گەنج و ئاسایشی نەتەوەیی

Kurd24

ساڵانێکە لە بواری باشکردنی گوزەرانی خەڵکدا لەناو دەزگا نێودەوڵەتییەکاندا کاردەکەم و بەهۆی نزیکیمەوە ئاگاداری بەشێک لە کێشەکانی گەنجانی وڵاتم. لەو ماوەیەدا هەر بەرپرسێکی حکومی یان حیزبی، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، ئەکادیمی و خاوەنکارم دیتبێ، باسی کێشەی بێکاریی گەنجانم لەلا کردوون. بەشێکیان بێ بایەخ و بەشێکیان بە بایەخەوە گوێیان لێگرتووم و زۆرینەشیان ئاهی ساردی بێدەسەڵاتییان هەڵکێشاوە و هەر لە ڕێوە کۆتاییان بە بابەتەکە هێناوە.

هەرچەندە تا ئێستا ئامارێکی دروست و سیستەماتیک لەبارەی قەوارە و ژمارەی بێکاران لە هەرێمدا، بەردەست نییە، بەڵام بە ئاماژەکاندا وا دەردەکەوێت کە نزیکەی 500 هەزار کەسی بێکارمان هەیە. سەرباری ئەوەش، ڕێژەیەکی زۆری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە خوار تەمەنی 18 ساڵەییەوەن، واتا ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەردەوام لەتەمەنێکی گونجاودا دەبن بۆ کارکردن، ڕۆژانە لە زیادبووندان! بەپاڵ ئەو لەشکرە سەدان هەزارییەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵکیشمان هەن لەسەر داهاتی ڕۆژانە دەژیێن کە بەدڵنیاییەوە گوزەرانێکی جێگیرو بەردەوامیان نییە. هەڵبەتە زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانەی کاریشیان هەیە، مووچەخۆری کەرتی گشتین و لە ڕوانگەی ستراتیژیی کارسازییەوە بە سیستمێکی پلان بۆداڕێژراودا تێنەپەڕیون.

وێڕای ئەوەی مافی هاووڵاتییە کە گوزەرانێکی باش و شکۆمەندانەی هەبێت و ئەرکی لەپێشینەی حکومەتیشە خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتی دابینبکات، دەبێ پرس و کێشەی بێکاری لە هەرێمدا، وەک پرسێکی هەرە لەپێشی ئاسایشی نەتەوەیی و لە ئاستی هەرە باڵادا لەبەرچاو بگیرێت. دەبێ بوونی ڕێژەیەکی بەرزی گەنج لە هەرێمی کوردستاندا، وەک سامانێکی پڕ بەهای نەتەوەیی و بەشێکی زۆر گرنگی ژێرخانی ئابووری تەماشا بکرێت. بەڵام بەداخەوە، بەم بارودۆخەی ئێستاوە، بوونی ژمارەیەکی زۆری گەنجی بێکار وەک بۆمبێکی بێدەنگ وایەو مەترسییەکی زۆر جددییە بۆ سەر ئاییندەی دوورو نزیکی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و کۆی پرۆسێسی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەزموونی خۆماڵی و دەوروبەرمان پێمان دەڵێن، گەنجێکی بێکارو نائومێد، لەبارە بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و ئاسایشی نەتەوەییەوە دژی وڵات و میللەتی خۆی بەکار بهێنرێت. گەنجێکی پڕ لە وزە بەڵام بێکار و بێ هیوا ئەگەری هەیە لە تاوانی بچووک و گەورەوە تێوە بگلێ و دووچاری لادانی کۆمەڵایەتی ببێت و خۆی و خێزان و کۆمەڵگا تووشی بەدبەختی بکات. ئەمانە ئەگەرەکانی سەر ڕێی یەک گەنجی بێکارن، ئەدی پێشهات و ئەگەرەکانی سەر ڕێی سەدان هەزار هاوشێوەی ئەو گەنجە، چین ؟!

ئەم بابەتە هەتا ئێستا بەپێی پێویست نە باس کراوە و نە بە سیستم و پلان هەوڵی چارەسەرکردنی دراوە. بەخۆشحاڵییەوە دەبینم لەو ماوەیەی ڕابوردوودا چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەو پانێڵ و پرۆگرامی تەلەفزیۆنی لەبارەی ئەم پرسەوە ڕێکدەخرێن. هیوادارم گومانەکەم لەجێی خۆی نەبێ، بەڵام پێدەچێ حزبەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئێستا ئەو ڕاستییە تاڵەیان لەلا ڕوونبووبێتەوە کە سەدان هەزار دەنگ وان لە دەستی گەنجی بێکاردا. بەو هیوایەی وروژاندنی بابەتی بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کار، تەنها "ماکی هەڵبژاردن" نەبێت، بەڵکو ئەم بابەتە زۆر دڵسۆزانە بکرێتە بەشێک لە ستراتیژی کار و بەرنامەی حکومەت، چونکە هێشتاش زۆر درەنگ نییە بۆ چارەسەری کێشەکە.

چارەسەرکردنی پرسی بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کار، خواست و ویستێکی پۆڵایین و پلانێکی ستراتیژیی سەرتاسەری و یاساو ڕێسای نوێ و هەندێک بڕیاری ڕادیکاڵی پێویستە. بەو ئومێدەی بەرلەوەی رێمان بگات بە بنبەست و خاڵێک کە گەڕانەوەی نەبێت، لایەنی هەرە باڵای پەیوەندیدار لە ناو سیستمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا، هاواری بێدەنگی گەنجانی بێکار ببیستێ.

تێبینی: ئەم بابەتە ڕای کەسیی نووسەرە و پەیوەندیی بەو دامەزراوە نێودەوڵەتیەوە نییە کە کاری بۆ دەکات.