پیشەگەری.. باشکردنی بژێویی گەنجان

Kurd24

پیشەگەران بڕبڕەی پشتی وڵاتانی خاوەن پیشەسازی و ئابووریی بەهێز و پێشکەوتوون. داینەمۆی سیستمە سەرکەوتووه‌کەیانن. تەنانەت چەندین وڵات بەهۆی کەمیی دەستی کاری پیشەگەرەوە، ساڵانە پڕۆگرامی ستراتیژییان ڕادەگێنن بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوون بە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری شارەزا لە پیشە جیاوازەکاندا. پیشەگەران هەم ڕۆڵی سەرەکییان لە بەشی هەرە زۆری پڕۆژەکانی بنیادنانی وڵاتاندا هەیە، هەم دەشتوانن کاری سەربەخۆ بکەن و ڕێژەی بێکاری و ئەرکی دەوڵەت لەو بوارەدا کەم بکەنەوە. لە هەرێمی کوردستان دیمەنەکە تەواو پێچەوانەیە.. لەشکرێک گەنجی بێکارمان هەیە، کەچی پرسی پێگەیاندنی پیشەگەری بەتواناو لێهاتوو بەشێوەیەکی مەترسیدار فەرامۆشکراوە.

پیشەگەران لە هەرێمی کوردستاندا بە گشتی دوو جۆرن. جۆرێکیان نەوە لە دوای نەوە، لە باووباپیرانیانەوە پیشەیەکان بۆ ماوەتەوە، دەستاودەست بەردەوامیان پێداوە و کەمترین تازەگەرییان تێداکردووە، جۆری دووەمیش ئەوانەن کە لە ناچاریداو بۆ بژێوییەکی مەمرەومەژی، کوڕوکاڵی نەوجەوانی کەمدەرامەت بەبێ مەشق و پێگەیاندن، سەربەخۆو زۆر جار بەڕێکەوت دەستیان داوەتە پیشەیەک یان چەند پیشەیەک کار بەڕێدەکەن. واتا پیشەگەری لە پێناسەو کڕۆکی خۆی دەرچووەو ئەو حەزو ئارەزووە، ئەو ڕۆحی داهێنان و تازەگەرییەی کەپێویستە پیشەگەر بۆ کارەکەی هەیبێت، زۆر بە دەگمەن بەدی دەکرێت. نەبوونی خولیاو حەز بۆ پیشەو نەبوونی تازەگەری لە بوارە جیاجیاکاندا، سێکتەری پیشەو پیشەگەرانی لە هەرێم بەرەو هەڵدێر بردووە، بۆیە دەبینیین بازاڕی پیشەگەرانی هەرێم نامۆیە بە زۆر پیشەی سەردەمی تەکنۆلۆژیا.

دەگمەنیی پیشەگەری بەتواناو ڕاهێنراوی خۆماڵی، وایکردووە ژمارەیەکی زۆر پیشەگەر لە وڵاتانی دراوسێوە بێ زانینی زمان و نامۆ بە خەڵک و خاکی ئێمە، بڕژێنە نێو بازاڕی کاری هەرێم و تا ڕادەیەکی مەترسیداریش قۆرخیان کردووە. زۆر کات تەنها لەبەر سەلیقەو شارەزایی و توانای مارکێتینگ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر بۆ کڕیار، پیشەگەرانی بیانی موچەو پاداشتی باشتریان پێ دەدرێت. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا، پێویستە بە دوو ئاراستە بەرەو چارەسەر بڕۆین؛ ئاراستەی یەکەم، دروستکردنی هەزاران پیشەگەرە بە کوالێتییەکی ئەوتۆ کە بتوانێ کێبڕکێی هێزی کارە هاوردەکراوەکە بکات. بەو هەنگاوەش ئەو هەلی کارانەی ئێستا بەردەستن، هاوڵاتیی ڕاهێنراوی هەرێم پڕیان دەکاتەوە. ئاراستەی دووەم، داڕشتنی پلانێکی کورتمەوداو و پلانێکی درێژخایانە بۆ پێگەیاندنی پیشەگەری نوێ و سەردەمیانە، لە هەمان کاتدا ڕەخساندنی هەلی کارو بازاڕی ناوخۆ بۆ ئەو پیشەگەرانە.

بۆ ئەوەی لە ڕووی توانایی و کوالیتیەوە پیشەگەرانێک بەرهەم بهێنرێن، شارەزای بازاڕی کار و تەکنیکی سەردەم بن، پێویست دەکات گرنگیی زۆر بدرێت بە ڕاهێنانی پیشەیی لە کایەو ئاستی جیاوازدا. کایەکان بەپێی پێویستیی بازاڕی کارو ئاستەکانیش بەپێی ئاستی فێرخواز دیاری بکرێن. لە پلانی کورت مەوداو خێرادا دەکرێ ڕاهێنانی "خێراکراو - ئەکسێلێرەیتد" جێبەجێ بکرێت و ماوەی هەر خولێکی ڕاهێنان بۆ هەر ئاستێک لەنێوان 3 تا 6 مانگدا بێت. بۆ پلانی درێژخایەنیش پێویستە گەنجانی خوازیار هەر لە پاش تەواو کردنی قۆنا‌غی بنەڕەتی بخرێنە بەر پەروەردەی پیشەیی و بەکوالیتییەکی بەرز پێبگەیەنرێن. فێرخوازان لەپاڵ ڕاهێنانیان لەسەر پیشەیەکی دیاریکراودا، پێویستە فێری زمانێکی دیکەو مارکێتینگ و چۆنێتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کڕیار بکرێن. تەنها بەو جۆرە دەتوانرێ لە ناو کۆمەڵگەو کەلتوورەکەماندا، سەنگ و بایەخ بۆ کاری پیشەگەری ڕاستەقینەی خۆماڵی بگەڕێنرێتەوەو گەنجان لەگەڵ دەیان جۆر پیشەدا ئاشتبکرێنەوە.  

گەر بێت و هەر ئێستا بڕیار بدرێ و وەک تاقیکردنەوە لە هەر پارێزگایەکی هەرێم، لە یەک کاتدا بۆ ماوەی 3 تا 6 مانگ، لەسەر چەند پیشەیەکی گرنگ، ڕاهێنان بە هەزار گەنج بکرێت، لە ماوەی ساڵێکدا دەبینە خاوەنی 8 تا 16 هەزار پیشەگەری ڕاهێنراو. هەر سودمەندێکیش دەتوانێت بژێویی خۆی و لانی کەم کەسێکی دیکە دابین بکات. خاڵی هەرە گرنگ لێرەدا ئەوەیە بە ماوەیەکی کورت و بە تێچوویەکی کەم دەتوانرێ بژێویی کەسێک یان خێزانێک بۆ هەمیشە دابین بکرێت. چونکە پیشەگەران لە هەموو بارودۆخێکدا پێویستن و ئەو تواناییەی فێری دەبن لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندایە و کەس ناتوانێ لێیان زەوت بکات.

پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە هەماهەنگیی تەواوو جددیی نێوان چەندین وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەی پێویستە. دەستەیەکی تایبەتمەند و شارەزای پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکات و بیگەیەنێتە ئەنجام. ڕەنگە پڕۆژەیەکی وا کارێکی ورد و ماندووبوون و شەونوخونیی ستافێکی شارەزای بوێت، بەڵام ئایا ژیان و بژێویی 16 هەزار گەنج و چەند هەزار خێزانێک ئەوە ناهێنێت بۆماوەی ساڵێک کاری جددیان بۆ بکەین؟

 

* ئەم بابەتە رای کەسیی نووسەرە و پەیوەندیی بەو دەزگایەوە نییە کە کاری بۆ دەکات.