ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌فغانستانمان لێ دێ؟
ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن هه‌مان مه‌ترسیی ئه‌فغانستان له پێش كوردستانیشه، یان خه‌ڵه‌فاون، یان ئه‌وانه‌ن كه حه‌زه‌كه‌ی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن نه‌ك واقعه‌كه!
پێش هه‌موو شت، كوردستان وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه نییه، یانی فره نه‌ته‌وه به‌و جۆره‌ی كه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیان رێژه‌یان به قه‌د یه‌ك یان نزیك له یه‌ك بن، كه به هۆی ئه‌مه‌شه‌وه حه‌ز و ئاره‌زوو و ته‌ماحكارییه‌كانیان پێكدا بده‌ن. له باشترین حاڵه‌تدا سێ نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمی له هه‌رێمه‌كه‌ن، كه كورد زۆرینه‌ی ره‌هایه‌تی.
كوردستان به رێژه‌ی سه‌رووی 90% كورده. كورد نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه و باڵاده‌سته. باڵاده‌ستییه‌كه‌شی له خۆسه‌پاندن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه‌وه وه‌رنه‌گرتووه. هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك له كوردستان نییه كه مافه‌كانی پێشێل كرا بێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ش له به‌رچاو بگرین، كه هه‌ندێ هه‌یانه و پێیان وایه نوێنه‌ره‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وانه له حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان نماینده‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه نین، به‌ڵام ئاواش ئه‌و نه‌ته‌وانه چه‌وساوه و په‌راوێزخراو نین.
میلله‌تی كورد، نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژی نین و ته‌نانه‌ت ئیسلامیی سیاسییش نین. گه‌رچی زۆرینه‌ی ره‌های موسوڵمانه، به‌ڵام موسوڵمانێكی ئایدیۆلۆژیی نییه و تێكڕای نزیك له هه‌موو سوننیی شافیعین. ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كیش له هه‌رێمه‌كه‌دا هه‌بێت، ناكۆكیی ئایدیۆلۆژیی نییه و سیاسییه. له كوردستان ئیسلامیی سیاسیی رێژه‌ی 2%ی وڵاته‌كه‌یش پێك ناهێنێت. ته‌نانه‌ت ئیسلامییه سیاسییه‌كانی كوردستان، هۆشیارتر و كراوه‌تریشن له ئیسلامیی سیاسیی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی.
جارێكیان سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێی گوتم: هه‌تا نه‌چیته به‌غداد و له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه ئیسلامییه تائیفی و مه‌زهه‌بییانه مامه‌ڵه نه‌كه‌یت، نازانیت ئیسلامییه‌كانی كوردستان چه‌ند كراوه و هێمنن. ئه‌و به پێكه‌نینیشه‌وه گوتی: حیسابكه ئیسلامییه‌كانی خۆمان عه‌لمانین له چاو ئه‌واندا.
وێڕای هه‌موو جیاوازییه‌كان، ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیریی كورد، زۆر له سه‌رووی ئه‌فغانییه‌كانه‌وه‌یه. له ئه‌فغانستان رێژه‌ی خوێنده‌واری كه‌متره له 40%. به‌ڵام له كوردستان نزیك به 80%ـه. به پێی داتای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر ئێستا ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار كه‌س فێرخوازی ناوه‌نده‌كانی خوێندنن، ئه‌مه جگه له مامۆستا كه ژماره‌یان نزیكه‌ی 150 هه‌زار كه‌سه. له خوێندنی باڵا ده‌یان هه‌زار كه‌س ده‌خوێنن.
تا ئێستا له كوردستان ململانێی فكری توندڕه‌و له‌و ئاسته‌دا نییه كه رێگری له خوێندنی ئافره‌ت بكرێت. هیچ حزبێكی سیاسیی ئیسلامیی چه‌كدار بوونی نییه. به‌ڵام له ئه‌فغانستان ده‌یان و سه‌دان ململانێی سیاسی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی و تائیفی و ته‌نانه‌ت خێڵه‌كی و نه‌ته‌وه‌ییش هه‌ن. رووبه‌رێكی جوگرافیایی گه‌وره و نه‌ته‌وه‌یه‌كی نا ئاماده‌ش!
له‌وێ زیاتر له نۆ نه‌ته‌وه و ده‌یان زمان و دیالێكتی نه‌ساز به یه‌كدی و ته‌نانه‌ت دوژمنی یه‌كدیش له ململانێدان. په‌شتون، تاجیك، هه‌زاره، ئیماق، ئۆزبه‌ك، قزلباش، توركه‌مه‌ن، به‌لوچ، پیشاوه‌ری، سادات، پامیری و چه‌ندانی دیكه‌ش له ململانێی یه‌كدی و له هه‌ر یه‌كه‌شیان له نێو خۆیاندا چه‌ندان جیاوازی و ئیختیلافی عه‌قیده‌تییان هه‌یه. هه‌ر یه‌كه‌یان شار و ناوچه و ویلایه‌ت و جوگرافیای خۆیان هه‌یه. رێژه‌ی هه‌ندێك له‌م نه‌ته‌وانه نزیكن له یه‌كه‌وه، بۆیه هه‌میشه پێكدادانیان له ئان و ساتدایه، به نموونه په‌شتون وتاجیك كه رێژه‌یان نزیك له یه‌كدییه، به‌هۆی ئیختیلافی عه‌قیده‌تیشه‌وه، كه‌سیان ئه‌وی تریانی قبووڵ نییه!
هه‌موو ئه‌وانه‌ش به لایه‌ك، ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمی بۆ وڵاتانی چین، تاجیكستان، پاكستان، ئێران، ئۆزبه‌كستان و توركه‌مه‌نستان، هێنده ئاسانه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان فوتباڵی ململانێ سیاسییه‌كانی خۆیان له نێو حه‌وشه‌ی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن، چونكه هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه هاوزمان و كه‌مینه‌یان گه‌لی ئه‌فغانستان پێك ده‌هێنن!
بۆیه له هیچ گۆشه‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵه ئه‌وان هاوچاره‌نووس نین و گه‌لی كوردستانیش به هیچ جۆرێك سازگار و ئاره‌زومه‌ند نییه به مۆدێلی قوڕ و چڵپاوی تاڵیبان. هه‌ر كه‌س نزیكایه‌تی له نێوان ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌فغانستان دروست بكات، ئه‌وه له‌و بوونه‌وه‌رانه‌یه كه حه‌زی به عامود و گڵۆپ و جاده‌ی قیر نییه!