ڕۆشنبیریی هه‌ست و کۆمه‌ڵایه‌تیی

Kurd24

بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که تۆ به‌ره‌وڕووی که‌سێک ده‌ڕۆیت، که‌سه‌که به ڕوویه‌کی خۆشه‌وه‌ بزه‌یه‌کت بۆ ده‌کات، پاشان سڵاوت لێده‌کات، تۆ ڕووت خۆش ده‌بێت و به ڕوویه‌کی خۆشه‌وه وه‌ڵامی سڵاوه‌که‌ی ده‌ده‌یته‌وه. پاش ئه‌وه هه‌ست به ئارامیی و دڵخۆشییه‌ک ده‌که‌یت و هیچ پێناسێکت بۆ ئه‌م ڕووداوه نییه. ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ڕۆشنبیریی هه‌سته. ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵایه‌تییه، که ئه‌و که‌سه‌ له‌گه‌ڵتدا پراکتیزه‌ی ده‌کات.

له جه‌نگی یه‌که‌می که‌نداودا ساڵی 1991، له یه‌کێک له شارۆچکه‌کانی باشووری ئێراقدا کۆمه‌ڵێک سه‌ربازی ئه‌مێریکیی ده‌چنه مزگه‌وتێکه‌وه هه‌تا به ئیمامی مزگه‌وته‌که بڵێن، که له ڕێگای بڵندگۆکه‌یه‌وه ئاوایی ئاگاداربکاته‌وه له‌وه‌ی، که بێن لێره هاوکاریی مرۆیی وه‌ربگرن. به‌رپرسی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه ناوی "کریستۆفه هوگس" بوو Christopher Hughes. کاتێک خه‌ڵکیی ده‌بینن، که مه‌فره‌زه‌یه‌ک سه‌ربازی ئه‌مێریکیی ده‌چنه مزگه‌وته‌که‌وه، ده‌ترسن له‌وه‌ی، که هاتبێتن ئیمامی مزگه‌وته‌که‌یان بکووژن. خێرا هاووڵاتییه‌کی زۆر به کووته‌ک و خاکه‌نازه‌وه هه‌ڵده‌کووتنه سه‌ر مزگه‌وته‌که. سه‌ربازه‌کان تووشی شۆک ده‌بن، که‌سیش له‌ که‌س ناگات، ئه‌وان به عه‌ره‌بیی و ئه‌مانیش به ئینگلیزیی. له‌پڕ کریستۆفه هوگس به سه‌ربازه‌کان ده‌ڵێ، له‌سه‌ر یه‌ک ئه‌ژنۆ دابنیشن و لووله‌ی تفه‌نگه‌کانتان بکه‌نه زه‌ویی و خه‌نده بکه‌ن بۆ خه‌ڵکه‌که. هه‌موو سه‌ربازه‌کان به‌قسه‌ی کریستۆفه ده‌که‌ن، له‌ناکاو خه‌ڵکه‌که ده‌ستده‌که‌ن به قاقای پێکه‌نین و هه‌موو هه‌ستێکی ناخۆش و ترس کۆتایی پێدێت، به‌مه ده‌گووترێت ڕۆشنبیریی هه‌ست و کۆمه‌ڵایه‌تیی.

لێکه‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژیی له خۆپیشاندانه‌کانی کوردستاندا هه‌میشه چاوه‌ڕوانکراوه. له‌م لێکه‌وتنه‌وه‌یه‌ی توندوتیژییدا پۆلیس تاکه تاوانبار نییه، به‌ڵکوو خودی خۆپیشانده‌ریش. له به‌شێکی گه‌وره‌ی خۆپیشانده‌راندا به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که کێ خۆپیشاندان ده‌کات، سه‌رسه‌ریی و چه‌قۆوه‌شێن، مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، خوێندکاری زانکۆ، نۆیرۆتیکبوونێکی ئاشکرا به‌دی ده‌کرێت. له‌م به‌شه‌ گه‌وره‌یه‌دا، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێیت، سه‌نته‌ری مۆڕاڵی تاک بوونی نه‌بێت. (تێبینیی: زاناکانی مێشک ده‌یسه‌لمێنن، مێشک خاوه‌نی سه‌نته‌رێکه بۆ مۆڕاڵ. له فرۆنتاڵ لاپندا به‌شێک دۆزراوه‌ته‌وه، که به‌رپرسه له تێپه‌ڕبوونی هه‌ست به فرۆنتاڵ لاپندا. تێبینیی ناو ئه‌م تێبینییه ئه‌وه‌یه، که هه‌رچ هه‌ستێک به‌م سه‌نته‌ره‌دا تێبپه‌ڕێت ده‌بێته کردار. واتا هه‌ستێکی تووڕه‌ی زیانبه‌خش هه‌تا سنوری کووشتن، کاتێک به‌م سه‌نته‌ره‌دا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وا له فرۆنتاڵ لاپندا فیزیکییه‌ن پراکتیزه‌ ده‌کرێت.).

ئه‌م سه‌نته‌ره له ده‌ره‌وه‌ی سکی دایکدا هه‌تا ته‌مه‌نی سێ ساڵیی ته‌واو نه‌بووه و هه‌موو شتێک، هه‌موو هه‌ستێک پێیدا تێده‌په‌ڕێت به‌بێ ڕاگرتن. له‌ دوای ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه ئه‌م سه‌نته‌ره ته‌واو ده‌بێت و ئیدی لێره‌وه هه‌سته‌کان پێویسته ڕێگایان پێبدرێت بچن بۆ فرۆنتاڵ لاپن یان نه‌چن. وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه، که بته‌وێت له سنورێک بپه‌ڕیته‌وه و پۆلیس داوای پاسپۆرت و ڤیزه‌ت لێبکات. ئه‌گه‌ر پێت بوو ئه‌وا فه‌رموو تێپه‌ڕه و ئه‌گه‌ریش نا ئه‌وا بگه‌ڕێره‌وه بۆ شوێنی خۆت. کێشه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که منداڵ هه‌تا ته‌مه‌نی سێ ساڵیی، کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی دیوه، گوێی له کۆمه‌ڵێک قسه بووه و به ئاسانیی به‌م سه‌نته‌ره‌دا تێپه‌ڕیوه، چونکه پێشتر ئه‌م سه‌نته‌ره بوونی نه‌بووه. له ته‌مه‌نی گه‌ییووییدا، ئه‌م سه‌نته‌ره که ئێستا ته‌واو بووه ڕێگا به‌و دیارده و هه‌ستانه ده‌دات، که پێشتر پێیدا تێپه‌ڕیوون، چونکه ده‌ناسرێنه‌وه. ئه‌مه‌ش وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه، که ئه‌م هه‌ستانه خاوه‌نی کارتی سه‌وز بن و هه‌موو کات بۆیان هه‌بێت بێن و بچن.

من پێموایه هیچ نۆرماڵ نییه، که خۆپیشانده‌ران ئاوها به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌که‌ن، سووکایه‌تییکردن به کورد، سووکایه‌تییکردن به نیشتیمان، سووکایه‌تییکردن به ئاڵای کوردستان. من ناڵێم نۆکه‌رایه‌تییکردنی دوژمنانه، نه‌خێر، من ده‌ڵێم نۆرماڵ نییه، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که له مێشکی ئه‌م خه‌ڵکه‌دا ناته‌واوییه‌ک هه‌یه. ئه‌م دیاردانه نه‌خۆشیین، چونکه ته‌نها و ته‌نها مرۆڤی نه‌خۆش به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌کات. ته‌نها و ته‌نها مرۆڤی نه‌خۆش پراکتیزه‌ی تووندوتیژیی له خۆپیشانداندا ده‌کات. حکومه‌تی هه‌رێم، نه به‌عسه، نه نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا. هاووڵاتییانی کورد ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ن، که بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بێت، پێویسته ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، پێویسته حکومه‌ت هه‌بێت، حکومه‌تیش بریتییه له تووندوتیژییه‌کی ڕێگاپێدراو، چونکه ته‌نها و ته‌نها له ڕێگای تووندوتیژییه‌کی ڕێگاپێدراوه‌وه ده‌توانرێت ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تیی بپارێزرێت. حکومه‌تی هه‌رێم، پێویسته له‌پێناوی پاراستنی ڕێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تییدا پراکتیزه‌ی ویستی هێز بکات، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی پاراستنی کۆی گشتیی کورد خۆیدا.

بۆچیی به‌شێکی گه‌وره‌ی کورد، خه‌ڵکانی تووڕه‌ن؟

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، پێویستمان به چه‌نده‌ها توێژینه‌وه‌ی ده‌روونیی، نۆیرۆده‌روونیی و سۆسیۆده‌روونناسیی هه‌یه. به‌ڵام ئاخۆ کێ ئاماده‌ی پراکتیزه‌کردنی ئه‌م کاره‌یه؟ من لێره‌دا وه‌ک خۆم تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر هه‌ندێک فاکتۆر، له‌وانه:

1.  نه‌خۆشیی ده‌روونیی له پۆلێنه‌کانی ICD-10 دا، له‌وانه

A. گرووپی دوو، شیزۆفرێنیی و جۆره‌کانی

B. گرووپی سێ، شێواندنی ئێفێکت، دێپرێسیۆن و جۆره‌کانی، بیپۆلار و جۆره‌کانی

C. گرووپی چوار، نۆیرۆز و فۆرمه سۆماتییه‌کانی، له‌وانه ترس و جۆره‌کانی

D. گرووپی پێنج، شێواندنی مامه‌ڵه به‌هۆی فاکتۆره سۆماتییه‌کانه‌وه

E. گرووپی شه‌ش، شێواندنی که‌سایه‌تیی، له‌وانه که‌سایه‌تیی پارانۆید و سایکۆپات و جۆره‌کانی.

F. گرووپی حه‌وت، شێواندنی ڕۆشنبیریی

G. گرووپی هه‌شت، شێواندنی گه‌شه‌ی ئه‌قڵ

H. گرووپی نۆ، شێواندنی مامه‌ڵه و هه‌ست به ده‌ستپێکردن له پێشینه‌ی منداڵیی و هه‌رزه‌ییدا.

مانای نییه، که له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، ته‌نها خه‌ڵکانی شیزۆفرێن به ئاشکرا دیارن، ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌و شیزۆفرێنانه‌ن، که خاوه‌نی پارانۆید شیزۆفرێنن، که سه‌ختتریین جۆری شیزۆفرێنه و به‌بێ هاوکاریی پسیشیاتریی ئه‌م خه‌ڵکانه له‌سه‌ر جاده ده‌که‌ون، چ مه‌ترسیی ده‌بن بۆسه‌ر خۆیان و چ بۆسه‌ر هاووڵاتییانیش. ده‌رنه‌که‌وتنی نه‌خۆشییه‌کانی تر له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وه‌ک ئه‌وه وه‌هایه، که بڵێین ئێمه باشتریین و خاوێنتریین خه‌ڵکین له‌سه‌ر ڕووی جیهان، که هیچ کامێک له‌و نه‌خۆشییانه‌ی ترمان تێدا نییه. مه‌ترسیی گه‌وره لێره‌دایه، چونکه ئه‌م خه‌ڵکانه ده‌توانن زیانی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌یی بنێنه‌وه و ئێمه‌ش نه‌زانین، که چی ڕووده‌دات. هه‌مانکات خه‌ڵکانێکی تر ئه‌م ڕووداوانه به ده‌رفه‌ت بزانن بۆ قواستنه‌وه و به‌کارهێنانی له قازانجی خۆیاندا.

2. له ڕێگای فێربوونه‌وه، له‌وانه که تاک به چاوی خۆی ده‌یبینێت، ئینته‌رنێت، یارییه ئێلێکترۆنییه تووندوتیژه‌کان، میدیا، له‌وانه تێلێڤیزیۆن و فیلم.

3. به‌ستنه‌وه له بێشکه‌دا. بۆچیی گوومانم له‌مه هه‌یه؟ وه‌ڵام. چونکه سروشت ئێمه‌ی وه‌ها دروستکردووه، که هه‌موو ڕاگرتنێکی زۆره‌ملێیانه‌مان پاڵنه‌ره بۆ تووڕه‌کردنمان. ساوایه‌ک چه‌ندیین کاتژمێر ده‌به‌ستیته‌وه، که بۆی نه‌بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خۆی بجوڵێنێت، چ سزایه‌ک له‌م سزایه سه‌ختتره بۆ مرۆڤ؟ ساوا ئازارێکی ڕۆحیی وه‌ها گه‌وره ده‌چێژێت، که هه‌تا هه‌تایه ئاسان له ده‌ستی قوتار نابێت. له ئاینده‌دا مه‌رج نییه، که تاک فیزیکییه‌ن ڕابگیرێت، به‌ڵکوو ده‌روونییه‌ن هه‌مانشێوه تووشی تووڕه‌بوونێکی گه‌وره‌ی ده‌کات، تووڕه‌بوونێک، که ئاماده‌ی نه‌ک لێدانی به‌رانبه‌ر بێت، به‌ڵکوو ئاماده‌ی کووشتنیشی بێت. نوێتریین نموونه کوژراوه‌کانی هه‌ولێرن له چه‌ند ڕۆژی ڕابوورددا.

 پێویسته له‌سه‌ر حکومه‌ت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕێگر بێت له سووکایه‌تییکردن به نیشتیمان و به ئاڵای کوردستان. به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگاپێدراو نییه و جێگای په‌سه‌ندکردن نییه، سووکایه‌تیی به نیشتیمان و به ئاڵای کوردستان بکرێت. ماوه‌ته‌وه له ده‌می هێمنی مه‌زنه‌وه بڵێم.

له شاییدا له وه‌ختی هه‌ڵپه‌ڕیندا

له خۆشییدا له کاتی پێکه‌نیندا

له کۆڕی ماته‌م و گریان و شیندا

ئه‌من ئه‌ی نیشتیمان تۆم هه‌ر له بیره.