کابینەی تەکنۆ مەزهەبیی!

پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیی و سەنگە هەرێمیی و نێودەوڵەتیەکەی لە پاش هەڵبژاردنەکانی 10ی 10ی 2021، سەربە فۆڕم و دیدگای حوکمڕانیی هەر مەدرەسەیەکی شیعە یان سوننە بێت، بەقەد سەربەخۆیی لە بڕیاردان و ئەجێندا سیاسیی و سیستمە دادوەرییەکەی گرنگی و بایەخی ئەوتۆی نییە کە لە عێراقدا نەماوە، چونکە وا دەردەکەوێت حکومەتی ئاییندە دەستەوسانە لە ئاست چنگاڵ و قاچەکانی دەوڵەتی قووڵیی فاشیزمی مەزهەبیی کە جوڵەی لەو عێراقە بڕیوە و بۆتە ئەڵتەرناتیڤی حکومەتی مەدەنی و تەکنۆکرات کە نزیک بە دەساڵە بانگەشەی بۆ دەکەن.
بێگومان ئەستەمە گۆڕینی ئەو دیدە ئینقیلابیی و سەربازییە بۆ دیدێکی دیموکراسی و پێکەوەیی و فرەیی، کە تاکی عێراقی و کورد و پێكهاتهكانی دیكه هەست بە ئارامیی و شوناسی وەک یەکیی و هاووڵاتیی پلە یەک بکەن. هەر ئەو دیدە سەربازییە وای کردووە هیچ سەرۆک وەزیرێکی رابردوو نەتوانێت ئەوەندە ئازا و ئازاد بێت دەست بەرێت بۆ ئەو تخووب و تابۆ هەستیارانە و چاکیان بکات.
چۆن لەعێراق تێدەگەین؟
لە ڕاستیدا نهێنیەکە ئەوەیە نابێت عێراق نزیک بێتەوە لە بلۆكی شیعی مهزن و مهرجهعی باڵای خۆی، یەک مەرجەع و ئیمپراتۆری شیعیی مەزن هەیە و دەبێ لە قوم و تاران بێت هەر ئەویش مافی دەستوەردانی هەیە لەو دۆخە سیاسییە، ئەوە ڕەنگە ئەو ڕێککەوتنە نافەرمییەی تاران و واشنتۆنیش بێت بۆ ئاییندەیەکی دوور، گەر ئەوە بۆ شیعەکان چووبێتەسەر ئەوا بۆ کوردەکان هەمان هاوکێشەیە و پەرتەوازەیی گوتاری نێوماڵی کورد بەڵگەیەکی حەتمیی ئەو رێککەوتنەیە.
پلانەکە ئەوەیە عێراق ھێزی بچووک بچووکی لۆکاڵی و ناوچەیی و کەمینەی سیاسی و میلیشیایی و تائیفیی بەڕێوەی بەرێت لەبری دیموکراسی و دامەزراوەی تەشریعیی و پەڕلەمانیی و زانکۆ و بانکی مەرکەزیی و سوپای نیشتمانی و دەسەڵاتی دادوەریی بڕیاردەر، ئێران عێراقی بۆ داهات و نەوت دەوێ و ئێستا ئەوەی دەست دەکەوێ، بۆیە بەو تێزەی سەرەوە رازییە و ئەمریکاش موبارەکەی دەکات تا شیعەی زۆرینە و مونەززەم دروست نەبێ وەک چۆن ئیسلامی سیاسی سوننیی دامەزراویان نەویست لە تونس و میسر و ئەفغانستان بەڵکو ئیسلامی پۆپۆلیست و تەکنۆمەزهەبیان دەوێت.
کەواتە ئەو تێزه بۆ عێراق كۆتایی هاتووه هێزێك بیەوێت بە یەک ستراتیج و ڕوانگە ههموو عێراق بهرێوهبهرێت، عێراق دراوهته دهست ئهم هێزه پهرتبووانەی خولگهی ئێران ئهمهریكا بۆیە هەڵبژاردن وەهمێکی گەورەیە بۆ عێراق و ناتوانێ ئەو دۆخی فەوزەویە بگۆڕێت.
دەی ئیتر عێراق بۆ پارچەپارچە نەبێت وەک ئیماراتی عەرەبی، بەسرە بۆ سەربەخۆ نەبێت وەک کوەیتی تەنیشتی، مووسڵ بۆ جیانەبێتەوە و خۆی بەڕێوەبەرێت، هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆ نەبێت، ئەم وەھمی یەکپارچەییەی عێراق و سێنتڕاڵیزمی شۆڤێنیی ئەسڵەن بۆ ھەڵنەوەشێتەوە. ھەریەک با خەریکی باخ و مێرگی خۆی بێت، بە کورتی بۆ نەبینە وڵاتی ویلایەتەکان.