گوتاری نەفیکردن و قیڕەسازیی !

Kurd24

فۆرمی سیاسەتکردن ئەوە نییە، کە ئێستا هەندێک تایپ و جوڵانەوەی سیاسیی کوردیی لەدەرەوەی ئیجماعی میللی و رای گشتیی شەقام تەبەننی و فۆرمۆڵەی دەکەن لە شێوەی دەنگە دەنگ و کەمپەین و قیڕەسازییدا، ئەوەی هەیە نە شۆڕشەو نە ریفۆرم بەڵکو کەڵکەڵەیەکی سەیری سیاسەتکردن و میدیاو پاڵەوانبازییە بەسەر خەڵکی سادەو عەوامفریوداو مۆتیڤی تری لە پشتە.

مۆدێلی حوکمڕانی بەتەواوی گۆڕاوە تەنانەت لە عێراقدا، وابزانیت دەنگدان و دیموکراسی کۆتایی تونێلەکەیە هەڵەیت، میزاجی شەقام و ختوکەدانی رای گشتی بە سۆشیاڵ میدیا شتێکەو فاکتی سیاسی و دیبلۆماسی و گوتاری هاوسەنگی سەرمێزی دانوستانە حیزبییەکان شتێکی ترە.

زاهیرەی سەوتی و پۆپۆلیستیی جیاوازە لە خۆنەرمکردن لەگەڵ کوتلەو بلۆک و سێبەرە گەورەکاندا، کورد هێزە نەرمەکەی پێویستە بۆ پێکەوەژیان و لێبوەدەیی و ئاشتبوونەوە، دەی خەڵکانێک هەن بەناوی سەربەخۆبوونی ساختەوە، بۆ چوونەوە سەر کورسییەکانیان، کە لە رابردووی نزیک کردبوویان بە ژوانگەی برادەران و ئاغایان و نمایندەگانی حەشد و تیۆریزەی فیکریی شیعیی، ئێستا بە قیڕەو زەناو شەعبەویەت و فەوزاو بودجەی موفت بۆ فلێکس و ریکلام دەیانەوێت بەزۆر قەیران و توندوتیژیی دروست بکەن لە هیچی نەبوو، ئەوە هەموو لە پێناوی کورسییەکدا کە ئەرزشیی نەماوە لەو سیستمە حوکمڕانییەی عێراقدا.

بۆ بەرچاو روونی، کورد لەم هەڵبژاردنە، ئەوپەڕی 60 کورسی یان کەمتر دەبات لەو 329 کورسییەی پەرلەمان، لەو رێژەیەش پێنج کورسی بەر ئەو تایپە پۆپۆلیستییە ناکەوێ، خێرە بەو رێژە کورسییەوە بتەوێت قەوارەیەکی دەستوریی هەڵوەشێنیتەوەو دژی هەموو پرەنسیپێکی کوردبوون و فیدڕاڵیزم بوەستیتەوە؟

بۆیە قیڕە قیڕو جنێودانی ئێستا لە کوردستان و کۆکردنەوەی پارەو ئیمتیاز بۆ  سبەینێ لە بەغدادو لێدان لە ئیجماع و گوتاری کوردیی بێکاریگەر و بێفیکرە و چاکسازیی مسۆگەر ناکات با دەنگدەر ئەوە بزانێت، ئەوە هەموو بۆ ماشینەوەی دەنگی خۆڵەمێشییەو بەغداد یەک زەڕڕە حەقی بە کوردستانەوە نەبووە و نییە و بە یاسا رێکخراوە لە دەستوری 2005.

ئینجا کورد کەمینەیە، جا ئەو کەمینە پەرتەوازە کوردییەش، نیسابی یاسایی دروست ناکات، یاسای پێ دەرناکرێت، دەستوری پێ حیمایە ناکرێت، بۆیە بە چەمکی زۆرینەو کەمینەو موزائیکیی پەڕلەمانیی کورد دۆڕاو دێتە دەرەوەی پرۆسەکە، بۆ کورد تەنها دەبێ کێشەو دۆزگەریەکەی بەرێتە پێش، شوناسەکانی هەڵەبجەو ئەنفال و جینۆساید، ئەوە ئەگەر حیزبی گەورەو گوتاریی هاوسەنگ لۆبی بۆ نەکات ئەویش زەحمەتە کورد لەم هەرێمە بە هیچ مافێکی دەستوریی بگات، بۆیە تۆ لەو خوارەوە بە پیشەسازی جنێودان و تاکگاسنیی و پڕکردنی خەڵک دەتەوێ کوێ بکێڵیت، یان بە دوسێ کورسییەوە کاریگەریت چیی دەبێت جگە لەو بەڵێنانەی داتان بە مامۆستایانی ناڕازیی و موچەخۆران و نەتانبردە سەر؟

داهاتووی نزیک بۆ عێراق و کوردستان، دەرەنجامی هەڵبژاردن و کورسیی نییە، تەکنیکی دانوستانکردنە لە دەرەوەی پەرلەمان، گەمەکردنە بە کارتە سیاسییەکان، بلۆکە ئیقلیمیی و حیزبی و مەزهەبییەکان دیاری دەکەن، ئەویش لەسەر بنەمای پاوەرو هێزو تەوافوقی نەوتیی و دۆزی گەورە.