هەڵبژاردن و ئایندەی حەشدی شەعبی

Kurd24

بەشداریکردنی زیاتر لە سێسەد بەربژێری سەر بە بیست گرووپی چەکداری شیعە، کە زۆرینەیان لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی جێیان گرتووە و بەشێکیشیان لە دەرەوەی ئەو هێزەن، ئەو پرسیارەمان لەلا دروست دەکات، ئایا بەشداریکردنی گرووپە چەکداریەکان بە گوێرەی دەستووری عێڕاقی قەدەغە نیە؟ ئەدی چۆن ئەو گرووپانە بەو ژمارە گەورەیە بەشدارن و نە کۆمسیۆن دەتوانێ رێگریان لێبکات و نە حکومەت دەنگی دێ و نە هیچ لایەنێك! ئەوەیان بە بۆچوونی من بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:

- ئەو هێزانە خۆیان لە سەرەوەی دەستوور و یاسا دەبیننەوە، چونکە بە فتوایەکی پیرۆزی هێزی باڵادەستی نەجەف دروست کراون، ئەوەش دۆخێکی تایبەت و سیفه‌تێکی پیرۆزیان پێدەبەخشێ، وەك خۆشیان لە ناو هێنانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەسته‌واژەی پیرۆزی پێوە دەلکێنن.

- رێژه‌ی 90%ی ئەو بەربژێرانە وەك سەربەخۆ خۆیان ناونووس کردووە، بەڵام لە ناوەکانیان کە زۆربەیان لە ناو ئەو هێزانە ناسراون، هەروەها ئەو لایەنانەی پاڵپشتیان دەکەن و هەوڵی دەنگ کۆکردنەوەیان بۆ دەدەن، بە روونی دیاره‌ ئەو کەسانە سەر بە چ گرووپێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبین.

ئایا ئەو گروپانە لە رێگای بەربژێرەکانیانەوە چانسی بردنەوەیان هەیە؟ لۆجیکیترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارە: 'بەڵێ'یە، چونکە ئەو هێزانە کە ژمارەی راگەیەندراویان 160 هەزار کەسە و ژمارەی راستەقینەکەشیان بە گوێرەی هەندێك راپۆرتی میدیایی و ناوەندی توێژینەوە، دەگاتە سەرەوەی 200 هەزار چەکدار، هەروەها ساڵانە لە بودجەی گشتی فیدرالی بەشێکی گەورەیان بۆ تەرخان دەکرێ، کە بۆ ساڵی 2021 بودجەی تەرخان کراو بۆ حەشدی شەعبی زیاتر لە 2 ترلیۆن و 400 هەزار ملیاری عێراقیە، کە زیاترە لە بودجەی تەرخان کراو بۆ شەش وەزارەتی خزمەتگوزار و سیادیی وەك وەزارەتەکانی (دەرەوە، داد، رۆشنبیری، سەرچاوە ئاویەکان، پلاندانان و گواستنەوە)، هەروەها بودجەی تەرخان کراو بۆ هەموو شارە سوننەنشینەکان، کە لە شەڕی داعش کاولبوون ناگاتە ئەو رێژەیە.

خاڵێکی دیکە کە وەڵامەکەمان زیاتر لە راستەقینە نزیك دەکاتەوە، ئەوەیە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی جگە لەو پاڵپشتیە جەماوەریەی لە ناو شیعەکان هەیانە، ئەوە هێزی باڵادەست و خاوەن بڕیاری یەکلایی کەرەوەن لە هەموو شارە سوننییەکان، هەروەها لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکانی وەك کەرکووك، شنگال، مەخمور، خانەقین و هتد. لە دەڤەرەکانی سوننەنشین هێزەکانی حەشدی شەعبی وەك هێزی براوەی شەڕ مامەڵە لەگەڵ سوننە دەکەن، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بە تایبەتی دەرەوەی سەنتەری شارەکان، خەڵکیان سەرپشك کردووە لەوەی ئەگەر دەنگ بە بەربژێرەکانیان نەدرێ ئەوە لە سەر زێدی خۆیان دەریان دەکەن یان رووبەڕووی سزای دیکەی سەختتر دەبنەوە.

هەبوونی ئەو سێ ئامرازە (جەماوەر، پارە و هێز) کاریگەری زۆریان هەیە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و مەزهەبی وەك عێڕاق، لەوانەش بەهێزتر ئەگەری دووبارە بوونەوەی سیناریۆی تەزویرکردن و سوتاندنی بنکە و سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی 2018ـیه‌.

نزیکترین رێژە کە ژمارەیەك توێژینەوە ئاماژەیان بۆ کردووە ئەوەیە، کە ژمارەی کورسیەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە نێوان 70 بۆ 80 کورسی دەبێت، پێشبینی ئەوەش دەکرێ، لە نێوان 80 بۆ 90 پەرلەمانتاری دیکە کە لە سەر لیستی حیزبەکان خۆیان بەربژێر کردووە، بچنە پاڵ ئەو ژمارەیه‌ و فراکسیۆنێکی هاوبەشی نێوان میلیشیا چەکدارەکان و پارتە شیعیەکان رابگەیەنن وەك ساڵی 2006 کە هاوپەیمانی یەکگرتووی شیعەیان راگەیاند.

حەشدی شەعبی دوو ئاراستە:

لە نێو حەشدی شەعبیدا تەنها لایەن کە خاوەنی یەك لیوایە بە 15 هەزار چەکدار ئاراستەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەگەڵ ئەوانەی دیکە نایێتەوە، رەوتی سەدرە بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، ئەو رەوتە 90 بەربژێری هەیە، چەکدارەکانی کە لە ژێر ناوی 'سەرایا سەلام' کۆبوونەتەوه‌، لە ناوچەی سامەڕای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین جێگیرکراون، موقتەدا سەدر لە بەغدا (مەدینەت ئەلسەدر) هەروەها شارەکانی باشوری عێراق هەواداری زۆری هەیە.

گەورەترین رکابەری رەوتی سەدر، هاوپەیمانێتی فەتحە بە سەرۆکایەتی هادی ئەلعامڕی، کە سیزدە لیوای حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت و تێکڕای ژمارەی چەکدارانیان نیزکەی 30 هەزارە، ئەو هاوپەیمانێتیە 73 بەربژێری هەیە، هاوپەیمانێتی فەتح لە 6 لایەن پێکهاتووە، جگە لە رێکخراوی بەدر، کە هادی ئەلعامری سەرۆکایەتی دەکات، دیارترینیان بزووتنەوەی سادیقونە کە باڵی سیاسی میلیشیاکانی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرکردایەتی قەیس خه‌زعەلی و دوو لیوایان هەیە، ژمارەیان زیاترە لە 10 هەزار چەکدار، لە شارەکانی سەلاحەدین، بەغدا و کەرکووك بڵاوکراونەتەوە. هەروەها 'گردبوونەوەی سەند' بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەسەدی بەرپرسی کەتائبی جوند ئەلئیمام، کە یەك لیوایان هەیە. هەروەها هاوپەیمانێتی جیهاد و بیناش لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن حەسەن رازی بەرپرسی 'سەرایا ئەلجیهاد' و لیوای 17 ی حەشدی شەعبی سەرکردایەتی دەکرێت.

لە دەرەوەی حەشد هەر حەشد:

ژمارەیەك پارت و لایەنی سیاسیی نوێ لەو هەڵبژاردنە بەشدارن، بزووتنەوەی (حقوق)ی سەر بە میلیشیاکانی حیزبواللە کە حوسێن موئەنەس رابەرەیەتی دەکات و لە بەغدا خۆی بەربژێر کردووە و گومان دەکرێ ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حیزب اللە بێت. بزووتنەوەی حقوق 40 بەربژێری هەیە، باڵی سەربازی حیزباللە کە بە 'کەتائیب' ناسراوە و لیوایەی ژمارە 45 ی حەشدی شەعبی پێکدەهێنن، کە ژمارەیان 8 هەزار چەکدارە، لە ناوچەکانی جرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابل جێگیرکراون. یەکێکی دیکە لە پارتە نوێیەکان بزووتنەوەی 'العراق الوطنية'، کە لەلایەن محەمەد شاکر ئەلشەمەڕی سەرکردایەتی دەکرێ کە لەهەمان کاتدا یەکێکە لە سەرکردەکانی 'کەتائیبی ئیمام عەلی' و لیوای ژمارە 40 ی حەشدی شەعبیان هەیە، ئەو بزووتنەوەیە 24 بەربژێریان هەیە.

'رەوتی ئەلتەحەدی' کە بۆیەکەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و لەلایەن ئەبو عەلی ئەلدەراجی سەرۆکایەتی دەکرێ، بە 6 بەربژێر بەشدارن، باڵی سەربازی ئەو بزووتنەوەیە کەتائیبی ئەبی فەزلی عەباسە کە گروپێکی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبین. 'ئیئتلافی قادرون' گروپێکی دیکەی چەکداری دەرەوەی حەشدی شەعبیە، لەلایەن حەسەن ئەلحەسناوی، ئەمینداری گشتیی هێزەکانی ئیمام سەرۆکایەتی دەکرێ، ئەو ئیئتیلافە هەردوو رەوتی: ئەلسیقە و ئەلئەبرار لەخۆدەگرێ، کە 26 بەربژێریان هەیە. هەروەها حیزبی ' ثأر الله الإسلامي' بە سەرۆکایەتی یوسف ئەلسناوی بە سێ بەربژێر بەشدارە کە سەرۆکەکەی یەکێکە لە بەربژێرەکان، ئەو حیزبە تۆمەتبارە بە راوەدوونان و کوشتنی چالاکوانانی شاری بەسرە.

هەروەها پەڕلەمانتاری ئێستا فالح ئەلغەزاعی، جێگری بەرپرسی کەتائینی سەید ئەلشوهەدا لە چوارچێوەی بزووتنەوەی 'قادیمون' خۆی بەربژێر کردووە، کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.

سوننە و حەشد و هەڵبژاردن:

بەشێك لە سوننەکان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی خۆیان کاندید کردووە، نموونەی 'المحافظون' کە بە 12 بەربژێر لە ئەنباڕ بەشدارە و لەلایەن وائیل ئەلشەمەڕی، فەرماندەی (حەشد ئەلدیفاع)ـه‌وه‌ سەرۆکایەتی دەکرێ، هەر لە ئەنباڕ چەند کەسایەتیەکی دیکەی خاوەن 'حەشد' لەو هەڵبژاردنە بەربژێرن، عیسا ئەلسایر، فەرماندەی لیوای 'درع الفلوجة'، رافیع ئەلفەهداوی بەرپرسی حەشدی ' نخوة النشامى' هەروەها پەرلەمانتاری ئێستا، نەعیم ئەلگعود کە سەرۆکایەتی حەشدی ' البو نمر' دەکات. عەبدوللا ئەلجغیفی، یەکێك لە بەرپرسانی هێزەکانی ' أحرار الفرات' لە رۆژئاوای ئەنباڕ خۆی لە سەر لیستی هاوپەیمانی ' النصر'ی حەیدەر ئەلعەبادی بەربژێر کردووە.

لە موسل لە سەر لیستەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئیستا، محەمەد حەلبوسی چەند کەسێکی خاوەن حەشد بەربژێر کراون، لەوانە: پەرلەمانتاری ئێستا فەلاح زێدان کە بەرپرسی 'حەشدی لهێب' ـە و عەشیرەتێکی سوننەن و لە باشووری موسل نیشتەجێن، ئەحمەد جبوری پەرلەمانتاری نەینەوا و بەرپرسی بزووتنەوەی 'حسم' کە بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێیە، لە هەمان کاتدا جبوری سەرپەرشتیاری حەشدی 'فرسان الجبور'ـە.

کۆتاکان لە بەردەم حەشد و هەڵبژاردن:

حەشدی شەعبی لە رێگای ئەو فەوج و لیوایانەی لە پێکهاتەکانی دیکەی عێراق (نا شیعە) دروستی کردوون، هەوڵی وەدەست خستنی کورسی کۆتاکانیش دەدات، ئەو کورسیانە زیاتر لە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان (دابڕاوەکان) لە دەشتی نەینەوا لە رێگای رەیان کلدانی کە فەرماندەی لیوایەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیە و پێنج بەربژێر بەشداری دەکەن، هەروەها بزووتنەوەی ئاشووری بە سەرۆکایەتی یونادم کەنا لە هەندێك شوێن لەلایەن حەشدی شەعبیەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە شەنگال و ئەو ناوچانەی کوردانی ئێزیدی زۆرینەن، حەشدی شەعبی لە رێگه‌ی یەکەینەکانی پاراستنی شنگالی سەر بە پەکەکە ،کە بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەوڵدەدەن شکست بەو بەربژێرانە بێنن کە نزیکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، لە ناو پێکهاتەی کوردانی شەبەکیش حەشدی شەعبی لە رێگای وەعد قەدۆ رکابەری بەربژیرەکانی دیکە دەکات، قەدۆ کە پێشتر بەرپرسی لیوای 30 حەشدی شەعبی بوو و بەوە تۆمەتبارە کە دەستی هەیە لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر.

حەشد و کورد و هەڵبژاردن:

ئەزموونی کورد و هەرێمی کوردستان وەك قەوارەیەکی دەستوری لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەزموونێکی باش و هەڤالانە نیە، بە تایبەتی لە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر زۆرینەی کورد هەستیارتر مامەلە لەگەڵ ئەو هێزە دەکەن و وەك هێزێکی داگیرکار تەماشای دەکەن. بەڵام ئەوە ئەگەر بۆ زۆرینەی کورد راست بێ، بۆ کەمینەیەك بەو شێوەیە نیە، بەشێك لە پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2016 دەنگیان بۆ یاسای حەشدی شەعبی دا، کە بە گوێرەی ئەو یاسایە، میلیشیاکانی شیعە چوارچێوەیەکی یاساییان پێ بەخشرا و حکومەتی عێراقیش دەست کراوە کرا لە تەرخانکردنی بەشێکی گەورەی بودجە بۆ پڕ چەكکردنی ئەو هێزە و پێدانی موچەیان. بەشێك لە سەرکردەکانی لایەنێکی سیاسی کوردستانی لەگەڵ حەشدی شەعبی رێکەوتن و لە 16 ئۆکتۆبەر کەرکووکیان رادەست کرد، دوای ئەو مێژووەش تەنها لە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق نەبێت، ئەگەر نا لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی شیعە و حەشدی شەعبی بووە ژمارەیه‌ك پەرلەمانتاری کورد هاوڕا و هاوهەڵوێستی حەشدی شەعبی بووینە.

لەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی چەند بەربژێرێکی کوردی هەیە لە سەر لیستە جیاوازەکانی ،بەڵام بە گوێرەی هەموو لیکدانەوەکان هیچیان دەنگی پێویست ناهێنن، بۆیە بە هەمان رێگای پێشووتر و لە رێگای فشاری دەوڵەتێکی ئیقلیمی لە حیزبە سیاسیەکان و کڕینی وەلائی ژمارەیەك پەرلەمانتار کە دەردەچن، بەشێک لە دەنگی کورد لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە.

دەرئەنجامی هەڵبژاردن و ئایندەی حەشد:

- ئەوا داتا و ناو و ژمارانە ئەوەمان پێ دەڵێن، کە ئایندەی عێڕاق وەك دەوڵەت و لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بەدەر نابێت لە کاریگەریەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە دەرەوەی ئیرادەی حەشدی شەعبی هیچ کابینەیەکی حکومەت پێکنایەت، مەگەر وەك زۆربەی جارەکانی دیکە ئێران و ئەمه‌ریکا بگەنە جۆرێك له‌ لەیەك تێگەیشتن.

- باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان سنووردارکردنی دەبێتە ئەگەرێکی زۆر دوور لە واقیع و رەنگە دەرفەتی باسکردنی هەر نەمێنێ، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەوە، ئەگەری زۆربوونی ژمارەی چەکدارانیان زیاتر دەبێت، هەروەها بودجەی تەرخانکراو بۆیان، ئەوەش دەبێتە دەرفەتێك بۆ سەرکردەکانی حەشد ،کە سوپای فەرمی عێراق وەك پاشکۆی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، وەك مۆدێلی ئێرانی سوپای پاسداران و نیروی نیزامی (سوپای فەرمی).

- شیعە لە رێگه‌ی حەشدی شەعبی و هێزە سیاسیەکانه‌وه‌ کار بۆ تەواوکردنی قۆناغی چەسپاندنی سیستەمی زۆرینەی سیاسی دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەوجارەش وەك جاری پێشوو سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماریش لەلای ئەوان و بە دەنگی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە.

- زیادبوونی فشار لە سەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە رێگه‌ی پەرلەمان و حکومەت، هەروەها بەردەوامی هێرشە سەربازیەکان، بۆ ئامانجی دەرکردنیان، چاوەڕوان دەکرێ لە دوای ئەو هەڵبژاردنە هێرش بۆ سەر سەربازگەی تورکیا لە نزیك موسڵ زیاتر بێت.

- ئەو هەڵبژاردنە حەشدی شەعبی کار بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجەی دەکات، کە 'حەشد حکومەتە'، نەك تەنها پێهاتەیەکی سەربازی سەر بەحکومەت بێت، پێگیربێت بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت، کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانیشە، ئەوەش بە دانانی کەسێك دەبێت، کە تەواو گوێڕایەڵی داوا و خواستەکانیان بێت.