ئێمه جه‌نگێكمان بینی، ئێوه‌ش گه‌وره بن بۆ جه‌نگێكی دیكه
رێكه‌وت وابوو، دوێنێ 30ی ئادار (مارسی 2022) چوومه شاری دێلوه‌رس - ویلایه‌تی مینیسۆتا، له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كم كرد، له‌خۆمم پرسی "ده‌بێت گوناهی ئه‌م منداڵانه چی بێت ئه‌گه‌ر سبه‌ی ببن به قوربانی جه‌نگ؟".
قوتابییه‌كان له‌ناو ئه‌و گه‌ڵا وه‌ریوه‌ی پایزی 2021 خۆیان ده‌تلانده‌وه، ئه‌و گه‌ڵا وه‌ریوانه‌ی كه تا هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش به‌فری ته‌واوی زستان دایپۆشیبوون، به‌ڵام چه‌ند رۆژێكه به‌هۆی توانه‌وه‌ی به‌فره‌كه، گه‌ڵا وه‌ریوه‌كان بوونه‌ته فه‌رشێكی راخراوی سروشتی كه هه‌ر ئه‌ڵێی دوێنێ وه‌ریوون.
بیرم كرده‌وه و دیمه‌نی منداڵانی رووسیام پێچه‌وانه كرده‌وه و له‌به‌رخۆمه‌وه وتم: "ده‌بێت تاوانی ئه‌م منداڵانه چی بێت، سبه‌ی سه‌رۆكی وڵاتێك بڕیاری سزای ئابووری ده‌سه‌پێت به‌سه‌ریانداو برسیان ده‌كات؟" رێك بیر و خه‌یاڵم بۆ منداڵانی نێو قوتابخانه‌كانی رووسیا رۆیشت كه له سایه‌ی سیاسه‌تی چه‌وتی "ڤلادیمێر پوتین"ـی سه‌رۆكی رووسیا سزای ئابوورییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، ئه‌وه لێگه‌ڕێ منداڵانی ئۆكرانیا سووته‌مه‌نی ئه‌م جه‌نگه‌ن.
هه‌ر بۆ بیرهێنانه‌وه تیمی ئینستیتوی (KSE) قوتابخانه‌ی كێڤ-ی ئابووری، له راپۆرتێكدا زیانی بینا په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستی و پیشه‌سازیی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی خستۆته‌ڕوو، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه 378 دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی خاپور بوون و به كه‌ڵكی ئه‌وه نه‌ماوون نۆژه‌نیشكرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌رله‌نوێ دروستكرێته‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر منداڵێكی رووسی یه‌خه‌ی باوكیشی بگرێت و بڵێت: "ئه‌م پوتینە بۆ لانابه‌ن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات"، كه له ساڵی 1999ه‌وه به چه‌ندین شێوه له‌سه‌ر كورسی حوكمه، ده‌شێت ئه‌ویش وه‌ڵامێكی ناكۆتایی پێبێت و پێی بڵێت: "منیش هێنده‌ی تۆم ده‌سه‌ڵاته، به‌كورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه نووساوه!".
ڤلادیمێر پوتین ده‌بێ چی به منداڵانی وڵاته‌كه‌ی بڵێت، بێگومان هیچی پێ نییه بۆ منداڵانی وڵاته‌كه‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت، ده‌بێت ته‌خوینی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بكات كه ئۆكرانییه‌كانن.
هه‌روه‌ك پییه‌ر كۆنیزا بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی، له كتێبی (خوڵقاندنی دوژمن)دا، ده‌ڵێت: "بۆئه‌وه‌ی به‌هانه بهێنینه‌وه بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر به‌رامبه‌ردا، پێویسته دوژمن به شه‌یتان بكه‌ین و وه‌ها وه‌سفی بكه‌ین كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی".
زۆر سه‌رۆك به‌هانه بۆ شه‌ڕ ده‌هێننه‌وه، پوتین كۆتا سه‌رۆك نییه و كۆتاش نابێت، چونكه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئۆكرانیا به (نازییه نوێیه‌كان) وه‌سفده‌كات له‌كاتێكدا سه‌رۆكه‌كه‌ی قوربانی ده‌ستی نازییه، ئه‌مه‌ش له پێناو ئه‌وه‌ی كه بیره‌وه‌ری رووسییه‌كان بكولێنێته‌وه و له زهنی منداڵانی وڵاته‌كه‌شیدا بیچه‌سپێنێت كه دوژمنێكی ئاینده‌یی-تان هه‌یه وخۆتان ئاماده‌كه‌ن بۆ شه‌ڕ.
گۆڤاری نیوزویك له راپۆرتێكدا باس له ئه‌ندێشه‌ی رووسییه‌كان ده‌كات به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كه‌لوپه‌ل، نووسیویه‌تی: "منداڵێكی رووسی له مۆسكۆ دوو هه‌فته دوای جه‌نگ، داوای جووتێ پێڵاو له باوكی ده‌كات، به میترۆ ده‌چن بۆ بازاڕ، كاتێك ده‌گه‌نه دوكانی پێڵاوفرۆشه‌كه، ده‌بینن نرخی پێڵاوه‌كان هێنده گران بوون له‌توانای كڕیندا نه‌ماون، كابرای دووكاندار ده‌ڵێت: (شه‌ڕه.. شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئۆكرانییه‌كان، هه‌موو شت گران بووه!)".
گۆڤاره‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "كاتێك منداڵه‌كه به نائومێدی گه‌ڕایه‌وه، له‌وێستگه‌ی میترۆكه له باوكی ده‌پرسێت: (ئێمه بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئۆكرانییه‌كان ده‌كه‌ین)، باوكیشی له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: (منیش هێنده‌ی تۆی لێئه‌زانم)".
پێشتر پوتین پێداگری له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ئۆكرانیا كردووه، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی كات هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه بچێته ناو بیر و هۆشی ئۆكرانییه‌كان و باوه‌ڕیان پێبهێنێت كه شتێك نییه به‌ناوی ده‌وڵه‌تی ئۆكرانیا و ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌همێكه دروستبووه.
هه‌فته‌ی پێشوو دوای مانگێك شه‌ڕكردن به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له ده‌سته‌ی ئه‌ركانی رووسیا رایگه‌یاند كه سوپای رووسیا ئه‌ركی یه‌كه‌می ستراتیژی ته‌واو كردووه و به‌ره‌و رزگاركردنی هه‌رێمی دۆنباس ده‌ڕۆین.
له‌كاتێكدا ئه‌مه ئامانجی هێرشی رووسیا نه‌بووه بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، به‌ڵكو ئه‌و ویستویه‌تی هه‌موو ئۆكرانیا داگیر بكات، چونكه ئامانجه سیاسییه‌كانی پوتین بریتی بوون له گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی ئۆكرانیا، ئۆكرانییه‌كان دانبه‌وه‌دا بنێن نیوه‌دوورگه‌ی (كریمیا - قرم) به‌شێكه له رووسیا، ئۆكرانیا دانبه سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی دۆنباس بنێت، ئۆكرانیا بێ لایه‌ن بێت و په‌یوه‌ندی به ناتۆوه نه‌كات.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئه‌م ئامانجه سیاسییانه هیچی به‌دینه‌هاتووه تا ئامانجی ستراتیژی دیاریكرێت، چونكه له‌زۆربه‌ی كات گۆڕان له ئامانجی ستراتیژی ناكرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی سیاسی ده‌كرێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئامانجی ستراتیژی له‌خزمه‌تی ئامانجی سیاسیدایه.
هه‌موو ئامانجه سیاسییه‌كانی پوتین وابه‌سته‌ن به گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌وه چونكه ئه‌گه‌ر له‌شه‌ڕ سه‌ركه‌وتایه و ته‌واوی ئۆكرانیای داگیركردایه ئێستا ئامانجه سیاسییه‌كانی ده‌هێنایه‌دی.
ئه‌ی بۆ نه‌ڵێین ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا، مانگێك زیاتره سه‌رباز به كوشت ده‌دات له پێناو ئامانجێك كه نه‌ك ستراتیژی نییه، به‌ڵكو هیچ به‌هایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیشی نابێت ئه‌گه‌ر داگیری بكات، ئه‌ویش هه‌رێمی (دۆنباس)ـه‌و به‌م ئامانجه ستراتیژییه‌ی یه‌ك ئامانجی سیاسیشی بۆ به‌دینایه‌ت، به‌ڵكو بۆ هه‌میشه‌یی گه‌لی ئۆكرانیای كرد به دوژمنی رووسه‌كان.
ئه‌و ئامانجه ستراتیژییه‌ی كه به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له ده‌سته‌ی ئه‌ركانی رووسیا، باسی ده‌كات، ئامانجێك نییه ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی له ریزی سوپا بۆ بدرێت كه مه‌زه‌نده ده‌كرێت 10 هه‌زار سه‌رباز كوژراوه، له‌كاتێكدا هه‌میشه رووسیا وه‌ك دووه‌مین زلهێزی جیهان سەیر كراوه، به پێچه‌وانه‌وه ئامانجێك بوو خه‌ونی ملیۆنه‌ها منداڵی رووسی تیا بوو به قوربانی، چه‌ندین منداڵانی رووسیا و ئۆكرانیای بێ باوك كرد، كه ئه‌م منداڵانه له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بووندا باسی ده‌كه‌ن كێ بڕیاری شه‌ڕیدا دژی ئۆكرانیییه‌كان!.