مۆزه‌خانه‌ی به‌رخودان
له سه‌ره‌تای مانگی دیسێمبه‌ری ساڵی 2009دا له گفتووگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ پرۆفێسۆر میشایل بووش (Michael Bösch)، که مامۆستای فه‌لسه‌فه‌م بوو، ئاشنای چه‌مکی ڕێسێنتیمۆ بووم (بوغز و ڕق). ئه‌و کات سه‌رقاڵی نووسیینی ڕۆمانێک بووم به زمانی ئه‌ڵمانیی به ناوی نرخی ئازادیی. نزیکه‌ی بیست لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م ڕۆمانه‌م به ئیمایل نارد بۆ پرۆفێسۆر میشایل هه‌تا سه‌رنجی خۆیم له‌و باره‌یه‌وه بداتێ. له‌و گفتووگۆیه‌دا پرۆفێسۆر میشایل گووتی، له ڕۆمانه‌که‌تدا ئارگوومێنتت هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که بۆچی دایک و باوکانی کورد منداڵ زۆر ده‌خه‌نه‌وه، ئارگوومێنته‌که‌شت بریتییه له‌وه‌ی، که کورد زۆریان لێده‌کووژرێت، ئه‌گه‌ر دایک و باوکان منداڵ زۆر نه‌خه‌نه‌وه له ئاینده‌دا پاکتاو ده‌کرێین. بۆ پرۆفێسۆر میشایل قورس بوو، که له‌م ئارگوومێنته بگات و ده‌یگووت، چ خه‌مبارییه‌کی گه‌وره‌یه، که منداڵ بۆ کووشتن بخه‌یته‌وه. چ خه‌مبارییه‌کی گه‌وره‌یه، که له ترسی له‌ناوچوون نه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادیی بخه‌یته‌وه.
ئالێره‌دا من دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر هه‌مان سێ چه‌مکی گرنگ، که له کۆتاییه‌کانی ساڵی 2009 دا من زۆر سه‌رقاڵبووم پێوه‌ی.
1. ڕێسێنتیمۆ (بوغز و ڕق). کاکه حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموود ڕاست ده‌کات. بوغز و ڕقی عه‌ره‌ب به‌رانبه‌ر به کورد هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت. له‌وه‌ته‌ی عه‌ره‌ب هه‌یه کورد ده‌کووژێت. عه‌ره‌بی فتووحی ئیسلامی، عه‌ره‌بی سه‌ره‌تای دروستبوونی ئێراق، عه‌ره‌بی به‌عسیی، عه‌ره‌بی حه‌شدی شه‌عبیی، عه‌ره‌بیی ئه‌لقاعیده و عه‌ره‌بی داعش. له دوای ناپاکیی شانزده‌ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه، چه‌ندیین جار عه‌ره‌بی هاورده به هاوکاریی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای ئێراق هه‌وڵی داگیرکردنی گونده‌کانی کوردستانیان داوه، لێ هه‌ر کات سه‌رنه‌که‌وتووبووبن بۆ چه‌ند ڕۆژی ئاینده داعشیان ناردۆته سه‌ر گونده‌کان. ئه‌م ڕووداوانه پێمانده‌ڵێت، په‌یوه‌ندییه‌کی سیاسیی و دینامیی له نێوانی سووپای ئێراق داعشدا هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌کی دینامیی له‌نێوانی حه‌شد و داعشدا هه‌یه.
2. ترس. له‌وه‌ته‌ی کورد هه‌یه، ترس دێوێکی گه‌وره‌ی ژیانیه‌تی و له‌دژی ده‌جه‌نگێت. ترسی له‌ناوچوونێکی هه‌تاهه‌تایی. له فتووحی ئیسلامه‌وه هه‌تا ئێستای داعش.
3. چاره‌نووس. زۆر خستنه‌وه‌ی منداڵ چاره‌نووسی کورده له‌پێناوی مانه‌وه‌یدا. شێره‌ژنه‌که‌ی گوندی خدرجیجه نموونه‌یه‌کی زیندووی ئه‌م ڕاستییه‌یه. له ئێستادا خۆزگه ده‌خوازم، چاوم به پرۆفێسۆر میشایل بووش بکه‌وێته‌وه و پێیبڵێم، ته‌ماشاکه، دوای دوانزده ساڵ له گفتووگۆی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م باسه، هێشتا ڕۆژانه خاوه‌نی ئارگوومێنتین بۆ خستنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی زیاتر. گوێ له‌م شێره ژنه بگره، که سێ کوڕی شه‌هیده و ئێستاش سیانه‌که‌ی تریان ئاماده‌ی گیان به‌ختکردنن.
ئومێد ده‌خوازم، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هاوکارییه‌کی ماددی گه‌وره‌ی ئه‌م خانه‌واده ئازا و بوێره بکات. له شوێنێکی تری گونده‌که‌دا له‌سه‌ر خه‌رجی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خانوویه‌کی نوێیان بۆ دروست بکات و خانووه کۆنه‌که‌شیان بکرێته مۆزه‌خانه‌یه‌ک، وه‌ک مۆزه‌خانه‌ی به‌رخوودان. ئه‌وه‌ی ڕوویدا داستانێکی مێژووییه و ده‌بێت وه‌ک گلێنه‌ی چاوه‌کانمان بیپارێزین.
ئاخر مه‌گه‌ر له فیلمه‌کانی سایس فیکشندا منداڵێکی یانزده ساڵ ببینین، که دژی تیرۆریستانی داعش شانبه‌شانی براکانی ده‌جه‌نگێت و فیشه‌کیان بۆ ده‌هێنێت. پرۆفێسۆر میشایل بووش له کتێبێکیدا به ناوی ترس و چاره‌نووس، که له‌سه‌ر سورێن کیرکه‌گۆر نووسیوویه‌تی و له‌و گفتووگۆیه‌شماندا تیشکی خسته‌وه سه‌ر هه‌مان باس، که له کتێبه‌یدا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات ده‌ڵێ. گه‌وره شاعیری ئه‌ڵمان هولده‌رلین له هۆنراوه‌ی گۆرانییه چاره‌نووسسازییه‌کانی هیپه‌ریۆنسدا، قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات، که چاره‌نووس په‌یوه‌ندییه‌کی قوڵی به ئازارێکی گه‌وره‌وه هه‌یه، که مرۆڤ چاره‌نووسی ژیانی له ده‌ستی خۆیدا نه‌بێت، به‌ڵکوو به‌رده‌وام بهێنرێت و ببرێت. لێره‌دا من له‌بری پرۆفێسۆر میشایل ده‌ڵێم، چ خه‌مبارییه‌کی گه‌وره‌یه، که ئێمه‌ی کورد چاره‌نووسمان له ده‌ستی خۆماندا نه‌بێت و هه‌ر که‌سێک بێت به ئاره‌زووی خۆی بیهێنێت و بیبات.
من پێشمه‌رگه‌ی ئازام زۆر دیووه، پێشمه‌رگه‌ی نه‌به‌ردم زۆر دیووه، لێ هه‌رگیز پێشمه‌رگه‌ی ئازا و جه‌ربه‌زه و نه‌به‌ردی وه‌ک ئه‌م چوار برایه‌م نه‌دیووه. نازم و ئازاد و بارزان داستانێکی نوێی ئاڵتوونین بۆ کوردستان. من لێره‌وه گریانم دێت، ئینجا وه‌ره ڕووبه‌ڕوو به‌رانبه‌ر ئه‌م خانه‌واده‌یه بتوانیت ڕابوه‌ستیت. دڵێکی ئازای ده‌وێت، سێ برات له ته‌نیشتته‌وه شه‌هید بێت و تۆش هه‌تا دوا گوللە به‌رگریی له خاک و ماڵت بکه‌یت. چی ڕوویده‌دا، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌م خانه‌واده‌یه له ماڵه‌وه تفه‌نگیان نه‌بوایه؟ ئه‌مه خاڵێکی پۆزه‌تیڤی هه‌بوونی چه‌که له ماڵه‌وه، که له‌پێناوی پاراستنی خۆت و نیشتیمانه‌که‌تدا به‌کاری بهێنیت.
چ خه‌مبارییه‌کی گه‌وره‌یه، که ئه‌و هه‌موو نه‌وه جوانه‌مان له‌سه‌ر سنوری پۆڵۆنیا وه‌ک کۆچبه‌ر ڕه‌ق ده‌بنه‌وه، له ده‌ریادا له نێوانی فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیادا ده‌خنکێن. چی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و ده‌ستبه‌رداری تێکشکاندنی یه‌کبین، ده‌ستبه‌رداری دوژمنایه‌تییکردنی یه‌ک بین و نیشتمانمان وه‌ک ئه‌و چوار برا نه‌به‌رده خۆشبوێت و بۆ ئه‌و به‌وپه‌ڕی شانازیی و شکۆوه وه‌ک پێشمه‌رگه بمرین.
هه‌ندێکمان ده‌ڕۆین و نه‌زانانه به‌رد ده‌گرینه نیشتمان
هه‌ندێکیشمان ڕۆحیان له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستیانه بۆ به‌رگریی.. وه‌ک نازم و ئازاد و به‌رزان.