راسیزیم له هه‌ناوی تاکی کورددا

له سه‌ره‌تا مانگی ڕێبه‌ندانی ئیمساڵه‌وه 2022 هه‌تا ئێستا، چه‌نده‌ها کاره‌ساتی جه‌رگبڕ له باشووری کوردستان دا دایچڵهکاندین. کووشتن له‌سه‌ر پارککردنی ئاوتۆمۆبیل، کووشتن له‌سه‌ر ده‌مه‌قاڵێ، له‌کاتێکدا ئه‌م دوو که‌سه براده‌ری نزیکی یه‌ک بوون. سووتاندنی کچ و ژن و پاشان کووشتنیان، کووشتنی ژن، کووشتنی دایک و خوشک، کووشتنی خوشک، کووشتنی برا به ده‌ستی برا به تاوانی هۆمۆبوون. نوێتریینیان کووشتنی ماریا به ده‌ستی براکه‌ی. یه‌کێک له کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش بریتییه له کاردانه‌وه پاش ڕوودانی کاره‌سات، له‌کاتێکدا ده‌بێت پێش ڕوودانی کاره‌سات، کاردانه‌وه‌مان هه‌بێت بۆ ڕێگاگرتن له ڕوودانی کاره‌سات.
تووندوتیژییه‌کی ئێجگار گه‌وره له تاکی کورددا به‌دی ده‌کرێت، ناکرێت لێره‌دا خراپیی باری دارایی هاووڵاتییان بکه‌ین به به‌هانه‌ی ئه‌م تووندوتیژییه کۆمه‌ڵایه‌تییه، چونکه ئه‌م تووندوتیژییه بیۆلۆگییهن وه‌ک تێمپرامێنت له بوونی تاکدایه، فاکته‌ری دووهه‌میش که‌سایه‌تییه، که له ڕێگای په‌روه‌رده‌کردنێکی هه‌ڵه‌وه تووشی شێواندنی ده‌بێت. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد خاوه‌نی تووندوتیژییه‌کی وه‌ها تۆقێنه‌ره، که هه‌موو کات چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێکیان لێده‌کرێت. ئه‌م تووندوتیژییه له ڕۆحێکی ڕاسیستهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت، چونکه تاک له ڕێگای تووندوتیژییه‌وه ده‌یه‌وێت بیرکردنه‌وه و باوه‌ڕی خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵدا بسه‌پێنێت. تاک دژی ئازادیی تاکه، تاک دژی هۆمۆیه، تاک دژی ژنه، تاک دژی ئازادیی بیرکردنه‌وه‌یه، تاک دژی هه‌بوونی ئایین و باوه‌ڕێکی تره بێجگه له ئیسلام.
له ڕێککه‌وتی 03.01.1981 دانمارک وه‌ک یه‌که‌میین وڵات ناوی هۆمۆسێکسوالیتێتی له لیستی ICD-10 دا ده‌رهێنا، که وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونیی پۆلێنکرا بوو، له ساڵی 1990 دا ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهان به‌دوای دانمارک‌دا هۆمۆسێکسوالیتێتی له لیستی ICD-10 دا ده‌رهێنا. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که هێشتا نه هیچ وڵاتێک و نه ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهان بیریان له‌وه نه‌کردۆته‌وه، که ترانس سێکسوالیتێت هاوشێوه‌ی هۆمۆ سێکسوالیتێت له لیستی ICD-10 دا ده‌ربهێنن. ئه‌وه‌ی هه‌م جێگای سه‌رنج و هه‌میش جێگای خه‌مه، ئه‌وه‌یه له کوردستان دا، هه‌تا ئێستا وه‌ک نه‌خۆشیی ته‌ماشای هۆمۆ ده‌کرێت، وه‌ک نه‌خۆشیی ته‌ماشای ترانس سێکسوالیتێت ده‌کرێت. ئه‌وه‌ی له‌مه زیاتر جێگای خه‌مه، که میدیای کوردیی بانگهێشتی شێخ و مه‌لا ده‌که‌ن بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر هۆمۆسێکسوالیتێت، ئه‌مه‌ش ده‌سته‌ڵاتی زیاتر ده‌دات به شێخ و مه‌لاکان، که گوێیان لێبگیرێت و بڕیار له‌سه‌ر ئازادیی تاک و ژیانی بده‌ن.
تاکی کورد ڕاسیستانه ته‌ماشای ئازادییه‌کانی تاک ده‌کات، له هه‌ناوی ئه‌م ڕاسیستیهتهدا هه‌ستێکی گه‌وره‌ی خۆبه‌که‌مزانین هه‌یه. تاکی کورد مرۆڤێکی جوان و پته و ته‌ندروست و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ به حه‌یا و حورمه‌تی ده‌وێت، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م مۆدێلهشدا هیچ بوونێکی تر په‌سه‌ند ناکات. نازییه‌کان خاوه‌نی هه‌مان بیرکردنه‌وه بوون، هه‌ربۆیه ده‌ستیان کرد به کووشتنی مرۆڤی ناشیرین، مرۆڤی هاندیکاپ، مرۆڤی هۆمۆسێکسوێل. نازییه‌کان پێشڕه‌وبوون له نانووسکردنی هۆمۆسێکسوالیتێتدا له لیستی ICD-10 دا وه‌ک نه‌خۆشیی ده‌روونیی. تاکی کورد دژ به خودی خۆشیه‌تی وه‌ک ئه‌وه‌ی، که هه‌یه. هێرشی گه‌وره‌ی تاکی کورد بۆسه‌ر یه‌کتریی بریتییه له هێرشکردنه سه‌ر جه‌سته و هێرشکردن بۆسه‌ر ژیانی تاک. بۆ نموونه، چه‌ند ناشیرینیت. لوتت زله، ده‌مت زله، ڕه‌شیت، بۆریت، گۆجیت، قولیت، قاچت باریکه، قه‌ڵه‌ویت، ڕهقهڵهیت، هۆمۆیت، بێوه‌ژنیت، پیریت، نه‌خۆشیت.
هه‌ندێک تاکی کورد هه‌یه، ده‌یان ساڵه کوردستانیان به‌جێهێشتووه و له ئه‌وروپا ده‌ژیین. ئه‌م تاکانه خاوه‌نی تێکه‌ڵاوییه‌کی یان ده‌گمه‌نی کوردیین یان هه‌ر نیانه. هۆکاری نه‌بوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕۆحه تووندوتیژه‌ی تاکی کورد خۆی، که له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنایه ئه‌وروپا. به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌مانه ئه‌ندامی پارته‌کانی کوردستان بوون. له ئه‌وروپادا که‌وتنه گیانی یه‌کتر و شکاندنی شانازیی و شکۆی یه‌کتر. له سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی برا کووژییهوه له‌دوای ڕاپه‌ڕیینی به‌هاری 1991ه‌وه ئه‌م ڕۆحه تووندوتیژه له ئه‌وروپادا گه‌یشته چڵه‌پۆپه. ئه‌مه‌ش بووه هۆی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی به‌شێک له تاکی کورد له ئه‌وروپادا له ڕه‌وه‌ندی کوردیی. لێ ئیمڕۆ ئه‌و ڕۆحه ڕاسیستهی تاکی کورد له کوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده‌یی په‌سه‌ندکردنی ئه‌م کوردانه‌یان نییه، له‌کاتێکدا ئه‌مانه زیانیان نه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگای کوردیی، به‌ڵکوو بۆ میشوولهیهکیش نییه.