ناساندنی چەمکی تەرازمانی

Kurd24

نەخۆشیەکانی لەش و سەختییەکانی ژیان، ئەگەرچی بۆ دەستەیەک لە خەڵک دەرد و مەینەتی پێوەیە، بەڵام بۆ زاناکان و لێکۆڵەران دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ناسین و بەدواداچوونی زانستی، هەربۆیە ئەبینین لە تەنیشت نەخۆشخانەکان، زانکۆکانی پزیشکی کراونەتەوە و قوتابیان لەسەر لاشەی زیندوو و مردووی نەخۆشەکان فێری زانست ئەبن و زانیاری کۆ ئەکەنەوە. هەروەها شەڕ و ئاژاوە سیاسی و سەربازییەکان خەڵکانێک ئاوارە و دەربەدەر ئەکات و لە لایەکی تریشەوە سەرنجی دەستەیەک لە لیکۆڵەران ڕائەکێشێت، بۆ ئەوەی فۆکەسی بخەنە سەر و زانست و زانیاری لەو باروودۆخە وەربگرن. زاناکانی بواری زمان، زۆر گرنگی بەو حاڵەتە زمانەوانیانە ئەدەن کە هەبوون،یاخود هەن یا ڕوو ئەدەن. ئەم حاڵەتانە ئەتوانێت زانیاری و زانستیان پێبدات کە زمان چۆن کار ئەکات و چۆن ئەتوانرێت لایەنەکانی لێکبدرێتەوە و بناسرێت و پێوەیەوە ژیان بکرێت. کێشە و ئاژاوە سەربازییەکان کە لە ناوچە کوردییەکانی عێراق و سووریا و تورکیا و ئێران هەن، بووەتە گۆڕەپانێک بۆ زاناکان، کە بەوردی سەرنجی بخەنە سەر و وانەی جۆراوجۆری لێوەربگرن.

بابەتەکەمان سەرنجی خستۆتە سەر یەکێک لەو لێکۆڵینەوانە، کە دوو لە مامۆستاکانی زانکۆکانی بریتانیا بە ناوەکانی کاپستیک و ئەتییک، ئەنجامیان داوە. ناونیشانی بابەتەکە: 'شوێنەکانی تەرازمانی وەکوو شوێنی ئارام بۆ یارمەتی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا'. ئەم لێکۆڵینەوە مەیدانیە لە باشووری کوردستان ئەنجام دراوە و باس و خواسی چەن چەمک و بابەتی زمانەوانی راڤە ئەکات. چەمکی سەرەکی ئەم بابەتە 'ترانسلەنگویجینگ- translanguaging' کە ئەتوانرێت بە کوردی ببێتە تەرازمانی. ترانس لە ئینگلیزی وەکوو پێشگر بەکاردێت. بەڵام بە بۆچوونی نووسەری ئەم بابەتە تەرا لە زمانی کوردی پێشگر نیە بەڵکو وشەیەکە، وەکوو تەرا سەندن بەمانای دوورکەوتن یان جیابوونی گیانلەبەرێک لەشوێنێک. تەرازمانی ئەتوانێت بە جیاکردن یان دوورکەوتنی وشەکانی زمانێک بەکار بێت. بەڵام تەرازمانی وەکوو چەمکێکی زمانەوانی بەو مانایەیە کە تایبەتمەندییە زمانەوانیەکانی دوو زمان یان زیاتر لە لایەن کەسانی دوو یان چەن زمانە بە کار بێت بۆ ئەوەی کە مانایەک دروست بکات.

نموونەی خوارەوە شێوەیەکە کە مامۆستا بە کوردی و ئینگلیزی (تەرازمانی) قوتابی فێری ئینگلیزی ئەکات. (بە تۆزێک دەستکارییەوە ئەم نموونە لە لێکۆڵینەوەکەی کاپستیک و ئەتییک وەرگیراوە.)

Example 3 (Zakia and Lanya’s class 2): (Sorani and English)

1 Lanya: It is too small to be counted

2 Lanya: لەبەر ئەوەی شەکر زۆر وردە ناتوانین بیژمێرین

3 Lanya: تەنانەت لە کوردیشا ناتوانین بڵێن یەک شەکر، دوو شەکر، سێ شەکر، وا ئەڵێین؟

4 Lanya: نەخێر ناتوانین

5 Lanya: بەڵام ئەڵێن for example a kilo of sugar, yes, a kilo of sugar.

6 Lanya:  کەواتەsugar is uncountable noun

بیرۆکەی سەرەکی بابەتەکەی کاپستیک و ئەتییک ئەوەیە کە چۆن فێربوونی زمانێکی بیانی بە قسە کردن و بە بەکاربردنی دوو یان چەن زمان لە پرۆسەی فێربوون ئەتوانێت ببێتە پەناگەیەکی دەروونی وکۆمەڵایەتی بۆ کەسانی فێرخواز. پێشینەی ئەم بیرۆکە لەوەوە دێت کە فێربوونی زمانێک یان پەروەردە بوون بە زمانێک ئەتوانێت بۆ کەسانێک دەرد و ئازار بێت و بیرەوەری ناخۆشی بیر بهێنێتەوە و کاریگەری نەرێنی هەبێت لە باری سەلامەتی دەروونی و جەستەیی. وە هەروەها پێچەوانەکەشی، فێر بوونی زمانێک ئەتوانێت یارمەتی باری دەروونی مرۆڤی ئاسایی و هەروەها ئەو مرۆڤانە بدات کە ناخۆشی و دەردەسەر زۆریان بەسەردا هاتووە.

کاپستیک و ئەتییک ڕاڤەی لێکەوتەکانی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاژاوە سەربازییەکانی سووریا و عێراق دەکەن، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ناوخۆیی خەڵکی عێراق و هەروەها ئاوارە بوونی خەڵکی سووریا بۆ باشووری کوردستان. کەمپەکانی ئاوارەکان لە باشووری کوردستان خەڵکی زۆری لە خۆی گرتووە کە دەستەیەکیان عەرەبن و کوردی نازانن و دەستەیەکی تریشیان بە زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی سەروو قسەدەکەن و شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست) نازانن. ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە زمانی پەروەردە بۆ ئەو منداڵانەی کە لە کەمپەکان دەچنە قوتابخانە، تاڕادەیەک کێشە درووست بکات. بابەتەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ ئاماژە بەوە ئەکات، کە خوێندنی عەرەبی یان بە عەرەبی بەشکە بۆ ئەو منداڵانەی کرمانجی سەروو یاخود عەرەبی قسە ئەکەن لە ڕووی دەروونیەوە لە بەرژەوەندییان نەبێت. زۆربەی ئەو منداڵانە، ناخۆشی شەڕ و ئاوارەییان بینیوە، زمانی عەرەبی زمانی ئەو شەڕ و ئاوارەییە کە بۆی هەیە خوێندن بە عەرەبی و خوێندنی عەرەبی ئەو بیرەوەریانەیان بیر بخاتەوە.

لێکۆڵینەوەکەی کاپستیک و ئەتییک بە شێوەیەکی مەیدانی، چاوی خستۆتە سەر چوار لە ئن جی ئۆکانی پارێزگای هەولێر، کە چالاکیان هەیە لە فێرکردنی ئاوارەکان بە زمانی ئینگلیزی. ئەوان لەسەر ئەمە ورد ئەبنەوە کە چۆن بە بەکاربردنی زمانی کوردی (کرمانجی ناوەراست و کرمانجی سەروو) و عەرەبی و ئینگلیزی لە گەیاندنی مانا لە یەک کاتدا، جۆرە دۆخێکی تایبەت دروست ئەکات، کە سێ کارایی و ئەنجامی سەرەکی لێدەردەکەوێت کە لە سێ خاڵ باس ئەکرێت.

یەکەم: پرسی سەروەری زمانێک و زاراوەیەکی تایبەت بۆی هەیە لاواز ببێت.

دووەم: هەبوونی پرۆگرامێک کە چەن زمان لە چالاکی بن ئەبێتە هۆی ئەوەی کە جۆرە ناسنامەیەکی تر دروست بکات.

سێهەم: بۆ ئەو قوتابیانە ئەم پرۆسە زمانیە ئەبێتە جۆرە ئارامگە و پەناگەیەک.

لەسەر خاڵی یەکەم، پرسیار ئەوەیە کە ئایا دۆخی زمانی و پەروەردەیی کوردی ئامادەیی ئەوەی هەیە کە تەرازمانی بە ڕێکارێکی نوێ و شیاو قبووڵ بکات لە دەرەوەی ناوەندەکانی فێرکاری پەنابەران؟ حکومەت و ناوەندە زانستی و میدیاکانی کوردی پێگەی پتەوی دوو زاراوەی سەرەکی کوردی ناوەند و سەروویان قبووڵ کردووە، بەڵام هێشتا لە ناساندنیان بۆ زمانی پەروەردە بە تەواوی یەکلا نەبوونەتەوە. وە تا ئەو جێگەش کە کراوە، هەوڵدراوە کە هەر دوو زاراوە کوردییەکە هاوشان ببینرێن. خوێندنەوەی هەواڵ و بابەت لە یەک کاتدا لەلایەن دوو کەس لە راگەیاندنەکاندا، بە زمانی کوردی(شێوەزاری ناوەراست و سەروو) نموونەیەکی بەرچاوە. ئەم کارە هەرچەن ئەتوانێت لە باسی تەرازمانی نزیک بێت بەڵام ئەوانەی پشتگیری زمانێکی تەک و ئستوار بۆ گەلی کورد ئەکەن، بەشکە لەگەڵ باسی پەروەردەی تەرازمانی نەبن. بۆ نموونە سووداد ڕەسووڵ لە بابەتێکی بە ناونیشانی 'زانست و بیرکاری بە زمانی کوردی' پرس و باسی ئەوە ئەخاتە پێش چاو، کە بۆ ئەوەی زمانێک پێش کەوێت پێویستە بەو زمانە بیرکاری و زانست بوترێتەوە نەک ئەوەی کە زمانی پەروەردە کردنی بیرکاری و زانست بە ئینگلیزی بێت و زمانی پەروەردەی بابەتەکانی تر بە کوردی.

لەسەر خاڵی دووهەم ئەوە ئەخرێتە پێش چاو کە تەرازمانی جۆرە ناسنامەیەکی نوێ دروست ئەکات. لە چوارچێوەی ئن جی ئۆیەک کە دەستەیەک قوتابی ئاوارە پەروەردە ئەکات، ئەمە بەشکە شتێکی نوێ بێت کە قسەکردنی مامۆستا و قوتابی بە چەن زمان لە درێژی کات و ماوەیەک جۆرە ناسنامەیەکی تر دروست بکات، بەڵام دیسان پرسیار ئەوەیە، ئایا کورد وەکو میللەتێک کە لە ژێر چەوسانەوەی فەرهەنگی بووە، ئامادەیی ئەوەی هەیە تەرازمانی لە قوتابخانەکانی هەرێم پەرەپێبدات و زمانەکانی تر وەکو ئینگلیزی و عەرەبی تەشەنە بسەنن لە زمان و پەروەردەی کوردیدا؟ لێکۆڵینەوەکەی سوداد ڕەسووڵ بە ڕۆشنی داوا دەکات کە ژێرخان و سەرخانی پەروەردەی کوردی بە کوردی بێت. کوردی بە کوردی بخوێنرێت و عەرەبی و ئینگلیزی و زانست و بیرکاری و هەموو بوارە زانستیەکانیش هەر بە کوردی بوترێنەوە و فێربکرێنەوە. چونکە تەرازمانی لە دەرەوەی خوێندنی ئن جی ئۆکان کە بچێتە بازنەی پەروەردەی گشتیەوە ئەتوانێت ناسنامەی کوردی و هەست و نەستی کوردی لاواز بکات.

لە باسی خاڵی سیهەمدا، زمان وا پیشان دەدات کە ببێتە پەناگەیەکی ئەمن و ئەمان، لە بابەتەکەدا کاپستیک و ئەتییک ئاماژە بەوە ئەکەن کە ئەو قوتابیانە کە لە شەڕە ناوخۆییەکەی سووریا و عێراق کە پروپاگەندە و هەواڵ و ڕاگەیاندنی بەرەی شەڕەکان بە عەرەبیە، خوێندن بە عەرەبی ئەتوانێت دیسانەوە برین و بیرەوەری ئەو منداڵانە تازە بکاتەوە. بۆیە فێربوونی زمانێکی تر وەکو ئینگلیزی کە دونیایەکی ترە، ئەتوانێت، بیر و ناسکی هۆشی ئەو منداڵانە لە خۆی بگرێت و لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە جۆرە ئارامییەک و ناسنامە و ناسینەوەیەکی تر ببەخشێت. لێکۆڵینەوە زانستیەکانی زمانناسی و دەروونناسیش ئەمە پشت ڕاست ئەکەنەوە، کە بیرەوەری ناخۆش بە زمانێکەوە وادەکات کە پرۆسەی فێربوون و بە کاربردنی ئەو زمانە کێشەی تێدا بێت. لەسەر خاڵی سێهەم پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ زاراوە کوردییەکانی کوردی ناوەند و کوردی سەروو بۆ منداڵانی عەرەب ناوترێتەوە کە ئاسوودەییان پێببەخشێت؟ منداڵانی عەرەب کەی بیرەوەری ناخۆشیان لەگەڵ زمانی کوردی و کوردی بێژدا هەبووە کە زمانی کوردییان بۆ نەوترێتەوە؟ چ تایبەتمەندیەک لە زمانی ئینگلیزی هەیە کە لە زمانی کوردیدا نیە؟

زمانی ئینگلیزی زمانێکی جیهانیە، خاوەن دەستەڵات و پرستیجێکی تایبەتیە و زانینی نیشانەیەک لە پێشکەوتن و تواناییە، ئینگلیزی زۆر دەووری وەک ئامێرێک هەیە بۆ پەیوەندی کردن، بەڵام ئەوەی کە زۆرتر جێگەی بایەخە، ئەوەیە کە هەر پەیوەندییەک پەیامی تێدایە و گەیاندنی پەیام بە ئینگلیزی ئەتوانێت لە ژیانی کەسی پەیامدەر کاریگەری هەبێت. کەسێک کە ئینگلیزی بزانێت، ئەتوانێت باشتر سەرنجی خەڵکێکی زۆرتر بۆخۆی ڕاکێشێت و تێگەیشتن و هاوخەمی و هاوکاری بۆ خۆی وەرگرێت، ئەمە جگە لەوەی کە زانینی ئینگلیزی ڕێگە خۆشکەرە بۆ دەست گەیشتن بە سەرچاوە زانستیەکان و پەیوەندییە مرۆییەکانی تر. هەموو ئەم تایبەتمەندیانە لە زمانی کوردی و کوردی قسەکەردا نیە، لە لێکۆڵینەوەکەی کاپستیک و ئەتییک مامۆستاکانی هەر چوار ئن جی ئۆکە کوردی نازانن، بەڵام هەموویان ئینگلیزی ئەزانن.

کاراکردنی تەرازمانی لە پەروەردەی قوتابیانی پەنابەر کە نازانرێت تا چ کاتێک لەو شوێن و باروودۆخەدا ئەمێنێنەوە، بەڵکە کارێکی گونجاو بێت. ئەگەر ئەم ئن جی ئۆیانە سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەکو بریتانیا و ئەمریکا بن، یان لە لایەن حکوومەتی عێراق یان هەرێمی کوردستانەوە لە ڕووی داراییەوە یارمەتی بدرێن، زۆر ئاساییە کە زمانی ئینگلیزی بوترێتەوە و لە زمانەکانی تریش کەڵک وەربگیردرێت، ئەمە وەکو پەروەردەیەکی کاتیە کە بۆی هەیە درەنگ یا زوو ئەو قوتابیانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

هەرچەن کاپستیک و ئەتییک دۆخی زمانی باشووری کوردستان بە حاڵەتێک ئەناسێنن کە ئەتوانێت بە نوێنەرایەتی جۆرێک لە کۆمەڵگایەکی فرەفەرهەنگ و فرەزمان خۆی بناسێنێت، کە ئەمە نیشانەیەکی زۆر ئەرێنییە، بەڵام سەیرکردنی تەرازمانی لە دەرەوەی ئن جی ئۆکان وەکو مۆدێلێکی پەروەردەیی بۆ پەروەردەی هەرێمێکی وەکو هەرێمی کوردستان، پرس و باس و کێشەی پێوەیە. ئەم دوو لێکۆڵەرە فرە سەرسامی ئەنجامەکانی تەرازمانین کە چۆن کاریگەری ئەرێنی زمانەوانی و دەروونی لە قوتابیان ئەکات. بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە زمانناسەکان و لێکۆڵەرانی کورد لە مێژە دەرگیری چارەکردنی کێشە زمانیەکانی کوردین کە پەروەردەی تەرازمانی ئەگەر لە بازنەی ئن جی ئۆکان بچێتە دەرەوە ئەتوانێت باروودۆخی زمانی و ناسنامەیی کورد و پەروەردەی کوردی ئەوەندەی تر ئاڵۆزتر بکات.

ڕوونکردنەوەکان و سەرچاوەکان

1- لە وەرگێڕانی ترانسلەنگویجینگ وشەی تەرازمانی بەکار هاتووە. لە زمانی فارسی لە 'ترازبانی' کەڵک وەرگیراوە. ترا لە فارسی بە پێشگرێک ناسراوە. بەڵام تەرا وشەیەکی کوردییە کە لە هەندێک لە ناوچە کوردییەکان بەکار دێت. بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکان یان ئاژەڵەکان لە شوێنێک  جیا ببنەوە ئەڵێن تەرایان سەندووە، واتە جیابوونەوە و دوورکەوتنەوە. هەروەها تەرازمانی جیاکردنی دەستەیەک لە وشەکان و دوور کەوتنەیانە لە مۆڵ و بنکەی سەرەکیان. تەرا لەسەر کێشی گەرا و هەرا هاتووە.

2- تۆنی کاپستیک / Tony Capstick مامۆستای زانکۆی ڕیدینگ/ University of Reading. موحەممەد ئەتییک/ Mohammed Ateek  مامۆستا لە زانکۆی لەندەن- برکبەک/ University of London- Birkbeck.

3- سوداد ڕەسووڵ. 2017. زانست و بیرکاری بە زمانی کوردی – Science and Mathematics in the Kurdish Language. بۆ خوێندنی بابەتەکە سەیری ئەم لینکە بکە. (PDF) Science and Mathematics in the Kurdish Language (researchgate.net)

4- بۆ سەیر کردنی بابەتەکەی کاپستیک و ئەتییک سەیری ئەم لینکە بکەن. Full article: Translanguaging spaces as safe space for psycho-social support in refugee settings in the Kurdistan region of Iraq (tandfonline.com)