درۆیه، كه‌س ژه‌هرخوارد نه‌كراوه!
ئاوی زێ، لێڵ ده‌بێ و تۆ پێت خۆشه، چونكه ئیشت به تووڕه كردنی خه‌ڵكه. كاتێك لافاو هه‌ڵده‌ستێ و زه‌ره‌ر ده‌دات، پێت خۆشه، چونكه ده‌زانی میلله‌تی به دڵی خۆت و به قازانجی خۆت پێ تووڕه‌كه‌یت.
كاتێك داعش هێرش ده‌كاته سه‌ر پێشمه‌رگه، پێت خۆشه، چونكه له گۆشه‌یه‌كه‌وه خه‌ڵكی پێ نا ئارام و تووڕه ده‌كه‌یت و به تووڕه‌ییه‌كه‌ی ئه‌وان كورسیی زیاتر به ده‌ست ده‌هێنیت، ئێ تۆ نانت له توڕه‌كردن و هار كردنی خه‌ڵكیدایه. هه‌ر كاتێك كۆمه‌ڵگه هێور بێته‌وه، ده‌نگت پێ نادات. هه‌ر كاتێك خه‌ڵكی كه‌یف خۆش بن، تۆیان به خه‌یاڵدا نایه‌ت و هه‌ڵت نابژێرنه‌وه.
تۆ حیزبی نا ئارامییه‌كانیت، حیزبی كاتی شه‌ڕ و خوێن و ئاشووبیت! نان و ده‌نگ و نرخت له خوێن و شه‌ڕدایه، ئاسایش و ئارامیی له قازانجت نییه. هه‌ر به گشتی حیزبی چه‌پ و كۆنه چه‌پ و ئیسلامیی سیاسی، گه‌شه‌یان وابه‌سته‌یه به تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ره‌وه، ئیدی ئه‌وه له هه‌موو سێكته‌ره‌كانیاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. ئه‌ها ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ناڵی (كه‌ی ئێن ئێن) جنێوی ده‌دا و شه‌ڕی ده‌نایه‌وه، چه‌ند كه‌س ببوونه گۆڕان و چۆن كورسییه‌كانیان فڕی بوو؟ به‌ڵام كاتێك باسی سووده‌كانی سه‌وزه و میوه‌ی بۆ كردن، باسی سووده‌كانی ئارامی و ئاسایش، باسی پێكه‌وه‌یی و هاوده‌نگییان كرد، جه‌ماوه‌ره گومڕاكه‌یان لێ ته‌كییه‌وه، هه‌مووی جنێویان پێدا و وتیان ئێوه‌مان ئاوا ناوێت، وه‌رن كه‌رنه‌ڤاڵی جنێومان بۆ ڕێك بخه‌ن، فێرمان بكه‌ن و هانمان بده‌ن چۆن باره‌گا بسووتێنین و بڕژێینه سه‌ر جاده؟!
ده‌ی مرۆڤ كه تووڕه و نائارام بوو، خۆ گوێ له بتهۆڤن ناگرێ، خۆ ئاوی سارد ناخواته‌وه، ده‌ست ده‌داته به‌رد و كوته‌ك، ده‌ی تۆ هیچ نیت و هیچ نه‌بوویت، جگه له به‌رد و كوته‌كێك زیاتر به ده‌ستی خه‌ڵكییه‌وه، ئه‌وان كه تووڕه بوون په‌نا بۆ تۆ ده‌به‌ن، تۆ به كه‌ڵكی ئیداره‌دان و ئاوه‌دانكردنه‌وه نایه‌یت، تۆ ته‌نیا كه‌ره‌سته‌ی هێرش و په‌لاماردانی بۆیان. كه‌ناڵ و ڕۆشنبیر و جه‌ریده و كه‌ر و كه‌رناڤاڵت هه‌مووی له خزمه‌تی تووڕه‌كردن و تووڕه هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵكیدایه!
تۆ كاتێك بێ باوه‌ڕی بڵاو ده‌كه‌یته‌وه و مرۆڤه‌كانی بن ده‌ستی خۆت له‌سه‌ر بێ باوه‌ڕی و ڕه‌شبینی په‌روه‌رده ده‌كه‌یت، له یه‌كه‌م قۆناغدا باوه‌ڕ به خۆت ناكه‌ن. كاتێك سه‌حنی باوه‌ڕه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ت ده‌خه‌یته سه‌ر هێز و گروپه نه‌یاره‌كانی خۆت و به حه‌ق و به ناحه‌ق به‌ریان ده‌ده‌یته ئه‌وانی تر، هه‌رچییان لێبقه‌ومێ، جه‌ماوه‌ره‌كه‌ت باوه‌ڕی پێ نه‌كه‌ن، ئێ حه‌تمه‌ن ئه‌وڕۆ هه‌ر نه‌هامه‌تییه‌ك به سه‌ر خۆتدا بێت، باوه‌ڕت پێ ناكه‌ن.
كاتێك دلۆڤان، براكه‌ی نێچیرڤان بارزانی، به جه‌ڵته‌ی دڵ مرد، وتت نا كوشتیان. هه‌زاران وتار و ڕاپۆرت و رێپۆرتاژی پڕ له گومانت ده‌رخواردی جه‌ماوه‌ره‌كه‌تدا، خه‌ڵكت وا لێ كرد له نێو گومان و بێ باوه‌ڕیدا بژین، ئیدی بۆ ئه‌وان هیچ شتێك جێی باوه‌ڕ نه‌ما و هیچ شتێك به‌های ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێوه نه‌مایه‌وه، ئیدی بۆیه كاتێك سه‌ركرده باڵاكه‌ی خۆت ده‌ڵێت: 22 كۆپته‌رم بۆ هات، پێش هه‌موو كه‌س گه‌نج و هه‌رزه‌كاره‌كانی خۆت پێی ڕاده‌بوێرن و باوه‌ڕی پێ ناكه‌ن. ده‌یكه‌نه كه‌ره‌سته‌ی نوكته و قه‌شمه‌ری و توانج!
لای هه‌موو پارتییه‌ك، ئه‌وه‌ی له پردێ و سحه‌لا ڕوویدا، داستانێكی مه‌زن بوو، به‌ڵام تۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆتت وا په‌روه‌رده كرد كه به‌لایانه‌وه قه‌شمه‌ری بێت، بۆیه ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕ به 22 كۆپته‌ره‌كه‌ی مه‌لا به‌ختیار و باوه‌ڕ به داستانه‌كانی دابان هه‌لاج و شه‌ڕی ئه‌زمڕ و تیپی 57ی سه‌گرمه و داستانی بێتواته‌ت ناكه‌ن! ئه‌وه‌تا سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ت به حه‌فتا شێوه ده‌ڵێت: ژه‌هرخوارد كراوم، كه‌چی باوه‌ڕی پێ ناكه‌ن، پێكه‌نینیان پێی دێت. چونكه تۆ سی ساڵه جه‌ماوه‌ری خۆت له‌سه‌ر بێ باوه‌ڕی و گومڕایی سیاسیی په‌روه‌رده ده‌كه‌یت.
هه‌ر تۆ كه به جه‌ماوه‌ری خۆتت وت: فه‌ره‌یدون جوانڕۆییان كوشت، ده‌ی به‌و هه‌موو گومان و گومڕاییه‌ی ده‌رحه‌ق به‌وانی تر تێتدا دروست كردن، ئه‌مڕۆ چۆن باوه‌ڕ به خۆت بكه‌ن كه ده‌ڵێیت: وه‌ستا حه‌سه‌ن ژه‌هرخوارد كراوه؟ مه‌لا به‌ختیار ژه‌هر خوارد كراوه؟ عه‌تا سه‌راوی ژه‌هرخوارد كراوه؟ ده‌ی له‌سه‌ر هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ی گومڕایی خۆت، نه‌خێر درۆ ده‌كه‌یت، كه‌س ژه‌هر خوارد نه‌كراوه!