پڕۆژ یاسای پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك و گه‌شه‌پێدان

حكومه‌تی عێراق به پێشنیازی وه‌زاره‌تی دارایی له رۆژی 13/3/2022 به په‌له پڕۆژه یاسایه‌كی به‌ناوی (پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك و گه‌شه‌پێدان) ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كرد، له رۆژی 26/3 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاساكه كرا، بڕیاریشه له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆ 28/3 خوێندنه‌وه‌ی دوه‌می بۆ بكرێت.
پێده‌چێ ئه‌مه دوایین كاری ئه‌و كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت و له یه‌كه‌مین كاره‌كانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان بێت، بابه‌ته‌كه‌یش هه‌م وه‌ك ته‌وه‌ر و هه‌م وه‌ك ناواخن و ره‌هه‌نده‌كانی جێگه‌ی سه‌رنجه و شیاوی ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت .
سه‌باره‌ت به‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ت دوو خاڵی جه‌وهه‌ری جێگه‌ی سه‌رنجن:
سه‌رنجی یه‌كه‌م: تایبه‌ته به دۆخی كاربهڕێكهریی حكومه‌ت كه به‌پێی یاسا و پێڕه‌و بۆی نیه پڕۆژه یاسا ئاراسته‌ی په‌رله‌مان بكات و سیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌ت دابڕێژێت.
سه‌رنجی دووه‌م: تایبه‌ته به تێكست و ناواخنی پڕۆژه یاساكه‌و ره‌هه‌نده دارایی و ئابووری و یاساییه‌كانیه‌وه، ئێمه لێره‌دا ته‌نها له‌سه‌ر سه‌رنجی دووه‌م راده‌وه‌ستین، خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورت و خێرا بۆ پڕۆژه یاساكه و هه‌ندێ ره‌فتاری دارایی حكومه‌ت ده‌كه‌ین. بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی په‌رله‌مانیش ده‌بی چاوه‌ڕوان بین و پاشتر له‌به‌ر رۆشناییی مامه‌ڵه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ پڕۆژه یاساكه خوێندنه‌وه بكه‌ین.
پڕۆژه یاساكه له (10) ماده پێكهاتوووه، له‌خواره‌وه سه‌رنج ده‌خه‌ینه سه‌ر مادده‌ی 1-7 و هۆكاره پێویسته‌كانی (الاسباب الموجبة):
مادده‌ی 1:
له ده‌قی ماده‌كه‌دا هاتوووه: وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ژمارێك ده‌كاته‌وه له‌ژێر ناوی (پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك و گه‌شه‌پێدان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی دارایی و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری).
مادده‌ی 2:
هه‌ژماره‌كه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ته‌مویل ده‌كرێت كه ئه‌مانه‌ن:
1- ئه‌و پارانه‌ی كه له‌هه‌ژماره‌كانی وه‌زاره‌تی داراییدا هه‌ن و زیادن له‌و بڕانه‌ی كه له‌مادده‌ی 13ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادیدا ده‌قیان له‌سه‌ر كراوه، به‌جۆرێك كه له (25) ترلیۆن دینار تێ نه‌په‌ڕێت.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینیه ئه‌وه‌یه، كه تاكو ئێستا له‌عێراق و له باشترین باردا پاره‌ی زیاد له‌خه‌رجیه فیعلیهكان نه‌گه‌یشتووه‌ته یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌و بڕه‌ی له‌خاڵی سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدراوه، ئه‌وه‌یشی هه‌بووه به‌پێی یاساكانی بوودجه‌ی ساڵانه تهدوویر كراوه بۆ بوودجه‌ی ساڵی نوێ، ئه‌ویش له‌پاڵ هه‌بوونی بڕێكی زۆر له كورتهێنانی فیعلی!!. واته ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه زیاده‌ی داهاتی ماوه له‌وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وه‌نده زۆر بێت ببێته سه‌رچاوه‌ی ته‌مویل كردنی هه‌ژماره‌كه ئه‌گه‌ر و پێشبینیه‌كی بێ بنه‌مایه.
دیدگای وه‌زاره‌تی دارایی بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی ئه‌و بۆچوونه ئه‌وه‌یه كه نرخی نه‌وت له‌ئێستادا به‌رزه و داهات زیاتره له‌وه‌ی له‌یاسای بوودجه‌ی ساڵی رابووردوو خه‌مڵێنرابوو، یاسای بوودجه‌ی نوێیش ده‌رنه‌چووه بۆ ته‌رخانكردن و خه‌رجكردن له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌مڵاندنی نوێ، ئه‌مه‌یش پێشبینی و بۆچونێكی به‌جێ نیه بۆ عێراق چونكه وه‌ك بینیمان زیادبوونی داهاتی فیعلیی له‌چاو خه‌مڵێنراو له ساڵی 2021 گه‌یشته به‌رزترین ئاسات، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كه له بوودجه‌دا به (45) دۆلار خه‌مڵێنرابوو به‌ڵام به‌تێكڕایی به زیاتر له (68) دۆلار فرۆشرا، كۆی داهاته فیعلیهكان به‌ڕێژه‌ی پتر له 10% زیاتر بوون له داهاته خه‌مڵێنراوه‌كان، خه‌رجیه‌كانیش فیعلیهكانیش به‌بێ پێشینه‌كان كه‌متربوون له بڕی خه‌مڵێنراو كه‌چی ده‌ره‌نجامه‌كه ئه‌وه‌بوو هێشتا بوودجه‌ی فیعلیی عێراق كورتهێنانی هه‌بوو به زیاتر له (7) ترلیۆن دینار، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بڕێكی زۆر له پێشینه‌ی پاكتا و نه‌كراو له سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌و پارێزگاكان هه‌بوو.
ئه‌و دۆخه له‌زۆربه‌ی ساڵانی رابردوودا دووباره‌بووه‌ته‌وه، تاكو ئێستا زیاتر له بڕی (120) ترلیۆن دینار پێشینه‌ی راگیرا‌و و یه‌كلانه‌كراوه له‌سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه و لایه‌نه سوودمه‌نده‌كانی عێراق ماوه‌ته‌وه و دۆكیۆمێنتی پێویستی نیه بۆیهكلاكردنهوه، ئه‌وه‌یش پێچه‌وانه‌وه و پێشێلكاریی هه‌موو یاسا‌و رێساكانی بواری دارایی و ژمێریاریه، بێگومان گه‌نده‌ڵی و بهههدهردانیش هۆكاری بنه‌ڕه‌تی و سه‌رباری هه‌موو هۆكاره‌كانی تره له شكستهێنانی كه‌رتی دارایی عێراق، واته به‌گشتی هۆكاری سه‌ره‌كی گرفته داراییه‌كانی عێراق خراپ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی داراییه، كه ده‌بوو وه‌زاره‌تی دارایی ئیتیحادی و حكومه‌ته‌كانی عێراق بایه‌خی زیاتر به‌چاودێری و روونی و چه‌سپاندنی یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كان بده‌ن، له‌سه‌رو هه‌مووشیه‌وه ژمێره‌ی كۆتایی ئاماده بكه‌ن و بینێرنه په‌رله‌مان، كه نزیكه‌ی ده ساڵه نه‌یان كردووه، جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری گرفته ریشه‌ییه‌كان بكه‌نه‌وه نه‌ك كردنه‌وه‌ی بازنه‌یه‌كی تری ئاڵۆزكردن و به‌هه‌ده‌ردانی دارایی، چونكه ئه‌و خاڵانه‌ی له‌م پڕۆژه‌یه یاسایه‌دا هاتووون له‌یاساكانی بوودجه‌دا بوونیان هه‌یه و یاسای كارگێڕی دارایی چاره‌سه‌ری بۆ داناون.
2- به‌پێی یاساكه سه‌چاوه‌یه‌كی تری ته‌مویلی هه‌ژماره‌كه بریتیه له به‌خشین و باربوو و یارمه‌تییه‌كان له ده‌وڵه‌ت و رێكخراوه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه. ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدا كه له‌به‌ر رۆشنایی داتاكانی ساڵانی رابردوو ده‌توانین بڵێین كه ئه‌و بڕانه‌ی له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه ده‌ست ده‌كه‌ون هێنده كه‌من له‌ئاستی نه‌بووندان.
3- به‌پێی یاساكه سه‌رچاوه‌ی سێیه‌می ته‌مویلی هه‌ژماره‌كه قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه، به‌مه‌رجێك له (10) ترلیۆن دینار زیاتر نه‌بێت. ئه‌م خاڵه‌یش له‌گه‌ڵ خاڵی یه‌كه‌م نه‌سازاوه، چونكه خاڵی یه‌كه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی زیاده‌ی فیعلی داڕێژراوه، له‌كاتێكدا، كه قه‌رزكردن له كورتهێنانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هه‌ربۆیه ئه‌م پڕۆژه‌ى یاسایه حسابێكی ئه‌وتۆی بۆ كۆی دارایی گشتی نه‌كردووه، ته‌نها حسابی ئه‌وه‌ی كردووه كهیاسایهك ده‌ربكرێت بۆ خه‌رجكردنی بڕی زیاتر له 35 ترلیۆن دینار.
4- له‌خاڵی چواره‌می مادده‌ی (2)، له لیستی سه‌رچاوه‌كانی ته‌مویلی هه‌ژماره‌كه ئه‌م ده‌قه هاتووه( ههرسهرچاوهیهكی تر) ئه‌وه‌یش به‌بێ رونكردنه‌وه و دیاریكردنی سه‌رچاوه‌كه، به‌م پێیه وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌توانێن هه‌موو سه‌رچاوه داراییه‌كانی عێراق به‌كار بهێنێت بۆ ته‌مویل كردنی ئه‌و هه‌ژماره.
جێگه‌ی تێبینیه كه ئه‌و بڕه‌ی به‌گشتی بۆ ته‌مویلی ئه‌م هه‌ژماره ئاماژه‌ی بۆكراوه لانی كه‌م ده‌گاته (35) ترلیۆن دینار، واته بارته‌قای كۆی بوودجه‌ی ساڵێكی عێراق جگه له به‌شی قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران و تۆڕی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی.
یه‌كێك له نه‌ریته‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستای عێراق ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه له داواكردنی پاره و ته‌رخانكراوه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردندا زۆر زیاده‌ڕه‌وی ده‌كات به‌جۆرێك كه له‌هیچ یه‌ك له‌حكومه‌ته‌كانی پێش خۆی به‌وشێوه‌یه نه‌بووه، بۆ بیر هێنانه‌وه له پڕۆژه یاسای بوودجه‌ی ساڵی 2021 خه‌رجیه‌كانی به زیاتر له (164) ترلیۆن دینار خه‌مڵاند بوو، به‌ڵام په‌رله‌مانی عێراق بۆی كه‌مكرده‌وه بۆ (129) ترلیۆن دینار، ته‌نها بۆ چوارمانگی كۆتایی ساڵی 2020 خه‌رجیه‌كانی به زیاتر له (57) ترلیۆن دینار خه‌مڵاندبوو و به پڕۆژه‌یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی داوای ده‌سه‌ڵاتی قه‌رزكردنی (41) ترلیۆن دیناری ده‌كرد، به‌ڵام په‌رله‌مان خه‌رجییه‌كانی كه‌مكرده‌وه بۆ (26) ترلیۆن دینار و، بڕی قهرزكردنیشی كه‌مكرده‌وه بۆ نزیكه‌ی (15) ترلیۆن دینار.
مادده‌ی 3:
مادده‌ی سێیه‌م تایبه‌ته به‌ته‌رخانكردنی پاره‌كانی ناو هه‌ژماره‌كه و ته‌مویل كردنی لایه‌نه سوودمه‌نده‌كان به‌شێوه‌ی مانگانه یان وه‌رزی یان ساڵانه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: 35% بۆ هێنانه‌دیی ئاسایشی خۆراك و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری له‌ڕێگه‌ی كۆبۆنی خۆراك و كڕینی به‌روبوومی گه‌نم و برنج و جۆ و پێدانی شایسته‌ی دارایی وه‌رزه‌كانی پێشوی جوتیاران.
دووه‌م: 35% بۆ پڕۆژه‌كان كه به‌م سێ خاڵه‌ی خواره‌وه روونكراوه‌ته‌وه :
1- پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ته‌كان له پارێزگا نه‌به‌ستراو به‌هه‌رێمه‌كانه‌وه، وه ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ پڕۆژه راوهستاوهكانه.
2- پڕۆژه نوێ و گرنگه‌كان بۆ پارێزگا نه‌به‌ستراو به هه‌رێمه‌كانه‌وه به‌مه‌رجێك تێچوی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك له (20) ملیار دینار زیاتر نه‌بێت.
3- پڕۆژه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانی ئیتیحادی دیارده‌كرێن له‌سه‌ر پێشنیازی لایه‌نی سوودمه‌ند به‌پێی ئه‌و رێكارانه‌ی كه‌وه‌زاره‌ت دایان ده‌نێت و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ده‌دات، به‌جۆرێك، كه ده‌سته‌به‌ری دادپه‌ره‌ری لهدابهشكردنیان به‌دیبهێنرێت به‌پێی رێژه‌ی دانیشتوان و نیشانده‌ره‌كانی هه‌ژاری، به ره‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌ردوو پارێزگای (نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا).
ئه‌و سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه له‌چه‌ند روویه‌كه‌وه جێگه‌ی سه‌رنج و تێبینین:
ئه‌و بابه‌تانه په‌یوه‌ندیان نیه بهدۆخیكی دیاریكراو و ئاسایشی خۆراك و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخی نه‌خوازراوه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و بابه‌تانه هه‌رخۆیان به‌شێكن له ته‌وه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بوودجه‌ی ساڵانه‌و سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانی حكومه‌ت.
ئه‌وه‌ی زیاتریش له‌م پڕۆژه یاسایه‌دا جێگه‌ی تێبینیه ئه‌وه‌یه كه به روونی هه‌رێمی كوردستان خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سودمه‌ندبوون له پڕۆژه‌كان، ئه‌مه‌یش ده‌بێته به‌ربه‌ست له‌به‌ره‌وپێشچوونی رێككه‌وتن و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، له‌ساڵانی پێشتریش زۆرجار یاساكانی بوودجه‌و یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی ئه‌و رۆڵه خراپه‌یان گێڕاوه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌پاڵ ئاماژه كردن به هێنانه‌دیی دادپه‌روه‌ری له‌دابه‌شكردنی پڕۆژه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مان دانیشتوان و هه‌ژاریدا ته‌نها ئاماژه به‌تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌ردوو پارێزگای (نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا) كراوه، له‌كاتێكدا كه ئه‌و دوو پارێزگایه نه هه‌ژارترین پارێزگان، نه زیانمه‌ندترینن و نه گه‌وره‌ترینن له رووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه.
سێیه‌م: 10% بۆ پاڵپشتی سیوله‌ی گه‌نجینه‌ی گشتی.
چواره‌م: 10% دانه‌وه‌ی قه‌رزی ده‌ره‌كی و قه‌رزی هاورده‌ی غاز و كڕینی وزه.
پێنجه‌م: دانی تیچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو.
شه‌شه‌م: 5% بۆ خه‌رجیه كتوپڕه‌كان به‌پێشنیازی وه‌زیری دارایی و به ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران.
مادده‌ی 4:
وه‌زیری دارایی به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆی هه‌یه ده‌سكاریی خه‌رجیه‌كانی هاتووو له بڕگه جیا جیاكانی مادده‌ی (3) بكات تاكو رێژه‌ی 15%، بۆنموونه له خاڵی شه‌شه‌می مادده‌ی سێیه‌م هاتووه وه‌زیری دارایی به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی (5%) ی بڕی پاره‌كانی ناو هه‌ژماره‌كه‌ی هه‌یه بۆ خه‌رجییه‌كانی كتوپڕ، ئه‌وه‌یش ده‌كاته (1.75) ترلیۆن دینار، به‌ڵام مادده‌ی (4) مافی ئه‌وه‌ی ده‌داتی كه رێژه‌كه به‌رز بكاته‌وه، به‌و جۆره بڕهكهیش زیاد ببێت تاكو نزیكه‌ی(5) ترلیۆن دینار، له‌كاتێكدا به‌پێی یاساكانی بوودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ خه‌رجیی كتوپڕ له‌ساڵانی رابردوو له‌سنووری (200) ملیار دینار بووه، واته ئه‌وه‌ی ئێستا ته‌رخانده‌كرێت بۆ خه‌رجیی كتوپڕ ده‌یان جار زیاتره له ته‌رخانكراوی ساڵانی رابردوو.
مادده‌ی 5:
به‌پێی مادده‌ی 5 خه‌رج كردن له‌و هه‌ژماره هه‌ڵاوێرده ده‌كرێت له مادده‌ی 13ی یاسای كارگێڕی دارایی ژماره 6ی ساڵی 2019، كه بڕگه‌ی یه‌كه‌می تایبه‌ته به كار كردن به بنه‌مای خه‌رجكردنی 12/1 تاكو یاسای بوودجه په‌سه‌ند ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدا كه‌یاسای كارگێڕی دارایی یاسایه‌كی بنه‌ڕه‌تیه و پێویسته ببێته بنه‌ما بۆ یاساكانی تری بواری دارایی.
مادده‌ی 6:
به‌پێی مادده‌ی (6) وه‌زیری دارایی بۆی هه‌یه به ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران قه‌رزی ناخۆیی و ده‌ره‌كی بكات بۆ پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كان تاكو بڕی (10) ترلیۆن دینار، له‌كاتێكدا به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی و رێسا بنچینه‌ییه‌كانی بوودجه و دارایی گشتی پێویسته كار به‌مادده‌ی 13ی یاسای كارگێڕێی دارایی بكرێت چ بۆ خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستن له‌سه‌ر بنه‌ما 12/1 ،چ بۆ پڕۆژه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌رخانكراوی گشتی و به‌پێی پێوانه‌ی كاری ئه‌نجامدراو.
مادده‌ی 7:
ئه‌م مادده‌یه تایبه‌ته به چۆنیه‌تی تۆماركردن و ته‌رخانكردنی ئه‌و به‌خشین و باربووانه‌ی كه وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه نه‌به‌ستراو به‌وه‌زاره‌ته‌كان وه‌ری ده‌گرن. تێكستی ئه‌و مادده‌یه‌یش دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه كه له‌یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی و یاساكانی بوودجه‌ی ساڵانه‌ی عێراقدا هاتووه.
هۆكاره پێویسته‌كان ( الاسباب الموجبة)
له خوێندنه‌وه‌ی هۆكاره پێویسته‌كان(الاسباب الموجبة)ی یاساكه‌دا هاتووه كه به‌هۆی كۆتایی هاتنی یاسای بوودجه‌ی ساڵی رابردوو و ده‌رنه‌چوونی یاسای نویێ بوودجه‌وه ئه‌م یاسایه ته‌شریع ده‌كرێت، زۆرینه‌ی ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی بوودجهیش به‌گشتی وه‌ك پاساو بۆ پێویستی ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه ئاماژه‌یان پێدراوه، نه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخێكی كتوپڕ‌و بوارێكی دیاریكراو بێت.