بۆچی دۆخی عێراق سەقامگیر نابێت؟

Kurd24

بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، پرسیارێك جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە: بۆچی دۆخی عێراق سەقامگیر نابێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام پێموایە کۆمەڵێك فاکتەر بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دۆخی عێراق، ئەم فاکتەرانەش قۆناغ لە دوای قۆناغ زیاتر و بەهێزتر دەبن، دەتوانین ئەم فاکتەر و هۆکارانەش پۆڵین بکەین بۆ:

یەکەم فاکتەرە ناوخۆییەکان:

کۆمەڵێك فاکتەر و هۆکاری ناوخۆیی هەن، کە بوونەتە داینەمۆی درێژەپێدانی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراق، لەسەروی هەموویانەوە پەراوێزخستن و جێبەجێ نەکردنی دەستووری ئه‌و وڵاته‌، لەلایەن هەموو سەرۆك وەزیرە یەك لە دوا یەکەکانی عێراق، هەر لە (عەلاوی، جەعفەری، مالکی، عەبادی و عبدالمهدی)ـیەوە بگرە، تا دەگاتە (کازمی) دەستووریان پشتگوێ خستووە، دەتوانین بڵێین: تا ئێستا لە کۆی (144) مادەی دەستووری عێراق، نزیکەی (54) ماددەیان جێبەجێ نەکراون، تەنها ئەو ماددانەیان جێ بەجێ کردووە، کە لەبەرژەوەندی خۆیاندا بوون، ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراقە، لە پاڵ ئەم هۆکارەدا کۆمەڵێك هۆکاری دیكه‌ی ناوخۆیی هەن، وەك نەبوونی (هاوسەنگی، هاوبەشی، سازان) لە نێوان پێکهاتە سەرەکیەکانی (کورد، شیعە، سونە)ـدا، ئەم حاڵەتەش نەك تەنها دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، بەڵکو بە درێژایی مێژووی له‌ (100) ساڵەی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا هیچ کاتێك (هاوسەنگی، هاوبەشی، سازان) بوونی نەبووە، هەر لەسەردەمی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی بگرە تا سەردەمی كۆماری، کاتێك  پێکهاتەی (سونە) دەسەڵاتدار بووە تا ساڵی (2003)، دەبینین (کورد و شیعە) بە هەموو شێوەیەك زەبر و زەنگیان بەرامبەر بەکارهێنراوە و چەوسێنراونەتەوە، دوای (2003)ش ئەم جارە پێکهاتەی (شیعە) بەشێوەیەکی تاکرەوانە دەسەڵات دەگرێتە دەست و دەستوور پشتگوێ دەخات و هەردوو پێکهاتەی (کورد و سونە) دەچەوسێنێتەوە، بۆیە دەبینین دۆخی عێراق بە درێژایی مێژوو قۆناغ بە قۆناغ ئاڵۆزتر بووە و لە ناسەقامگیریەوە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر رۆیشتووە، ئەمەش دەرەنجامی هەڵەیەکی ستراتیژی سەدەیەك به‌ر له‌ئێستایه‌ لەلایەن زلهێزانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان، کاتێك وڵاتێك بێ (ویست و خواست)ی پێکهاتە سەرەکیەکان (کورد، سونە، شیعە) لە چوارچێوەیەکدا کۆدەکەنەوە و ناوی دەنێن عێراق، ئەمەش هۆکاری شکستی یەك لە دوای یەکی زلهێزەکانە بۆ سەقامگیرکردنی عێراق، بۆیە پێموانیە دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی دواییش (گۆچانی سیحری) بداتە دەست کەسێك، كه‌ بتوانێت کێشە کەڵەکەبووەکانی (100) ساڵی رابردوو چارەسەر بکات و عێراق بەرەو سەقامگیری ببات.

لەم چوارچێوەیەدا و لەپاڵ ئەم فاکتەرانەی سەرەوە، لە ئێستادا فاکتەرێکی دیكه‌ی ناوخۆیی بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دۆخی هەنووکەیی عێراق بریتیە لە هەبوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی (بەتایبەت حەشدی وەلائی)، کە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراق، چونکە ئەم هێزانە نەخراونەتە ژێر چەتری سوپای عێڕاق و (سیسته‌می به‌رگری عێراق)، بەڵکو بەردەوام هەرەشەن بۆ خەڵك و دامودەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت، هەروەها ئەم هێزانە بە روون و راشکاوی ئەجیندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، واتە وەك پڕۆکسی و بەکرێگیراوی وڵاتانی ناوچەکە (بەتایبەت ئێران) کار دەکەن و عێراقیان کردووه‌تە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان، بۆیە دەتوانین بڵێین" تا ئه‌وكاته‌ی حەشدی شەعبی بەم شێوە ناڕێکخراوە (وەك دەوڵەتی قوڵی عێراق) چەك و دەسەڵاتیان هەبێت و بتوانن رۆژانە هێرشی درۆنی و هەڕەشەی گوێبڕین لە (سەرۆك وەزیرانی عێراق و ناوەندە دیبلۆماسی و سەربازیەکان) بکەن، ئەوا دۆخی عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

دووەم فاکتەرە دەرەکیەکان:

راستیەکی حاشا هەڵنەگرە ،کە (سەروەری و سۆڤێرنتی) عێراق نیشانەی پرسیاری لەسەرە، ئەمەش بەهۆی دەستێوەردانی (راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی) دەرەکی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەت (ئێران و ئەمه‌ریکا)، کە فاکتەری سەرەکین بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێراق، چونکە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو عێراقیان کردووه‌تە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان، بۆیە تا ئه‌وكاته‌ی ململانێکانی ئەم وڵاتانە لە گۆڕەپانی عێراق دوور نەخرێنەوە و ئەم دەستێوەردانانە بنبڕ نەکرێن، عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

ئاماژەکان پێمان دەڵێن: لە داهاتووی نزیك و دوویشدا کێشە سیاسی و تایفیەکانی عێراق بەردەوام دەبن، لەبەر ئەوە ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکەش بە هەستیاریەوە لە دۆخی عێراق دەڕووانن، چونکە هێزە دۆڕاوەکان چەکیان بەدەستە و رازی نین بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و رۆژانە خۆپیشاندان دەکەن و هەڕەشەی ئاگرین لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و حکومەتی عێراق دەکەن، بۆیە دۆخی عێراق هەستیارە و ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتر لە ئارادایە، ئەگەر چی کۆتایی هاتنی (ئاژاوە) لە عێراق خەونی ئەمەریکا بووە، هەر بەو ئامانجەش لە ساڵی (2003) رژێمی عێراقی گۆڕی، بەڵام دوای (18) ساڵ خەریکە بۆ ئەمەریکا روون دەبێتەوە، كه‌ عێراق مه‌ته‌ڵێكی سەرسوڕهێنەرە و بەئاسانی چارەسەر ناکرێت، بۆیە ئەگەرێکی بەهێزە، ئەمەریکا لەپێناو چارەسەرکردنی (سەرئێشەی عێراق) ملکەچی واقیعە سیاسیە ئاڵۆزەکەی عێراق نەبێت، بەڵکو بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی دیكه‌ بکاتەوە، ئەویش بەهەرێمکردنی ناوەڕاست و باشوری عێراقە، واتە بە (شێوەیەك لە شێوەکان) گەڕانەوە بۆ پێشنیازەکەی سەرۆك (جۆ بایدن) کە لە ساڵی (2007) پێشکەشی کردووە.

لە کۆتاییدا گرنگە ئێمەی کورد درك بەم قۆناغە هەستیارەی دۆخی عێراق بکەین، بۆیە هەتا زووە پێویستە سەرکرده‌ سیاسییه‌كانی کوردستان هەوڵ بده‌ن ناوماڵی خۆیان رێك بخەنەوە و خۆیان بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادە بکەن، تا بتوانن وەك ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ئامادەیی بەهێزیان هەبێت لە ناو هاوکێشە و گۆڕانکاریەکانی عێراق و ناوچەکە، چونکە ئاماژەکان پێمان دەڵێن: کە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق ئەگەرێکی بەهێزترە لە ئەگەری سەقامگیربوونی دۆخی ئه‌و وڵاته‌، بەتایبەت ئەگەر ئەمەریکا و ئێران لە دانوستانەکانی (ڤیەننا) بۆ نوێکردنەوی رێکەوتنامەی ئەتۆمی گەیشتنە بنبەست، ئەوکات ئەم رەوشە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق دەبێت، چونکە ململانێکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە گۆڕەپانی عێراقدا رەنگ دەدەنەوە، بۆیە گرنگە ئێمەی کورد خۆمان بۆ هەموو سیناریۆ و ئەگەرەکان حازر و ئامادە بکەین.