چاکسازی و ناڕەزایی

Kurd24

لەگەڵ هەر هەنگاوێک لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەندێک دەنگی ناڕازی بڵند دەبن و رەخنەی لێدەگرن و هەوڵدەدەن هەنگاوەکە بۆ دواوە ببەنەوە، بەڵام پێداگری و سووربوونی سەرۆکی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کە داوایەکی لە مێژینە و گشتگیری خەڵکی کوردستان بووە، ئامادەکاری بۆ چوونەپێشی هەنگاو و قۆناغێکی دیکە دەکرێ، نەک پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە.

کۆنە پەڕلەمانتارانی کوردستان کە ئەوانەی عێراقیش لە چوارچێوەی یەکێتیەکدا سەریان بەیەکەوە ناوە، لەوەتەی بە گوێرەی یاسای چاکسازی مووچەکانی ئەوان هەموارکراوەتەوە نەک بڕدراوە، دەنگی ناڕەزاییان بڵند بووە، ئەو دەستکاریکردنە بە نادەستووری و نا یاسایی لە قەڵەم دەدەن! لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوور نییە و دەستکاریکردنی مووچەکانیش بەگوێرەی یاسایێکە کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە.

رەنگە لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هەندێک کەس بکەونە بەرێ و مووچەیان ببڕدرێ یان دەستکاری بکرێ کە شایەنی ئەوە بن لەو مووچەیە زیاتر وەربگرن و ئیمتیازاتی زیاتریان پێبدرێ، کە ئەوانە بە دڵنیاییەوە کەمینەیەکن و باجی زۆرینەیەکی مشەخۆر دەدەن کە چەندین ساڵە لە مووچەی قەبە و ئیمتیازاتی زۆر تێرنەبووینە و هێشتا دەڵێن: ”هل من مزید”.

بە درێژایی ساڵانی رابردوو، هەموو رەخنەکان و پەنجەی تاوانباری و کەمتەرخەمی بۆ حکومەت درێژ دەکرا، کە رووبەڕووی گەندەڵی نابێتەوە و چاکسازی ناکات، ئێستا کە حکومەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، دەنگی ناڕەزایی لە هەمان شوێن و سەرچاوە و کەس بەرزبۆتەوە، ئەوجارەیان حکومەت بەوە تاوانبار دەکرێ کە چاکسازی و دەکات و هەوڵی سنووردانان بۆ گەندەڵی دەدا، ناڕەزایەتیەکە و رەخنەکان لەو روانگەیە کە بەرژەوەندی ئەوان تێکچووە، نەک لە پێناو بەرژەوەندی گشتی.

ئەو ناڕەزاییانە زیاتر لەو سیاسیانە دەبیسترێ کە ساڵانی خەبات و قوربانیدانیان بە قەبارەی مووچەکەیان دەپێون، لەو کەسانەش کە بەبێ ئەوەی رۆژێک فەرمانبەری حکومەت بن، پلە و پۆست و مووچەی تایبەتیان بۆ بڕاوەتەوە، ئەوانە تەنها نوێنەرایەتی کەمینەیەک دەکەن کە چەندین ساڵە لەو ئیمتیازاتە نا یاساییانە بەهرەمەند بووینە، لە دژی ئەو پڕۆسەیەشن کە لە بەرژەوەندی ئەو زۆرینەیەدان کە هاواریان لە دەستی ناعەدالەتی و گەندەڵی دەچووە بەڕەکەی ئاسمان.

سەرۆکی حکومەت لە بەجێگەیاندنی ئەو کارەی بە ناو و ناوەڕۆک ‘مەسرور’ ە، سرورەکەی زۆرینەی خەڵکیشی گرتۆتەوە کە هەست دەکەن سەرۆک حکومەتێک و کابینەی حکومەتێکیان هەیە لەگەڵ ئەو کارنامەی سوێندیان بۆ جێبەجێکردنی خواردووە راستگۆن، پیاوی کردارن نەک گوفتار.