به‌ره‌ی گه‌ل رووخا
زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك، هه‌رچی كۆمپانیایه‌كی سیاسیی نوێی داده‌نا، له‌وحه‌یه‌كی به‌رز ده‌كرده‌وه و وه‌ك قانوونی حامۆڕابی، خه‌ڵكیی ناچار ده‌كرد، بێنه ڕیزی ئه‌وه‌وه و ناوی نابوو به‌ره‌ی گه‌ل. جا هه‌ندێ جار به‌ره‌ی گه‌ل ئاشووبی ده‌نایه‌وه و هه‌ندێ جاریش هه‌یه‌جان ده‌یگرتن و هه‌رچی بۆ گه‌ل خراپ بوو، ئه‌وه‌یان ده‌كرد.
له ده‌یه‌ی ڕابردوودا گه‌ل، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه بوون كه له حه‌فته‌یه‌كدا شه‌ش ڕۆژ به‌شداریی خۆپیشاندانیان ده‌كرد و هه‌رچیت لێ بپرسینایه، ده‌بوو پێیان خراپ بێت و هه‌ر چۆن بدوانایه ده‌بوو ڕه‌شبین و نا به دڵ و تووڕه و ئاگرپاره بوونایه. ئیدی هه‌ر كه‌س به‌و ڕوئیایه‌ی ئه‌وانه‌وه له دونیای نه‌ڕوانیبا، به گه‌ل حیساب نه‌ده‌كرا. گه‌ل پێناسه‌ی نوێی وه‌رگرت، له‌وه‌ی كه كلتووریی هاوبه‌ش و زمانی هاوبه‌ش و مێژووی هاوبه‌ش و چه‌ندین شتی تر بنه‌مای بێت، جنێودان و ناڕه‌زایی و تووڕه‌یی كرانه نیشانه‌كانی!
وه‌رنه به‌ره‌ی گه‌ل، سه‌رۆك و ڕابه‌ره نوێكانیان به ساده و خاكی و هه‌ژاردۆست و عارفێكی دونیا نه‌ویست بزانه. به‌ره‌ی گه‌ل، هه‌ر له یه‌كه‌وه تا ملیۆن كه‌سی له ده‌ور خڕبوویه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی چوونه "به‌ره‌ی گه‌ل"ه‌وه، پێیان وابوو له خه‌ڵكه ده‌گمه‌ن و ناوازه‌كانی میلله‌تن و باشترینی نێو شه‌ش ملیۆن دانیشتوانه‌كه‌ی كوردستانن.
ده‌بوو یه‌ك ملیۆن كه‌س هه‌وڵ بدات ئه‌م حكومه‌ته‌ی پێ خراپ بێت و هه‌ر ده‌رفه‌تێكی بۆ ڕه‌خسا، ده‌ستبه‌جێ بیڕووخێنێت یان لاوازی بكات. كاتێكیش حكومه‌ت لاواز و بێ توانا بووایه، لۆمه ده‌كرا و ته‌نانه‌ت جنێویشی پێ ده‌درا كه بۆچی حكومه‌تێكی باش و كاریگه‌ر نییه؟ تواناكانی هه‌رچی مرۆڤی باڵغ و كامڵه، له خۆپیشاندان و تایه‌سووتاندن و جنێودان به فیڕۆ درا.
توخوا ئه‌وه حكومه‌ته؟ توخوا ئه‌مه وڵاته؟ ئه‌مه له‌و پرسیارانه‌یه كه خراپه سه‌ر زمان و هزر و بیركردنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤێكی كورد، له هه‌ر سات و له هه‌رجێدا له به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و وڵات و ئاینده‌ی خۆی وتوویه‌تی. جۆرێك له مێنته‌ڵێتی و ئه‌خلاقیاتی نوێ بۆ دیدی كورد زیاد كرا. ئیدی ده‌بوو مرۆڤی كورد به یه‌قین پێی وابێت: هه‌موو شت خراپه، هیچ شتێك لایقی چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه نییه. وه‌رن با هه‌مووی تێك بده‌ین، ژیان له‌مه تاڵتر نابێت، هان ده‌دران، تا ئه‌ندازه‌ی جنوون خه‌ڵكیان دنه ده‌دا، بڕژێنه سه‌ر جاده، تووڕه‌یان ده‌كردن كه غیره‌ت و شه‌هامه‌تیان نییه، به‌رده‌وام پێیان ده‌وتن: كوا غیره‌ت؟ بۆ نایه‌ن ئه‌وه‌ی ماوه بیسووتێنن؟ حزب و كه‌ناڵی فه‌زایی و كۆمپانیایان دروست كرد له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی به‌ره‌بابێك، ڕقی له به‌ره‌بابێكی تره!
ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌رده‌وام دنه ده‌دران حكومه‌ت بڕووخێنن، ده‌هێنرانه سه‌ر جاده و خۆپیشاندان و هه‌را و فه‌رته‌نه‌یان پێ ده‌كرا كه بۆچی حكومه‌ت دایاننامه‌رێنێت؟ یانی ڕه‌نگه تاكه میلله‌تی سه‌ر زه‌وی بووبین، ویستوومانه له حكومه‌تێك دابمه‌زرێین كه ده‌مانویست بیڕووخێنین، ئه‌وه‌ی سه‌یر و نامۆیه، دواجار ئه‌و به‌ره‌ی گه‌له‌ی ده‌ویست حكومه‌ت بڕوخێنێت، خۆی ڕووخا!