کێ یەکڕیزی تێکدا، پارتی یان یەکێتی؟

Kurd24

کاتێك باسی ئەو لێکترازانە توندەی ئێستای یەکێتی و پارتی دەکرێ، یەکسەر ئاماژە بۆ رووداوەکانی یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەکرێ، بەڵام راستییەکەی بەر لە دانیشتن لێکترازانەکە روویدا، که‌ ئەندامانی شاندی هاوبەشی کوردستان (پارتی و یەکێتی) لەگەڵ لایەنێکی عێراقی ژوانی کۆبوونەوەیان هەبوو، بەڵام بۆ کۆبوونەوەکە ئەندامانی یەکێتی بە سەرۆکی شاندە هاوبەشەکەوە، کە عیماد ئەحمەد بوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنی پارتی بەغدا بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە سلێمانی و تەلەفۆنەکانیشیان قەپات دەکەن.

دواتر ئادگاری لێکترازانەکە زیاتر وەدیار کەوت، کاتێک یەکێتی خۆی لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی (میلیشیاکانی سەر بە ئێران) یەکلایی کردەوە و هەموو لایەنە کوردستانییەکانیان لە هۆڵی پەرلەمان بەجێهێشت و دەنگی بە بەربژێری کوردستان (پشکی پارتی) نەدا، لەوێوە وێنەکە تەواو روون بوویەوە کە یەکێتی ناتوانێ لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەربچێ و ئەوەی لە رێگای سەرکردەکانی حەشدی شەعبیەوە داوایان لێ دەکرێ دەبێ جێبەجێی بکەن.

دروست کردنی ئەو فەوزایە میدیایە و گەڕانەوە بۆ گوتاری هەڕەشەکردن، درێژکراوەی ئەو داوایەیە کە یەکێتی دەبێ جێبەجێی بکات، هەر چەندە دەزانێ ئەو شتانە ناتوانن شتێک لە ئەنجامە چاوەڕوان کراوەکە بگۆڕن، چونکە پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار نە بە گوتاری میدیایە و نە بەهەڕەشە وەرناگیرێ، بەڵکو بە رێکەوتنی سیاسی و گفتوگۆ وەردەگیرێ کە یەکێتی ئەو کارتەی لە دەستی خۆی سووتاند و شانسەکەی دۆڕاند.

سەرکردایەتی یەکێتی داوا لە پارتی دەکەن، کە بەربژێرەکەی خۆی بکشێنێتەوە، لە کاتێکدا یەکێتی دوو کاندیدی هەیە، بەرهەم ساڵح، کاندیدی سەرکردایەتی یەکێتی، لەتیف رەشید، کاندیدی هاوبەشی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی - بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد، کە بێگومان لەتیف رەشید شانسی بوونە سەرۆکی (تا ئێستا کە ئەو چەند وشەیە دەنووسم) زیاتره‌ لە بەرهەم ساڵح، باشە سەرکردایەتیەک نەتوانێ کاندیدێکی خۆی پاشەکشە پێبکات کە پارێزبەندی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەدی هەیە، چۆن دەتوانێ پاشەکشە بە کاندیدی حیزبێکی رکابەر بکات!