لە بارەی پرسی زانکۆ حکومییەکانەوە

Kurd24

پرسی خوێندن و خوێندنی باڵا، یەكێكە لەو پرسانەی ھەمیشە زۆرترین قسەی لەبارەوە كراوە، بەڵام لە ھەمانكاتیشدا زۆرترین سەرنج و تێبینی لەسەر باس دەكرێت.

لە كۆنفرانسێكی زانكۆی ئەمریكیی كوردستان لە دھۆك، بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا بە دێڕێك كۆتایی بە وتارەكەی ھێنا، كە قسە و باسی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا، كاتێك باسی لەوە كرد، كە زانكۆ حكومییەكان بوون بە بارگرانی لەسەر حكومەت.

بە پێویستی دەزانم بە كورتی چەند سەرنجێك لەسەر ئەو پرسە بخەمەڕوو.

لە راستیدا زۆر گرنگە پرسیار لە خۆمان بكەین، ئایا چی پێشكەش بە قوتابی زانكۆ حكومییەكان كراوە و چاوەڕوانی چییان لێبكرێت؟ ئایا ھاوسەنگی لە نێوان (ئینپوت) و (ئاوتپوت) ھەیە؟ زانكۆ لە كوێی كۆمەڵگا و داخوازییەكانیەتی؟ ئایا بە راستی زانكۆی حكومی بارگرانییە؟ ئەگەر بارگرانییە، ھۆكارەكەی چیە؟ چی بكرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە؟

لەگەڵ ئەو ھەموو پێشكەوتنەی لە دوای راپەڕین لە رووی چۆنییەتی و چەندێتییەوە لە بواری خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان ھاتووتە دی، بەڵام ھێشتا چاوەڕوانییەكان زیاترن و گلەییەكان بەردەوامن. ئەم دۆخەی كە ئێستا زانكۆ حكومییەكانی پێدا تێدەپەڕێت، لەلایەك بە ھۆی كەمی تاقیگە بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی، كەمی سەرچاوەی زانستی و داتا بۆ توێژینەوە، دەست نەگەیشتن بە كتێبخانە ئەلیكترۆنییە جیھانییەكان، شێوازی كلاسیكیی وانەوتنەوە، كەمی دەرفەتی بەشداریكردن لە خولەكانی راھێنانی كردەیی بۆ قوتابیان و نەبوونی بەرنامە و پلان بۆ ئامادەكردنی قوتابی بۆ بازاڕی كارە. لەلایەكی تر ھۆكارەكەی بۆ نەبوونی سەربەخۆیی زانستی، كارگێڕی و دارایی زانكۆ حكومییەكان، نەبوونی چاودێری ورد و پێویست لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لاوازی ئاستی توانای زانكۆیەكان لە رووی تەكنەلۆژیا و ژێرخان، دەگەڕێتەوە.

لە كاتێكدا ئەم واقیعە ھەبێت، ناكرێت چاوەڕوانی بەرھەمێكی باشتر بین لەوەی كە ئێستا ھەیە.

ئەم دۆخەی لە زانكۆ حكومییەكان ھەیە، رەنگە زۆر جار بە زیادەوە لە بەشێكی زۆر لە زانكۆ تایبەت و ناحكومییەكان ھەبێت.

لە كاتێكدا زانكۆ پێویستە ناوەندێك بێت بۆ دەستنیشانكردنی ھۆكاری كێشە و گرفتەكانی ناو كۆمەڵگە و دۆزینەوە و پێشكەشكردنی چارەسەری گونجاو بۆ تێپەڕاندنیان، لە ھەمانكاتدا پێویستە ئەو دامەزراوەیە بێت، كە لە رێگای بەرھەمەكانییەوە كە بریتین لە دەرچووانی زانكۆ و ئەو توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و شیكارییانەی ئەنجامی دەدات، كۆمەڵگا ئاراستە بكات تاوەكو ھاوتەریب بێت لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا، بەڵام وەك چۆن زانكۆ حكومییەكان نەك لەگەڵ واقیعی كۆمەڵگادا پێ بە پێ ناڕۆن، بەڵكو زۆر جار زۆر لە دواوەی رووداوەكانیشن، بە ھەمان شێوە ئەمە حاڵی زانكۆ تایبەتەكانیشە لە ھەموو روویەكەوە، جگە لە چەند زانكۆیەك نەبێت، كە بە پەنجەی یەك دەست دەژمێردرێن.

زانكۆ بەم شێوەیەی ھەیە، رەنگە بە حكومی و ناحكومییەوە تا راددەیەك بارگرانی بێت، بەڵام چارەسەری ئەوە بە قسەكردن ناكرێت. چارەسەركردنی ئەو پرسە كەسانی خاوەن دیدگای روون و ستراتیژی و دووربین و خەمخۆری گەرەكە، نەوەك كەسانێك كە بە ھۆی روانین لە گۆشەنیگایەكی حزبییانەی تەسكەوە، ساڵانێكی زۆرە كارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵایان بە ئاقاری ناتەندروستدا بردووە. ئەم پرسەش ھاوشێوەی پرسەكانی تر، پێویستی بە ریفۆرمی بنەڕەتی ھەیە و ئومێد دەكرێت لەو سۆنگەیەوە خودی رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرپەرشتی چاكسازی ریشەیی لە دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵادا بكات، بۆ ئەوەی زانكۆ بگاتەوە ئەو ئاستەی كە جەنابی (سەرۆك بارزانی) لە ساڵانی دوای راپەڕین ئەوكات كە تەنھا زانكۆی حكومی ھەبوو لە ھەرێمی كوردستان، پاسەوانێتی بەر دەرگای زانكۆی لە كوردستان، بە شانازی وەسفكرد، كە ھەر ئەو وتەیەی جەنابیان بوو بە بناغەی پێشكەوتنەكانی زانكۆ لە ھەرێمی كوردستان لە دوای راپەڕینی ئاداری ١٩٩١.

لە كۆتاییدا، لەگەڵ ئەنجامدانی ریفۆرم لە خوێندنی باڵا، بە پێچەوانەكردنەوەی ھەموو ئەو خاڵانەی لە سەرەوە وەكو ھۆكاری كێشەكانی خوێندنی باڵا دەستنیشانكراون، دەتوانین داھاتوویەكی باشتر بۆ زانكۆكان و دەرئەنجام بۆ قوتابیانی كوردستان مسۆگەر بكەین و شانازی بە زانكۆكانی ھەرێمی كوردستانەوە بكەین، كە ساڵانە دەیان ھەزار قوتابی پێشكەش بە كۆمەڵگا دەكەن.

* سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان