ئه‌وه‌ی ده‌بوو زووتر بڕوخێ!
هێزێكی شاراوه و قووڵ، هه‌ر جاره و جڵه‌وی ناڕه‌زایی و تووڕه‌یی شاره‌كه ده‌داته ده‌ست گروپێك و ئه‌ویش بۆ خولێكی نادیار، له‌م تووڕه‌یی و بێزارییه‌ی خه‌ڵك، ته‌نیا خۆپیشاندان و وتار و كه‌مپه‌ین و شه‌پۆلێك له جنێویان بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
ئه‌م هێزه، گه‌رچی هه‌ندێ كات وا ده‌رده‌كه‌ون به ته‌واوه‌تی له سه‌ر حه‌قن و هه‌موو راستی و حه‌ق و دادێك لای ئه‌وانه و به‌مه‌ش سۆزی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی شاره‌كه و ته‌واوی زۆنه‌كه بۆخۆیان راده‌كێشن، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام چونكه بێ به‌رنامه و بێ مه‌بده‌ئن وهیچ ئامانجێكی روون و نیشتمانی‌یان نییه، چه‌نده‌یش خه‌ڵكیان له‌گه‌ڵ بێت و كورسییه‌كانیان چه‌نده‌یش هه‌ڵكشێت، هه‌ر ده‌ڕووخێن و كاتێك ده‌كه‌ون، ده‌بنه گاڵته‌جاڕی هه‌مان ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه به‌دوای خۆیانه‌وه بوو.
ئه‌وان به‌هێزترین كاره‌كانیان ئه‌وه بوو كه كۆمه‌ڵگه‌یان به سووڕی جنوونی سیاسی‌دا ده‌برد. پێكڕا میلله‌تی بن ده‌ستی خۆیان ده‌كرده هێزێكی ناحاڵی و كه‌للـه ره‌ق، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌یان نه‌ده‌دا نه ره‌خنه له خۆیان و نه له‌و گروپه‌ش بگریت كه به‌ڕێوه‌ی ده‌بردن.
به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی ژێر حوكمڕانیی ئه‌وان، ببوونه وه‌حده‌یه‌كی ئاڵۆز و هه‌رچیت له‌سه‌ر بووتبان، یه‌كه‌وڕاست ژێر پێیان ده‌كه‌وتیت. ئیدی لای ئه‌وان مادام زۆرینه باوه‌ڕیان به یه‌ك هه‌ڵه هه‌بوو، راسته‌قینه‌ی كه‌مینه هیچ رێز و بایه‌خێكی نه‌ده‌ما. تۆ چه‌نده‌یش راست بوویتایه، مادام به ته‌نیایت هه‌ڵه بوویت و ئه‌وانیش چه‌ند هه‌ڵه بوونایه مادام پێكڕا خه‌ڵكی شاره‌كه و زۆنه‌كه‌ش یه‌ك جۆر و یه‌ك ده‌نگ بوون، كه‌واته راست بوون.
یانی گه‌ر سۆراغی حه‌ق و راستییه‌كه‌ی خۆشت بكردایه، رێك وه‌ك سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، هه‌مان قه‌ده‌ری گالیلۆت به‌سه‌ر ده‌هات. گالیلۆ وتی زه‌وی ته‌خت نییه و به ده‌وری خۆی و خۆریشدا ده‌سووڕێته‌وه، به‌ڵام مادام هه‌موو ئه‌وروپا و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌ی پاپاش پێیان راست نه‌بوو، ئیدی ده‌بوو گالیلی واز له حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی خۆی بهێنێ و نه‌ك ته‌نیا ئه‌وروپا، به‌ڵكو زه‌ویش وه‌ك ئه‌وان ببینێت كه نه ده‌سوڕێته‌وه و نه هێلكه‌ییشه.
روئیایه‌كی نامۆ و جێگیریان چه‌قانده ده‌ماری ئه‌و خه‌ڵكه‌وه و متوربه‌یان كرد به جیهانێكی ره‌شه‌وه. له‌م دۆخه‌دا كۆمه‌ڵگه یان به‌شه میلله‌ته‌كه‌ی سه‌ر به‌وان، پێكڕا كوردستان و ژیانی وڵاته‌كه‌یان به یه‌ك جۆر ده‌بینی، هه‌موو شت خراپه! هه‌موو شت تێكچووه! هه‌موو شت قابیلی له نێو بردنه! هیچ ئومێدێك نه‌ماوه! ئاسۆ دیار نییه! وه‌لحاڵ مرۆڤه‌كان ده‌بوو یان ده‌بێت ئاوا بیر بكه‌نه‌وه تا له نێو ته‌نزیماته ماددی و سیاسی و حزبییه‌كه‌ی ئه‌واندا جێی ببێته‌وه، یان له نێو بۆڕه و قاڕه‌ی زۆرینه‌دا خه‌فه‌كوژ بكرێت.
ئه‌وان چاككردنی هه‌ر شتێكیان به قۆناغی دوای رووخاندنی حكومه‌ت ده‌سپارد. رێك له‌م كاته‌دا هه‌ڵوێستی سیاسی و جووته‌دانی سیاسی‌یان تێكه‌ڵ ده‌كرد. ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌یشت ئه‌گه‌ر چاك و راست و به سوودیش بووایه، به‌ڵام مادام به‌كه‌ڵكی قاچاخچێتییه‌كه‌ی ئه‌وان نایه‌ت، كه‌واته ده‌بوو ده‌مكوت بیت، یان شاریان بۆ به‌جێبهێڵیت! به هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌یه رووخا، ده‌بوو زووتر بڕوخێ.