ئەفغانستان وەك پەند و عیبرەت!

Kurd24

دوای کشانەوەی بەشی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی پایتەختی ئەفغانستان لە پێشڕەویەکی بێ وێنەدایە، لێرەدا گرنگە ئێمەی کورد چەند وانەیەك (وەك پەند و عیبرەت) لە رووداوەکانی ئەفغانستان فێر ببین:

1- پشت بەخۆ بەستن:

دەبێت لەم راستیە تێبگەین کەوا ئەمەریکا هەتا رۆژی قیامەت لە هیچ وڵاتێك نامێنێتەوە، بۆیە گرنگە لە ئێستا بەدواوە هەرێمی کوردستان زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت بۆ بەهێزکردن و رێکخستنەوەی هەموو سێکتەر و دام و دەزگاکان، بە مانایەکی ديكه‌ بەهێزکردنی ژێرخانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەقامگیری، پێگەوژیان و....هتد.

2- یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە:

گرنگە هەنگاوەکانی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکرێن، ئەویش لە پێناو دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتیمانی، دوور لە دەستی کارەکتەرە حیزبییەکان، واتە بەهێزترکردنی ژێرخانی ئەمن و ئاسایشی کوردستان.

3- بەردەوام بوون لەسەر پڕۆسەی چاکسازی:

 گرنگە لە ئێستا و داهاتووشدا پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام بێت، ئەویش بە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی لە هەموو سێکتەرەکاندا.

4-  بەهێزترکردنی پردی پەیوەندی نێوان خەڵك و دەسەڵات:

ئەمەش لە رێگه‌ی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و بە دیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی زیاتر ئەنجام دەدرێت.

5- پەلەکردن لە نووسینەوەی دەستورێکی هاوچەرخ:

پەلەکردن لە نووسینەوەی دەستورێکی هاوچەرخ بە مەبەستی زیاتر بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.

راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە (دیموکراتەکان و کۆماریەکان) گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كه‌ نابێت ئەمەریکا چیتر (شەڕە بێ کۆتاکان) بکات و باج و خوێنی سەربازانی ئەمەریکا بەفیڕۆ بدات، هەروەك "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی ئەفغانستانەوە گووتی:

''دەبێ ئەوان شەڕ بۆ خۆیان بکەن''، ئەو قسەیەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەفغانییەکان واتە پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هیچ وڵات و هەرێمێك هەتاهەتایی نییە، بۆیە ئەگەر وڵاتێك یان هەرێمێك نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە هیچ کەس و وڵاتێك ئامادە نییە بۆ ئەبەد بەرگریی لێ بکات، ئەم راستیەی سەرەوە سادەترین وانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە.

لە کۆتاییدا پێموایە بە گوێرەی دەرەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی نێوان (عێراق و ئەمەریکا) رێگه‌ی تێناچێت ئەمەریکا هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە بکاتەوە، چونکە بارودۆخی (خودی و بابەتی) نێوان عێراق و ئەفغانستان جیاوازن، لەگەڵ  ئەوەشدا هەندێك خاڵی هاوبەش و لێکچووش هەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا، بۆیە گرنگە ئێمەی کورد (سود و پەند و عیبرەت) لە بارودۆخی ئەفغانستان وەربگرین و هەوڵ بدەین کەم و کوڕیەکانمان چارەسەر بکەین و خۆمان بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆکان ئامادە بکەین.