باش ھاتی و پاک رۆیشتی
بۆ یادی (فه‌رسه‌ت سۆفی).. هه‌نسك و بیره‌وه‌ی
-1-
زاهیدێك له‌سه‌ر ته‌ریقه‌تی پاكی
هاوڕێ.. با چیرۆكی (مه‌لا حه‌مەد)ی مو‌ریدی تەکیەی بارزانت بیربخه‌ینه‌وه، كه هه‌میشه دایكمان بۆی ده‌گێڕاینه‌وه و ده‌یگووت: (مه‌لا حه‌مه‌د) هێندێك جار كه نه‌فس تینی بۆ ده‌هێنا، كولێره‌یه‌كی (ئه‌ستوركه‌نان)ی به‌رزده‌كرده‌وه و به‌خۆی ده‌گوت:
- ئه‌ی نه‌فس، حەزت لێیە؟
- زۆر!!
- به‌ڵام كوێر بیت، نایخۆیت!
(مه‌لا حه‌مه‌د) زاهید بوو، په‌روه‌ر‌ده‌ی ته‌ریقه‌تی موریدانی بارزان بوو، بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر حه‌ز و ئاره‌زووه ئانی و دونیاییه‌كان ده‌جه‌نگا.. ئاخر موریدانی تەکیەی بارزان بنەمایەکی رووحیان ھەبوو، پێیان وابوو سەرچاوەی ھەموو کێشەکان نەفسە، ئەگەر نەفست ئەسیری دەستی خۆت کرد ئیتر بەسەر ھەموو شتێک زاڵ دەبیت، پێیانوابوو؛ ئه‌وه نه‌فسه كاره‌ساتی گه‌وره ده‌خوڵقێنێت! بۆیه ده‌یانگوت "ئەسیری نەفسی خۆت مه‌به، با نەفسی تۆ ئەسیری تۆ بێت". ئەوان راستیان گوت؛ مرۆڤ کائینێکی زۆر گەورەیە، نابێ ببێتە کۆیلەی ھەوەس و ماڵی دونیا.. ئه‌مه به‌ته‌نها چیرۆكێك نییه بۆ گێڕانه‌وه، ئەمە بنەمای ھزری بارزانه، کە توانی له جوگرافیایه‌كی وا بچووک، ئەو بزووتنەوە گەورە و کاریگەرە دروست بکات.. بێگومان لەپاڵ رابەرانی تەکیە و ئه‌و عه‌قیده‌یه‌ی هه‌مانه، ئەو موریدانە ھۆکاری سەرکەوتنی بزاڤی بارزانن، به شێوه‌یه‌ك ئەو ھزرە ھێشتاش بە سەدان ھۆگر و عەڤدالی ھەیه.
هاوڕێ.. به‌ڕاستی تۆ سیفه‌تی موریدانی بارزانت تێدابوو، بەردەوام كولێره‌ی چه‌وریان ده‌خسته به‌رده‌مت و تۆش به هێمنی ده‌تگوت "ئه‌ی نه‌فس، كوێر بیت نایخۆیت".. ئه‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌یه كه بۆدواجار به‌ده‌ستت هێنا.
هه‌ڤاڵی هێژا.. هه‌ر چۆنێك بێت باوه‌ڕمان كرد كه تۆ مردیت، بۆیه بۆ تۆ ناگرین، به‌ڵكو به‌ر له هه‌ركه‌س بۆخۆمان ده‌گرین، بۆ خانەوادەکەت دەگرین كه ئیتر مه‌حرووم بوون له سایه گه‌وره‌كه‌ت، ئه‌و سایه گه‌وره‌یه‌ی، نه‌وه‌ك به ته‌نها له ئێستا، به‌ڵكو بۆ هه‌میشه پێویستییان پێی بوو.. بۆ تۆ ناگرین، تۆ به پاكی مردیت، تۆ پێت خۆش بوو كه مردیت، ناوت لەسەر زاری ھەژاران و وێنەت لەسەر دڵی کوردستانیان بێت.. به‌ڕاستی واش مردی.. بۆ کەسانێکی نیشتمانپەروەر، چ نیعمەتێکی خواییە باش بێین و پاکیش بڕۆن.
-2-
غاندییه‌كه‌ی گه‌نج و قوتابیان
هه‌ڤاڵی دێرین.. بیرت دێت كه ناومان نابووی غاندی؟ بیرت دێت نموونه‌ی باڵات بۆ نەرمڕه‌ویی و ھزری ناتوندوتیژی، هه‌ر غاندی بوو؟ بۆیه‌ش هێشتا کتێبەکەی ژیانی غاندی (کەیەکێك بوو له دیارییه به نرخه‌كانت) لە نێو ره‌فه‌ی کتێبخانەکەمان ماوە و جاربه‌جار نیگایه‌كی ده‌مانخاته‌وه نێو بیره‌وه‌ری.. ئه‌لبومی وێنه‌كان هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه، پێمان سه‌یره ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی كاركردنمان به‌یه‌كه‌وه له یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان (به‌تایبه‌ت ئه‌و چوار ساڵه‌ی كه ئه‌ندام به‌شی راگه‌یاندن و ئه‌و چوار ساڵه‌ش ئه‌ندامی سكرتاریه‌ت بوویت)، كه‌چی وێنه‌ی گیراوی هاوبه‌شمان كه‌مه.. هه‌ر به‌خۆمان وه‌ڵامی ئه‌و سه‌رسوڕمانییه‌مان ده‌ده‌ینه‌وه و بیرمان دێته‌وه كه له‌و كاته‌ی وێنه‌گر وێنه‌كه‌ی ده‌چركاند، تۆ خه‌ریكی ئیش بوویت! بیرمان دێته‌وه له فێستیڤاڵی هه‌نار، ئه‌ها ئه‌و فێستیڤاڵه گه‌وره‌یه‌ی ناومان نابوو نه‌ورۆزی هه‌نار، هه‌مووان خه‌ریكی هه‌ڵپه‌ڕكێ و گۆرانی گوتن و وێنه‌گرتن بووین، كه‌چی تۆش خه‌ریكی كار.. چیرۆكی ره‌شماڵه ته‌ڕه‌كه‌ی پیره‌ژنمان دێته‌وه یاد، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی پڕ هه‌نسك دێته سه‌ر لێومان و بیرمان دێته‌وه كه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سۆزت دابوو ره‌شماڵه‌كه ببه‌یته‌وه بۆ پیره‌ژنه‌كه، هیلاك بوویت له كۆكردنه‌وه‌ی و به‌ده‌م هه‌ناسه ته‌نگییه‌وه ده‌تگوت: "رشماڵ بەوشکی ھەڵناگیرێ، جاوەرە تۆ بەتەڕی کۆیکەیته‌وه".. ئاخر سرووشتت وابوو هاوڕێ گیان، هه‌میشه بۆ ته‌واوكردنی كاره‌كانت، فشاری زۆرت بۆ خۆت دێنا.. کە کارێکت پێدەسپێردرا، تا تەواوت نه‌كردبایه، وازت لێنه‌ده‌هێنا.
-3-
ئه‌زموونی راگه‌یاندن.. بوێری و رێچكه شكێنی
هه‌ڤاڵی ماندوو.. ساڵێك به‌سه‌ر مردنت تێده‌په‌ڕێ و ئه‌و فه‌وزایه‌ی راگه‌یاندن تۆمان بیرده‌خاته‌وه، بیرمان دێته‌وه تا ژمارەیەکی نوێی بڵاوكراوه‌ی (روانین) دەردەچوو، چه‌ند فشارمان ده‌هاته سه‌ر.. فشار له ناوخۆی لێژنەی راپەڕاندنه‌وه بگره بۆ دەرەوە، بەتایبەت فشاره‌كانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین، ناوبەناو خەبەرێکیان بۆ دەناردین و ده‌یانگوت: "یان ده‌بێت ئه‌و رۆژنامەیە کۆبکرێتەوە یانیش دەبێ به‌یه‌كجاری دابخرێ"! ئێستاش فه‌رمانی گرتنی خاون ئیمتیاز و سەرنووسەری روانین كه له بنكه‌ی پۆلیسەوه بۆمان هاتبوو، له ئه‌رشیڤ هه‌ڵمانگرتووه، سه‌یركه هاوڕێ چه‌ند هه‌ژارانه كاری رۆژنامه‌وانیت ده‌كرد، نە پاداشتێک بۆ نووسەران، نەھاوکارییەکی شایشته بۆ دەستەی نووسەران، كه‌چی بوێرانه به‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری‌دا ده‌گه‌ڕایت.. بیرمان دێت، جاران بابەتگه‌لێكی کەم دەھاتن بۆ گۆڤاری (خەباتی قوتابیان)، بۆیه ده‌بووایه خۆمان بابه‌ت وه‌رگێڕینه سه‌ر زمانی كوردی و كه‌لێنه‌كان پڕ بكه‌ینه‌وه، بیرت دێت، چه‌ندان شه‌و، دره‌نگانی شه‌و، زێره‌ڤانی وه‌ك تۆ جوانه‌مه‌رگمان خه‌به‌ر ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به نووسینێك، وه‌رگێڕانێك، وێنه‌یه‌ك، لاپه‌ڕه به‌تاڵ ماوه‌كه‌ی (گۆڤاره‌كه) پڕ بكه‌ینه‌وه؟!
ئه‌ی چی سه‌باره‌ت به (روانین)، ها ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی خۆت ناوت نا (روانین)، بیرته داهێنان و بوێری و هاندان، وایكرد رێچكه‌كان بشكێنیت و مامۆستایان بكه‌ونه ململانێ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی خۆیان بنێرن و له‌ته‌ك بابه‌تی قوتابیان بڵاویان بكه‌یته‌وه.. بیرمانه تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه ئه‌و گۆڤاره رێچكه‌شكێن بوو، هه‌ر یه‌ك له (ھێمن و بەیار و رێناس و ھەردوو محه‌مه‌د) راسپێریت وه‌ڵامی گه‌یشتنی ئه‌و بابه‌تانه بده‌یته‌وه كه قوتابیان بۆیان ده‌ناردین، بابه‌ته‌كان هێنده زۆر بوون، ناچار بوویت ئه‌وانه‌شی كه شایسته‌ی بڵاوكردنه‌وه نه‌بوون، بۆ هاندان گۆشه‌یه‌ك بكه‌یته‌وه به ناوی (بابه‌ته‌كان گه‌یشتن) بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناونیشان و ناوی نووسه‌ركانیان بده‌یت.
برا.. ژمارە تایبه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری (خه‌باتی قوتابیان) له بیره‌وه‌ری هه‌مووان ماوه.. ئه‌ها ئه‌و ژماره‌یه‌ی تایبه‌ت بوو به نه‌ورۆز! ئه‌و كاته هێشتا نه‌ببوویت به ئەندامی سکرتاریەت، خه‌ونت به‌وه ده‌دیت كه رێپۆرتاژێك ئاماده بكه‌یت له‌سه‌ر دابونه‌ریت و مه‌راسیمی نه‌ورۆزی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.. خه‌ونه‌كه‌ت كرده راستی.. ئه‌و كات زانیمان به‌ڕاستی خه‌ون به كوردستانی گه‌وره ده‌بینینت.
-4-
ساده‌یی له ژیان .. قوڵی له خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یی
هاوڕێ.. هه‌رچۆنێك بێت باوه‌ڕمان كرد كه تۆ مردیت، به‌ڵام بیره‌وه‌رییه‌كانت تاكه وێنه‌یه‌كن بۆ دڵنه‌وایی.. چه‌ند ساده‌و خاكی بوویت برا! بۆ خواردنیش هه‌ر وا بوویت، بیرمه (عەلی ھەرکیی - ته‌باخی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیان) هه‌ر كه نۆکاوی سازكردبا، جەژنی تۆبوو. تا ئەو ماوەیەش ھەرباسی نۆکاوەکەی (عەلی) دەکرد، ئه‌و نۆكاوه‌ی كه هه‌رگیز گۆشتی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی.. ئای هاوڕێ، چه‌ند ساده دره‌وشایته‌وه و چه‌ند بێڕه‌حمانه به رۆیشتنت ئێمه‌ت زامدار كرد.. نەخەمی خواردنت ھەبوو نەخەمی جلوبەرگ و سەفەر، نه‌خه‌می گیرفان. ھەرچی ھەمانبووایه و له‌كوێ هه‌ڵكه‌وتبایه نانمان لێدەخوارد و لێیی دەنووستین. بیرمانه لە رۆژە سه‌ره‌تاكانی ئازادکردنی کەرکووک (2003)، چووینه كه‌ركووك و بە حه‌ڤده کەسی سەرکردایەتی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و کادیرە پێشکەوتووەکانی، کرێی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ولێرمان پێنه‌بوو! بیرمان دێت چەند شانازیت بەوە كرد كه یه‌كه‌م كه‌س بووین ئاڵای كوردستان‌مان له كه‌ركووك هه‌ڵكرد.. ھەربەو ئاڵایەوە و بەده‌م گووتنه‌وه‌ی سروودی نیشتمانی (ئه‌ی ره‌قیب) بەشداریمان کرد لە شکاندن و رووخاندنی پەیکەری سەدامی دیکتاتۆر، بیرمان دێت دواتر ده‌تگێڕایه‌وه و ده‌تگووت "بەداخەوە، وه‌ك ھەمیشە خەڵكانێك بۆ تاڵان هاتبوونه كه‌ركووك.. به شانازیشه‌وه ئێمه كه خواردنمان نان و ته‌ماته بوو، بیرمان ھەر لەلای ئەوەبوو، كه چۆن بتوانین کارێکی جوان و نەتەوەیی بۆ ئەو شارە جوان و خێرلەخۆنەدیوە و گەنجەکانی بکەین".
كاكه.. مردنی تۆ چه‌ند برینێكی قووڵه، نه‌هاتنه‌دی خه‌ونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانت، قووڵتر.. بیرمانه نەورۆزی 2003، ھەولێر چۆڵ بوو.. كه‌چی بڕیارماندا نەک ھەر شار چۆڵ نەکەین، به‌ڵكو ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵا بکەینەوە. ئاخر چۆن دەبێت قەڵای شار له نه‌ورۆز ئاگری لەسەر نەکرێتەوە؟ نیشتمانپەروەرانە بڕیارماندا، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی كادیرانی سەرجەم لقەکانی یه‌كێتی قوتابیان، لەبەردەمی سکرتاریەته‌وه كۆ ببینه‌وه و بەلافیتە و دروشمه‌وه به گه‌ڕه‌كی سێتاقا‌ن بۆ به‌رده‌م سه‌رتاشخانه‌ی هادی و له‌وێشه‌وه بۆ بەردەم پەروه‌ردەی ھەولێر و چوارڕیانی شێخ مەحمووده‌وه بڕۆین، پاشانیش بۆ به‌رده‌م پارێزگا و له‌وێشه‌وه بۆ سەر قەڵا.. ئه‌و كات بڕیاردار هه‌ر یه‌ك له (هه‌ژاری جوانه مه‌رگ) و (یاسین ساڵح) راسپێردرێن ئاگره‌كه ئاماده بكه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی نابێت تایه‌ی ئۆتۆمبێل بسووتێنرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پاره كه‌م بوو، ته‌نها دوو ده‌به‌ی بیست لیتری نه‌وت و چه‌ند دارێكمان بۆ سووتاندن كڕین.. له‌به‌رده‌م سه‌رتاشخانه‌ی هادی، بارانی به‌لێزمه‌ی به‌هار ده‌ستیپێكرد، ئێمه ژماره‌مان نه‌ده‌گه‌یشته 150 كه‌س، له رێڕه‌وه‌ی رۆیشتنمان له سكرتاریه‌ته‌وه بۆ سه‌ر قه‌ڵا، وه‌ك گوڵ ده‌دره‌وشاینه‌وه، خودایه چه‌ند رۆژانێكی پڕ شانازی بوون، (غالب) به ده‌نگه گڕه‌كه‌ی چه‌ندین جار سروودی نه‌ورۆزی دووباره ده‌كرده‌وه، هه‌ر كه ویستبای سروودێكی تری نیشتمانی بچڕی، له‌سه‌ر هه‌مان ئاوازی سروودی نه‌ورۆز ده‌یچڕی.. ئێمه‌ش هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه به جۆشه‌وه هاوارمان ده‌كرد و سروودمان ده‌گووته‌وه، ئێستاش بیر ده‌كه‌ینه‌وه كه چۆن قورگمان توانای ئه‌و هه‌موو هاواركردنه‌ی هه‌بوو؟ دیمه‌نی رێپێوانه‌كه و گوتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو سرووده، بزه‌ی خستبووه سه‌ر لێوی هاووڵاتییانی هه‌ولێری كوردایه‌تی.. ئای له‌و ساته خۆشانه، كاتێك لەسەر قەڵای ھەولێر هه‌واڵی هاتنی جه‌نابی سه‌رۆك بۆ سه‌ر قه‌ڵا گه‌یشت، ماندوو بوون و برسیه‌تیمان بیر چوویه‌وه و به‌یه‌كه‌وه هه‌ستمان كرد تازە.. هه‌ر ئێستا لەدایکبووین. ئای براده‌ر له‌و رۆژه خۆشانه!!
-5-
بوون به خاوه‌نی خانووێكی 125 مه‌تری
دکتۆرە بێنازەکەمان باسی چیبکەین، چی بگێڕینه‌وه؟؟ چما ئەوگێڕانەوانە کۆتاییاندێت؟
بیرمانه به بڕیاری (کاک نێچیرڤان بارزانی- سەرۆکی حکومەت)، ئه‌وكات تا كارگێڕی لقی یه‌كێتی قوتابیان، هه‌ر یه‌كه‌مان پارچە زەویه‌کمان پێدرا، كه‌چی له كاتی به‌ناوكردن و به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاره‌ی به‌ناوكردنمان نه‌بوو، گیرمان خوارد. بۆ ئێمه ئه‌و كات سینگڵ بووین، زۆر خه‌می خانوومان نه‌بوو، به‌ڵام تۆ ئه‌و كات كرێچی بوویت و خاوه‌نی خانوو ئاگاداری كردبوویته‌وه ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته كرێی خانووه‌كه‌ت له‌وه زیاتر دوابخه‌ی، ماڵه شڕه‌كه‌ت فڕێ ده‌داته سه‌ر شه‌قام.. تۆ زه‌وییه‌كه‌ت به 1700 ھەزار و حەفت سەد دۆلار فرۆشت، دوای لێدەرکردنی کری خانوو، پارچه زه‌وییه‌كی 125 مه‌تریت به 1000 هه‌زار دۆلار كڕی و ئه‌و كات هێنده دڵخۆش بوویت، وات دەزانی ھەموو دونیا ھی تۆیە. كاتێكیش ده‌هاتینه لات له ماڵ، ئه‌گه‌ر دایه (دایكه میهره‌بانه‌كه‌ت) له‌وێ بووایه، هه‌مووان کەیفمان ساز بوو، چونکە دەمانزانی ھەندێ شتی لەگوندەوە ھێناوە و بەو زارە شیرینەی ھەزار جار خۆی بەقوربان دەکردین.
ئای دكتۆر، رۆیشتنت چ برینێكی خسته دڵمانه‌وه، ئاخر مووی سەرت گۆڕا، كه‌چی تۆ هه‌ر نەگۆڕایت.. ئەقڵت گەورەبوو، كه‌چی خۆت هه‌ر گەورە نەکرد، پلەت بەرزبووەوه، كه‌چی هه‌رگیز خۆت فەرز نەکرد. تۆ تا مردیشی ھەر فرسەتەکەی بەشە ناوخۆییە ساردوسڕەکانی زستان و گەرمووگوڕەکانی ھاوینی سکرتاریەت بوویت.
-6-
سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان.. شكاندنی بیردۆزی (شایستەکان نابێت لە کۆتایی بن)
وێنه‌ی ئه‌و رۆژگارانه‌ی كه بوویت به ئەندامی مەکتەبی ناوەندی جەماوەرییەکان و ھاوتەریب بەرزبوونەوەی پلە زانستیەکانی زانکۆت، له‌بەر چاومان تێده‌په‌ڕێت. ئینجا سەردەمی ھەڵمەتی پەرلەمان کە ناوت لە زنجیرەی (100)ی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كه‌چی یه‌كێك بوویت له‌وانه‌ی كه زۆرترین ده‌نگی ده‌نگده‌رانت به‌ده‌ستهێنا! ئەمە بۆ خەڵکی بیانیش مایەی سەرسوڕمان بوو! بیرمان دێت پێتگوتین "تیمێکی ئەمه‌ریکیم بینی پێیانگوتم: ئێمە لە شوێنکی زانستی و ئه‌كادیمی، وەک میتۆدێک باسمان لە سەرکەوتنی تۆ کرد. به‌و شێوه‌یه‌ی كه رێزبەندی له زنجیره‌ی هه‌ڵبژاردن، كه تۆ دوا كاندید بووی، کاریگەری لە سەرکەوتنی تۆ نەکرد. به شێوه‌یه‌ك سەرکەوتنی تۆ ئەو بیردۆزەی ھەڵوەشاندەوە کە پێیوایه، شایستەکان نابێت لە کۆتایی بن".
فرسەتی برا، تۆ چەند بە ھێمنی و بێدەنگی ئه‌ركه قورسەکانت دەخستە سەر شانی خۆت، چه‌ند به دڵسۆزی كاری هاوڕێكانیشت ده‌كرد، بێئه‌وه‌ی بۆ جارێكیش به به‌رچاویان بده‌یته‌وه، یانیش خۆت پێی هه‌ڵكێشی.. ئاخر نە خۆت پشووێکت دا، نەھێشتت ماڵه‌وه‌ش پشوو بدەن، تا کاتی دەوام بوو ده‌وامت ده‌كرد، دواتر ماڵت ده‌كرده شوێنی دیدار و کۆبوونەوەکان و گوێت راده‌دێرا له خه‌می خه‌ڵك و رێت له نەفس نزمەكان ده‌گرت.. تۆ ماندووانه ژیایت و ماندووانه مردیت، ئه‌وه‌ی گوێت پێنەدا، پشووێك بوو بۆ مێشک و ده‌روون و ته‌نانه‌ت خێزانیشت. شەوێکی دره‌نگ زرمەی مەسجێک ھات كه وێنه‌ی کۆمەڵێك فایل بوو!! پرسیمان ئەوە چیە برا؟ فه‌رمووت ئەمانە دەبێ ئەم شەو تەواو بکەم، کاری خەڵکە «وێنەکە پارێزراوە».
له‌وه‌ش زیاتر؛ ئێواره‌یه‌ك كاتژمێر پێنج، به‌و شێوه‌یه نامه‌مان گۆڕیه‌وه:
- دکتۆر سڵاو سعاتێکی تر دەچین بۆ ھۆڵی وەرزش؟
- سڵاو و رێز، بمبوورن کۆبوونەوەیەکەم ھەیە.
- کێشە نییە دوای سعاتێکی تر؟
- ببوورن دەچمە مه‌لا ئۆمەر کێشەیەکی کۆمەڵایه‌تیی ھەیە؟
ئیتر ده‌یان نموونه‌ی تر، كه ره‌نگه هه‌ر هاوڕێیه‌كی تۆ، له نێو مۆبایله‌كه‌ی پاراستبێتی.
-7-
راكڕدن به دوای كار، هه‌ڵهاتن له پۆست و نازناو.. ئه‌گه‌ر كۆڕۆناش نه‌بووایه، ئه‌رك و ماندووبوون ده‌یكوشتی
هاوڕێی خاكی.. ئێمه شایه‌تین تۆ چەند لەبەر کورسی ھەڵدەھاتی.. بیرمانه ئه‌و كاته‌ی لە کۆنگرەی قوتابیان نزیك بووینه‌وه، لە ماڵی (یاسین ساڵح) بووین، به پیاسه و به پیاده چووینه نێو زەوییەکانی ئەو دەشتە، داوامان كرد كه خۆت هه‌ڵبژێریته‌وه بۆ بوون به سکرتێر، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمەڵێ ھزری نوێ و جوانی ئه‌و كاتمان بهێڵینه‌وه و په‌ره‌یان پێبده‌یت، وه‌ك سه‌نتەری ئاڵا، روانین، یانەی ئاڵا و... تاد. فه‌رمووت "مومكین نییه جارێکی تر خۆم ھەڵبژێرمەوە.. ئیتر قوتابیان بەسە!".
بۆ په‌رله‌مانیش هه‌ر واتكرد.. كاتێك ئه‌و خوله‌ی كه خۆت تیایدا په‌رله‌مانتار بوویت، ته‌واو بوو، گفتوگۆكانی پارتی لەسەر ئەوە بوون كه کۆمەڵێك کەسی بە ئەزموون و چالاک له په‌رله‌مان بمێننەوە و دووباره خۆیان هه‌ڵبژێرنه‌وه، جەنابی سەرۆک بارزانی پەیوەندی پێوه‌كردی فه‌رمووی:
- فرسەت بۆ خولی داهاتوو خۆت ھەڵبژێرەوە.
- قوربان جەنابت بفه‌رموویت ژەھریش بخۆره‌وه، ئه‌وا ده‌یخۆمه‌وه؟
ئه‌و كات سه‌رۆك بارزانی به‌و وه‌ڵامه‌ت زۆر پێكه‌نی و فه‌رمووی:
- مادام ئەوه‌ندە لێی بێزاری، قه‌ینا خۆت هه‌ڵمه‌بژێره‌وه.
بیرمانه، نەک ھەر ئەو کات، بەڵکو هه‌ر كاتێك ئه‌و قسه‌یه‌ت ده‌گێڕایه‌وه، ئۆخەیه‌کی قووڵت ھەڵدەکێشا. ئاخر تۆ هه‌رگیز ھەستت بە گەرمی و نەرمی کورسی نەکرد، چۆن پێت خۆشبێ لەسەری بمێنیەوە؟ ھەر بەڕاستیش کورسی بۆ تۆ و به‌و شێوه كاركردنه، رێك وەک ژەھری مارە.. ئه‌و ھەموو غارغارێنه بەکێ دەکرێ؟
دەفتەرەکانی لیژنەی چاکسازی رۆژ دوای رۆژ بارستەیان بەرز و بەرزتر دەبوونه‌وه.. هاوڕێ، ئێمه هه‌روه‌ك چۆن له دڵسۆزیت دڵنیابووین، له‌وه‌ش دڵنیابووین ئه‌گه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆناش تۆی نه‌كوشتبایه، ئه‌وا ئه‌و ھەموو كار و په‌یوه‌ندییه تەلەفۆنییە نەیاندەھێشت تەمەنت درێژ بێت. ئاخر هاوڕی چ دڵێك بوو ئه‌و دڵه گه‌وره‌یه‌ی تۆ؟ چ توانایه‌ك بوو ئه‌و توانایه‌ی تۆ؟ جا وەرە گوێ لەو ھەموو خەمە بگرە. کورد دوو نەریتی زۆر کۆن و قێزەونی ھەن (خۆخۆری و مفتخۆری)، تۆ شانت دابووە بەر لابارە قورسەکه‌ی ھەردووکیان. (چاکسازی بۆ مفت خۆری، گفتوگۆ بۆ خۆخۆریی).
هه‌ڤاڵی خۆشه‌ویست.. دڵنیاین پۆستی پارێزگاریشت بۆ ئەوە قەبووڵ کرد، چونکه ئەوندە شارەزای کێشە و کێماسییەکان ببووی (بەتایبەت كێشه و كێماسییه‌كانی هه‌ولێر)، ھەموو ئومێدێکت ئەوە بوو خزمەتی ئەو شارە و خەڵکەکەی بکەی. مێژوو ناشاردرێته‌وه هاوڕێ، بیرته کاتێك له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، ناویان بۆ ده‌نگدان خوێندیه‌وه بۆ بوون به پارێزگار، لایەنەکانی تری غه‌یره پارتیش به حه‌ماسه‌وه ده‌نگییان بۆدای؟ له‌مه‌ش زیاتر.. سرووشتی خۆتئاسا، بەوپەڕی گەرموگوڕی دەستت بەئیش کرد، ئای كه ماندوو بوویت!
بیرمانه هاوڕێ، ئه‌و ئێوارانه‌ی به شانازییه‌وه ده‌تگوت "كار ده‌كه‌م بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی".. زۆر جار بەحەماسەت و گەرموگوڕی باسی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵکارانت دەکرد . ئۆفیست جمه‌ی ده‌هات له خه‌ڵك.. ئای كه بۆ ئه‌وانه‌یش كه ته‌نها مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵ بوون چه‌ند ئازا و بوێر بوویت.
-8-
عاشقی سێكوچكه‌ی: وڵات و سەرۆک و راستی
هاوڕێ.. بیرمانه.. ساته‌وه‌ختی خیانه‌ته‌كه‌ی 16 ئۆكتۆبه‌رمان بیره، ئه‌و كات به رێكه‌وت دەزگای خێرخوازی بارزانی له وڵاتی پۆڵۆنیا بوو بۆ وه‌رگرتنی خەڵاتی (سێرجیو دیمیلیۆ)، كه لە لایەن سەرۆکایەتی پۆلۆنیا و وەزارەتی دەرەوەی بەرازیلیه‌وه بەخشرایه ده‌زگای خێرخوازی بارزانی. ئه‌و كات په‌یوه‌ندیت كرد و له پڕمه‌ی گریانت دا و گوتت "ئه‌مه چ كاره‌ساتێكه.. ئەوەی سەد ساڵ پێشمەرگە کردی، ھەمووی له خیانه‌تێكدا رۆیشت".. وتت "زۆر خەمی جەنابی سەرۆکمە، ئەو بەرگەی ئەم خیانەتە ناگرێ، قسەم لەگەڵ کاک ئیسماعیل کردووە، گوتی سەرۆک یەک دەقیقە نەنووستووە".. ئه‌و رۆژ زۆر قسه‌مان كرد و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی پچڕا.. ئیدی ده‌ستمان كرده‌وه به نامه گۆڕینه‌وه‌ی مۆبایل «پەیامەکان ماون» .
ئای له‌و رۆژه كوشنده‌یه.. هاوڕێ.. به‌ڕاستی خه‌می وڵات، خەمی گەورەی تۆ بوو، ئێمه ده‌زانین، ھەر ھەنگاوێک بۆ پێشکەوتنی وڵات نرابا، واتده‌زانی بۆ خزمه‌تی خێزان و خانه‌واده‌كه‌ته.. تۆ سێ شتت زۆر خۆشده‌ویستن: وڵات و سەرۆک و راستی.
-9-
دوا ساته‌كان.. تۆ رۆیشتی ئێمەش به‌دواته‌وه دێین.. لێ ئاواتمانه وەک تۆ بێین
ئای هاوڕێ.. ئه‌و ساته‌ی دواجار یه‌كتریمان بینی، چه‌ند به كوشنده‌یی چووه‌ته بیره‌وه‌ریمانه‌وه.. لە نەخۆشخانە بۆ دواجار یه‌كتیریمان بینی.. ویستت ھەڵبستیتەوە و نەمانھێشت.. وێڕای ئه‌وه‌ی ویستمان دڵنه‌واییت بده‌ینه‌وه، بمانبووره له‌و گله‌ییانه‌ش كه كردمان و پێمانگوتی: "دەبووایه بەقسەت کردباین و وەرزشت کردبا"، كه‌چی تۆ زۆر ھیلاک بووی گوتت "تەواو ھەر لێره ته‌واو بم و بێمه ده‌ره‌وه، به‌ڵێن بێت دەست بە وەرزش دەکەم.. بەڕاستی بەس بۆخۆم نەژیام، جەستەی خۆمم زۆر پشتگوێ خست".
به‌ڕاستییه‌كه‌شی هه‌ر وابوویت.. له‌و ماوه‌یه‌ی كه تۆمان ناسی، له ساڵی 1991ـه‌وه تا رۆژی ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كیت، بۆ یەک ساتیش نەمانبیست خەمی خۆت و خێزانت ھەبێت، به شێوه‌یه‌ك میللەت و وڵات ژیانی تۆ بوون.. ئاخر قه‌ده‌ر وایه، مێژوو شایه‌ته، زۆرن ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی دڵسۆزانه به‌په‌له كار ده‌كه‌ن، هه‌ر ده‌ڵێی خودا بۆ ئه‌وه دروستی كردوون له ماوەیەکی کەم ئەرکەکانیان ته‌واو بكه‌ن. ئه‌وان پەلەیانە لە کارکردن و لە خزمەتکردن زوو پێشدەکەون و بۆ دەورووبەر و مرۆڤایه‌تیش زۆر جێی ئومێدن، به‌ڵام کەم دەژین.. هاوڕێ تۆ یه‌كێكیت له‌وانه.. به‌رده‌وام تێنووی كاركردن بوویت، وه‌ك بڵێی ده‌تزانی كات به‌شت ناكات و زوو ده‌مریت! هه‌ر به‌ڕاستیش كاتێك کە باس لە سه‌رگوزشته‌ی ژیانت دەکەین، هه‌ست ناكه‌ین باسی كه‌سێك ده‌كه‌ین 42 ساڵ ژیا بێت.. دڵنیاشین لە ھەگبەی بیرەوەرییەکانی تۆ دا، رووداو و کاری زۆر گەورە هه‌ن، رەنگبێ رۆژانێک کەسایەتی گەورە بیانخەنەڕوو.
یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نوور ھەڤاڵی ھەمیشەیی..
تۆ رۆیشتی ئێمەش به‌دواته‌وه دێین.. لێ ئاواتمانه وەک تۆ بێین.