ئەم هەڵبژاردنە چی پێگوتین

Kurd24

هەڵبژاردنی ئەم جارە ئەگەر هیچیش نەگۆڕێت، بەڵام کۆتایی بە کەسانی دەمپیس و جنێوبازهێنا، ئەوانەی پێیانوابوو بە جنێودان دەبنە پاڵەوان و دووبارە دەردەچنەوە، کەچی بوونە پەند بۆ هەموو ئەو کەسانەی دوای ئەوانیش بیریان لەم رێگایە کردبێتەوە، ئەمانە خەڵکیان پێ گێل بوو، وایاندەزانی خەڵک نازانێ، یان ئاگادار نییە، کە ئەوان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، هیچ گفتوگۆ و بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو تەنها لە شاشەی تیڤیەکان و پەڕەکانی فەیسبووک جنێو بە پارتی و هەرێم دەدەن.

لایەنێکی تری ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی بەو بانگەشانەی پەکەکە هێنا، کە خۆیان و هەندێک لە خەڵکێش پێیانوابوو ئەوان لەهەرێم بەگشتی و لەناو خەڵکی ئێزدی ژمارەیەکی قورسن، سەیرکەن نەک پارتی لە شنگاڵ دەسەڵاتی نییە، بەڵکو نەیانهێشت بۆ بانگەشەش پارتی بچێتە شنگال، کەچی زۆربەی هەرە زۆری ئێزدییەکان دەنگیان بە پارتی داوە، ئیدی دوای ئەم هەڵبژاردنە، حەقە پەکەکە پێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان بزانێت و تێبگات هەرێم بەهیچ شێوەیەک مەیدانی خەباتی ئەوان نییە و خەڵکی کوردستانیش ناگەڕێتەوە بۆ مۆدێلی عەسکەربازی و حزبی قائید.

مستەفا کازمیش ئەگەر لە هیچ سێکتەرێک سەرکەوتوو نەبووبێت، ئەوا لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد سەرکەوتوو بوو، هەرچەندە هێشتا دیار نییە، ئایا لە دوا ساتەکان و لەژێر گوشارەکان کۆمسیۆن ئەنجامەکان دەستکاری دەکات، لە پێناوی روونەدانی شەڕ و ئاشوب لە نێوان لایەنە شیعەکان، یان وەک ئەوەی هەیە رایدەگەیه‌نێت؟ دیارە مستەفا کازمی هێزێکی زۆری راسپاردووە بۆ بەرگریکردن لە سندوقەکانی هەڵبژاردن و رێگەنادات ئەمە بکرێت، بەڵام کۆنکریتی تر لەمە ئەوەیە رۆژانی داهاتوو وەڵامی راستی ئەو پرسیارەمان دەدرێتەوە.

بایکۆتی خەڵکی عیراق لەم هەڵبژاردنەدا هەڵەیەکی مێژووی بوو، چونکە یەکەمجارە لە عێراق هەڵبژاردنێکی وا پاک بکرێت، من باسی هەوڵەکانی ئێستای هەندێک لایەنی عێراقی بە پاڵپشتی هەرێمیی ناکەم بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان، بەڵام ئەگەر خەڵکی عێراق بایکۆتیان نەکردایە ئەم ئەگەرەش لاواز دەبوو یان هەرنەدەبوو. خەڵکی عێراق بەگشتی حەقە ئەو راستییە بزان، جگە لە سندوقەکانی دەنگدان هیچ رێگایەکی تر و شێواز و مۆدێلێکی تر بۆ حوکمڕانی لە دونیای ئەمڕۆدا نییە، بۆیە بایکۆت نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو هێشتنەوەی دۆخی خراپ و مانەوەی حزبەکانی دەسەڵاتە بۆ هەتا هەتایێ، گەنج و لاوانی عێراق بە خوێنی خۆیان ئەم هەڵبژاردنەیان هێنایە پێشەوە و ئەنجامیاندا، کەچی بەشداریان نەکرد و خوێنیان بەهەدەرچوو.

لە هەرێمی کوردستانیش پارتی براوەی یەکەمە، وێڕای چەندین هەڵە و کەموکورتی لە بەڕێوەبردن و ژیان و گوزەرانی خەڵک، دەرکەوت زۆربەی خەڵکی کوردستان متمانەیان هەر بە پارتییە، ئەمەش لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو ئەنجامی چەندین فاکتەر وایان کردووە خەڵک باوەڕی بە پارتی بێت، لە هەمووی کاریگەرتر ئەوەیە، خەڵک بە گشتی دەزانن پارتی خاوەن قەزیەیە، ئەگەر هەندێک جار هەڵەش بکات لە ئیدارەدانی ئەم قەزیەیەدا، کە وای کردووە، بەڵام دواجار دەزانن خاوەنیەتی، ئاخر هەر کەس و لایەنێک قەزییە و ئامانجێکی روون و دیارکراوی نەبێت ئەمڕۆش نا، سبەی هەر دەدۆڕێت، وەک چۆن ئێستا هەندێک لایەنمان لێ دیارە.