پێکهێنانی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکی بەبێ کورد!

Kurd24

لە جوڵەیەکی نوێدا و لە سەر بانگهێشتی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی، کەمال کڵیچدار ئۆغلو، پارتەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورك لە  13/2/2022 و لە کۆبونەوەیەکدا شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکی، دابەشبوو بەسەر دیدگای ئیسلامیی، نەتەوەیی، لیبڕاڵ و دیموکراتخواز، دوانیان لادەر لە پارتەکەی ئەردوگان، قۆناغێکی نوێیان دەستپێکرد، بەنیازی نەخشە رێگایەك، کە رووی لە پرەنسیپە دیموکراسیەکانی ئەوروپاو رۆژئاوا بێت و پشتی لە رووسیا و دونیای سوننەی عەرەبیی بێت. ئەوەش بە ئامانجی کۆتاییهاتنی قەیرانەکانی وڵات و ئابووری شکستخواردووی دەستی ئاکپارتی و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و سوڵتانیزمی ئەردوگان بۆ سیستمی پەرلەمانی و لیبراڵی. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا، کە هەردوو دەستە راست و چەپە کۆنەکەی ئەردوگانی لە خۆ گرتووە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراتی و پێشکەوتن و سەرۆکی پارتی نوێی ئایندە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ، بریتین لە ؛ پارتی گەلی کۆماریی، خێر، ئاسودە، ئایندە، دیموکراتی و پێشکەوتن، دیموکراسی. دەخوازن ئیتر سنورێك بۆ ئەو دۆخه‌ی پاشاگه‌ردانی و دەسەڵاتە رەهایەی سوڵتان دابنێن.

لە راستیدا ھاتنەوەی ئیسلامگەری سوننەتی و کۆمەڵایەتی و چەپی رادیکاڵ و کەمالیزمە نوێیه‌کان و ئەکادیمیست و ئازادیخواز بە فۆڕمی کوالیسیۆن و ھاوپەیمانێتی لەم بەرە شەش حیزبییە، بەبێ کورد بۆ گۆرەپانی سیاسی، هیچی کەمتر نییە لە هەژموونی مەترسیەکانی سوڵتانیزمی ئەردوگانی و عوسمانییە نوێکان و پڕۆژەی سوننەی دژە دیموکراسی. راستە ئەمانە لەسەر پشتی بەلەمی ئابووری لاواز، دراوی کەم بایەخ، شەپۆلی ناڕه‌زایی گەنجان، بێکاری، درزی گەورەی سەرۆکایەتی و نەبوونی ئازادیەکانەوە دێن بۆ گەرانەوەی سەروەریی بۆ وڵات و بە سیسته‌مکردنەوەی وڵات بۆ پەرلەمانیی و فرەیی، وەلێ هاتنەکەیان پڕە لە ئیشکالیەتی ئەخلاقی و مۆڕاڵی بەرز. هەر لەو سەرەتایەوە ئەجێندای ئەو پارتانە دیدی فاشیزم، نەژادپەرستی، پاکتاوکردن و گوتاری رەدکردنەوەی بە تۆپزیی لە خۆگرتوە، بەیاننامەکەشیان بە دیدێکی تەسکی حیزبیی پانتورکی و تۆرانیزم و نەخشەڕێگایەکی دژە دیموکراسیی نوسراوە، کە ئازادی گەلان له‌بەرچاو نەگیراوە. ئه‌گەرچی ئاماژە بە فیدراڵیەت و مافی زمانیی دراوە بە نەژادەکانی ئەرمەنی و یۆنانی بەپێی پێوەری دیموکراسی و خۆ وەرچەرخان بۆ ئەو فرە رەنگیەی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام بۆ کورد نا! بۆیە لەبەر ئەو هۆکارانە، نەزعەی تورکچێتیی و رەدکردنەوەی کورد بە ئاشکرا بەدی دەکرێت.

یەکەم؛ ئه‌گەرچی بەیاننامەی بەرایی یەکەم کۆبوونەوەی ئەم شەش پارتە تورکییە، وەك داڕشتن و فۆڕمە گشتییەکەی جوانە، نەخشە رێگایەك بۆ لیبڕالیزمی نوێ و دیموکراسی و دادگەریی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکدی و گەڕاندنەوەی سیستمی پەرلەمانیی بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە حوزەیرانی 2023، کە ئەوە گورزی کاریگەرە بۆ دەسەڵاتەکانی ئاکپارتی و رەجەب تەیب ئەردوگان و فراوانبونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی نوێ.

بەڵام ناوەرۆکی شاراوەی لێتێگەیشتنەکە ئەوەندە رق و تۆڵە و نەژادپەرستی مێژوویی تێدایە، باوەڕ بەخۆت ناکەیت ئەمانە سبەی حوکمیان بەدەست بێ لە ئەردوگان خراپتر نەکەن دژ بە گەلی کورد و زمان و ناسنامەکەی، چونکه‌ بە وشەیەکیش ئازارەکانی گەلی کوردیان لە باکوور باس نەکردوە، هەرگیز دۆزگەریی کەمایەتی و نەتەوەیەکی وەك کوردیان لەبەرچاو نەگرتووە، بەتایبەت تەڤگەری کوردیی و پارتێکی کاریگەری وەك پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە، کە 67 کورسییان لە پەرلەمان هەیە و سەدان سەرۆك شارەوانیی و هاوسەرۆك و سەرۆکەکەیان بۆ پێنج ساڵە زیندانیکراون بەبێ هۆ لە 4/11/2016، کە دەبوو ئەوانیش وەك ئۆپۆزسیۆنێکی جددی و نوێنەرایەتی میزۆپۆتامیا و گەلی کورد بەشداربوونایە.

دوەم ؛ ئەو پارتانە راگەیاندنی ئەنجام و نەخشە رێگاکەیان خستووه‌تە بەروارێکی مێژوویی رەش و مەترسیدار، کە مەغزای قوڵیی سیاسیی لە شەقامی تورکی و جیهانی عەرەبیدا هەیە، زادەی ئەوەیە ئەو شەش پارتە هێشتا لە خەیاڵدانێکی کۆن و دژە دیموکراسیدا دەژین و نەیانتوانیوە ئەو لۆژیکە تێپەڕێنن، کە لۆژیکی میلیتاریزم و کۆدەتا و یەکتر سڕینەوەیە، بەروارەکەش بۆ راگەیاندنی نەخشە رێگه‌کەیان 28/2/2022 ، هاوکاتە لەگەڵ کۆدەتاکردن بەسەر حکومەت و دەسەڵاتە شەرعیەکەی نەجمەدین ئەربەکان لە ساڵی 28/2/1997 کە ئەوێ رۆژێ، جەنه‌راڵەکان کودەتایان بەسەر شەرعیەتدا کرد و دیموکراسیەتیان ئەتك کرد و ئەربەکانیان لە حوکم دوورخستەوە، ئەوە ئاماژەی مەترسیداری لەخۆگرتوە بۆ رەدکردنەوەی ئەو لێدوانەی ئەردۆگان، کە گوتبووی: ئاینی فەرمیی وڵات دەکەم بە ئاینی ئیسلام لە دەستووردا.

 رەنگە ویلایەتی سێیەمی کۆما رو سوڵتانیزمی نوێ کەمێك سەخت بێت بۆ ئەردوگان، سواربوون لەسەر شەپۆل و ھەستی سوننەگەرای دینی و سەلەفیەتی توندڕه‌وی عەرەبی بە تەفرەدانی ئاین و بەکارھێنانی سیمبولەکانی، بەشێك بوو لە خەونی ئەردوغان و ئێستا ئەم بەرەیە بە پشتیوانی ئەوروپا خەریکی رێگریین لەو هەنگاوانە. بەتایبەت دیدی خورافە و زیندوکردنەوەی خەلافەتێکی سوننی لەلایەن ھەندێك تایپی دینی و دەوڵەتی کلاسیکیی ناوچەکەوە بۆ ئەردوغان و هێرشەکانی بۆسەر عەفرین و رۆژاڤا قورس شکایەوە، رەنگە ململانێکان لە ئایندە توندتر ببنەوە .