میکانیزمی سێیەکی پەکخەر و موشەکباران!

Kurd24

ئەو جەنگ و ئاریشە سیاسییەی ناو پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی هەر سێ سەرۆکایەتیەکە؛ بەتەنیا پرسی ململانێی مەزهەبی و ئایدۆلۆژیی کەمپەکانی سێیەکی پەکخەرو دوانەی دروستکەر نییە، واتە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی رزگاریی بۆ دەستەبەری ۆێژەی یاسایی پەرلەمان و پەکخستنی ئەو دەزگایە؟

بەڵکو دەرخەری قۆناغێکی تازەی ناو نەخشە تازەکەیە، گەشتنی عێراقە بە پاڕادایمێکی گرنگ کە ئیتر کۆتایی مۆدێلی سەپاندنی زۆرینەیەکی سەربازیی توندی مەزهەبیی فاشیزمە لە عێراقی ئایندە ئەگەر هێزە مەدەنیەکان بەرگەی بگرن. بۆیە هێزی ئیقلیمی بەتوندی لەناو هاوکێشەکەدان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێ توندەو رەنگە بە ئاسانی کۆتایی نەیەت.

عێراق لە دیدی عێراقناسەکانەوە هێشتا نەبووه‌تە دەوڵەتی سیستم و خۆبەڕێوەبەریی و میحوەریی بڕیاردەر، بەڵکو هێشتا خەریکی رێکخستنەوەی پەرژین و ناوماڵی خۆی و سەوەرییەکانی و ئەو هەموو دەستێوەردانە دەرەکیانەیە، کە رۆژانە پێشێلی سنوور و یاسا و دەستوور و پرەنسیپەکانی دەکەن، ئەوەتا بۆیەکەمجار لە دانیشتن و جەلسەیەکی پەرلەمانیدا له‌ (26ی ئاداری 2022)، هەموو کارتێکی فشاریان بەکارهێنا، بەتەواوی رێگاکان رۆشن بوویەوە و دەرکەوت کێ زۆرینەیە و کێ کەمینەیە و مۆری رەوایەتی پێکهێنانی حکومەت لە بەرەنجامی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 لە دەستی کام بلۆکی سیاسیدایە؟

عێراق چەندە کێشەی دەستوریی و حوکمڕانیی و سەروەریی و ئیداریی و ئابوریی هەیە ئەوەندەش کێشەی مەزهەبیی و دینیی و شوناسی پێکەوەژیان و پلوڕالیزمی مەزهەبی و حیزبی و ئەتنیکیی هەیە، بۆیە کورد دەبێ هەمیشە لەم پرسەدا دوورەپەرێز بێت، هەر ئەوەش وایکردوە دەوڵەتانی مەزهەبی بە سوننە و شیعەوە خۆیان بە خاوەنی عێراق بزانن و کەسیشیان لە واقیعدا خاوەنی نەبن. کاتێک بۆیەکەمجار میکانیزمی سێیەکی پەکخەر بەکارهێنرا بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەی سیاسی بە نیازی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، ئەوە ئیتر یەکپارچە بۆنی کۆدەتا و قاچی عەسکەر و خوێن و هاتنەوەی دنیایەکی تاریکی لێ دێ لە ئایندە.

سەد ساڵە ئەم عێراقە بێ سەروەرییە و وێڕای چوار دەستووریی بنچینەیی دەوڵەت هەر بێ دەستوور و بێ نەزم و ئیقاعە و کۆبوونەوەیەکی دیموکراسی پەرلەمانیان بۆ بەڕێوەناچێت. یاسای بنەڕەتی پاشایەتیی 1925 و دەستووری قەومییەکان و عارفەکان لە 1958 و دەستووری ئیشتیراکیی بەعسییەکان لە 1968 و دەستووری 2005ی عێراقی پاش پرۆسەی ئازادی و ئێستاش بەنیازی هەموارکردنەوەن لە ساڵی 2022، تا وەختی تاموشەکبارانکردن و ئه‌و په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌ی شه‌وی (12-13ی ئاداری 2022) كرایه‌ سه‌ر ئامانجه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی هه‌ولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانییەوە، کەچی هێشتا عێراقیەکان توانای خۆبەڕێوەبەرییان نییە و ناگەڕێنەوە بۆ وەرەقە و دیباچە دەستووریەکان و سنوورێک بۆ ئەو پاشاگاردانییە دابنێن.

دەبێت ئیتر عێراق لەدوای ئەو کردەوانە هەم مووشەک و هەم پەکخستنی دەزگای تەشریعیی، فۆڕمۆلەی نوێی هەبێت جیاواز لە ڕابردوو، ناشبێت تەسلیمی ئەو ئیرادە دەرەکییە ئێرانیزمە بێت، کە لە پشتی گوتاری مەزهەبیی و هێزی وەلائیەوە وەستاوە بۆ دووبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و ساختەکاریی.