کاریگەری رێکەوتنە نوێیەکانی نەوت و گاز لەسەر داهاتووی ناوچە و کوردستان

Kurd24

هەرچەندە نەوت و گاز بە سەرچاوەی سەرەکی گۆڕانکارdیەکان و دامەزراندنی وڵاتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دادەنرێن، لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و دواتر چوونیان بۆ ناو بلۆکەکانی رۆژئاوایی و یەکێتی سۆڤیەت دەست نیشان دەکرێن بەڵام پاش کز بوونی ملمانێکان لەسەر وزە بەتایبەت لە پاش رووخانی سۆڤیەت، ماوەیەکە رۆڵی وزە لە سازکردنی بلۆکی نوێ لە نێوان وڵاتانی ناوچە و هەروەها سازکردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆتەوە فاکتەری سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوین.

ئێستا کاتێک ئەمەریکا پێویستی بە نەوت و گازی سروشتی رۆژهەڵاتی ناوین نەماوە و پێگەی وڵاتانی ئەو ناوچەیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، رووسیا و چین و وڵاتانی ناوچە هەوڵ دەدەن ئەو هەلە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە یان بە سازکردنی هاوپەیمانی، خۆیان لە مەترسیەکانی داهاتوو تا رادەیەکی زیاتر بپارێزن.

ئێستا رووسیا بە خاوەندارێتی نەوت و گازی سووریا و بەشداری لە پڕۆژەکانی پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتیەکانی عێڕاق و هەروەها هاوکاری تەکنیکاڵ لەگەڵ ئیمارات و سعودیە و راکێشانی وەبەرهێنانی وڵاتانی عەرەبی ناوچە بەتایبەت قەتەر بۆ کەرتی وزەی وڵاتەکەی، پەیوەندی ستراتێجی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە لەسەر بنەمای وزە و دواتر سەربازی زۆر زیاتر لە جاران پەرەپێداوە. هەروەها چین، بێجگە لەوەی گرینگترین کڕیاری نەوت و گازی ئەو ناوچەیەیە، سەرەکیترین پشکی لە نێوان وڵاتانی جیهان لە کەرتی نەوتی عێراق هەیە و پەیوەندی لەگەڵ کەرتی نەوت و گازی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکەش وەکوو ئێران، ئیمارات و سعودیە پەرەپێداوە.

بێجگە لەو رێکەوتن و هاوکاریانە، وڵاتانی ناوچەش لەنێوان خۆیان خەریکن بە چەندین رێکەوتنی ستراتێجی پێگەی خۆیان لە داهاتووی وزەی جیهان پتەوتر دەکەن و هەروەها پەیوەندی ستراتیجی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و جیهان پتەوتر دەکەن تا بتوانن مەترسی و هەڕەشەی داهاتوو بۆ سەر خۆیان و وڵاتەکەیان دابەزێنن. بەڵام رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لەو ڕێکەوتنانە چیە؟

کاتێک لە 2010، پلانی رکابەرایەتی لە نێوان پلانی چەندین بۆری گازی سروشتی لە رێگای سووریاوە گەیشتە لووتکە، لەناکاو جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە سەری هەڵدا و تەشەنەی سەند و ئێستا پاش دە ساڵ لەو ماوەیە دەتوانین بڵێین رووسیا براوەی یەکەمی جەنگی ناوخۆی سووریا بووە. رووسیا نە تەنیا بۆتە خاوەنی پڕۆژەکانی پەرەپێدان بە نەوت و گازی سووریا، بەڵکو توانیویەتی پلانەکانی گواستنەوەی گاز بۆ ئەورووپا لە ڕێگای سووریاوە تا رادەیەکی زۆر پەک بخات کە بریتی بوون لە پلانی بۆری گازی سروشتی عەرەب کە گازی سروشتی میسری لە بیابانی سیناوە بۆ ئۆردۆن و دواتر سووریا و لۆبنان دەگواستەوە، هەروەها بۆری گازی سروشتی ئێران کە لە رێگای عێراق و سووریاوە بۆ لوبنان (یان کەناراوەکانی سووریا لە دەریای مێدیتەڕانە) و هەروەها پلانی بۆری گازی سروشتی قەتەر لە رێگای سعودیە، ئوردون، سووریا و تورکیا. واتا لە کۆتایی جەنگی سووریا و پاش کۆمەڵێک حەول و خەرج، هەرسێ پڕۆژەکە وەستاون و دەکرێت بڵێین هەرەسیان هێناوە.

نه‌خشه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری یه‌ك پشتێنه‌ - یه‌ك رێگه‌ی چین
نه‌خشه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری یه‌ك پشتێنه‌ - یه‌ك رێگه‌ی چین

یان ئێستا کە پێدەچێت پلانی یەک جادە - یەک پشتوێنی چین دەگاتە کۆتا وێستگەی خۆی و لە ئەورووپا نزیک بۆتەوە، دەسەڵات لە ئەفغانیستان زۆر بە خێرایی و ئارام و بێ دژایەتی سەربازی لە لایان وڵاتانی رۆژئاوایی رادەستی 

 تاڵیبان کراوە کە چەند ساڵ بوو لە قەتەر لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە دانووستاندا بوون و تەنانەت کۆرسی تایبەتیان لەلایان قەتەر و وڵاتانی دیکەوە بۆ حکوومەت کردن بینیوە.

ئێستا هەنگاوەکانی جێبەجی کردن بۆ پلانی یەک جادە-یەک پشتوێنی چین گەیشتۆتە رۆژهەڵاتی ناوین، پلانێک کە لە رووی مەودای جوگرافی و خەرجەوە لە مێژوو دا بێ وێنەیە. ئێستا چین لە کاشغەرەوە تا بەندەری گوادری پاکیستان هاتووە و لە وێوە زۆر بە خێرایی و ئاسان دەگاتە ئەفریقا کە یەکەم بنکەی سەربازی چین لە دەرەوە لەو کیشوەرە دامەزرێندراوە. بەشی دواتری ئەو پلانە گەیشتنە بە ئەورووپا لە رێگای تورکیا و سووریاوە.

لە بەرامبەر ئەو پلانە لەمەڕ رێگرتن لەکەوتنی وڵاتان بۆ پلانی یەک جادە-یەک پشتوێنی چین، دا چەندین کۆریدۆر و پلانی هاوپەیمانی ئابووری لەلایەن وڵاتانی ناوچە بە پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوایی داڕشتراوە کە گرینگترینیان بریتین لە: کۆریدۆری لاجوەرد (نیلی) کە وڵاتانی تورک لە تورکمانیستان تاکوو تورکیا و وەک ئەگەرێک مەجاریستان (لە داهاتوو) پێکەوە گرێ دەدات. هەروەها کۆریدۆری مدیتەرانەیی عەرەبی - هیندی کە دەتوانێت گواستنەوەی کالا لە بەمبەئی هیندستانەوە بۆ ئەورووپا بۆ دووهێندە خێراتر بکات و لە بەمبەئی بۆ جبل عەلی، هێڵی شەمەندەفەری ئیمارات، سعودیە، ئۆردۆن و ئیسرائیل تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە ڕێڕەوی سوێز لە میسر نامێنێت.

هەروەها هاوپەیمانێتی ناسراو بە ئیبراهیمی کە ئیسرائیل، ئۆردۆن، بەحرەین و ئیمارات لە خۆدەگرێت و پێدەچێت لە داهاتوو وڵاتانی دیکەی عەڕەبی بچنە پاڵ ئەو ڕێکەوتنە کە حەول دەدات هاوکاری ئابووری و سەربازی نێوان وڵاتانی ئەو هاوپەیمانیە پەرەپێبدات و زیاتری بکات.

بەڵام وزە وەک بەشێکی سەرەکی ناو پەیوەندی ئابووری و رێڕەوە بازرگانیەکانی جیهان، لەو کۆریدۆر و ڕێڕەوانەش ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. ئێستا وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کە لە رووی سەرچاوەکانی وزەوە دەوڵەمەندن، هەوڵ دەدەن بە بەکارهێنانی ئەو رێڕەوانە و هەروەها بەستنی پەیمانی نوێ و داهێنانی رێڕەوی نوێ هەم پەیوەندی ئابووری نێوان وڵاتانی ناوچە و جیهان پتەوتر بکەن و هەم مەترسی جەنگ و ملمانێکانی داهاتوو بۆ سەرخۆیان کەمتر بکەنەوە.

ئێستا ئیمارات وەک ناوەندی ئەو پەیوەندیانە، رۆڵی سەرەکی دەبینێت. ئیمارات نەتەنیا پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردۆتەوە بەڵکوو بە کڕینی %22 پشکی کێڵگەی گازی تامار (Tamar) بە بەهای زیاتر لە یەك بلیۆن دۆلار، بۆتە هاوکاری ستراتێجی ئیسرائیل بۆ پەرەپێدان بە توانای بەرهەمهێانی گازی ئەو وڵاتە. ئەوەش ناڕەزایەتی تورکیای لێدەکەوێتەوە چون تورکیا خۆی بە خاوەنی سەرەکی یەدەگی گازی مێدیتەرانە دەزانێت. لەلایەکی دیکەوە، پەرەپێدان بەو کێڵگەیە و کێڵگەی گازی لێڤیسان (Levithan)ی ئیسرائیل لە دەریای مێدیتەرانە بۆتە هۆی پەکخستنی پەرەپێدان بە کێڵگەی گازی سووریا لەو دەریایە کە تۆتاڵی فەڕانسی وەک ئۆپێراتۆر گرێبستی بۆ کردوە و تەنانەت چەند مانگ لەمەو بەر بۆ ماوەی چەند رۆژێکیش بە کەشتیەکی تایبەت گەڕانی بۆ دۆزینەوەی گاز دەست پێکرد. لەلایەکی دیکەوە، ئیمارات  هەوڵ دەدات بە هاوکاری ئوردون و ئیسرائیل، نەوتی خۆی لە رێگای بۆری (ئێیلات - ئەشکەلۆن) و بێ پێویستی بە تێپەڕبوون لە کەناڵی سوێز بگەیێنێتە ئەورووپا. هەڵبەت ئەو رێکەوتنانە کە دەتوانێت هەم ببێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی تورکیا لە بازاڕی وزەی ئەورووپا و هەم ئاستی پەیوەست بوونی ئەورووپا بە گازی رووسیا دابەزێنێت، لەلایەن وڵاتانی ئەورووپی و بەتایبەت فەڕانساوە پاڵپشتی لێدەکرێت. ئیمارات هەروەها لە چەند رۆژی رابردوو و پاش نزیکەی 10 ساڵ پچڕانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سووریا و حکوومەتی ئەسەد، لە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ دیمەشق، رێکەوتنی بۆ پەرەپێدان بە وێستگەیەکی 300 مێگاواتی کارەبا بە وزەی خۆر واژوو کرد کە وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیە بە زیاتر لە 270 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە. ئەوەش سەرەڕای گازندەی ئەمریکا، تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بوو. بەڵام ئیمارات دەیەوێت بەو وەبەرهێنان و سازکردنەوەی پەیوەندیانە لەگەڵ حکوومەتی سووریا، پێش لە هاوکاری سووریا بۆ گواستنەوەی گازی قەتەر یان ئێران لە رێگای ئەو وڵاتەوە بگرێت.

هەڵبەت پاش ئەوانە و بۆ هێورکردنەوەی تورکیا کە بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە هەم لە لیبیا و هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە لایان ئیماڕات و هاوپەیمانەکانی خراوەتە مەترسیەوە، جێگری سەرۆکی ئیمارات بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و رێکەوتنێکی بە بڕی 10 بلیۆن دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە بەندەرەکانی تورکیا و کەرتی پێترۆکیمیاوی و خواردن و تەکنۆلۆجیا لەگەڵ ئەردۆغان واژوو کرد کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت دەتوانێت هاوکاریەکی باش بێت بۆ ئابووری تورکیا لە ساڵانی داهاتوو و رێگربێت لە ئەگەری دژایەتی راستەوخۆی تووکیا لە پڕۆژەکانی ئیمارات. هەروەها پێدەچێت ئیسرائیل پاش راگەیاندنی پلانی بۆری گاز بۆ لوبنان لە رێگای ئوردون و سووریاوە، پێدەچێت لەگەل تورکیاش بۆ هاوکاری ستراتیجی راکێشانی بۆری گاز رێکبکەوێت.

هەروەها قەتەر بە هاوکاری تورکیا دەیەوێت گازی سروشتی خۆی لە رێگای بۆری بگەیێنێتە ئەورووپا و بۆ ئەو مەبەستە پێشبینی دەکرێت عێراق - هەرێمی کوردستان - تورکیا وەک رێڕەوی سەرەکی بەکاربهێندرێن. سەردانەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێم بۆ قەتەر و تورکیا و هەروەها سەردانی وەزیری کارەبای عێراق بۆ قەتەر دەکرێت لەو ئاڕاستەیە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئێستا تورکیا کە رێڕەوێکی گرینگی گواستنەوەی گازی رووسیا بۆ باشووری ئەورووپایە (لە رێگای بۆری ساوس ستریم) و پەیوەندی وزە و ئابووری خۆی لەگەڵ ئازەربایجان پتەوتر کردوە و ئەرمەنیستانی لەبەشێکی زۆر لە رێڕەوی گواستنەوەی گاز و نەوتی ئازەربایجان بۆ تورکیا لاداوە، هەوڵ دەدات بە گواستنەوەی گازی قەتەر لە رێگای وڵاتەکەیەوە پێگەی خۆی وەک هابی وزە بۆ ئەورووپا پتەوتر بکات. دەستوەردانی ئەو لە لیبیا و سووریاش وەک بەشێک لەو پلانە گەورەیەی تورکیا هەڵدەسەنگێندرێت.

ئەوانە و کۆمەڵێک پەیوەندی و هاوپەیمانی ئابووری - سیاسی خەریکن داهاتووی ناوچە تا رادەیەکی زۆر دیاری دەکەن. ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان کە خاوەنی پێگەیەکی جێئۆپۆلیتیکن و هەروەها دەتوانن بێجگە لە گواستنەوەی نەوت و گازی وڵاتانی دیکە، خۆشیان ببنە بەشێک لەو بلۆکانە و بە هەناردەکردنی نەوت و گازی خۆیان، رۆڵی گرینگتر ببیینن، پێگە و رۆڵیان تا رادەیەکی زۆر نادیارە.

هەرێمی کوردستان و ئەو رێڕەو و رێکەوتنانە:

ئێستا هەرێمی کوردستان، بە هەناردەکردنی ڕۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، پەیوەندی ستراتێجیکی خۆی لەگەڵ تورکیا و بەشێک لە کڕیارەکانی خۆی سازکردوە بەڵام بابەتی هەناردەکردنی گازی سروشتی کوردستان بۆ تورکیا و گواستنەوەی گازی قەتەر لە رێگای عێراق - کوردستان دەتوانێت هەم لەسەر پێگەی تورکیا و هەم پەیوەندی تورکیا و کوردستان کاریگەر بێت. هەڵبەت کوردستان وەک رێڕەوی بازرگانی تورکیا - ئیماراتیش دەتوانێت پەرە بە پەیوەندی کوردستان و وڵاتانی بەرەی ئیماراتیش بدات.

وەک ئاماژەیەك، راگرتنی باڵانس (هاوسەنگی) لە نێوان بەرژەوەندیەکانی قەتەر - تورکیا لەگەڵ بلۆکی ئیمارات – بەحرەین - سعودیە و (هەروەها ئوردون - ئسیرائیل) لە لایەک و لەگەڵ ئێران لە لایەکی دیکەوە بۆ بەکارهێنانی کوردستان بۆ گواستنەوەی بۆری گاز یان نەوت زۆر گرینگە، هەرچەند نابێت بەرژەوەندیەکانی رووسیا وەک زلهێزیێکی جیهانی کە لە ناوچە خەریکە پەرە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات و رێکەوتنی لەگەڵ کوردستان بۆ بۆری گازی سروشتی هەیە، لەبیرکرێت. بۆیە ئەوەندی چوونە پاڵ هەر کام لەو پەیمانانە دەتوانێت گرینگ بێت، ئەوەندەش دەتوانێت ببێتە هۆی دژایەتی بلۆکەکانی دیکەی ناوچە.

هەڵبەت رۆڵ و مانەوەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی کردنی یەکێک لەو پلانانە یان رێکەوتنی داهاتوو لە نێوان دوو لەو بلۆکانە دەتوانێت گوشارەکان بۆ چوونە پاڵ یان دوورکەوتنەی عێراق و کوردستان لە یەکێک لەو بلۆکانە بەرز بکاتەوە. بەڵام، ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق، بەربەستێکی زۆر بەهێزی لە بەرامبەر چوونی ئەو وڵاتە بۆ ناو ئەو رێکەوتنانە و وەک پێشبینیەک بۆ داهاتوو، دوور نیە ئەگەر بڵێین عێراق دۆڕاوی سەرەکی ئەو رێکەوتنانە دەبێت.

بۆیە، گوونجاوە کە هەرێمی کوردستان لەسەر چوون یان نەچوونی ناو ئەو رێکەوتنانە، پلانی ستراتیجی سەربەخۆی هەبێت و داهاتووی خۆی بە عێراقەوە گرێ نەدات…