هۆکارەکانی دووبارە چالاکبوونی داعش و ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تێرۆر لە عێراق

Kurd24

دەسپێك:

لە جیهاندا جاڕدانی خیلافەت لە هاوینی ساڵی 2014 لەلایەن گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە  عێراق و شام (داعش) لە رووی سیاسی و میدیایی و کۆمەڵایەتی مایەی سەرسوڕمان بوو.

ئەم رێکخراوە توانی بە نزیکەی 10000 چەکدار شاری موسڵ و چەندین ناوچەی تری فراوان لە  عێراق و سوریا کۆنترۆڵ بکات.

داعش خۆی وەکو میلیشیایەکی تیرۆریستی بێ ویژدان و خاون ئایدیۆلۆژیا پێشکەش کرد و لە رێگەی بەکارهێنانی ستراتیژێکی توندوتیژی جیهانی مەبەستی بوو خواستی فراوانخوازی لەسەر ئاستی هەرێمی جێ بەجێ بکات و ببێت بە مایەی هەڕەشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

گروپ و تاقمە توندڕەوەکانی جیهان زوو پابەندبوونی خۆیان بە خیلافەتی داعش راگەیاند و مەبەستیان بوو بەزووترین کات بەشداری ئەو "نموونە جیهادیە سەرکەوتووە" بکەن و تا پێیان بکرێت پێکەوە توڕێکی بەهێزی ئیسلامی رادیکاڵ دابمەزرێنن، مەترسییەکانی بۆ ئایندە لە رادەبەدەر بێت.

ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە توانی دەستەواژەکانی وەکو ئیسلامیزم، سەلەفیزم، وەهابیزم و جیهادیزم لە خۆیدا کۆبکاتەوە و رێگربێت لەوەی ئەو دەستەواژانە وەکو هاوواتایەك بۆ کاری ئیسلامی سیاسی بەکاربهێنرێن.

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی برۆکینگز هەیە، کە لە نێوان مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 ئەنجامدراوە، ئاشکرای دەکات، لایەندارانی داعش نزیکەی 46000 کۆنتۆیان لەسەر تویتەر هەبووە و، هەر کۆنتۆیەك کەمتر لە 1000 هاوەڵی (فۆلۆوەر) نەبووە.

سەرکەوتنی کەمپەینی رێکخراوەی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژمارەیەكی کەم و بچووك لە بەکاربەران، کە لە رادەبەدەر چالاکبوون و هەر یەك لەو بەکاربەرانە بەتەنها 500 تا 2000 کۆنتۆیان بەڕێوەبردووە.

ئایا پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڵە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش بوو لە  عێراق؟

ئەوەی ئاشکرایە تیرۆر لەگەڵ داگیرکردنی  عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە ساڵی 2003 دزەی کرد بۆ ناو خاکی  عێراق، پاش ئەوەی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی  عێراق و سوپای سەربازی ئەو وڵاتە هەڵوەشێنرایەوەو بۆ دووبارە پێکهێنانی ئەو وڵاتە پشت بە سیاسەتی زۆرینەی تایفی بەسترا، لە بری زۆرینەی نیشتمانی، ئەمەش بە شێوەیەك کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر داڕشتنی شوناسی دەوڵەتێکی نیشتمانی و درووستبوونی پێکهاتەی دامەزراوەیی و پیشەیی. 

بابەتی بونیادنانی دەوڵەت زۆر لەسەرخۆ بەڕێوەدەچوو. بەمەبەستی جێ بەجێکردنی یاسای بنەبڕکردنی بەعس، چینی مامناوەند، کە ئەزموونداربوو لە کاری ئیدارە و حکومەت، پەراوێزخرا. دوورخستنەوەی ئەو سەرکردە سەربازی و ئەمنییانەی، کە لە بواری خۆیاندا خاوەن ئەزموون بوون و پیشەییانە کاریان دەکرد، دەرفەتی بۆ گروپ و تاقمی میلیشیای چەکدار رەخساند، بڵاوببنەوە و توندوتیژیەکی بێ وێنە بەرامبەر بە ژێرخانی کۆمەڵگەیی بنوێنن و سەرجەم ئەو دیاردە نیشتمانیانەی، کە دەوڵەتی مەدەنی لە ساڵی 1921وە لە  عێراق لەسەری بنەماکرابوو، پێشێل بکەن.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 18 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سیستەمی نوێی سیاسی لە  عێراق، کە لە لایەن زۆرینەی ئیسلامی شیعە بەڕێوەی دەچێت، دامەزراوە ئەمنیە جیاجیاکان نەیانتوانی دۆسیەی تیرۆر یەکلابکەنەوە.

چونکە حکومەتە یەك لە دوای یەکەکان سیستەمی تایفەگەرییان کردبوو بە رێبازێك بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، شێوازی حوکمڕانیان کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر یەكڕیزی لە  عێراق و دواجار بوو بە مایەی درووستبوونی جەنگی تایفەگەری، کە لە ساڵی 2006 گەیشتبووە لووتکە. 

ئینجا لە ساڵی 2004 رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەستیان بە چالاکی کرد، هاوکات میلیشیای شیعەی هاوردە و خۆجێی سەریان هەڵدا، بۆ نموونە میلیشیای "بدر" و "سوپای مەهدی" و باڵی تری سەربازی سەر بە حزبە شیعەکان.

 عێراق لەناو ئەو پەرەسەندنانە نەیتوانی سیستەمێکی ئاسایشی نەتەوەیی نیشتمانی و بەهێز دابمەزرێنێ، تا لە رێگەیەوە هەڕەشە ستراتیژەکان بۆ سەر ژینگەی ستراتیژ لە  عێراق دەستنیشان بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.

سەرەڕای ئەوەش هیچ ئامانجێکی سیاسی، یان دیدێکی ئاسایشی یەکگرتوو بوونی نەبوو، ئەمەش دەرفەتی بۆ سەرهەڵدانی "ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە  عێراق" رەخساند ، کە لەلایەن ئەبو موسعب زەرقاوی سەرکردایەتی دەکرا، زەرقاوی لە ساڵی 2006 بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیك شاری بەعقوبە، لە باکوری پارێزگای دیالە، کوژرا.

ئەم رێکخراوە تیرۆریستیە لە رێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تەژی توندوتیژی دژ بەو کەسانەی، کە قبوڵیان نەبوو و رەتیان دەکردەوە، توانی لە ناوچەی سوننەکان بوونی خۆی بسەپێنێت و بە کوشتن و تۆقاندنی دانیشتوان و نوخبەی مەدەنی و سەربازی لەو ناوچانە زیاتر دەسەڵاتی فراوان بکات و ئەستەم بوو بۆ هێزە ئەمریکی و  عێراقیەکان رایانگرن و لەناویان ببەن.

دیارە ئەو گروپە تیرۆریستیانە بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی پاشاگەردانی و پشێوی لە سەرجەم  عێراق لە سەر ئاستی هەرێمی هاوکاری دەکران.

خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە لایەن حکومەتەکانی پێشوو و پەیڕەوکردنی سیاسەتی تایفەگەری هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و درووستبوونی رێکخراوە تیرۆریستیەکان. فەزای شەڕی تایفەگەری گەرم بوو و تەقینەوەکان زیادیان کرد و ئازادییەکان پێشێل کران و گەندەڵی بڵاوبۆوە و دواجار بە فێڕودانی بودجەی ئەو وڵاتە سیستەمێکی دارایی و کارگێڕی گەندەڵی لەگەڵ خۆی هێنا. 

سەرەڕای دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەحوەی هۆزە سوننیەکان لە ساڵی 2006، کە ژمارەی چەکدارەکانی گەیشتە نزیکەی 80 هەزار، و هاوکاربوو لە دەرکردنی رێکخراوی ئەلقاعیدە لە ناوچەکانی ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و موسڵ و تا رادەیەك لە رووی ئاسایشی توانی سەقامگیری دەستەبەر بکات، بەڵام سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەکانی پاش 2003 لە  عێراق رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی بوونی سەحوەکان و هاوکار بووە لە دووبارە گەڕانەوەی تیرۆر بۆ ئەو ناوچانە.

حکومەتی  عێراق پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە  عێراق لە ساڵی 2011 بێ هۆکار دەستی کرد بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەحوەکان، ئەمەش بووە مایەی سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە  عێراق و داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوان لەو چوار پارێزگایەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا.

گەڕانەوەی داعش و ستراتیژی  عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی:

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی  عێراق ساڵی 2017 کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە داعش داگیرکربوو جاڕدا، ئەم رێکخراوەیە خێرا گەڕایەوە سەر گۆڕەپان، بەڵام ئەم جارە بە ستراتیژێکی جیاواز.

لە ئێستادا داعش بۆ جێ بەجێکردنی کردەوە تیرۆریستیەکانی جارێکی تر شانە نووستوو و سڕکراوەکانی و گروپەکانی، کە لە سنووری سوریاوە دزەدەکەنە ناوەوەی  عێراق، بەکاردەهێنێت.

داعش بۆ ئەم قۆناغەی شەڕی گه‌ریلایی ئەنجام دەدات، وەکوو چۆن پێشووتر رێکخراوی ئەلقاعیدە لە  عێراق ئەو جۆرە تەکتیکەی بەکاردەهێنا.

داعش لە سنووری خاڵە سەربازییەکانی نێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە، کە لە ئێستادا بە هۆی کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پاش رووداوی 16ی ئۆکتۆبەر بۆشایی ئەمنیان هەیە، دزە دەکات، هەروەها لەو ناوچانەوە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، کە لە ژێر بەرپرسیارێتی هاوبەشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵن. 

دیارە داعش توانیویەتی پاش شکستهێنانی لە ساڵی 2017 سەرچاوەی مرۆیی و دارایی خۆی بپارێزێت و بە شاراوەیی بیانهێڵێتەوە، تاوەکو سەر لە نوێ بەو شێوەیەی ئێستا بەکاریان بهێنێتەوە.

دەزگای دژە تیرۆری  عێراق لە 31ی تەمووزی 2021 کوشتنی "أبو سعد السمین"، سەرکردەیەکی رێکخراوی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێك لە رۆژهەڵاتی  عێراق راگەیاند، پێشووتر زیاتر لە 20 کەسانی سەر بە داعشیان لە بەغدا و ئەنبار و دیالە و سەڵاحەدین تا دەگاتە سلێمانی دەستگیرکردبوو، تیایدا کەسانی سەرکردە هەبووە.

بە پێی شانەی میدیایی ئاسایشیی لە  عێراق لە 29ی ئابی 2021 ئاژانسی هەواڵگریی  عێراق دوو سەرکردەی داعشی کوشت و کەسێکی تری لە باکووری رۆژهەڵاتی دیالە دەستگیر کرد.

لەم ساڵدا هێرشەکانی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای کەركوك و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیادیان کرد.

ئەگەر لە هۆکارەکانی پەیوەست بە دووبارە زیادکردنی چالاکییەکانی داعش بکۆڵینەوە، بە تایبەتی لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە و لە رووی ستراتیژ گرینگن، دەبینین چالاکیەکانیان لە ناوچەیەکی جوگرافی چڕبووه‌تەوە، کە بە دەماری گواستنەوەی ستراتیژی گرێدانی رۆژهەڵاتی  عێراق بە رۆژئاوای  عێراق هەژمار دەکرێت.

پێویستە زیاتر کاربکرێت بۆ نەهێشتنی ئایدیۆلۆژیای داعش، چونکە ناکرێت لە داڕشتنی ستراتیژی لەناوبردنی داعش و سەندنەوەی شەرعیەتی ئایدۆلۆژیای جیهادی لەو رێکخراوە تیرۆریستیە تەنها فۆکۆس بکرێتە سەر ناوچەیەکی دیاریکراو.

پێویستە ئەوەش بزانرێت، سەرهەڵدانی گروپی ئیسلامی رادیکاڵ دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی ئابووری و جیاوازی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی نوخبەی دەسەڵاتدار.

ئیدارەی بایدن، ئەگەر چی بە نیازە لە کۆتایی ئەم ساڵدا هێزە شەڕکەرەکانی لە  عێراق بکشێنێتەوە، بەڵام  ئەو وەکو سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پابەندبوونی وڵاتەکەی بەرامبەر بە  عێراق دەربڕیوە، کە بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هەردوو حکومەتی  عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی گروپی تیرۆریستی داعش. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردووه‌تەوە، کەوا هێزە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا بەردەوام دەبێت لە پێدانی راوێژی پێویست و مەشق و راهێنان پێشکەش بە سوپای  عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکات.

ئەمە قۆناغێکی نوێیە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەم قۆناغە پێویستی بە پەرەپێدانی کارەکان و تواناکانی هێزە چەکدارەکانی  عێراق و هێزی پێشمەرگە هەیە، ئەو کارە لە رێگەی پێدانی مەشق و ئامادەکردنیان دەکرێت بۆ کارکردن لەژێر هەر بارودۆخێکی سەخت، تا بتوانرێت خێرا وەڵامی کردەوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بدرێتەوە، هەروەها پێویستە تواناکانی هێزی سوپای  عێراق و هێزی پێشمەرگە لە رووی لۆجستی و زانیاری هەواڵگری و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی پاڵپشتی ئاسمانی پشتیوانی بکرێت، بەو شێوەیە رێگری دەکرێت لەوەی داعش بتوانێت مۆڵگەیەکی ئارام دەستەبەر بکات و ناوچە و شارۆچکەکان لە  عێراق داگیر بکات.

لە کۆتاییدا:

ئەگەر چی داعش لە رابووردوو لە رووی هێز و دەسەڵات پاشەکشەی کردووە، بەڵام هێرشەکانی هەر بەردەوام دەبێت، چوڵەکانی داعش، کە بە تەکتیكێکی نوێ مەبەستیە کارتەکان تێکەڵ بکات و سوودی لەو قەیرانە سیاسیەی ئێستای پاش هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 و دەرئەنجامەکانی وەرگرتووە، زیانی گیانی گەیاندووە بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای  عێراق.

هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی کردنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە  عێراق راستەوخۆ رووبەڕووی ئەو هێز و گروپانە دەبێتەوە، کە بە ئاشکرا لایەنداری هێزێکی هەرێمی دەکەن، کە هەژموونی هەیە بەسەر  عێراق، بۆیە پێویستە لەسەر هەرێم هێزی پێشمەرگە زیاتر ئامادە بکات لە رووی مەشق و راهێنان و دابینکردنی کەرەستەی بەرگریکردن، چونکە کشانەوەی  هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆکاری زیادکردنی هێرشەکانی داعش، لە لایەکی ترەوە ئەگەری ئەوەش هەیە میلیشیا چەکدارەکان کشانەوەی هێزی ئەمریکا بە دەرفەت بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکه‌خانەی هەولێر و بنکەی سەربازی حەریر.

ئێمە پێمان وایە پێویستە دۆسیەی مانەوەی ئەمریکا لە  عێراق بە رێکەوتنی سیاسی چارەسەر بکرێت، تاوەکو لێکەوتەی نەرێنی زیاتر لەگەڵ خۆی نەهێنێت.