لوتکەکانی وزە بە بێ تورکیا

Kurd24

رۆژی (18ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆکتۆبەری 2021) نۆیەمین لوتکەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە نێوان میسر و قوبرس و یۆناندا سەبارەت بە پرسی وزە و ئاسایش (وەک هەموو جارەکانی پێشوتر) بە بێ تورکیا بەڕێوەچوو. ئەم لوتکەیە هەمیشە ئیسرائیلیشی تێدا بەشدارە. هەرچی قوبرس و یۆنان و میسر و ئیسرائیلە، پەیوەندییەکی زۆر توندتۆڵیان هەیە، بە پلەی ئیمتیاز گازی سرووشتی کۆی کردوونەتەوە. ئەوە 10 ساڵە گفتوگۆیان هەیە، حەوت ساڵیشە لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی وڵاتەکانیان لە لوتکەی سیانی و چواریدا دەست دەخەنە سەر دەستی یەکدی. ئەنقه‌ره‌ش هەموو ساڵێک دوای تەواوبوونی کۆنفرانسی سێ سەرۆکەکە هەر دەڵێت "بە بێ تورکیا سەرکەوتوو نابێت".

لە ساڵی (2009)دا دوای هەوڵ و گەڕانێکی زۆری کۆمپانیای نۆبڵ ئینێرجی-Noble Energy ی ئەمه‌ریکی و کۆمپانیای ئینی-ENI ئیتاڵی و کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان لە ژێر ئاوەوە بروسکەیەک هات، گڕێک چوو بە ئاسماندا.. بۆ یەکەمین جار جاڕی دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە ژێر ئاودا و لە کەناراوەکانی ئیسرائیل، قوبرس، لوبنان و میسر درا.

ساڵی (2010) هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین تێکچوونی پچڕانی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیادا بە هۆی سووربوونی تورکیا لە هاوکاری حەماس و دەستبەسەراگرتنی کەشتی "مافی مەرمەڕە -Mavi Mar Mara Flotilla" و کوشتنی زیاتر لە 10 کەسی تورک لەناو کەشتییەکەدا لەلایەن کۆماندۆی ئیسرائیلییەوە.

سەرەتای ساڵی (2011) بەهاری عەرەبی روویدا، ئیتر یەک-یەک هەموو ئەو وڵاتانەی لە ئەوروپا و ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سنووریان دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە) پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا تێکچوو، لیبیا بوو بە گێژاو بۆ تورکیا، میسر بەهۆی کودەتاکردن بەسەر ئیخوان و موحەمەد مورسی-دا و هاتنی عەبدولفەتاح سیسی بۆ سەر دەستەڵات بوو بە رکابەری تورکیا و لەهەر شوێنیکدا دژی پڕۆژەکانی تورکیا دەوەستنەوە لەناوچەکەدا.

سوریا و لوبنان لە نزیکترین دۆستی تورکیاوە بوون بە گەورەترین گرفت بۆ تورکیا. کێشەی قوبرس وەک رەگی گرفتە قووڵەکەی تورکیا هەروا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

قوبرس و یۆنان وەک دوو دەوڵەتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە هەموو شوێنێکدا دژی هەموو جوڵەیەکی تورکیا دەوەستنەوە. لەگەڵ فەرەنسا و ئیتاڵیا لە مانۆڕی دەریایی دژی جموجوڵە دەریاییەکانی تورکیا دەستەوەستان نەبوون و پەیوەندییەکانیان لەم 10 ساڵەدا لەوپەڕی خراپیدا بووە.

جگە لە حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست، رووسیاش لە هەندێك لوتکە و کۆنفرانسە گەورەکانی تایبەت بە وزە تورکیا بانگهێشت ناکات.

ئەنقه‌ره‌ 10 ساڵی رێکە هەموو رێگەیەک بۆ دەرهێنانی گازی سرووشتی لە کەناراوەکانی قوبرسی تورکی گرتەبەر، هیچی نەدۆزییەوە. ئەو یەدەگەی دۆزراوەتەوە لە کێڵگەکانی ئەفرۆدیت-Aphrodite (بلۆکی ژمارە 12 کە یەدەگی سرووشتی تێدایه‌ لە نێوان 3.6 بۆ 7 تریلیۆن پێ سێجایە) و کالیپسۆ-Calypso (بلۆکی ژمارە 15 یەدەگی سرووشتی تیایدا بە 8 تریلیۆن پێ سێجا خەمڵێنراوە) و (13) بلۆکی گازیی لاوەکی دیكه‌دا، کە دەکەونە سنووری ئاویی دەوڵەتی قوبرسە یۆنانییەکەوە.

هەر لە ساڵی (2014)ـەوە، قوبرسی یۆنانی داوای لە هەرێمی قوبرسە تورکییەکە کرد، کە ئامادەیە و هاوبەشییان لەگەڵ دەکات و یەکبگرن و هاوکار بن، بەڵام تورکیا رێگەی نەدا ئەمە دروست بێت!. لە دواتردا کە سەرەتای ساڵی (2020) هێڵی بۆڕی گازی سرووشتی بەناوی پڕۆژەی ئێست مێد-East -Med بۆ گواستنەوەی گازی ئیسرائیل و قوبرس بە درێژایی (1900) کیلۆمەتر بە ژێر ئاودا بەڕێکەوت بۆ ئەوروپا لە رێگەی دوورگەی کریت-Criteی یۆنانەوە، ئینجا "موستەفا ئاکینجی"، سەرۆکی قوبرسە تورکییەکە رایگەیاند، کە پەشیمانن داواکەی قوبرسی یۆنانیان بۆ هاوبەشی لە پڕۆژەی گازی سرووشتیدا رەتکردووه‌تەوە.

بۆ تورکیا؛ هەرچۆنێك ئەم هەموو گێژەنگە کە لە گەڕان و پشکنین بە دوای گازی سرووشتیەوە تا هەناردەکردنی بەردەوامە، جگە لەوەی وڵاتانی بەشدار لە دەرهێنان و هەناردەکردنی گازی سرووشتیدا رێگەیان بە تورکیا نەداوە بەشدارییان لەگەڵ بکات، ناو بەناو بەهۆی دەستوەردانەکانی تورکیاوە لە ناوچە ئاوییەکانی قوبرس- یۆنان، یەکێتی ئەوروپا سزای قورسی سەپاندوە بەسەر تورکیادا. ئەنجامەکەی ئەوەیە لیرەی تورکی لەماوەی ئەم 10 ساڵەدا (650%) بەهاکەی خۆی لە دەستداوە، لە هەموو مێژوودا بەهای لیرە ئاوها نەهاتووه‌تە خوارەوە (950 لیرەی تورکی = 100 دۆلاری ئەمه‌ریکی). سەرۆک کۆماری تورکیا "رەجەب تەیب ئەردۆغان" لە ماوەی یه‌ك ساڵدا (3) جار سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیای گۆڕیوە!.

بۆ ئەو! لەڕاستیدا پێویستە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت، نەک سەرۆکی بانکی ناوەندی، چونکە گرفتەکە لەوێوە نایه‌ت کە رێژەی (سوو-فائدة)ی بانکی زیادبووە، گرفتەکە لە کەمبوونەوەی یەدەگی بیانییەوە دێت لە بانکی ناوەندی تورکیاوە، چونکە سەرمایەدارە بیانییەکان هەم سەرمایەکانیان هەم پارەکانیان کە بە دۆلار و یۆرۆیە، لە بانکە تورکییەکان دەکشێننەوە.

جێی پرسیارە! تورکیا وڵاتێکی پیشەسازیی گرنگە، نزیکەی (75%) وزەی پێویست لە نەوت و گازی سرووشتی لە دەرەوەی خۆی هاوردە دەکات. ساڵانە تەنیا بۆ کڕینی گازی سرووشتی لە نێوان (43 بۆ 56) ملیار دۆلار سەرف دەکات، ئەمەش هەندێك جار دەکاتە (19%) بودجەی گشتی ساڵانەی وڵاتەکە، ناکرێت وڵاتەکە وزە لە نەیجیریا و رووسیاوە هاوردە دەکات، بەڵام لە باشوور و باکووری رۆژئاوای تورکیاوە لە بن دەستیدا شۆڕشێک لە بواری وزەدا روویداوە و ئەم هەر تەماشاکەر بێت و بەشداریی پێ ناکەن!.

ئێمەش لە "پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" بەشداری و چاودێرییمان هەبووە و هەیە لەسەر کۆبونەوەی سێ قۆڵی قوبرس-یۆنان- میسر، کە زانکۆی نیکۆسیا و دەنگی قوبرس -Voice of Cyprus سەرپەرشتی دەکەن. کوردیش چ لە سووریا و چ لە عێراق لە رووی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکی وزەوە، هەم زۆر نزیکە و هەم راستەوخۆ سەری لەناو خوانی ئەم گۆڕانکارییانەدایە، کە گازی سرووشتی هێناویەتە پێشەوە. هەموو کۆنفرانسەکان تەنانەت زۆربەی پەیپەرە ئاکادیمیەکان و پانێڵەکان بە بێ ئەوەی کورد خۆی ئامادە بێت، باسی هەرێمی کوردستان و باکووری سووریا دەکرێت. هەر جارێک وەک ئاماژەیەک بۆ گوتەکەی "دۆناڵد ترەمپ" پرۆفیسۆر "ئەندریاس سیۆفانۆس" و "مونسیف کەددار"، کە سەرپەرشتیاری تێزی دکتۆراکەشم بوو، دەڵێت "مستەر کورد"یش ئامادەیە، روو دەکاتە من و "پانزە خولەک کاتت هەیە مستەر کورد". ئەو (ئەوان) وا تێگەیشتوون سەرکردایەتی سیاسیی کورد تەواو هوشیار و پاڵپشتن و بە ئاگان لەوەی ئێمە پەیمانگایەکمان بۆ دیراساتی ستراتیجی بەناوی مێدیتریانە داناوە، لەکاتێکدا ئەوە تەنیا هەوڵ و ماندووبوون و گیرفانی خۆمانە. بەڵکو کورد خۆی دیار نییە لەناو ئەم رووداوانەدا، کە راستەوخۆ پەیوەستن بە باری ئەمنی و ئابووریی و دیپلۆماسیی کوردستانەوە.

بەزمەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست هەم خۆشە هەم زۆر ئاڵۆزە!. ئیماراتیش هاتووه‌تە ناوەوە!. لە هەر کوێ تورکیا پڕۆژەیەکی هەبێت لەو ناوچەیە ئیمارات دژی تورکیا پڕۆژەیەکی دیكه‌ی هەیە. لە کۆتایی (سێپتەمبەری 2021)دا ئیمارات (22%) پشکەکانی کێڵگەی تیماری ئیسرائیلی بە نزیکەی (1) ملیار دۆلار کڕی. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئیمارات.

لە سیاسەت و زانستی سیاسیدا نۆرم و نەگۆڕی هەمیشەیی نییە!. واتە ناکرێت بڵێین تا هەتایە تورکیا و ئیسرائیل یان تورکیا و میسر یان تورکیا و یۆنان پەیوەندییەکانیان ئاسایی نابێتەوە، بەڵام گرفتەکانی تورکیا زۆر زیادی خایاند لەگەڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی کە سنووری ئاویی هاوبەشیان لەگەڵی هەیە لە دەریای ناوەڕاست (ميديتريانه-Mediterranean). ئەردۆغان و دامەزراوە تورکییەکان زۆر گەشتی بێ ئاکام و زۆر هەوڵ و لێدوانی نەرمی دا، تا درزێک بدۆزێتەوە لەگەڵ هەرکامێک لەو وڵاتانە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە!. ئەوەی من تێی گەیشتووم ئەو وڵاتانە، تورکیا بە پێگەیەکی گرنگ و گەورە دەزانن، بەڵام بە بێ ئەردۆغان!. متمانە بە ئەردۆغانێک ناکەن هەمیشە بیر لە نیۆ-ئیسلامیزم و ئیتنۆ-ئیسلامیزمی تورکیی دەکاتەوە، بە ئاشکرا پێشوتر هاواری کردووە "ئێوە تاپۆی خاکەکەتان لە ئەرشیفی ئێمەدایە"، وەک ئاماژە کە میسر و ئیسرائیل و قوبرس بەدەست دەوڵەتی عوسمانییەوە بوون!.

 

* بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە ئابووریی سیاسی هایدرۆکاربۆن، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS