سروشتە باشەکان و شانازییەکانی ئەڵمانیا

Kurd24

هاووڵاتیانی ئەڵمانی زۆر شتیان هەیە شانازی پێوە بکەن، مێژووی کۆن و هاوچەرخی ئەڵمانیا، زۆری بە جیهان بەخشیووە، ئەمڕۆ ئەڵمانیا بە باشترین  کەلوپەل و کاڵای گرانبەها بەناوبانگە، کە ئێمەی مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەماندا بەکاریا دێنین، کارامەیی و زەحمەتکێشی ئاڵمانەکان و کاریگەری و شارەزایی و زانستی ئەوان گەورەترین بەهرەمەندی بە مرۆڤایەتی بەخشیووە.  

دوای جەنگی جیهانی دووەم لە چاوەڕوانی هیچ کەسدا نەبوو بە ماوەیەکی کەم گەورەترین وێرانکاریی لە مێژووی مرۆڤایەتی، هاوشێوەی دەگمەنە، لە کاتێکی کەمدا سەر لە نوێ بنیاتبنێنەوە، خێرایی ئاوەدانکردنەوەی هەر پارچەیەکی ئەڵمانیا، تەنانەت لە رووی بیرکاریشەوە تەحەدایەکی گەورە بوو، بەڵام بە ویست و پابەندبوونی ئەڵمانەکان، توانیان بەسەر سەختییەکان زاڵ بن، جگە لە  زیانەکانی دارایی و کاولکاری، ئەڵمانیا روبەروی نەخۆشی جەستەیی و دەروونیش بویەوە، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن و چۆک دانادەن،  ئەمڕۆ زۆر ئەستەمە  کەسێک لە دەرەوە بتوانێت تێبینی ئەو کاولکاری و ئازارە دەروونییەی رابردووی ئەم وڵاتە بکات،  جگە  لە خودی  ئەڵمانییەکان نەبێت. 

لە رابردوودا، لە رووی سەربازیەوە ئەڵمانیا دەسەڵاتی رەهای بەسەر کیشوەری ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپاش هە بووە، ئەمڕۆش  ئەڵمانیا جارێکی تر پاڵەوانی جیهانە، بەڵام ئەمجارە نە بەهێزی سەربازی و نە بە گەورەیی ئابوورییەکەیی و نە بە سامانی دارایی، کە هاووڵاتیانی ئەڵمانیا هەیانە، لە جیاتی ئەوە بە سۆزی راستەقینە بۆ بایەخدان و میهرەبانی بۆ ئەوانی تر، بونەتە پاڵەوانی راستەقینەی ئەم سەردەمە.

لە دەیەی رابردوودا، شایەتی ئەو هەوڵ و کۆمەکە مرۆییانە دەدەم، کە ئەڵمانیا بە جیهانی بەخشیووە، دوای  هێرشی داعش  بۆ سەر سووریا و عێراق، کە ملیۆنان کەس لە هەردوو وڵات لە ماڵی خۆیان بە ناچاری ئاوارە بوون و پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ برد، هەرێمی کوردستانی عێراق زەرەرمەندی یەکەمی عیراق بوو، کە دەرئەنجام  بە هەزاران ئێزدی لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە کوژراون، تەنها لەبەر بیرباوەری جیاوازی ئایینییەکانیانەوە، زۆربەی منداڵەکانیان، بەتایبەتی ئافرەتانی ئێزیدی رفێندران، دواتروەک کۆیلەی سێکسی فرۆشران و ئەوانی تریش پەنایان بۆ پارێزگای دهۆک هێنا، کە زۆرینەیان هێشتا لە کەمپەکان، لە ژیانێکی سەخت، رۆژەکانیان بەسەر دەبەن.

بەدرێژایی ئەو ساڵانە ئەڵمانیا نەک تەنیا حکومەت، بەڵکو تاکو هاووڵاتی ئەڵمانیا و رێکخراوە خێرخوازیەکان و کەنیسەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی خواستی خۆیان نیشان دا بۆ یارمەتی دانی لێقەوماوان، بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەی رووبەڕووی بوونەتەوە، بێگومان بەبێ هاوکاری ئەوان و کۆمەک بەخشانی تر لە جیهان، ئیدارەدانی ئاوارەی ملیۆن کەسی ئەستەم بوو، لە چەند ساڵی رابردوو چەندین پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە لەڕێگەی دەزگای جی ئای زێدی حکومی بنیات نراون، قوتابخانە و تۆڕی ئاو و تەندروستی و راهێنان بۆ بەرزکردنەوەی توانای ناوخۆیی جێبەجێکراون، بێگومان ئەو پرۆژانە کاریگەری زۆریان هەبووە لە پاراستنی گیانی خەڵک، کە کونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیا لەهەولێر، رۆڵی بەرچاوی لە هەماهەنگی و پشتگیری هاوکارییەکانی ئەلمانیا لە کوردستانی عیراق هەبووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە، لە هەمان کاتدا رێکخراوە ناحکومییەکانی ئەلمانیا چەندین پرۆژەی دابینکردنی خۆراک و دەرمانیان لە ئەستۆ گرتووە، جگە لەمەش  دابینکردنی دارایی  بۆ پڕۆژەی بچووک، بەڵام کاریگەر و بەردەوام لە نێو کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، تەنانەت چەند کەمپێک ئێستا لە رێگای  وزەی  خۆرەوە، کارەبایان پێدەدرێت، کە تەواوی خەرجی دارایی ئەم پرۆژەیە لەلایەن هاووڵاتیانی ئەڵمانیاوە لە رێگەی رێکخراوی هێلفێن برینگت فرۆیندەوە دابین کراوە، لە ساڵانی رابردووشدا، ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە و چێشتخانەی گەرۆک و کەلوپەلی زستانە لەلایەن رێکخراوی کۆمەڵەی هاوکاری رۆژهەڵات، کە رێکخراوێکی تری ئەڵمانییە ئۆفیسی سەرەکیان لە شاری میونخە دابینکراوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان بۆ زۆرێک لە منداڵان لە چەند کەمپێکی ئاوارەکان، کە زۆرینەیان ئیزدین بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی دوورەدەستی و نەگەیشتن بوو بە قوتابخانە، سوپاس بۆ خەڵکی ئەڵمانیا ئەمڕۆ زۆرێک لە منداڵان لە کامپی پەنابەرانەوە، بە پێچەوانەشەوە بە پاسی بێبەرامبەر هاتووچۆ دەکەن، سوپاس بۆ ئەڵمانیا، ئەمڕۆ گرووپی گەنجان لە چەند کەمپێکی ئاوارەکان دەتوانن یاری تۆپی پێ بکەن، کە ئەم چالاکیانە یارمەتی گەنجان دەدات بۆ لەبیرکردنی رابردوو و بیر لە داهاتوویەکی باشتر بکەنەوە، لە کاتێکدا سەرنجی میدیاکان لەسەر عێراق دوورکەوتەوە ئەو ژنە بریندارە ئیزدییانەی کە پێشتر لە دەستی داعش رزگارکران لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە بیرکران، بەڵام لەلای ئەڵمانەکان بە زیندوویی مانەوە، ئەمڕۆ خزمەتگوزاری دەروونناسی لە پارێزگای دهۆک بۆ ئافرەتانی دەربازبووی دەستی داعش بەردەستە، کە لەلایەن پرۆفیسۆری بەناوبانگی کورد - ئەڵمانی جان ئیلهان قزلهان سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاری دارایی دەکرێت. 

مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە هاورێیەتی دوو لە هاوکارانم لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بانگهێشت کراین بۆ سەردانی ئەڵمانیا بۆ دیدار لەگەڵ رێکخراوە حکومی و رێکخراوە خێرخوازیەکان، کە بە چڕی دەستیان لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی لە باکوری عێراق (کوردستان)هەیە. دەزگای خێرخوازی بارزانی یەکێکە لە کاریگەرترین رێکخراوە ناحکومییەکان، کە یارمەتی پەنابەران و ئاوارەکانی  تری عێراق دەدات، دەزگای خێرخوازی بارزانی لەگەڵ چەندین رێکخراوی ناحکومی نێودەوڵەتی و دەزگا  حکومییەکانی تر لە جیهان بەردەوام لە کارکردن دایە بۆ باشترکردنی ژیانی لیقەوماوانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکانە، کە بە ئیکۆسۆک ناسراوە، لە ئەمریکا و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاش  تۆمارکراوە و نوێنەری هەمیشەیی لە ئەوروپا هەیە.

بێگومان بۆ من یەکەمجار نەبوو گەشتی ئەڵمانیا بکەم، پێشتر چەندین جار سەردانی ئەلمانیام کردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرجارێک دەچمە ئەڵمانیا  هەمان هەستی یەکەم سەردانم لەلا دروست دەبێت، ئەم وڵاتە بەڕاستی جوانە، شاخ و دۆڵەکانی نێوان میونخ و ئینسبروگی نەمسا زیاتر لەهونەرە سیحراویەکانی  هونەرمەندی نیگارکێشی ناوداری  ئەلمانی ئەلبەرت دۆری دەچێت، سروشتی هێمنی رووباری راین کە بە چەندین شار و شارۆچکەوە رەت دەبێت هەستی هیوا و ئاوات دابین دەکات، تەلارە مێژووییەکان و تەلارسازیی نوێیەکان تەنگەژە رابردووە کان بە داهاتوویەکی باشترو دۆڵەمەنتر گرێ دەدات، بەڵام لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەوەی هەستم بۆ ئەڵمانیا بەهێزتر دەکات بەخشندەیی خەڵک و رێبازی مرۆڤدۆستانەیانە بۆ چارەسەری کێشەی ئەمڕۆی جیهان.

سەردانەکەمان پێشوەختە داڕێژراو بوو، سوپاس بۆ هاووڵاتی کورد - ئەڵمانی بەڕێز شێرزاد تۆماس ماندوونەناسانە کاری کردوە بۆ گرێدانی دەزگا خێرخوازیە کوردیەکان بە دەزگا مرۆییەکانی ئەڵمانیاوە، رۆڵی ئەو لە بواری پەیوەندی مرۆیی و مرۆڤایەتی بەگشتی لە نێوان ئەڵمانیا و کوردستان کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی پەنابەر و ئاوارەکانی کوردستان هەبووە، بێگومان ناوبراو وەک زۆرێک لە کەسانی تر، پاڵەوانێکی ونە لە مەیدانی کارە مرۆییەکان.

ئێمە گەیشتینە فرۆکەخانەی دوسلدۆرف، لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتودا، پێویستە هەر رۆژێک لە هەرێمێک بین بۆ ئەوەی بتوانین ئەوەی لە بەرنامەی سەفەرەکەمان هەیە جێبەجێی بکەین، سەرەتا سەردانی شارۆچکەی مێنچەرنیچمان کرد، کە لەمەو پێش بەهۆی لافاو زەرەر و زیانێکی زۆری پێگەیشتبوو، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزرێنەر و سەرۆکی رێکخراوی هیلفس گرۆپ ئیفیل بەڕێز هێلموت لانیۆ و تیمەکەی  کە بەشداری هاوکاریکردنی لێقەوماوانی کورستانیان کردوە  بەقەد توانای رێکخراوەکەیان کاریگەریان لەسەر ژیانی لیقەوماوان دروست کردوە، لەڕۆژی دواتردا ئێمە زۆر خۆشبەخت بوین کە دەرفەتمان بۆ رەخسا  بۆسەردانی ئۆبرهاوسێن بۆ بینینی کلاودیا و تیمەکەی لە  رێکخراوی فریدێنسدۆرف ئینتەرناسیۆنال، ئەو رێکخراوە خێرخوازییە پەیامی زۆر گەورەترە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ منداڵانی زیان لێکەوتوی ناوچە شەراوییەکان، بەڵکو ئەوە شوێنێکە کە هیوایەکە بۆ ژیانێکی گەشاوەتر لە داهاتوو بۆ ئەو منداڵانە کە بەخت یاوەریانە، کە لەم شوێنە چارەسەر وەردەگرن، لە کۆتایی ئەو رۆژە گەشتەکەمان زیاتر بەرهەمداربوو کاتێک ئێمە بەرەو ئیسن دەچین رێگەکەمان لە شوێنی پێشتر زۆر دوور نەبوو  ئێمە لەگەڵ پرۆفیسۆر بیورن ئیننۆ هیرمانس سەرۆکی کاریتاس هەندێک لە ئەندام بۆردەکان کە بەڕێز تۆماس ئەندامی  بۆردی کاریتاسە دانیشتنێکی پر بایەخو باشمان هەبوو کاریتاس رێکخراویکی  ترە  لە گرنگی دان بە کارە مرۆییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانی عێراق کاریتاس زۆر بەباشی ناسراوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان چونکە هەر لە سەرەتای ململانێی شەڕی تایفی لە عئراق و پاشانیش پەلاماری داعش بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە دەورێکی کاریگەری بینیوە لە خزمەتکردنی خەڵکی لیقەوماو،  پێویست بوو رۆژی دواتر بەرەو فرانکفۆرت  بەرێبکەوین بۆ بینینی فرانک فرانکی سەرۆکی  رێکخراوی باڵی هیوا، ئەو رێکخراوە نوێنەرایەتی راستیێکی ترە لە هەلوێستە مرۆڤایەتیەکانی ئەڵمانیا  لە هەرێمی کوردستانی عیراق، ئێستا دوای نیوەرۆیە و ئەبێ بەڕێبکەوین بۆدیداری داهاتوومان ئەوە بەرەو شتوتگارت بۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ حکومەتی خۆجێی ئەوێ، پێویستە چەند سەد کیلۆ مەترێک بە ئۆتۆمبیل ببڕین، بەیانی لە یەکێک لە باڵەخانەکانی شتوتگارد لەگەڵ کاربەدەستانی ئەوێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیە مرۆڤدۆستانە و کاری هاوبەشی خێرخوازی گەنگەشەی چەند پرۆژەیەک دەکەین، بە خۆشحاڵییەوە حکومەتی خۆجێی شتوتگارد بڕبڕەی پشتی کارە مرۆییەکانی پارێزگای دهۆکە کە  بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێی پارێزگای دهۆک ئەنجامی دەدەن کە زۆر لەم پرۆژانە درێژمەودان و بە بەردەوام پرۆژەکان کاریان تیادا دەکرێ، ئەم پرۆژانە  هیواو ئاواتی زۆرێک لە ئاوارە ئێزیدیەکان بەدی دەهێنن. 

بەدرێژایی دیدارەکەمان  من تێبینی شتێکی زۆر بڕوانەرم کرد کە هیچ یەکێک لەو نوێنەرانەی کە یەکترمان بینی باسی خۆیان یان ئازارەکانیان نەکرد، بەڵام بەردەوام باسیان لەوە دەکرد کە چۆن دەتوانن یارمەتی ئەو کەسانە بدەن کە لەدۆخی  نەخوازراو دان!  لە زمانی جەستەیی هەموو ئەو کەسانەی کە بینیمان هەستم بە دڵسۆزیی ئاوان بۆ مرۆڤایەتی و شانازیم لە چاوەکانیان بەدی دەکرد.

دوا وێستگەی ئێمە راڤینسبێرگ بوو بۆ بینینی دکتۆر هندریک گرۆس بەڕێوەبەری رێکخراوی هێلفێن برینگت فرۆیند و بەرێوەبەری گشتی دامەزراوەیەکی راگەیاندن کە بینەرو بیسەرو خوێنەرێکی زۆریان لەم هەرێمە هەیە، لە پەنجەرەی ژووری چاوپێکەوتنەکەیەوە شاخەکانی سویسرای بە من نیشان دا کە دوور نەبوو لە ئۆفیسەکەی، لوتکەی شاخەکان بە جوانی و هێمنانە سێبەری بەسەر خاکی هەردوو وڵات داکێشاوە، لە خوارەوەی ئۆفیسی دکتۆر هندریک کەنیسەیەکی کۆن وەک پاسەوان چاودێری شارەکە دەکات، چەند خولەکێک دوور لە ئۆفیسەکەی وێستگەیەکی کۆنی شەمەندەفەر گۆڕدراوە کراوەتە چێشتخانەیەکی ناوازەی ئیتاڵی، دەورووبەری راڤینسبێرگ ئەوەندە خاوێن و ئارامە، کە ئەم شارۆچکەیە دەکات بە یەکێک لە پارچەکانی بەهەشتی خوا لەسەر رووی زەوی، هەموو ئەمانەی بینیمان و ئێستا قسە لەگەڵ دکتۆر هیندریک و هاوکارانی قسە دەکەین، لەم ساتەدا هەستم کرد پێویستە پرسیارێک رووبەڕووی خۆمی بکەمەوە! بۆچی خەڵکی ئەڵمانیا بەگشتی گرنگی بە کەسانی دیکەی وەک ئیزدی دەدەن لە کەمپەکان؟ بەدڵنیایەوە دانیشتوی شاری راڤینسبێرگ و هەرێمەکانی تر لە ئەلمانیا دوورن لە عێراق و سوریا لەڕووی کولتووری و ئایینیشەوە جیاوازی زۆر هەن لە نێوان ئەوان و ئەو پەنابەرانەی  لە کەمپەکانی سەر بە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین،  بۆچی ئەڵمانەکان نیگەرانن لە برسی بوونی کەسێکی تر کە هیچ شتێکیان لەیەک ناچێت؟ دواتر بە بیری خۆم دەهێنمەوە، کە ئەم خەڵکانە نەوەی مارتن لوسەر و خوێندکاری ئەلبێرت ئەنیشتاینن، کە بە پیرۆزکردنی پاپا بێندێکت  پارێزراون، ئەمە ئەڵمانیایە، کە پردێکی لە نێوان خەڵکی باشوور و باکووردا دروست دەکات بۆ هێنانە کایەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی هەژاری.

بە دڵنیاییەوە لە کۆتایی گەشتەکەماندا زانیم، کە زەردەخەنەی منداڵان لە کەمپەکان و نوێژی دایکە بێ هیواکان و سوپاسگوزاریی پیرەکان ئەو دیارییە، کە ئەڵمانییەکان دڵخۆشن بە کڕین بۆ پیرۆزکردنی کریسمسەکەیان، هەروەها زانیم بەخشین و بایەخدان بە ئەوانی تر، میللەتی ئەڵمانیای شکۆدارتر کردوە.

*ئەم وتارە گوزارشت لە تەواوی ئەو هاوکارییانە ناکات کە لە  ئەڵمانیاوە پێشەکەش بە خەڵکی کوردستان و ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان  کراون، ئەوەی ئاماژەی پێدراوە تەنیا بەشێکی بچووکی ئەو هاوکاریانەن کە حکومەتی ئەڵمانیا و خەڵکی  ئەڵمانیا  پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردوە.

* ئاوات مستەفا، ئەندامی دەستەی  کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی و توێژەری سەربەخۆیە، نوسەری پەرتوکی بارزانی رۆحی  شاخەکانە و هاونووسەری سێ کتێبی دیکەیە. ماستەری هەیە لە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی نیوکاسل/نۆرثامبریا لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.