"کیێڤسکایا رووس" خوێندنەوەیەکی مێژوویی و سیاسی

Kurd24

رەوشی ئێستای نێوان رووسیا- ئۆکرانیا و هۆکارەکانی ئەو جەنگەی لە ئارادایە، پێویستی بە خوێندنەوەی مێژووی ناوچەکە هەیە، تا هەلومەرج و هەڵکەوتەی نەخشەی سیاسی شەنوکەو بکرێت، لەم وتارەدا؛ هەوڵدەین پوختەیەک دەربارەی  قۆناغە مێژووییەکان و پەیوەندیی نێوانیان بخەینەڕوو. ئەوە یارمەتیدەرە بۆ ئاسانتر و باشتر تێگەیشتن لەو ململانێ سیاسیانەی ئێستا روودەدەن.

پەیوەندیی نێوان رووس و ئۆکرانییەکان؛ پەیوەندیەکی نەژادی-ڕیشەیی و بونیادیی مێژووییە، بەجۆرێک کە لە بنەڕەتدا یەک گەلن، بەڵام بەهۆی جەنگ و داگیرکاری لەیەکتر دابڕوان و وردە وردە مێژوو؛ زمان، ناسنامە و رێبازی ئایینی جیاوازی بۆ دروستکردوون. ئەم جیاوازیانە؛ بوونەتە هۆی دابەشکاری نێوانیان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی جەمسەرگیری ئەوروپی و جیهانی.

بەگشتی؛ نەژادی سلاڤی بەشێکن لەگەلانی هیندۆ-ئەوروپی، کە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپادا دەرکەوتوون و بەسەر چەند گروپێک دابەشبوون، دیارترینیان سلاڤە رۆژهەڵاتییەکانن، کە بریتین لە؛ (رووسیا، بێلارووس، ئۆکرانیا). بەپێی بارودۆخی سەردەمە جیاوازەکان ئەم گەلانە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە فراوانبوون و بچووکبوونەوەدا بووە، لەباکوورەوە؛ دەریای بەڵتیق و لەباشوورەوە؛ دەریای ڕەش، لە رۆژهەڵاتەوە؛ رووباری ڤۆلگا و لە رۆژئاواوە؛ رووباری دنێپر-دانووب و سنووری پۆڵندا.

دەوڵەتی خاقانی یەهودی خەزەری

لەکۆتاییەکانی سەدەی شەشەم و سەرەتای سەدەی حەفتەمی زایینی، زۆربەی ناوچەکانی نیشتەجێی سلاڤییەکان کەوتە بەر هێرشی (دەوڵەتی خاقانی یەهودی خەزەری) تا ناوەڕاستی سەدەی حەفتەم؛ سلاڤییەکان لەژێر داگیرکاری و زەبروزەنگی خاقانی خەزەری دەچەوسانەوە و ناچار بە باج و سەرانەدان کرابوون. دوای ئەوەی "میر ئۆلێگی گەورە" دەسەڵاتی هەرێمی (نۆڤگەڕەد)ی لە ڤایکینگەکانەوە وەرگرت؛ توانی سوپایه‌ك رێکبخات و هێرش بکاتە سەر خاقانی یەهودی خەزەری و تەواوی ناوچەکانی نێوان دەریای رەش -دەریای بەڵتیق، دەوڵەتێکی بەناوی (کیێڤسکایا رووس) دامەزراند و شاری (کیێڤ)ی کردە پایتەخت.

ساڵی 988ی زایینی، "میر ڤلادیمێر" مەزهەبی ئەرسۆزۆکسی کریستیانی وەک ئایینی فەرمی میرنشینەکەی (کیێڤسکایا رووس) ناساند، دوای ئەوە زیاتر رووبەڕووی ململانێ بوونەوە لەگەڵ رۆمەکان بەهۆی جیاوازی مەزهەبییەوە. شاری کیێڤ وەک ناوەندی دەسەڵاتی سلاڤییەکان مایەوە تا کۆچی دوایی "میر یارۆسلاڤی دانا" لە ساڵی 1054ی زایینی، کە وەسیەتی کردبوو هەر پێنج کوڕەکەی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، بەڵام ئەوە بووە هۆی لاوازبوونی کیڤسکایا رووس.

سووتاندن و وێرانبوونی كیێڤ

ساڵی 1134 کەوتنە بەر هێرشی دەوڵەتی "پۆلۆڤتسی–هاوپەیمانی نێوان پۆڵندا+لیتوانیا"، کیێڤی پایتەخت بەتەوای وێرانکرا و سوتێنرا. خەڵکەکەی بەگشتی کۆچیان کرد بەرەو باکوور و لە ناوچە ساردەکان نیشتەجێبوون، ئیتر وردە وردە کەوتنە-خۆ؛ بۆ دروستکردنی چەند شارێک، لەوانە؛ (نۆڤگەرەد، کالیچ، ڤلادیمێر، کورسک، مۆسکۆ) کە دەکەونە رۆژئاوای ئێستای رووسیا.

نه‌خشه‌ی شاری كیێڤ له‌ ململانێ سیاسییه‌كاندا
نه‌خشه‌ی شاری كیێڤ له‌ ململانێ سیاسییه‌كاندا

لەساڵی 1237، هێرشیان کردەوە سەر شاری کیێڤ و لەدەست پۆڵندی+لیتوانییەکان رزگاریان کرد، تا هاتنی هێرشی مەغۆلی+تەتەرەکان لە 1299ز، کە نزیکەی دوو سەدە ئەم داگیرکارییە لە خاکی سلاڤییەکان بەردەوام بوو و ناوچەکانیان بەتەواوی لەیەکتری دابڕێنرا و بوون بە سێ بەش، بەمشێویە:

(مالایا رووس- رووسیای بچووک، کە ئۆکرانیای ئێستایە، ڤێلیکایا رووس-رووسیای گەورەکە، رووسیای فیدرالی ئێستایە و بێلارووس-رووسیای سپی ئێستا). هەریەکە لەو بەشانە کەم تا زۆر دەسەڵاتیان بەسەر هەندێك لە ناوچەکاندا هەبوو، بەڵام بەهۆی درێژیی ماوەی داگیرکاری تەتارەکان؛ دابڕانی کولتووری و تێکەڵبوونی دەستەواژە و وشەی جیاواز بە زمانەکەیان (زمانی رووسی-سلاڤی) روویدا و بووە سەرەتایه‌ك بۆ ئەوەی دانیشتوانی هەر یەکە لەو ناوچانە وەک نەتەوەی جیاواز شێوە و دەق بگرن.

ناوی (مالایا رووس- رووسیای بچووك) تا ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەمی زایینی بە ناوچەکانی ئێستای ئۆکرانیا دەگوترا، دوای بەهێزبوونی ئیمپراتۆریەتی رووسیا؛ ئەو ناوچانەی کەوتبوونە سەر سنوور،  پۆڵندییەکان بە (کراینا-تخووب یان سەرسنوور) ناوزەدیان دەکرد، بەمانای ناوچەکانی سەر سنوور، ئیدی لەوەوە ناوی "ئۆکرانیا" بە هەردوو بەری رووباری دنێپر دابڕا.

سەرەڕای داگیرکاری تەتارەکان

ناوچەکانی ئۆکرانیا سەرەڕای داگیرکاری تەتارەکان؛ ببووە گۆڕەپانی ململانێ و هێرشی پۆلندی+لیتووانی لەلایەک و پڕووسیا و عوسمانی لەلایێکی دیكەوە، بەشێوەیەک؛ بەردەوام خەڵکەکەی تووشی راگواستن، کوشتن و چەوساندنەوەی زۆر دەهاتن. ئەمە بووە هۆی دابەشبوونی زیاتری ئۆکرانییەکان کە دانیشتووانی رۆژهەڵات و باشوور لەسەر پەیڕەوی مەزهەبی ئەرسۆزۆکسی و پاراستنی زمانی رووسی مانەوە، بەڵام بەشی رۆژئاوا کەوتنە ژێر کاریگەری پۆلندا و پڕووسیا، هەم زمانەکەیان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هات و هەمیش زۆربەیان مەزهەبی ئاینیان گۆڕی بۆ کاسۆلیکی رۆمی.

ساڵی 1648 ز، کرێکار و کۆیلەکان بەسەرکردایەتی"بۆگدان خمێلێنسکی" راپەڕینێکی بەرفراوانیان دژ بە پۆلندییەکان بەرپاکرد و توانیان شاری کیێڤ رزگار بکەن، بەڵام دوای هاتنە سەرتەختی پاشا "کازیمێر ڤاسا" لە پۆڵندا، جارێکیتر هێرشیان کردە سەر کیێڤ و داگیریانکردەوە. ئەوە راستەوخۆ ئۆکرانییەکانی هاندا داوای هاوکاری لە ئیمپراتۆری ئەو کاتی رووسیا بکەن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پۆڵندییەکان،  "ئەلێکسی میخایلۆڤیچ" ئیمپراتۆری رووسیا هێرشێکی بەرفراونی کردە سەر پۆڵندییەکان و جەنگ بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام بوو لەسەر خاکی ئۆکرانیا تا ساڵی 1667ز؛ بە پەیماننامەی (ئەندرۆسەڤ) کۆتایی هات؛ رێکكەوتن لەسەر دابەشکردنی خاکی ئۆکرانیا  کە رۆژهەڵاتی رووباری دنێپر بە شاری کیێڤیشەوە بۆ رووسیا و رۆژئاوای رووبارەکە و بەشی باشوور بۆ پۆڵندییەکان بێت.

پۆڵندا ساڵی 1672ز بەشی باشووری ئۆکرانیای لەدەستدا بەهۆی هێرشی عوسمانیەکان بۆ کەناراوەکانی دەریای رەش و نیمچە دوورگەی کریمیا. ئەم دابەشبوونە بووە هۆی تۆخکردنەوەی زیاتری جیاوازییەکانی نێوان ئۆکرانییەکان لەبەشەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باشوور.

لێرەوە بیری نەتەوەیی سەری هەڵدا، ئۆکرانییەکان بزووتنەوە و راپەڕینی چەکدارییان بەرپادەکرد، بەڵام بەهۆی ململانێی هێزە گەورەکان (رووسیا، عوسمانی، پۆڵندا و پڕووسیا) هەموو جارێ راپەڕینەکان خامۆشدەکران و خەڵکەکە تووشی چەوساندنەوە و دەربەدەری دەبوونەوە. سەرەڕای ئەوە ئیمپراتۆریەتی پڕووسی بەردەوام دنەی نەتەوە پەرستەکانی دەدا لە رۆژئاواوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئیمپراتۆریەتی رووسیا، چونکە رووسەکان جگە لەوەی بەشی رۆژهەڵات و باشووریان لەژێر دەستبوو؛ بەردەوامیش کاریان لەسەر یەکخستن و نزیکبوونەوەی هەرسێ بەشی سلاڤیە رۆژهەڵاتییەکان دەکرد (رووسیا، بێلاڕووس و ئۆکرانیا).  بەمشێوەیە تا جەنگی یەکەمی جیهان ئیمپراتۆریەتی رووسیا توانی زۆربەی خاکی ئۆکرانیا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917ز، لە رووسیا؛ دەفەتی سەربەخۆیی بۆ ئۆکرانیا رەخسا و "ڤلادیمێر لینین" رایگەیاند، کە ؛"هەموو گەل و نەتەوەیەک مافی سەربەخۆیی هەیە"، بەمەش ئۆکرانیا و بێلاڕووس سەربەخۆییان وەرگرت و لە کۆمەڵەی گەلان بوون بە ئەندام. "لینین" وەک یەکەم سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت بەشێکی لە (هەرێمی دۆنباس) باشووری ئیمپراتۆریەتی پێشووی رووسیای خستە سەر کۆماری سۆسیالیستی ئۆکرانیا بە مەبەستی رێکخستنی سنوورە کارگێڕیەکانی کۆمارەکە. لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی "جۆزێڤ ستالین"دا خەڵکی ئۆکرانیا وەک تەواوی کۆمارەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەت ڕووبەڕووی ئازار و راگواستنی زۆر هاتن. چونکە ستالین پێیوابوو چالاکییە کولتووری و نەتەوەییەکان تا ئەو سنوورە رێپێدراون، کە مەترسی نەخەنە سەر زمانی رووسی و ناوەندیێتی بڕیاردانی یەکێتیەکە.

لەسەروبەندی جەنگی دووەمی جیهانی، بزووتنەوەیه‌کی نەتەوەیی لە رۆژئاوای ئۆکرانیا بە سەرکردایەتی "ستیپان باندێرا" دەرکەوت بۆ دژایەتی یەکێتی سۆڤیەت و دواتر چوونە پاڵ سوپای نازی هیتلەر و بەشداریانکرد لە هێرشی نازییەکان بۆسەر شاری کیێڤ و بەشێک لە بێلاڕووس بەمەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەهاوکاری ئەلمانیا، بەڵام دواتر نازییەکان لە بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە بۆ دروستکردنی ئۆکرانیای سەربەخۆ.

نه‌خشه‌ی ئۆكرانیا
نه‌خشه‌ی ئۆكرانیا

ئۆکرانیا دوای جەنگی دووەمی جیهان وەک کۆمارێکی کاریگەر لە رووی ئابووری و پیشەسازی رۆلی سەرەکی گێڕا لە یەکێتی سۆڤیەت، لە رووی سیاسیەوە دوای رووسەکان نەتەوەی دووەم بوون تا ئەو ئاستەی دوو لە دیارترین سەرۆکەکانی یەکێتی سۆڤیەت "خرۆشۆڤ و بێرژنسکی" ئۆکرانی بوون، لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا "خرۆشۆڤ" نیمچەدوورگەی کریمیای وەک دیاری بە کۆماری سۆسیالیستی ئۆکرانیا بەخشی بۆ ئەوەی زیاتر بە رووی دونیای دەرەوەدا کراوە بێت لەسەر دەریای رەش. ئەم دۆخە بەردەوام بوو، تاکو هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991.

سه‌ربه‌خۆیی ئۆكرانیا

ئۆکرانیا لە یەکێتی سۆڤیەت جیابووه‌وه‌ و لە 24ی ئابی 1991 سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، بە سەرۆکایەتی "لیۆنید کراڤچوک" و بڕیاریدا وەک دەوڵەتێکی بێلایەن بمینێتەوە و هاوسەنگی لەنێوان رووسیا و ئەوروپادا بپارێزێت، بەڵام هەر زوو ململانێکانی خەڵکی ئۆکرانیا سەری هەڵدایەوە، بەشی رۆژهەڵاتی وڵات بەهۆی هاوبەشیی زمان و تێکەڵی کولتووری لەگەڵ رووسیا؛ داوایان دەکرد ئۆکرانیا بە هاوسەنگی بمێنێتەوە، بەڵام بەشی رۆژئاوا لە هەوڵی دوورکەوتنەوە لە رووسیا و هاوبەشیکردن لەگەڵ پۆڵندا+ئەڵمانیا بەتایبەتی و ئەوروپا بەگشتی بوون.

لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ئۆکرانییەکانی بەشی رۆژئاوا؛ زۆر بەتوندی دژی بەکارهێنانی زمانی رووسی و کنێسەی ئەرسۆزۆکسی بوون بەپشتیوانی یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانیەتی ناتۆ. لە سەرەتای ئەم سەدەیە راپەڕینێکی جەماوەری بەرفراوانیان ئەنجامدا، کە دواتر بە "شۆڕشی پرتەقاڵی" ناسرا!، "ڤیکتۆر یۆشینکۆ" وەک نوێنەری شۆڕشی پرتەقاڵی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵات سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی بزووتنەوەی پرتەقاڵییەکان ئاستی گەندەڵی و بیرۆکراتیەت بەشێوەێکی بەرچاو زیادیکرد، حکومەت بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیری وڵاتانی ئەوروپادا بوو بۆ وەرگرتنی وڵات لە یەکێتی ئەوروپا. هەروەها ناکۆکییە ناوخۆییەکان زیاتر پەرەیان سەند، تا ئەوەی حکومەت بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی رووسی دا لە ناوەندە فەرمییەکان.

بزووتنەوەی پرتەقاڵییەکان

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010، "ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ" سەرکەوت بەسەر بزووتنەوەی پرتەقاڵییەکان، ئۆکرانیای وەک وڵاتێکی بێلایەن لە نێوان رووسیا-ئەوروپا پێناسەکردەوە، چەند هەنگاوێکی بۆ چاکسازی و بنیاتنانەوەی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەستپێکرد و زمانی رووسی وەکو دووەم زمانی فەرمی ناساند، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر "یولیا تیمۆشینکۆ"ی بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی کرد، داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد وەک ئەندام ئۆکرانیا وەربگرێت. لەبەرامبەردا ئەوروپییەکان چەند مەرجێکیان بۆ دیاریکرد، کە دیارترینیان بریتیبوون لە؛ پێداچوونەوە بەیاسای وەبەرهێنان، یاساکانی ماف و ئازادییە کەسییەکان، ئازادکردنی یولیا تیمۆشینکۆ و هەوڵدان بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ و کردنەوەی بازاڕەکان بۆ کۆمپانیا ئەوروپیەکان و بازاڕی ئازاد.

"ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ" بەو مەرجانەی ئەوروپا رازی نەبوو، بۆیە بڕیاریدا کە لێژنەکانی زەمینەخۆشکردن بۆ ئەندامیەتی لە یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشێنێتەوە و وەکو دەوڵەتێکی بێلایەن بمێنێتەوە. داوای هاوکاری لە "ڤلادیمێر پوتن"ی سەرۆکی رووسیا کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی غاز و پێدانی قەرزی درێژخایەن. لەبەرامبەردا رووسیـا داواکارییەکانی بەهەند وەرگرت، نرخی بەکارهێنانی غازی یەکسانکرد بەهەمان ئەو نرخەی لە ناوخۆی رووسیا هەبوو، بڕی 14 ملیار دۆلاری وەک قەرزی درێژخایەن بۆ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی پێدان.

ساڵی 2014، دوای بڕیاری رەتکردنەوەی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانیەتی ناتۆ؛ خۆپیشاندان و دەنگی ناڕەزایی بەرزبووەوە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، لەماوەێکی زۆر کورتدا بە هاندانی ئەوروپا و پشتگیری راستەوخۆی ئەمه‌ریکا؛ زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە گۆڕەپانی کیێڤی پایتەخت کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر دامەزراوە گشتییەکان و فراکسیۆنی "پارتی هەرێمەکان"ی سەرۆک کۆمار، دوای چەند رۆژێک "ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ" بەرەو شاری خارکیڤ برد و پاشان بۆ رووسیا رایکرد. ئەم رووداوە لەلای خەڵکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و رووسی زمانەکان بە كوده‌تای لایەنگرانی ئەوروپا و ئەمه‌ریکا لەقەڵەمدرا.

قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی رووسی

دوای هەڵبژاردنەکانی 2014 و هاتنە دەسەڵاتی "پیترۆ پەرەشێنکۆ"؛  ناکۆکییەکان زیاتر بوون و جارێکی دیكه‌ زمانی رووسی لە ناوەندە فەرمییەکان قەدەغەکرا، پەیڕەوانی مەزهەبی ئەرسۆزۆکسی پاتریارکی مۆسکۆ ئازار دەدران و کنێسەکانیان داخران، بەشێکی زۆری دانیشتوانی رووسی زمان لە شاری کیێڤ و خارکیڤ بەرەو هەرێمی دۆنباس کۆچیان کرد و لەوێوە رووبەڕووی دەسەڵاتی ناوەندی حکومەت بوونەوە. وڵاتی رووسیا لەکاردانەوەی ئەوەدا نیمچە دوورگەی کریمیای داگیرکرد و هاوکاری پێشکەش بە جوداخوازانی هەرێمی دۆنباس لە شارەکانی (دانێسک و لۆگانسک) کرد.

لێرەدا؛ بۆمان ڕووندەبێتەوە کە ئۆکرانیا قوربانیی جیۆ-سیاسیی نێوان رووسیا و ئەوروپایە، لەو چەند ساڵەی دواییدا ئەمه‌ریکا راستەوخۆ دەستوەردانی لە کاروباری ناوەخۆی ئه‌و وڵاته‌ کردووە و هانیداون ببنە بەشێک لە هاوپەیمانیەتی ناتۆ. رووسیاش ئەمە بە مەترسیێکی ستراتیژی دادەنێت لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، چونکە بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لەناتۆ؛ دەبێتە هۆی داخرانی رووسیـا بەڕووی ئەوڕوپا، لە کەناراوەکانی دەریای رەش هیچ کاریگەرییه‌کی نامێنێت.

ساڵی 2019؛ "ڤولۆدۆمێر زیلینسکی" بوو بە سەرۆکی وڵات و رایگەیاند، کە ستراتیژی کارکردنی؛ "بریتیە لە گێڕانەوەی نیمچە دوورگەی کریمیا، کۆنترۆلکردنی هەرێمی دۆنباس و کارکردن بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانیەتی سەربازیی ناتۆ"!

ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا

رووسیا چەندین جار بە راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ مەترسییەکانی خۆی لەگەڵ ئۆکرانییەکان باسکردووە دەربارەی هەوڵدان بۆ بوون بەئەندام لە ناتۆ، ئەمه‌ریکا و ئەوروپای لەوە ئاگادارکردووه‌تەوە و دانانی سیستەمی بەرگریی ئەمه‌ریکی لەوێ رەتکردووه‌تەوە. بەڵام ئیدارەی ئەمه‌ریکا و بەتایبەت دوای هاتنە سەرکاری "جۆو بایدن" زیاتر کەوتنە هەوڵدان بۆ کۆنترۆلکردنی ئۆکرانیا.

لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمه‌ریکا لە ساڵی 2020؛ "دۆناڵد ترامپ" بە ئاشکرا بایدنی بە تێوەگلان لە گەندەڵییەکانی ئۆکرانیا تاوانبار دەکرد و گوتی؛ "جۆو بایدن، ئۆکرانیا بە موڵکی خۆی و کۆمپانیاکانی دەزانێت، بۆیە کوڕەکەی بووه‌تە راوێژکاری سێبەری حکومەتی ئۆکرانیا"!

"ڤلادیمێر پوتن"، کە گەلی ئۆکرانیا بە نەژاد و برای رووسەکان دەناسێنێت و بەردەوام لە هەوڵی دوورخستنەوەی دەسەڵاتی کیێڤ دابووە؛ لەژێر هەژموونی ئەمه‌ریکا و ئەوروپا، ئەوانیش بە پێچەوانەوە بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی مۆسکۆ بەسەر کیێڤەوە.

ئەوەی ئێستا روودەدات لە ئۆکرانیا؛ شەڕە لەسەر گرنگی جیۆ-سیاسیی ئۆکرانیا، سەرۆکی رووسیا بەئاشکرا رایگەیاند؛ "ئێمە نامانەوێت هێز بەکاربهێنین، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا ئۆکرانیا بوو بە ئەندامی ناتۆ، داوای گێڕانەوەی نیمچە دوورگەی کریمیای کرد؛ ئەو کات ئێمە لەگەڵ کێ دەکەوینە شەڕ؟ ئۆکرانیا یان ناتۆ؟".

داواکارییەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا، بریتین؛ لەناوبردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی، کە بە رێبازی نازی-نوێ  بزوتنەوەی "هالیچنا-گالیچنا" تۆمەتباریان دەکات، داننان بە نیمچە دوورگەی کریمیا وەك بەشێک لە رووسیا، پاراستنی هاوسەنگی نێوان ئەوروپا و رووسیا، بڕیاردان لەوەی کە ئۆکرانیا نابێتە ئەندام لە ناتۆ، هەروەها گێڕانەوەی مافی رووسی زمانەکانی ئۆکرانیا کە ژمارەیان نزیکەی 15 ملیۆن کەسە.

دڵەڕاوکێی رووسیا

ساڵی 2011؛ بە گەشتێکی زانستی لەگەڵ راگرایەتی کۆلێژی پەروەردە و دەرونناسیی زانکۆی خارکیڤی نەتەوەیی؛ سەردانی شاری کیێڤمان کرد، یەکەم پەرستگای مەزهەبی ئەرسۆزۆکسی کە بە " پشێرەسکایا لاڤرا" ناودەبرێت، لە رێڕەوەکەیدا بە زمانی رووسی و لەسەر بەرد بەهەڵکەنراوی نووسراوە؛ "کیێڤ؛ بێشکەی نەتەوەیی رووس و دایکی شارە رووسیەکان"ـە.

جیهان چاودێر و هەستیارە بەرامبەر بە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دڵەڕاوکێی زۆری دروستکردووە، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی؛ ئەم پاساوانەن کە پێشتر ئاماژەمان پێدان، مێژووی پێکەوەگرێدراوی نێوانیان، دەستوەردانی دەرەکی ئەو درز و کەلێنانەی لە ناسنامە، زمان و ئایین (رێبازی ئایینی)؛ دروستبووە لە نێوانیاندا بەهۆی ئەو رەوشە سیاسییەی لە مێژوودا هەبووە، هەروەها ململانێی هێزە باڵادەستەکان و گەلێك هۆکاری دیکە.

بەو هیوایەی ئەو جەنگەی لە له‌ 24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022 هەڵگیرساوە؛ هەرچی زووە بووەستێنرێت و زیاتر تەشەنە نەکات. لەبەرئەوەی درێژخایەنی لێکەوتە و کاریگەریی بەسەر تەواوی جیهاندا دەبێت، لەوانەیە ببێتە جەنگێکی بەرەیی و چەندان دەوڵەت و هێزی دیكه‌ راستەوخۆ بگرێتەوە.

كاریگه‌ریی ئۆكرانیا

ئۆکرانیا وڵاتێکە رووبەرەکەی زیاتر لە 6 هەزار کیلۆمه‌تر دووجایە، شاری کیێڤ پایتەختە، کە بە شاری زۆرترین پارك دادەنرێت لە تەواوی ئەوروپا. لە رۆژهەڵاتەوە؛ هاوسنوورە لەگەڵ رووسیا، لەباکورەوە؛ لەگەڵ بێلاڕووس، لە رۆژئاوا؛ پۆڵندا، سلۆڤاکیا و هەنگاریا، لەباشووری رۆژئاوا؛ رۆمانیا، مۆلدۆڤیا، لە باشوور؛ دەریای رەش سنووری ئۆکرانیایە.  ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 45 ملیۆن کەسە. 85%ی خاکەکەی کشتوکاڵییە و زۆرینەی خاکی رەشە؛ کە بەپیتترین جۆرەی خاکە. دەوڵەمەندە بەسەرچاوی ئاوی سازگار بەهۆی رووباری دنێپرەوە کە لە باکوورەوە بۆ باشووری وڵات درێژ دەبێتەوە، هەروەها دەوڵەمەندە بە کانزاکانی وەک خەڵووزی بەردی و ئاسن و یۆرانیۆم.