دەربارەی: نووسین و وەرگێڕانی کتێبی "داغستانی من"

Kurd24

دەربارەی: نووسین و وەرگێڕانی کتێبی "داغستانی من"

( Дир Дагъистан - Мой Дагестан)

کتێبی "داغستانی من" لە لایەن رەسول هەمزاتۆڤ (1923 - 2003) بە زمانی ئاڤاری نووسرایە و ڤلادێمیر سەڵۆوخین (Владимир Солоухин) بۆ زمانی روسی وەرگێڕایە. کتێبی ("داغستانی من" یان وەک داغستانییەکان دەڵێن "داگێستانی من") لە دوو بەرگ پێکدێت و یەک لە شاکارەکانی ئەدەبی وڵاتی داگێستان و هەموو سۆڤیێتە.

کتێبی یەکەم لە 1967 چاپکرا و کتێبی دووەمیش لە 25ی ئەیلولی 1970 تەواو بوو. کتێبی یەکەم لە 14 ژمارەی گۆڤاری (ئەگەنیۆک) لە ساڵی 1968 بڵاوکرایەوە و خوێنەرێکی یەکجار زۆری بۆخۆی پەیداکرد.

ئەوە یەکەم بەرهەمی ئەوجۆرە نووسینەی رەسول هەمزاتۆڤە، کە پێشتر تەنیا شیعری دەنووسی. کتێبی "داغستانی من" نزیکەی 50 جار لە روسیا چاپکرایتەوە.

کۆماری داغستان، یەک لە کۆمارە کۆنەکانی ناو روسیای فێدراڵە و لە 20ی کانوونی دووی 1921 وەک کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی لەناو یەکێتی سۆڤیێت دروست بوو. ژمارەی دانیشتوانی ئەم کۆمارە نزیکەی سێ ملیۆن کەسە، 14 نەتەوە بە 14 زمان دەنووسن و قسە دەکەن، هەمووشیان بە گوێرەی دەستوری وڵات رەسمین، بەڵام زیاد لە 60 نەتەوەی جیا لە داغستان دەژی، جگە لە زمانی دایک، هەموویان زمانی روسی دەزانن.

ناوی داغستان وشەیەکی لێکدراوە. (داغ - داگ) بە زمانی تورکی دەکاتە (چیا)، (ستان) بە فارسی دەکاتە (زەوی – وڵات).

لەو نووسینەم هەڵسەنگاندنێک بۆ کتێبی "داغستانی من" بۆ وەرگێڕانەکەی مامۆستا عەزیز گەردی دەکەم، کە لە ساڵی 1979 کتێبی یەکەمی لە چاپخانەی (علاء) بە 370 لاپەڕە و کتێبی دووەمیشی لە 1985 لە چاپخانەی (الحوادث) بە 297 لاپەڕە هەر لە بەغدا چاپکرد.

مامۆستا عەزیز گەردی ئەو کتێبەی لە زمانی ئینگلیزی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕایە. من هەردووک ڤەریانتی (کوردی و روسی) کتێبی "داغستانی من"م بۆ نووسینی ئەو گوتارە لەبەردەست بووە، لاپەڕەکانم هەڵداوەتەوە، وەرگێڕانی کوردیم لەگەڵ ڤەریانتی روسی بەراورد کردییە، تێبینی و کەموکورتی لە هەر هەموو لاپەڕەکان دەبینرێ و هەیە.

لەوانەیە ئەو تێبینیانەی من لەسەر وەرگێڕانی کوردیم هەیە، ئەگەر بەرهەمێکی لەو شێوە گرنگ و پڕبایەخ نەبوایە، زمان رۆڵی سەرەکی لەو کتێبە نەگێڕابا، هەڵوەستەم لەسەری نەدەکرد و ئەو گوتارەم نەدەنووسی، بەڵام ئەوەی ئەو کتێبەی لە جیهان ناودار کرد، وڵاتی داگێستانی بەجیهان ناساند، پێش هەموو شتێ، زمانی نووسین و دەربڕینەکەیەتی، کە بەداخەوە لە وەرگێڕانی کوردی هەقی خۆی پێ نەدرایە، چونکە زۆر قووڵتر و تێرتر نووسرایە، لەوەی خوێنەری کورد بە زمانی کوردی دەیخوێنیتەوە.

من لەو نووسینەم باس لە خاڵبەندی هەر ناکەم، کە بە هیچ جۆرێک نابی بۆشایی (سپەیس) لەنێوان وشە و خاڵ یان فاریزە...هتد هەبی، هەروەها بەهیچ شێوەیەک تێکستی دیالۆگ نابی لەناو کەوانە یان جووت کەوانە دابنرێ، کە لە ڤەریانتی روسییەکەش نییە، بەڵکو وەک لە زمانەکانی ئەوروپی، لەجیاتی کەوانە هێڵ (-) لە سەرەتای دێر دادەنری، کە من لەو شوێنانەی کۆپلەیەکم لەو تێکستە ڕاستکردیتەوە و وەرگێرایە، پەیڕەوم کردییە.

هەر لەو نووسینە، من نامەوێ بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە لە کارە گەورەکانی دیکەی مامۆستا عەزیز گەردی بگرم، بەڵکو ڕەخنە و تێبینییەکانی من تەنیا لەسەر ئەو کتێبەی بەردەستە، دڵنیاشم، ئەگەر د. عەزیز گەردی زمانی روسی بزانیبا، قەت بەوجۆرەی وەرنەدەگێڕا، چونکە عەزیز گەردی وەرگێڕێکی زۆر بەتوانا و دەستپاکە.

بۆ ئەوەی باشتر و زیاتر لە کتێبی "داغستانی من" بگەین، لەخوارەوە هەندێ نموونەی وەرگێڕانی عەزیز گەردیم وەک خۆی تایپکردیتەوە و دواتر هەمان تێکستم لە زمانی روسی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕایە.

دیالۆگێک بەو جۆرە لە لاپەڕە (11)ی کتێبی یەکەم چاپی 1979 وەرگێڕدرایە:

<< ڕاوەستە ڕەسووڵ ! دەمەوێ دوو پرسیارت لێ بکەم >> .

<< فەرموو ، بپرسە >> .

<< پاڵتۆت بۆ خۆت کڕی ؟ >>

<< نەخێر >> .

<< پارەکەت خەرج کرد ؟ >> .

<< بەڵێ ، خەرجم کرد>>

<< ئێستا ، هەموو شت ئاشکرا بوو . کە تۆ نوێشکی شتەکە بە دوو قسە دەگوترێ ، تۆ بۆ هێندە قسەی بێ کەڵک دەکەیت و پێشەکیی وا دوورو درێژ دادەمەزرێنی >> .

ڕاستییەکەی بە زمانی روسی بەوجۆرەیە:

- راوەستە، رەسول، دەمەوێ دوو پرسیارت لێ بکەم.

- بپرسە.

- پاڵتۆت کڕی؟

- نەم کڕی.

- پارەکەت خەرج کرد؟

- خەرجم کرد.

- ئەها، ئێستا هەمووی ئاشکرابوو. بۆچی ئەو هەموو وشە بێ کەڵکانەت گوت، بۆچی ئەو پێشەکییە دوورەی دەدەیێ، ئەگەر نەتیجەکەی بە دوو وشە بگوترێ؟ بەوجۆرە باوکم فێری کردم.

وەرگێڕ لە زۆربەی شوێنەکان، مانای دروستی وشەکانی نەنووسییە، درێژدادڕی کردییە لەکاتێکدا، وەرگێڕ قەت ئەو مافەی نییە، وشەی بۆ زیاد بکا، پەیام بگۆڕی، بەتایبەتیش بەرهەمی یەک لە شاعیرە هەر ناودارەکانی روس و داغستان، چونکە ئەو زۆر بە ئاسانی دەیتوانی لەجیاتی بنووسی: ("پاڵتۆت کڕی"؟ بنووسی: "پاڵتۆت بۆخۆت کڕێ؟" یان لەجیاتی: "نەمکڕی"، بە ئاسانی دەیتوانی بنووسی: "نەخێر"). دەبی حیکمەتێک لەو نووسینە، لەو داڕشتنەی هەمزاتۆڤ هەبووبی، بۆیە بەوجۆرەی نووسییە، کە دوای زیاد لە پەنجا ساڵ، هێشتا لەسەری دەنووسرێت و دەخوێندرێتەوە.

لە هەمان لاپەڕەی (12) عەزیز گەردی ئەو ڕستەیەی بەوجۆرە وەرگێڕایە:

(کاتێ کە خەڵک چاوەڕێی کۆڕەوی زەماوەندێک ، یا شین و شەپۆڕێک دەکەن ، پێش هەموو شتێ قاسیدیان لێ دەردەکەوێ .).

ڕاستییەکەی بەوجۆرەیە: (کاتێ خەڵک چاوەڕێی بینینی زەماوەند یان پرۆسەی ناشتن دەکەن، لە پێشدا قاسید دەبینن.).

لە لاپەڕە (16) پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن عەزیز گەردی بەوجۆرەی خوارەوە وەرگێڕدرایە:

<< هەڵۆو ، ڕەسووڵ ، ڕۆژباش. نامەکەت پێ گەیشت ؟ >> .

<< بەڵێ ، پێم گەیشت ! >>

<< ئەدی کوا باسەکە ؟ >>

<< خۆت دەزانی سەرم زۆر قاڵە ، نەپڕژاومەتە سەر نووسین >>.

<< گوێت لێ بێ ڕەسووڵ ، قسەی وا نابێ . گۆڤارەکەمان نزیکەی ملیۆنێ دانەی لێ چاپ دەبێ ، لە دەرەوەی وڵاتیش دەخوێندرێتەوە . (باوەڕ ناکرێ، سەرنووسەری گۆڤارێكی تیراژ یەک ملیۆنی، بەوجۆرە بازاڕییە قسە لەگەڵ شاعیرێکی ناوداری داگێستان بکا).

ئەو دیالۆگەی سەرەوە ڕاستییەکەی بەوجۆرەیە:

- مەرحەبات لێ بێ، ڕەسول! نامەکەی ئێمەت وەرگرت؟

- وەرمگرت.

- ئەی کوا مەتریالەکە؟

- بەڵێ من... کاری... هەرچۆنێکی بێ، پێ ڕاناگەم.

- ئەوە باسی چ دەکەی رەسول! ئەوە هەر موناقەشە ناکرێ. دەزانی تیراژی گۆڤارەکەمان نزیکەی یەک ملیۆنە و لە دەرەوەی وڵاتیش دەیخوێننەوە.

لە بەشێکی دیکە لاپەڕە (25): (لەبارەی ئەم کتێبە و ناونیشانەکەیەوە) ڕاستییەکەی بەوجۆرەیە: (دەربارەی بیرۆکەی ئەو کتێبە و ناولێنانی)

لە لاپەڕە (31) عەزیز گەردی ئەو شیعرەی بەوجۆرە وەرگێڕایە:

هەرچەندە هەوڵ دەدەم ناتوانم وەکو

چۆن خۆم دەمەوێ، ئاوا ، باسی وڵاتەکەم بکەم

خورجینەی پڕم بە پاشکۆی زیندا شۆڕ بۆتەوە

هەرچەندە هەوڵ دەدەم بۆم ناکرێتەوە

نەمتوانیوە بە زمانی زگماکم گۆرانی یەکی نوێ

لەبارەی دونیای بەر مانگەشەو بنووسم

سندووقێكی پڕ خەزنەم دۆزی یەوە

هەرچەندە هەوڵ دەدەم بۆم ناکرێتەوە

ڤەریانتی روسییەکە بەوجۆرەیە:

دەربارەی ناوچەی ئێمە و هەموو ناوچەکانی دیکەی ژێر مانگ

چۆنم دەویست، من نەمتوانی باسی بکەم،

تێڕەکی پڕم لەگەڵ خۆم هەڵگرت،

سەیرەکە لەوەدابوو، نەمدەتوانی بیکەمەوە.

دەنگی گۆرانی بە زاراوەی خۆم

لە دونیای ژێر مانگ، نەمدەتوانی بچڕم،

ئەو سندوقە گرانەم بۆ سەر شان برد،

بەڵام سندوقم بۆ نەکرایەوە.

لە زۆر شوێنی دیکە (ڕوونتر لە هەموو لاپەڕەکان)، وەرگێرانی نادروست دێتە بەرچاو. گرنگی ئەو دوو کتێبە لەوەدایە، کە بە زمانێکی زۆر تایبەت و ئەدەبی نووسرایە، نووسەر پێشتر هەر شیعری نووسییە، بە زمانی شیعر، بە پەخشانە شیعر ئەو کتێبەی نووسییە، بۆیە لە وەرگێڕانی نابی یەک وشەی بۆ زیاد و کەم بکرێ.

ڤەریانتی روسی، باشترین ڤەریانتی ئەو کتێبەی رەسول هەمزاتۆڤە، چونکە خۆی روسییەکی زۆر باشی زانییە و لە وەرگێڕانی رازیبووە و ڕەزامەندی چاپکردنی دایە، ئەگەر نا، قەت بڵاونەدەکرایەوە. دوای ئەوەی بۆ زمانی روسی وەرگێڕدرا، ئینجا لە روسییەوە بۆ نزیکەی سی زمانی دیکە وەرگێڕدرا.

لە لاپەڕە (36) عەزیز گەردی ئەو کۆپلەیەی بەوجۆرە وەرگێڕایە:

لە دەفتەری بیرەوەریمدا : کیسڵۆڤۆدسک (بووژانگە) . من و ئۆزبەکی یەک هاوژوورین . لەکاتی هەڵاتن و ئاوابوونی ڕۆژ ، لە پەنجەرەوە ، جووتە لووتکەی جمکانەی ئەلبوزمان لێ دیارە .

راستییەکەی بەوجۆرەیە:

لە دەفتەری یاداشتنووسین

کیسڵۆڤۆدسک. ئێمە دوو کەسین لەو ژوورە. من و ئوزبەکییەک، لەکاتی ڕۆژ ئاوابوون و لەکاتی ڕۆژهەڵاتن، لە پەنجەرە هەردووک لوتکەی ئێلبوڕسا دەبینین.

لێرە وەرگێڕ جوانی وەرنەگێڕایە و تەواو مەبەستی نووسەری شێواندییە. ئەو ناشزانی (کیسڵۆڤۆدسک) هەرێمێکی سیاحی قەفقازە، هەروەها نازانی وشەی (پەڵاتە –палата ) بە زمانی روسی دەکاتە ژوورێک لە نەخۆشخانە... ئەو وردەکارییە بۆ وەرگێڕان زۆر گرنگە و نابی فەرامۆش بکرێ. تەنیا زانینی زمان بۆ وەرگێڕانی کتێب بەش ناکا، بەڵکو کەسی وەرگێڕ، لە ڕاستیدا دەبی لەو وڵات بژیت، بۆ ئەوەی لە وردەکاری و لایەنە شاراوەکان و دەربڕینی زمان تێبگا.

لە لاپەڕە (53) نووسرایە:

لە مۆسکۆ ، پیرە داربەڕوویەکم بینی گوتیان ئەوە (ئیڤان)ی (گرۆزنی) ناشتوویەتی . ئەو درەختە زۆر کەسی دیوە بەرگی (بۆیاری)یان لەبەردا بووە ، ئینجا قەمسەڵە و پارۆکە ، پاشان شەبقەو چاکەتی شۆڕ ، خوودەی سەربازی (بودیۆنی)و چاکەتی قایش و پاشتریش چاکەت و کراسی ئاسایی و پاش ئەویش پانتۆڵی دەرەلینگ فش و پانتۆڵی تەسک . کەچی دار بەڕووەکە هەروەکو خۆی مایەوە . وەک ئەوەی بە خەڵکەکە بڵێ :

هۆ خەڵکینە ! ئەگەر هیچ ئیش و کارتان نەبێ . هەر ڕابکەن و مۆدەی جل و بەرگتان بگۆڕن .

ڕاستییەکەی بەوجۆریە:

لە مۆسکۆ دار بەڕوویەکی گەورەم بینی. دەڵێن، ئیڤان گرۆزنی چاندوویەتی. (ئیڤان گرۆزنی، حوکمدار و قەیسەری هەرە گەورە و ناوداری هەموو روسیا بووە لە نێوان (1547 – 1584) دەکاتە ئەوەی، لەو تەمەنە زۆرە، لە سەرەتا خەڵکی بە جلی شازادە دەبینی، دواتر بە جلی کامزۆڵاخ (پاڵتۆی ئەریستۆکڕاتەکان) ئینجا بە پرچی دەستکرد (باڕۆکە)، دواتر بە شەپقە و سمۆکینگ، دواتر بە بوودیۆنۆڤکە (جۆرە کڵاوێکی عەسکەری لەشکری سوورە) و چاکەتی چەرم، ئینجا بە چاکەتی ئاسایی و پانتۆڵی بەرین، دواتر بە پانتۆڵی تەسک... وەک ئەوەی دار بەڕووکە بە خەڵک بڵێ: بۆ خوارەوە ڕابکەن، ئەگەر هیچ کاری دیکەتان نەبی، جلەکانتان بگۆڕن.

ئەگەر ئەو دوو وەرگێڕانەی سەرەوە بخوێنینەوە، جیاوازی زۆر لە نووسینەکە دەبینین، کە وەرگێڕی کوردی بە ئارەزووی خۆی تێکستەکەی گۆڕییە، کەم و زیادی کردییە، یاری پێکردییە و مانا و مافی تەواوی خۆی نەدایتێ. 

لە شەست و حەفتاکان ژیان لە یەکێتی سۆڤیێت بەرەو باشبوون دەچوو، خەڵک سەرکردەی خۆش دەویست و هیوا و ئومێدیان بە داهاتوو هەبوو، بڕوایان بە دروشمی حزب دەکرد، وێنەی گەورەی سەرکردەکانی کۆمۆنیست و سۆڤیێتیان لە شەقامەکان هەڵدەواسی، قارەمان دروست دەکرا. بە کورتییەکەی، پێشکەوتن هەموو کەل و قوژبنێکی سۆڤیێتی گرتبۆوە و بێگومان داغستانیش یەک لەو کۆمارانە بوو، خۆشگوزەرانی و ئومێد ڕووی تێکردبوو. هەر لە سۆڤییەت و لەو سەردەم، کارگەی نوێ، باڵەخانەی نوێ، دەیان ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بە خێراییەکی زۆر دروست دەکرا، ئەو هەموو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە بە ئاشکرا دەبینرا و ئومێد و خەندە میوانی هەموو کەس و ماڵێک بوو. لەو کاتە بیر لە نووسینی کتێبی: "داغستانی من  - داگێستانی من" کرایەوە. ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەیانویست لەسەر ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنەکان بنووسن، بایەخ بە گەلانی ناو یەکێتی سۆڤییت بدەن، کاری زۆر لەسەر فەرهەنگ بکەن. ئا لەوکاتە، داوا لە رەسول هەمزاتۆڤ دەکرێ، بۆ گۆڤاری (ئەگەنیۆک) بە 9 – 10 لاپەڕەی فولسکاپ بە چاپکرایی، لەسەر وڵاتەکەی بنووسی، کە پێشتر زیاتر شیعری دەنووسی. رەسول لەو نامەیە توڕە دەبێت و دەزانێ، سەرنووسەر داوای کارێکی موستەحیلی لێ دەکا. لەگەڵ کات، دەرکەوت، دەستی بە نووسین کرد، بەمجۆرە شاکارێکی ئەدەبی جیهانی لەدایک بوو.

ئەوە جاری یەکەم نییە، سەرنووسەری گۆڤارێکی پڕخوێنەر داوا لە نووسەرێکی وڵاتەکەی بکا، لەسەر بابەتێکی دیارکراو بنووسی. لە کۆتایی پەنجاکان، گۆڤاری Life ئێڕنست هێمینگوای دەنێریتە ئیسپانیا بۆ ئەوەی لەسەر  Dominguin و Ordonez  بنووسی‌. ئەوان بەناوبانگترین مەتەدۆری ئەوكاتەی ئیسپانیا بوون. ئەو یاریە Corrida ی پێدەڵێن. هێمینگوای هاوینی 1959 لەسەر داوای گۆڤاری لایف دەگەڕێتەوە ئیسپانیا، بۆ ئەوەی لەنزیكەوە سەیری خەباتی ئەو هونەرمەندانە بكات و گوتارێكی چڕ بە دە هەزار وشە بنووسێت. هێمێنگوای لەجیاتی نووسینی (10) هەزار وشە، (120) هەزار وشەی نووسی. هەموو نووسینەکە بڕیاربوو بە یەك گوتار و لە یەك ژمارەی (ڵایف) بڵاوبكرێتەوە، بەڵام دواتر نووسینەكە بە کورتکراوەیی وەك سێ‌ گوتار لەگۆڤاری ناوبراو چاپ کرا. درەنگتریش وەک ڕۆمان بەناوی (هاوینی خەتەرناک) لە کتێبێکی سەربەخۆ بە (45) هەزار وشە لە ساڵی 1985 چاپ کرا و بڵاوکرایەوە.

بیرۆکە و داواکردن لە ڕەسول هەمزاتۆڤ، بۆ نووسینی گوتارێک بۆ گۆڤاری (ئەگەنیۆک)، بەدوور نازانرێ سوود لە ئەزموونی گۆڤاری (ڵایف) و ئێڕنست هێمێنگوای وەرگیرابی، چونکە ئەو داواکارییەی ڕەسول هەمزاتۆڤ، تەنیا چەند ساڵێک دوای بڵاوکردنەوەی گوتارەکەی هێمێنگوای بووە.

نووسین لەسەر کتێبی: "داغستانی من" کۆتایی نەهاتییە و تا ئێستا هەر بەردەوامە. نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەدەبناس و پڕۆفێسۆر عەبدوڵا محەمێدۆڤ لەسەر کتێبی رەسول هەمزاتۆڤ "داغستانی من" بە زمانی روسی بەوجۆرەی نووسییە:

- کتێبی "داگێستانی من" تەنیا کتێب نییە، ڕووداوێکە و لە کتێب گەورەترە. ئەو تەنیا ڕەوشی داگێستانییەکانی نەگۆڕی، بەڵکو هەموو ئەدەبی یەکێتی سۆڤیێت و روسیاشی گۆڕی. لە هیچ شوێنێکی ئەو کتێبە، بە ڕێکەوت هیچ نادۆزیتەوە.

(ڤلادێمیر کەچێتۆڤ) لە گوتارێكی بەناوی: (رەسول هەمزەتۆڤ، ژانر و قارەمان) دەنووسی:

- بێ "داگێستانی من"، ناکرێ  بیر لە نەثر بکرێتەوە، بە هەمان شێوە بێ شیعرەکانی هەمزاتۆڤ ناتوانی بیر لە شیعری داغێستانیان بکەیتەوە. ئەو کتێبە یەکسەر دوای دەرچوونی سەرنجی هەموو ڕەخنەگرانی سۆڤێتی بۆلای خۆی ڕاکێشا. ئەوەی زۆر سەرنجی ڕەخنەگرانی بۆلای خۆی ڕاکێشا، ژانری ئەو کتێبەیە. لە هەموو ئەو نووسینانەی لەسەر ئەو کتێبە نووسراین، ڕەخنەگران - هەڵسەنگێنەران، هێشتا نەیانتوانی بەسەر ژانرێکی ئەدەبی ساغی بکەنەوە، بۆیە هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی "داگێستانی من" تەنیا کتێبە و هیچی دیکە نییە.

رەسول هەمزاتۆڤ لەسەر ژانری ئەم کتێبەی خۆی بە شێوەیەکی زۆر جوان دەنووسی:

- "داگێستانی من" چییە ئایا: چیڕۆکە، گێرانەوەیە، ئەفسانەیە، داستانە، قسەی نەستەقە، حیکایەتی میللییە، بیرکردنەوە و داهێنانە یانیش تەنیا گوتارێکە، من نایزانم. هەندێک لە رەخنەگر و هەڵسەنگێنەران لێم دەپرسن: من چیم نووسییە، نە ڕۆمان، نە ئەفسانە، نە گێڕانەوەیە، بە شیوەیەکی گشتی هیچ دیارنییە، تۆ چیت نووسییە. هەندێ لە ڕەخنەگر و هەڵسێنگەرانی دیکە پێم دەڵێن، ئەوەی تۆ نووسیوتە، دەچێتە خانەی هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسیان کراوە، ئەوە و ئەوەی دیکەیە و ئەوەی سێیەم و پێنجەم و دەیەمیشە. منیش پێیان دەڵێم، دواتر ئەو ناوەی لێبنێن، کە لە نووکی دێتەدەر.

پاش ئەو نووسینەی ڕەسول هەمزاتۆڤ لەسەر کتێبەکەی خۆی "داغستانی من" باشتر لە وەڵام نەدانەوەی سەرنووسەری گۆڤاری (ئەگەنیۆک) دەگەین، بەتایبەتیش لەکاتەی دەڵێ: (من چۆن دەتوانم، "داغستانی خۆم" لەناو نۆ دە لاپەڕەی ئێوە بپێچمەوە و بتان دەمێ).

ئەوەی ئەو کتێبەی کردووه‌تە شاکارێکی ئەدەبی گەورەی جیهانی، زمان و شێوە نووسینییەتی، دەربڕینی ڕاست و بیرکردنەوەی دروستە. بە ئاسانی دەبینرێ، زۆر بە وردی وشەکان هەڵبژێردراین، هەروەها پیشاندانی خۆشەویستییەکی بێ مەرجە بۆ وڵاتێکی شاخاوی و جوان، کە دابونەریتێکی هەزاران ساڵەی دەوڵەمەندیان هەیە.

بە سوودوەرگرتن لە پەندی پێشینان، قسەی نەستەق، شیعر، گێڕانەوە، داهێنان و بەکارهێنانی جۆرە زمانێکی زۆر دەوڵەمەند و شاعیرانە، ئەو کتێبە بەو تێری و پڕییە دەرچوو، کە هەیە، جگە لەوە، کتێبی "داغستانی من"، وڵاتێکی گچکەی بە هەموو جیهان ناساند، بۆیە دەستکاریکردن یان فڕەدانی یەک وشە، غەدرێکی گەورە، لەو شاکارە ئەدەبییە دەکرێ، لە داگێستانییەکان دەکرێ، خیانەت لە نووسەر دەکرێ.

بۆ نووسینی ئەو گوتارەم وەک لە پێشتر نووسیم، سوودم لە ڤەریانتی کوردی هەردووک کتێب (کتێبی یەکەم و کتێبی دووەم) لە وەرگێڕانی عەزیز گەردی و ڤەریانتی روسی، کە لەلایەن ڤلادێمیر سەڵۆوخین لە زمانی ئاڤاری بۆ زمانی روسی وەرگێڕایە وەرگرت.

زۆربەی لاپەڕەکانی ڤەریانتی کوردیم لەگەڵ چاپی روسی بەراورد کرد، دەبینم غەدرێکی گەورە لە ڕەسول هەمزاتۆڤ و کتێبی "داغستانی من" کرایە. لەو چەند نموونە گچکانەی لەسەرەوە هێناومەتەوە، پیشانی دەدا، وەرگێڕی کوردی هەقی خۆی بەو کتێبە گەورەیە نەدایە، وشە و ڕستە بەجۆری دیکە یان بە هەڵە وەرگێڕایە، کە ئەگەر بە نووسەر پیشان بدەن، کتێبی خۆی ناناسیتەوە.

بەسەرهاتێکی شێرکۆ بێکەس هەیە، لێرە و لەگەڵ ئەو گوتارەم زۆر باش دەگونجێ.

لە زستانی 1991 شێرکۆ بێکەس هاتە لێنینگراد و چەند ڕۆژێک لای من مایەوە. لە دانیشتنەکان بەردەوام من کاری وەرگێڕانم بۆ دەکرد. شەوێکیان کۆمەڵێک قوتابی روس و کورد، کیژ و کوڕ لە ژووری من دانیشتبووین. جەووێکی زۆر خۆشمان هەبوو، خواردن و خواردنەوەی زۆر لەسەر مێز دانرابوو. لە چرکەساتێک نەمتوانی قسەی شێرکۆ بێکەس وەربگێڕم، چونکە لەگەڵ برادەرێک قسەم دەکرد، بەڵام گوێم لێ بوو شێرکۆ بێکەس گوتی: (دانیشتنی بێ کیژ لە گوڵدانی بێ گوڵ دەکا)، ئەحمەد تۆفیقی برادەرم، کە لە زمانی روسی پەنچەر بوو، بینی من لەگەڵ ئەوەی تەنیشتم قسە دەکەم، دەرفەتی وەرگرت و یەکسەر قسەکەی شێرکۆ بێکەسی وەرگێڕا:

- شاعیرمان دەڵێ: (دانیشتنی بێ کیژ لە لۆری بێ شۆفێر دەکا). لێرە کاک قارەمان، کە تا ئێستا بە مەستی دانیشتبوو، نوققەی لە دەو دەرنەدەهات، ڕووی لە شێرکۆ بێکەس کرد و بە حەپەسانەوە گوتی:

- ئەها کاک شێرکۆ! قسەکەی تۆیان بەوجۆرە: (دانیشتنی بێ کیژ لە لۆری بێ شۆفێر دەکا) وەرگێڕا. من یەکسەر قسەم لەگەڵ برادەرەکەم ڕاگرت و سەیری شێرکۆ بێکەس دەکەم، چ کاردانەوەیەکی دەبی... من دەبینم لە هەمان کات، ئەویش سەیری من دەکات، هەردووک دەستی پێش بەکارهێنانی زار و گەرووی، لەپێش سینگی بە ڕەقی درێژ کردییە، کە لە حاڵەتی دیکە زیاتر لە دوعا خوێندن یان نیمچە هەڕەشەی پێش دەنگهاتن دەکات و بۆ منیش لێرە، حوکمی دوو لولەی تفەنگیان هەیە... دواتر دەنگە زلەکە وەک هەورە تریشقە دەبیسترێ:

- بۆ قسەکانم وەرناگێڕی؟ کاکە، من کەی باسی لۆریم کردییە؟... من دەبینم، لەو ژوورەی ژمارە حەوت، لە نهۆمی 13 ی بەشی ناوەخۆی زانکۆی سانکت پیتربوورگ، بەو نیوەشەوە ساردە، دەنگی پێشکە نایە... هەموومان بەو سەرگەرمییە، چاومان زەق و دەومان کراوەیە، ئەوەی گریماژە لەسەر ڕوومان نابینرێ، هێشتا حەپەساوین، چۆن گوڵدان بە سەیارە شوبهێندرایە؟ روسەکانیش جارێ لەوە تێناگەن، چۆن و بە چەقەنەیەک، کەشوهەوای ئەو ژوورە گەرم و دانیشتنە زەوقلی و ئاوەدانە، ئەو ساردییەی تێکەوت، کە تا پێش ساتێک، گفتوگۆی گەرم لەسەر مێژوو و ئەدەبی کلاسیکی روس دەکرا... پاش ئەو سڕبوونە، جەووە کشومات و بێ گیانە، من وەک خاوەن ماڵ و وەرگێڕ، یەکەم قسەم کرد و بێدەنگی و ساردیم شکاند:

- بەڕێزان! داوای بووردن لە هەمووتان دەکەم... بە دەنگێکی نیمچە شەرمەزارییەوە گوتم... بەڕیز شێرکۆ بێکەس گوتی: (دانیشتنی بێ کیژ لە گوڵدانی بێ گوڵ دەکا)... بەڕاستی قسەیەکی جوانە... وانییە؟ چەپڵەیەکی گەرمم لەجیاتی وەڵام بۆ لێدرا... زوو تێ گەیشتم، ئەو وەرگێڕانە دروستەی من، شەوەکەی لە بەڵایەکی گەورە ڕزگارکرد، جارێکی دیکە گفتوگۆی گەرم دەستی پێکردەوە...

من ئێستا ڤەریانتی کوردی کتێبی "داغستانی من" دەخوێنمەوە، ئەو شەوە درێژەی سانکت پیتربوورگم دێتەوە بیر و بینیم، شێرکۆ بێکەس چۆن، بەیەک دێڕ و دەربڕین بەڕووی من تەقییەوە و هاواری لێ هەڵسا، دەبی ڕەسول هەمزاتۆڤ بۆ پیشاندانی هەست و سۆزی ناسکی شاعیرانەی، بۆ وەرگێڕانی ئەو دوو کتێبەی، بەو کوردییە، لە زمانی سێیەمەوە بۆ زمانی کوردی، پێویستی بە چ تۆن و دەنگێك دەبی؟ شاعیر دڵی ناسکە...