوە دوا خوانی من و تۆ بوو، دوا دیداربوو، رەنگە تا هەتا نەتبینمەوە. چارەنووسمان نادیارە، نازانم چیمان بەسەر دێت، بەڵام ھەرچی ببێ ئاگاداری خۆت بە، ئاگاداری گوڵەکان بە، بۆ هەمیشە سۆرەگوڵ بپارێزە با منت بیربێنێتەوە، یادگاریی من و تۆ ئەم گوڵەیە تکایە با نەچرمسێ، هەردەم بە گەشاوەیی بمێنەوە ئازیزم.

پۆرێ بە شین و گریانەوە:

- بەرخۆ ئەمە چی ڕوودەدات!  خودایە بۆ بەختی من ڕەش دەبێت، بۆ کوێی دەبەن؟ ئەو بێ تاوانە،  بەرخۆ بێ تاوانە وازی لێ بێنن لە سەر خاک و وڵاتی خۆیەتی، هیچی نەکردووە بۆ وادەکەن کراسی فیراق بە زۆری لەبەر من دەکەن بەرگەی دووری بەرخۆ ناگرم تکایە بۆ خاتری خودا....

سەردەستەکەیان بێ بەزەییانە ھاوار دەکات:

- بێ دەنگ بە! ئەگەر نا بە گوڵە  دەتکەینە بێژنگ، یەڵا بیهێنە دەرەوە.

بەرخۆ چاوی سور هەڵگەڕاون، خەریکە لێڵایی چاوانی دابێت، تەنیا سۆرەگوڵ دەبینێت، بۆنی لەنێو جەستەو خوێنیدا دەخوڵێتەوە، ئاخێک ھەڵدەکێشێت و ئێستا تێدەگات بۆچی بازۆ نەهاتە ژوان.

دوو عەسکەر ملی بەرخۆ دەگرن بەرەو لای پاس و مەنشایەکانی دەبەن، بەرخۆ سەیر دەکات هەموو خزم و دۆست و هاوڕێکانی لە مەنشادان، ژن و منداڵ لە دوورەوە زیڕەو هاواریانە، قیژەیان تا عەرشی ئاسمان بەرز دەبێتەوە، هەواری دایکان لە کێوەکانەوە زم دەداتەوە. دایکی بەرخۆ دەبینێت دوو عەسکەر ملی بەرخۆیان گرتووە ئەیبەن  بەرەو پاسەکان. هاوار دەکات:

- خودا چۆن لێتان قەبوول دەکات، زاوای چەند ڕۆژێکە، بێ تاوانە، بۆ کوێی دەبەن، لێیگەڕێن، بەرخۆیێ دایێ نەبەن، جەرگێ دایێ یە بەرخۆ.

سواری پاسی دەکەن، چەتۆی هاوڕێی لە پاسەکەدایە، بانگی دەکات:

- بەرخۆ وەرە بۆ لای من.

لە پاڵ یەک دادەنیشن:

بەرخۆ چیمان بەسەر دێت؟

- نازانم دڵم زۆر تەنگە خودا یار و یاوەرمان بێت.

- گوێت لە دەنگی من بوو؟

- ئەرێ.

- ئەی بۆ خۆت نەشاردەوە خۆت قورتار نەدەکرد؟

- هیچ دەرفەت نەبوو، نەتبینی چەند هێز و چەکیان هێناوە، دوێنێ شەو بەلامەوە سەیربوو کە بازۆ نەهات بۆ ژوان، لەو کاتەوە نارەحەتبووم زانیم شتێک دەبێت!

لە جامەکەوە سەیری دەرەوە دەکەن، خەم بە ڕوخسارییابەوە دەبارێت.

-چەتۆ چی بکەین؟

- هیچمان بۆ ناکرێ.

- هەوڵ بدەین خۆمان ڕزگار کەین؟

-ئەوە ئەستەمە بەرخۆ، دەمان کوژن، نابینی چۆن وەستاون، هەرچی هێزە لێرە و لە دەورووبەرمانە، تەنانەت ئاسمانیشیان تۆخ کردووە، ئێمەش تەبای ئەو هەموو کەڵە پیاوانەی لە پێناو نیشتمان مەرگی خۆیان بەخشی، چی دەبێت با ببێت، خۆ لە مێژە پەیمانمانداوە بۆ ئەم خاکە مەرگمان لە پێشمان بێ..

- چەتۆ! براکەم بیرم هەر لای بازۆیە چۆن دەژیت و کێ هاوکاریی دەکات؟

خەمی بازۆت نەبێ، ڕۆژێک دێت نیشتمان ڕزگار دەکەن، منداڵەکانمان گەورە دەبن، باشتر لە ئێمە تێدەکۆشن، ژنەکانمان نازناوی شێرەژن وەردەگرن، هیچ خەمت نەبێت.

سەیری بەرخۆ دەکات، قوڵ ڕاماوە، تەمێکی چڕی خەمێکی سەخت لە چاوانی دا چەشنی ئاگرێک کڵپەی داوە.

- براکەم بەرخۆ بۆ وا داماوی؟ هەستە سەر پێ بزانە کێی دییان هێناوە.

بەرخۆ هەستا، پۆرێ ی بینی، دوو ترمزی بەدەستەوەیە، یەک هی چا بوو، یەک ئاوی سارد، گوڵێکی وشکی زەردیش لە باخەڵی دا دیارە، رەشیی کراسەکە نەیتوانیوە گوڵەکە بشارێتەوە.

پۆرێ لە پاسەکە سەرکەوت:

-بەرخە گەرمایە، ئاوی سارد و چام بۆ هنێاوی، دەزانم زۆر حەزت لە چایە بەپەلە ئامادەم کردو هێنام، هانێ ئەم گوڵە زەردە بگرە بیکە ھاوسەفەرت، تا ئەمێنم بە ئومێدی گەڕانەوەت ئەژیم.

بەرخۆ هێدی لە نێو مەنشا لەپاڵ چەتۆی هاوڕێی دانیشت و هەر بۆنی زەردەگوڵی دەکرد، بە خەیاڵ گەڕایەوە تافی منداڵیی لەگوندو، یادەوەریی خۆی ھەڵڕشت:

چەند خۆش بوو ئەو ساتەی ئەم گوڵەم لەنێو سروشتێکی جوان و لە کارەوانی پێشکەشی پۆرێ کرد.

- پۆرێ بەیانی دەبێت زوو لە خەو هەستین، چونکە زۆر دوور دەکەوینەوە له گوند، دەچین بۆ لەوەڕاندنی کارەکان، باوکی تۆ و باوکی منیش دەچن بزنەکان دەلەوەڕێنن.

- باش زوو هەڵدەستم.

سپێدەیه، گوڵەکان لە خۆشیی وزەی تیشکی خۆر دەشنێنەوە، باڵندەکان جریوەیانە، بەرخۆ بانگی پۆڕێ دەکات:

- کارەکان بێنە دەرەوە بابڕۆین.

- هاتم هاتم.

- بەرخۆ دەبێ هێدی بڕۆین، نابێت کارەکان تێکەڵ بە بزنەکان ببن ئەگەر نا شیری دایکان هەمووی دەمژن و هیچ بۆ ئێمە نامێنت.

- وای! تۆ زۆر باش ئەمە دەزانی!

- باوکم پێی وتم.

-ئێمە دەچین بۆ مێرگ و بناری چیا، ئەوێ لەوەڕی زۆر باشی لێیە.

- بەرخۆ تۆ هەموو شوێن شارەزایت؟

- بەڵێ، لەگەڵ باوکم زۆرجار چوومە.

- منیش هەموو شوێن دەزانم چونکە لەگەڵ باوکم زۆر گەڕاوم، بەرخۆ ئەوە نیوڕۆیە با هەموویان مەخەڵ بکەین، بلولەکەت دەربهێنە بۆیان بژەنە منیش سەرەخەوێک دەشکێنم، زۆر هیلاکم.

- باشە پۆڕ، بخەوە خەوێکی خۆش.

دەنگی بلول تێکەڵ بە دەنگی باڵندەکانی نێو سروشت دەبێت، بەنێو دۆڵ و نهاڵ و جوانیی سروشت و تاشە بەردو داربەڕوو و مازی دا زمەی دەهاتەوە، هەموو جوانیەک لە یەک وێنەدا ئاوێتەی یەکتربوو: دوو لاو ئەڤین دەچێنن. تا دەهات جوانیی پۆڕێ لە دڵی بەرخۆدا زیاتر دەبوو، ئاوێنەی ئەڤینی ڕاستەقینەی، پڕ دڵ دەبوو، هەموو ئاوازێکی ئەڤینداری، بە بلولەکەی دەژەند، بە چاوی دڵ جوانی عشقی دەدیت، هەرچی جوانیی دونیا هەیە لەنێو روخساری پۆرێی بەدی دەکرد، هێدی هێدی ئاوازی نەرمی دەژەنی، چەندین جۆرە باڵندەی لەسەر گەڵاو لقەکانی دارەکە کۆببونەوە، گوڵەکانیش بەو ئاوازە گەشابوونەوە، کارەکانیش لەژێر سێبەری داربەڕووەکەدا دەورەیان دابوون، دیاربوو دڵشادبوون بەم دۆخە.

هێدی هێدی بەرخۆ سەری پۆڕێی بڵندکرد، جۆڕکەکەی لەژێر سەری دانا، بەرەو لای گوڵەڕوونەکان چوو، چەپکێک گوڵی چنی، وردە وردە گەڕایەوە ژێر داربەڕووەکەو لەپاڵ سەری پۆڕێی دانا، بۆنێکی خۆش و سیحراوی بەبەر لوتی پۆرێ دا چوو، لە خەوێکی قوڵ  دابوو، بەڵام هەناسەیەکی درێژو ئارامی هەڵمژی، ھێدی ھێدی سەری بلندکرد، بۆنی عشق و ئەڤینی ڕاستەقینەی هەڵمژتەوە، چەپکە گوڵەکەی بەدەستەوەگرت و قوڵ بۆنی کردو لە باخەڵی نا.

بەرخۆ ئەڤیندارانە سەیری دەکردو شەرمێکی منداڵانە سەر روخسارو زمانی گرتبوو، چەپەری شەرمەکەی شکاند:

- پۆرێ؟

- بەرخۆ

- پۆرێ زۆۆ....

- چی؟ زۆۆ چییە بەرخۆ؟

- پۆرێ زۆرم خۆشدەوێی زۆۆۆر

ئەڤین لای ھەردووکیان چەکەرەی کردبوو، نیشتبووە سەر دڵیان، پۆرێ بەھەمان شەرمی بەرخۆ:

منیش بەرخۆ... منیش.

- بەرخۆ ئەوە چی دەڵێی وا لەبەرخۆت قسە دەکەیت و زەردەخەنە دێنە سەر لێوت! دەزانی ئێمە وا بەرەو مەرگ دەڕۆین! خەیاڵت بۆ کوێ ڕۆیشتوە براکەم ماڵئاوایی لە پۆڕێ بکە، پێی بڵێ بەهێز و خۆڕاگربێ.

- چەتۆ گیان ئەزانی ئەم چەپکەگوڵە هی چ سەردەم و ساتێکە؟

- نەخێر بەرخۆ براکەم.

ھی کاتی یەکەم ژوانی خۆشەویستیمە لەگەڵ پۆڕێ،

کاتێ پێکەوە لە گوند کارەکانمان دەبردە مێرگ و لەوەڕگاکان، کارەوان بووین کارەوان، ئەو کاتم بیرهاتەوە بۆیە ئاگام لە خۆم نەما.

- ئەوە پاسەکە بەڕێکەوت، نازانین بۆ کوێ دەمان بەن، ڕەنگە لە جێگایەک کۆمان بکەنەوە تا بمانکەن بە عەسکەر، یان کەسێکی گەورەیان هاتووە بۆ ئەوەی هەندێک ڕێنوێیمان بکات.

- هیچ باوەرم بەم دەستەڵاتە نییە، ئەوان دژی خاک و زمان و کلتووری ئێمەن، چەتۆ ئەوانە زاڵمن زۆر دەترسم هەموومان لە ناوببەن!

- بەرخۆ ئێرە ڕێگای بەغدایە، لە بەغدا نزیک دەبینەوە، بیرت دێ جارێ پێکەوە هاتین لەسەر لێواری زیێ دیجلە نانمان خوارد؟

- بەڵێ بیرمە، ئەو کاتە هەندێک قوماشمان کڕی بۆ بازۆمان بردو نامەیەکمان لێرە پێ گەیشت.

دەنگی عەسکەرەکان چەتۆو بەرخۆ لەناو ئەو یادەوەریانە دێننە دەر، دەگەنە ناوشار، عەسکەرەکان لە جامی پاسەکانەوە ھاوار دەکەن:

هەموویان پێشمەرگەن، پێشمەرگەمان نەهێشتن، هەموویان لەناو دەبەین،  قەتل و عامیان دەکەین، ئەوە سەرکەوتنی ئێمەیەو بەچاوی خۆتان بیبینن ھەر کێ خیانەت بکات ئەنجامی وەک پێشمەرگە دەبێت.

- چەتۆ! براکەم بۆنی خوێن لەم خاکە دێت!

 

* مه‌عاف مه‌ناف بارزانی، ئه‌و چیرۆكه‌ی له‌ یادی 38 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییه‌كان نووسیووه‌، كه‌ خۆی یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی منداڵ بووه‌ و له‌ به‌رچاویدا باوك و ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی راپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کراون و کۆمەڵکوژ کراون.