ئێران و هەرێم حەتمیەتی جوگرافیا

Kurd24

جوگرافیا دەستێکی باڵا و کاریگەری هەیە لە سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکان، هەم سیاسەت و هەم جوگرافیا لە پەیوەندییەکی بەردەوام دان، هەردووکیان کاریگەریان لەسەریەك هەیە، بۆیە زاراوەی جیۆسیاسی یان جوگرافیای سیاسی بووه‌تە لقێکی سەربەخۆ و بەرفراوان لە لێکۆڵینەوە جوگرافیاییەکان.

ئەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ بینیمان لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، هەروەها پێشوازی ئەو وڵاتە لە سەرۆکی هەرێم بەم شێوازە پڕشکۆیە، دەرخەری راستی کاریگەری جوگرافیای سیاسییە لە پەیوەندی هەردوولا، کە تێگەیشتنێکی نوێ و سەرەتایەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی هەردوولامان بڕوا بەو راستییە مێژووییە و جوگرافیاییە بکەین، کە ناتوانین وەک دوو گەلی درواسێ تا کۆتایی لە پەیوەندییەکی خراپدابین، پەیوەندی سیاسی باش لەسەر بنەمایی رەچاوکردنی بەرژەوەندی هاوبەش بنیات دەنرێت، بێ ئەوەی لایەك داخوازی ملکەچبوونی لایەکی دیكه‌ بکات.

پێشوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرۆکی هەرێم جێگای دڵخۆشی هەر کوردێك بوو لە هەر شوێنێك، ئەمە تێگەیشتنێکی نوێ و ئەرێنیە لە پێگەی هەرێم، کە دەیەوێت بە هاتنی ئیدارەی نوێ، پەیامی ئەوەمان بداتێ کە وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەردوولاماندا هەبێت، پێموایە هەرێمیش خوازیاری پەیوەندییەکی لەم جۆرەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ جێگیربوونی باری ئاسایشی هەردوولا، بەتایبەتی بۆ ئێمە لە کاتێکدا کە ئەمه‌ریکا دەیەوێت ژمارەی جەنگاوەرەکانی لە عێراق بکێشێتەوە رەنگە بۆشایی ئەمنی لە هەندێك شوێنی عێراق پەیدا بکات. پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران بەزۆر قۆناغی جیاجییا و هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە بەپێی رووداوە سیاسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەوەی پێویستە لەسەر هەرێم بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئێران دوو خاڵی سەرەکییە: یەکیان ئەوەیە ئێران بگاتە ئەو بڕوایەی کە پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمه‌ریکا بەهیچ شێوەیەك لەسەر حسابی زیانگەیاندن نییە بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان.

خاڵی دووەم: ترسی ئێرانە لە سیاسیەتی پان کوردیزم، کە رەنگە لە داهاتوودا کاریگەری لە سەر بەشی کوردستانی ئێران دابنێت،  هەرچەندە هەرێم لەسەر ئاستی فەرمی هیچ سیاسەتێکی لەم چەشنە پەیڕەو ناکات، چونکە زۆر باش لە واقعی سیاسی تێدەگات، بەڵام لەسەر ئاستی میللی هاوسۆزی هەیە ئەمەش ناکاتە ئەوەی بەشێك بێت لە سیاسەتی هەرێم.

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان لە ئێران هێرشەکانی میلیشیاکانە بەمەبەستی ئاڵۆزکردنی باری ئاسایشی هەرێم و پاڵپشتی کردنی ئەو میللیشیانە لەلایەن ئەوان، هەروەها کاریگەریەکانی ئەوان لەسەر بڕیاری سیاسی حکومەتی فیدراڵ بە ئاراستەی جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانی هەرێم، وەك ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و ئاسایینەکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان وهەندێک کیشەی دیكه‌. پێموایە ئەم کێشانە ئەوەندە ئاڵۆز و زەحمەت نین بۆ چارەسەر کردن، دەکرێ ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم و هاتنی سەرۆک کۆماری نوێ ئیبراهیم رەئیسی ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ تێگەیشتنێکی نوێ و پەیوەندییەکی دروست لەسەربنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەردوولا.