ئاھێکی سارد بۆ پەنابەرانی کورد

Kurd24

ئەمڕۆ چەند کورتە ڤیدیۆیێکی بەرپرسانی پۆڵۆنیام بینین، کە دڵتەزێن بوون دەربارەی پەنابەرانی کورد لەسەر سنوورەکان و ھەروەھا پەیڤینی چەند پەنابەرێک دژ بە قەوارەی ھەرێم!

پێشەکی با باس لەو بەرپرسەی پۆڵۆنی بکەم، کە قسەکانی پڕ بوون لە رقوکینە و رەگەزپەرستی دژ بە پەنابەران و دژ بە ئیسلام. ئەم بەرپرسە پۆڵۆنیە لەگەڵ کەناڵێکی ئەمریکی دەیگوت: "ئێمە ھەرگیز و ھەرگیز رێگا بە یەک پەنابەر ناده‌ین بێن یان لە خاکی ئێمە تێپەڕن بۆ وڵاتێکی تر!". دەیگوت "ئێمە سەربەرزین کە تەنانەت یەک موسڵمانمان وەرنەگرتووە، بۆیە وڵاتەکەمان پاکە لە ھەموو جۆرە تیرۆری ئیسلام!".

ئا ئەم ھەڵوێستە ناجوامێرانەی زۆربەی وڵاتە کۆمۆنیستەکانی پێشوو دەریدەخات، کە کۆمۆنیزم لە پەنجا ساڵی رابردوو ھیچ جۆرە فەرھەنگێکی مرۆڤانەی فێر نەکردوون!

مێرکڵ لە پاش ھەموو مەرزەکان، خەمی مرۆڤایەتی ئەجوڵێ، کەچی دوو کیشوەری پێشوو ـ کۆمۆنیستی و بە پاڵپشتی پۆتین، بازرگانی بە چەڵەمەی ماڵ و منداڵی پەنابەران دەکەن! من داخم لەوەیە کە وڵاتێکی وەک پۆڵۆنیا مافی پەنابەری بە (موسڵمانان)! نادات و رێگای تێپەڕبوونیشیان پێنادات.

جێگای داخە ئەمڕۆ بەم جۆرە رەفتار لەگەڵ خانەوادەی کورد دەکەن؟ ئا ئەمە ئەبێ چ جۆرە رەفتاری مرۆڤی ئەوان بێت؟! ئەگەر مرۆڤی موسوڵمان ھۆی تیرۆر بێت، ئەی مەگەر ھیتلەر موسڵمان بوو، کە شەش ملیۆن پۆلۆنی و 63 ملیۆن کریستیانی کوشت!؟

ئەوەی سەرنجی راکێشام ھەندێک لەو کوردانە ئۆباڵی ھۆیەکان دەخەنە ئەستۆی قەوارەی ھەرێم. وەڵام بۆ ئەم بەڕێزانە، کە بەر لێشاوی بێڕیزی بێلاڕووس و پوڵۆنیا کەوتون: کێ ئێوەی ناچارکرد کە کۆچ بکەن!؟ مەگەر ھەر بەخۆتان ڤیزا و بلێت و پارەی قاچاخچیتان نەدا!؟ کە بە ھەزارەھا دۆلار بوو!؟

کەس لە حکومەتەوە پاڵی بە ئێوە نا!؟ کەس رێگری لێكردن!؟ مەگە بە رێگای یاساییەوە نەڕۆیشتن!؟ بۆ کوێ! ئایا بۆ فیرده‌وسی ئەوروپا کە تەنانەت حەمباڵی و قاپ شوشتنیش بووه‌تە ھیوا. بۆ ئەو ھەموو سوکایەتییەی برسییەکانی سنووری پۆڵۆنیا و لیتوانیا، یان بۆ سوکایەتی سۆسیالی ئەڵمانیا، ھۆڵه‌ندا، دانیمارک و سوید.

ئەگەر برسیەتی ھۆیەکانی بێت، ئەوا خەڵکی برسی ناتوانێ فیزە و بلێت و پارەی قاچاخچی بدات. ئەگەر مافی ئازادی بێت، ھیچ وڵاتێکی دەوروو پشت وەک تورکیا، ئێران، سووریا، ئوردن، میسر و بەغداش به قەد ئێمە ئازادی نییە!

لەناو کوردستان بە دەیان رۆژنامە و تەلەڤزیۆن جنێو بە پەرلەمان و حکومەتی کوردستان دەدەن. ئایا ئەوە لە وڵاتە دراوسێیەکان رێگەپێدراوە!؟ ھەڵبەت نەخێر. جێگای داخە لەسەر سنوورەکان ھەندێک کورد سوکایەتی بە ھەرێمەکەیان بکەن !

ئەگەر ھەژاری بێت، خۆ ئێمە لە سووریا، ئێرانی، تورکیا، ئەفغانی و ئەفریقی ھەژارتر نین، ئەگەر دکتاتۆریش بێت، خۆ حکومەتی ئێمە لە ئه‌ردۆغان و ئێران و ئەسەد و تاڵیبان دکتاتۆرتر نین، بێکاریش ھیچ کاتێک ھۆی پەنابەری نییە. بەڕاستی ھەندێک لە لێدوانەکانی کورد و سوکایەتی بە قەوارەی ھەرێم بێ مانایە و جێگای داخە. من بەخیلی بە تورک و فارس دەبەم بۆ ئینتیمایی نەتەوه‌ییان، ئێمەی کورد پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن ھەیە لەسەر ئەو بابەتە، بۆیە ئێمەی کورد بەدرێژایی مێژوو خاوەن کیان نین.