له‌نێوانی بێویژدانیی و بێئه‌قڵیی دوعاکاراندا
له‌نێوانی بێویژدانیی و بێئه‌قڵیی دوعاکاراندا، چ شتێک بۆ دۆزینه‌وه هه‌یه؟ وه‌ڵام، هیچ. چونکه هه‌بوونی ویژدان هه‌میشه پابه‌نده به هه‌بوونی مۆڕاڵه‌وه، مۆڕاڵیش پرۆسه‌یه‌کی نۆیرۆلۆگیی و ئه‌قڵانییه. ئه‌و فیلمه دۆکومێنتارییه‌ی، که کوردستان24 له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌سه‌ر تاوانکردن به‌رانبه‌ر به ئاژه‌ڵان بڵاویکرده‌وه، تاوانێکه هیچ جیاوازیی نییه له‌گه‌ڵ تاوانی کۆمه‌ڵکووژیی مرۆڤدا، له‌گه‌ڵ تاوانی ده‌ستدرێژییکردنه سه‌ر مرۆڤدا. بێویژدانیی و بێئه‌قڵیی له پراکتیزه‌کردنی دوعادا، کولتوورێکی هه‌تا بڵێی قێزه‌ون و ناشیرینه. ئه‌م کولتووره کولتوورێکی ئایینییه، نه‌ک به ته‌نها له کوردستاندا، بگره له ئه‌وروپاشدا به‌شێک له ژنان و پیاوان به سه‌دان و هه‌زاران کیلۆمه‌تر لێده‌خوڕن هه‌تا بگه‌نه دوعاکارێک، هه‌تا دوعایه‌ک و نووشته‌یه‌کیان بۆ هه‌ر کارێک بۆ بکات، که ئه‌وان داوای ده‌که‌ن.
ده‌رچوونی یاسایه‌ک دژ به‌م دوعاکار و دوعاوه‌رگرانه، پێویستییه‌کی بنه‌ڕه‌تیی پاراستنی ئاسایشی ژیانی ئاژه‌ڵان و هاووڵاتییانه له کوردستاندا. ئاخر هیچ جیاوازیی له نێوانی دوعاکار و دوعا وه‌رگردا نییه، هه‌ردووکیان تاوانبارن له کووشتنی سه‌گێک، پشیله‌یه‌ک، په‌پووسڵێمانکه‌یه‌ک یان هه‌ر ئاژه‌ڵ و باڵنده‌یه‌کی تر، که ئه‌م دوعاکارانه پێیانوایه، که ئه‌ندامه‌کانی له‌شیان به‌کاردێت بۆ دوعایه‌ک. هه‌روه‌کوو چلۆن جیاوازیی نییه له‌نێوانی بکووژێک و یاریده‌رێکی بکووژدا، جیاوازیی نییه له نێوانی بکووژرێک و داواکارێکدا بۆ کووشتنی که‌سێک، ئاوهاش جیاوازیی نییه له تاوانکردن به‌رانبه‌ر به ئاژه‌ڵێک یان باڵنده‌یه‌ک له‌نێوانی دوعاکار و دوعاوه‌رگردا. هه‌ردووکیان وه‌ک یه‌ک تاوانبارن.
یاسایه‌ک ده‌بێت به تووندتریین شێوه به‌ره‌وڕووی ئه‌م خه‌ڵکانه بێته‌وه، ده‌نا ئه‌م کولتووره هه‌تا بێت زیاتر په‌ره ده‌سه‌نێت و کۆمه‌ڵگای کوردیی ده‌کاته کۆمه‌ڵگایه‌کی پریمیتیڤی تاوانکار. گه‌ڕان ته‌نها به‌دوای دوعاکاراندا به‌س نییه، به‌ڵکوو دوعاوه‌رگرانیش پێویسته ڕاپێچی لێپرسینه‌وه بکرێن. تاوانکردن له‌ژێر په‌رده‌ی شێخ و مه‌لادا تاوانێکی ئۆرگانیزه‌کراوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مانه له ڕێگای ئایینه‌وه چرای سه‌وزیان بۆ تاوانکردن بۆ هه‌ڵکرابێت. ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت جێگای په‌سه‌ند کردن بێت.
باوه‌ڕبوون به خودا، باوه‌ڕبوون نییه به ئیسلام، به کریست، به جوو، باوه‌ڕبوون به خودا باوه‌ڕبوونه به باشه، باوه‌ڕبوونه به ژیان، باوه‌ڕبوونه به خۆشه‌ویستیی. هه‌ربۆیه خودا داوایه‌ک وه‌رناگرێت، که به ته‌نها له خزمه‌تی تاکدا بێت، به‌ڵکوو خودا دوعایه‌ک وه‌رده‌گرێت، که له خزمه‌تی کۆی گشتیی‌دا بێت. دوعاکردن له‌پێناوی نانه‌وه‌ی خراپه‌دا بۆ که‌سێک، دوعایه‌ک نییه، که خودا کاری تێدا بکات، چونکه هه‌موو داوایه‌ک به باش و به خراپ داوایه‌که بۆ خودی خۆیشمان. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که تۆ نا‌توانیت خراپه‌ت بۆ خه‌ڵکیی بوێت و باشه‌ش بۆ خۆت. به‌پێچه‌وانه‌وه کاتێک داوای خراپه بۆ خه‌ڵکیی ده‌که‌یت، له هه‌مانکاتدا داوای خراپه بۆ خۆیشت ده‌که‌یت. هه‌ربۆیه ده‌ستبه‌رداری داوای خراپه به، بۆ خه‌ڵکیی، هه‌تا خراپه ڕوونه‌کاته خۆیشت. به‌رانبه‌ره‌که‌ت خۆشبوێت و داوای چاکه‌ی بۆ بکه، ئه‌گه‌ر پێتوایه، که تۆ هه‌تا سه‌رئێسقان ڕقیشت لێیبێت. چونکه ڕق، ڕق به‌رهه‌مدێنێت و خۆشه‌ویستییش خۆشه‌ویستیی ده‌خاته‌وه.
دوعا په‌یوه‌ندیی به باوه‌ڕه‌وه هه‌یه، باوه‌ڕیش په‌یوه‌ندیی به گه‌ردوونه‌وه هه‌یه. پێکهاته‌ی ئێلێکترۆنیی هه‌موو گه‌ردوون له‌سه‌ر یه‌ک شێوازه له مێشکی به‌کریایه‌که‌وه هه‌تاوه‌کوو فیلێک. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که هه‌موو له‌گه‌ڵ هه‌موو له په‌یوه‌ندییدان و هه‌موو ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ش په‌یوه‌ندییان به چه‌قی گه‌ردوونه‌وه هه‌یه، که ناوده‌نرێت ماتریکس. کات و شوێن هیچ ڕۆڵێکی له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا نییه، هه‌ربۆیه په‌یوه‌ندییکردن به خوداوه زۆر له‌وه ئاسانتره، که تۆ بیری لێده‌که‌یته‌وه. بۆ په‌یوه‌ندییکردن به خوداشه‌وه نه پێویستت به شێخه نه به مه‌لا و نه به دوعاکار، به‌ڵکوو پێویستت ته‌نها و ته‌نها به ئاگایی خۆت و به خۆشه‌ویستییه. هه‌موو گه‌ردوونت وه‌ک خودی خۆت خۆشبوێ. تۆ ویژدانت به‌رانبه‌ر به سه‌گ و پشیله و په‌پووسڵێمانکه‌یه‌ک نه‌بێت، چلۆن ویژدانت به‌رانبه‌ر به مرۆڤ ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر ویژدانیشت هه‌یه، ئه‌وا بڕۆ ده‌ستنیشانی ئه‌وانه بکه، که هۆکارن له کووشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌دا، له ده‌ست و قاچ بڕینیان. پێتخۆشه سبه‌ی که‌سێک بێت قاچی کچه‌که‌ت یان کوڕه‌که‌ت ببڕێته‌وه، چونکه که‌سێک پێیوایه، که ده‌توانێت قاچی کچه‌که‌ت یان کوڕه‌که‌ت بۆ دوعایه‌ک به‌کاری بهێنێت؟ ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا تێبکۆشه دژ به‌وانه‌ی، که ده‌ست و قاچی ئاژه‌ڵان ده‌بڕن.