دوای پاشەکشێی هێزەکانی ئه‌مه‌ریكا چی روو دەدات

Kurd24

هەمیشە لە سیاسەتدا، پێناسەکردنی دۆخی ئێستا و رابردوو ئاسانترە لەوەی بزانین لە داهاتوو چی رووده‌ده‌ن؟ ئایا رێچکەی ئەم رووداوانە بەرەو کوێن!؟ لە ئاستە جیهانییەکەدا ئیدارەی بایدن لە واقیعدا چی دەکات؟ لە ئاستی هەرێمی و ناوچەییدا لەگەڵ هاتنی مانگی (9ی 2021) هەڕەشەکانی ئه‌نجوومه‌نی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی كۆماری ئیسلامی لە ئێران و بەرپرسانی ئیتڵاعاتی و سەرۆکی سوپای پاسداران لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەبن و، راستەوخۆ هەڕەشەی گەورە دەکەن! تەنانەت لە تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران ”موحسین فەخری زادە” لە ساڵی (2020) لەگەڵ پەنجەی تۆمەت بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ناوی هەرێمی کوردستانیش دێنن.

بۆ ناوخۆی کوردستانیش، دیار نییە ئاخۆ کورد دوای کشانەوەی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق چی دەکات؟ تونێلەکە هەر بەشی ئەوەندە رووناکی تێدایە ئەبینین کە چ ئێران و چ ئه‌مه‌ریكا چاوەڕێی (10ی ئۆکتۆبەری 2021) ده‌كه‌ن، ئاخۆ ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی عێراق ئەوەیە کە گۆڕەپانەکە بە بەردەوامیدان و تەواوکاریی هیلالی شیعی تەواو دەبێت، یاخود فیفتی بە فیفتی بۆ ئه‌مه‌ریكاو ئێرانە!؟

رۆژ بە رۆژ دۆخی دژواری عێراق پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە، دیار نییە ئەمریکییەکان لە کوێو کوێ دەکشێنەوە!. ئایا بنکەی هەریری سەر بە ئیدارەی هەولێریش چۆڵ ده‌كه‌ن؟ ئایا ئیدارە و تەکنیکیان لەم ناوچەیە دەمێنێت؟ لە کاتێکدا تا ئێستا هەندێک کۆمپانیای ئەمه‌ریکی پاشەکشەیان نەکردووە لە عێراق، لە ماوەی سێ مانگیشدا بە بڕی (61) ملیار دۆلار (5) گرێبەستی گەورە کراوە لە نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و حکومەتی عێراقدا. تۆتاڵی فەڕەنسی بە گوژمەی (27) ملیار دۆلار، کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە (19ی سێپتەمبەری 2021) واژۆیان کردوە، وەکو کۆمپانیای “بیکر هیوز”ی ئەمریکی لە ناسریە بە گوژمەی (20) ملیار دۆلار، کۆمپانیا یابانییەکان (لە چوارچێوەی پاڵپشتی پرۆژەی FFC بۆ پاڵێوگەکانی باشوور) بە گوژمەی نزیکەی (10) ملیار دەبێت، هەروەها کۆمپانیا رووسییەکان و ئێرانییەکانیش هەریەکەیان بە گوژمەی (10) ملیار دۆلار گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە چین وەک زلهێزێکی ئابووریی لە عێراق ئامادەیی تەواوی هەیە و، وەزارەتی نەوت نۆژەنکردنەوەی (پاڵێوگەی فاو)ی بە چینیەکان سپاردوە بە ئاستی وەبەرهێنانی (300) هەزار بەرمیل/ لە رۆژێکدا، جگە لەوەش کۆمەڵگەی پیترۆکیمیاویاتەکانی فاوی داوە بە کۆمپانیای (CNCEC)ی چینی.  ئاخۆ ئەم هەموو رێککەوتن و گرێبەستە لەم سێ مانگەدا مانای چییە لەکاتێکدا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئه‌مه‌ریكا دەکرێت؟.

ئەگەر ئه‌مه‌ریكا هێزەکانی خۆی کشاندەوە، سەرەکیترین پرسیار ئەوەیە بەغدا بیر لە چی ده‌كاتەوە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان؟

بەغدا چۆن بیر لە هەرێمی کوردستان ده‌كاتەوە؟

ئەوەی من دەیبینم، لە پاش نەمانی داعش و بەهێزبونی حەشدی شەعبی چینێکی هەرزە پەیدابوون هیچ تێگەیشتنیان بۆ پرسی کورد نییە، ئەمانەش زیاتر کەتائیبەکانن کە زیاتر لە (1100) کیلۆمەتریان لەبەردەستە لە سنوورەکانی خانەقینەوە دەست پێ ده‌كات تاکو ئەوسەری سنوورەکانی سووریا، کە بەسەر (16) گرووپدا دابەش دەبن، بەسەرکردایەتی (ئەحمەدلئەسەدی، زەیدشبلی، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، محەمەد کەوسەرانی، ئەبو فەدك) ئەمانە راستەوخۆ سەر بە ئێرانن و لە لایەن ئیسماعیل قائانی یەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

کەواتە هەرێمی کوردستان قووڵاییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەم گرووپ و کەتائیبانەدا کە ئێستا ئەوان خاوەنی بڕیاری سیاسیی و سەربازین لە عێراقدا. ئەوە کەم نییە لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە (60) جار هەڕەشەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، کە حەشدی شەعبی چەند کیلۆمەترێک لە شاری هەولێر دوورە. بۆیە بەهەموو پێوەرێک مەترسی گەورە لەسەر کورد هەیە، بۆ نەمانی ئەو مەترسییە پێویستە هەرچی زووە سیاسەتی کوردی بەشێوەیەکی چڕوپڕتر دابڕێژرێت، نێوماڵی کورد بەهێزتر بکرێت، دەرئەنجامەکەی ئەوە ئەبێت تەواوی سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە یەک ئاڕاستە بۆ پاراستنی کوردستان کاربکەن.

کورد و مەرجەعیەتی نەجەف

ئێمە هەموومان دەزانین، بڕیارە گەورەکان و یەکلاکەرەوەکان لە عێراق لە لای سەید سیستانی و مەرجەعیەتی نەجەفەوە دێن، ئەو هەموو گرووپە چەکدارەی بە ناوی حەشدی شەعبی لە عێراق دروستبوون بە فەتوای ئەوان دروست بوون. بۆیە مەرجەعیەت هێشتا لە عێراق کاریگەرە، دەبێت کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لەو کارتانەی بیری لێده‌كاتەوە دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەهێز بێت لەگەڵ مەرجەعییەت.

خاڵێکی تر لێرەدا ئەوەیە، کورد کەمترین کاراکتەری لە ریزی سوپای عێراقدا هەیە، دەبێت ئەو پۆست و بەرکەوتانەی بۆی دێنە پێش لە سوپادا بیدات بە کەسانی کوردپەروەر و بەتوانا و تەکنۆکرات. چونکە ئەگەر هاتوو هەرێمی کوردستان کەوتە مەترسییەوە، هەموو لایەنەکان ئەکەونە مەترسییەوە. لەمە زیاتر دروستکردنی تۆڕێکی لۆبیکردن و دیبلۆماسییەتی هاوسەنگە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر.

لە ئەنجام دا:

  • ئەگەر هاتوو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی 10/10/2021دا، هیلالی شیعی بەهێزتر نەبوو، ئەوا ئیدارەی ئه‌مه‌ریكا بیر لە بژاردەی دیکە ده‌كاتەوە. بەڵام ئەگەر هاتوو ئه‌مه‌ریكا بێ ئومێد بوو، ئەوا یەکەمین هەنگاوی دوای کشانەوەی لە عێراق، ئابووری و بەهای دیناری عێراق ئەوەندەی دیکە دادەتەپێت، لوبنان و یەمەن و سووریا باشترین نموونەن.
  • ئه‌مه‌ریكا بە سەدان ملیار دۆلاری لە عێراقدا خه‌رجکردووە، ئێستا ئەو چەکانەی کە لە بەردەستی حەشدی شەعبی دان مەزەندە دەکرێت بە (26) ملیار دۆلاری ئەمریکی. ئەمەش مەترسیدارە.
  • پێویستە کورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات. پێویستە لە یادمان نەچێت لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق دوو کابینەی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان پێکهێنران، بەڵام ئەوەتا بینیمان حکومەتی هەرێم زۆرترین هەوڵی دا لەگەڵ مستەفا کازمی تا هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک، کازمی جێبەجێی نەکرد. کورد بوونێکی لاوازی لە عێراق هەیە و بەغداش تا دێت خۆی بۆ بەهێزبوونی سەربازیی ئامادە ده‌كات. بەتایبەتیش لاوازترین ئەدا و تیمی کورد لە چوارکابینەی رابردووودا ئەم تیمەی ئێستان لە بەغدا، لەهەموو ئاستەکانی سەرۆک کۆمار و وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمان و سوپادا کورد نوێنەرایەتییەکی لاوازی هەیە لە بەغدا.