بڕیاردان لە نێوان هەوەس و ژیریدا

Kurd24

(بڕیاردان) هەم زانستەو هەم هونەر. وەک زانست، بنەماو تیۆری و میتۆدی خۆی هەیە . وەک هونەریش، بەرچاوڕوونی و ئەزموون و دەستوپەنجە نەرمکردن و خۆگونجاندنی پێویستە !

لەدنیای پێشکەوتوودا (بڕیاردان) پرۆسەیەو قۆناغ بە قۆناغ بەرەو کامڵبوون دەچێت. لەدنیای دواکەوتووشدا، بڕیاردان، بەرهەمی هەوەسە، خولیای هەلپەرستییە، بەروبوومی بیر تەنگی و بەرچاو لێڵییە . یەکێ لە خەسڵەتەکانی سیستمی دیموکراسی، قۆناغبەندیی پرۆسەی بڕیاردانە. سەرەتا بیرۆکەیەک  سەرهەڵدەدات و هەڵگری تۆوی پرۆژەیەکی ئایندەییە :  بیرۆکەکە دەخرێتە ڕوو، شەنوکەو دەکرێت ، دەوڵەمەند دەکرێت، ڕەخنەی لێ دەگیرێت، چەند جارێک لە بێژنگ و فلتەر دەدرێت، پێداویستییە دارایی، تەکنیکی، مرۆیی، لۆجیستی و کارگێڕییەکانی بۆ سازو ئامادەدەکرێن. پاشان لە سنوورێکی زۆر دیاریکراودا لەسەر زەمینی واقیع ئەزموون دەکرێت، هەڵسەنگاندن بۆ فیدباک و ئەنجامەکانی ئەزموونەکە دەکرێت. ڕەنگە پاش تاووتوێکردنی گشت لایەنەکان پێویست بکات جارێکیتریش لە سنوورێکی دیاریکراودا ئەزموونبکرێتەوە.

پاش دڵنیابوون لە سەرکەوتوویی و بەدەستهێنانی ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان، ئینجا بڕیار گەڵاڵە دەبێت ڕادەگەێنرێ و ئەرک و ماف و بەرپرسیارێتی و دەستەڵاتەکانی جێبەجێکردن و بەدوداچوونی قۆناغ بەقۆناغ و بە دوو پلانی کورت خایەن و درێژخایەن جیبەجێدەکرێت !

هەندێ جاریش ڕووداوێک و پێشهاتێکی لەناکاو دێتە ئاراوەو پێویستە هەرچی زووە بڕیار لەبارەیەوە بدرێت. لە بارودۆخێکی وەهادا میکانزمی دی هەیە بۆ بڕیاردان: ئەوە بەرپرسیارێتیی شانەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانە، کە بریتییە لە کەسانی پسپۆڕو بە ئەزموون لە بووارەکانی (یاسایی، ئابووری ، سەربازی ، ئاسایش، تەندرووستی، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و میدیا)  کۆبوونەوەیەک یان چەند کۆبوونەوەیەکی خێراو چڕو پڕی ئەندامانی ئەو شانەی بەڕێوەبردنی قەیرانە دەیانگەێنێ بە بڕیاری درووست و گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهات و هەڵوێستە هەنووکەیی و کتوپڕەکان، چونکە پێشتر بە میکانزمێکی زانستی هەرچیی داتای پێویست و نوێ هەیە لەبەردەستیاندایەو بۆ باری نالەباری کتوپڕ ، دەستەڵاتی تەواویان پێدراوە. (بڕیاردان) بە میزاج و ڕک و کۆنە قینەوە، بڕیاردەرو بڕیارلێدراوانیش بەرەو هەڵدێر دەبات. بڕیاردان ئەگەر پرۆسە نەبێت، دەچێتە خانەی هەوەس و ڕک و کینەو حەزو بێزەوە. ڕەنگە بڕیارێک کە لە ئاستی کەسییدا زادەی حەزو بێزو هەوەس بازی بێت، زەرەرو زیانەکەی تەنها بۆ بڕیاردەرەکەی بێت .. بەڵام  لە هەر ئاستێکی گشتیدا (سیاسی یان کۆمەڵایەتی ، ئابووری یان سەربازی، تەندرووستی یان ئاسایش و تەناهی) دا بڕیاردان پرۆسە نەبوو، واتا تاکڕەوانەو بە هەوەس و بەنیازی تۆڵەسەندنەوەو سڕینەوەی ئەوی دی بوو، بەدڵنیاییەوە کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێ. زۆرترینی زەرەرو زیان و لێکەوتە خراپەکانیشی بەسەر خەڵکی بێ دەستەڵات وماندوودا دەبارێت.

هاوڕێیەکی زۆر بەڕێزو بەئەزموون و کوردپەروەرم هەیە، زۆرجار شێوازو میکانزمی بڕیاردان لە دەوڵەتی ژاپۆن بە نموونە دەهێنێتەوە لە دوایین نامەیدا دەڵێت : "لە وڵاتێکی وەک ژاپۆندا هەموو هەفتەیەک پشکنین بۆ بەرپرسی ئیدارەکانی ئاستە باڵاکان، لەبواری شەکرە، فشاری خوێن، خەمۆکی..... هتد دەکرێ، چونکە باش دەزانن ئەوانە کاریگەریان بەسەر بڕیارەکانی سەرکردەکانەوە هەیە...". کەواتە نەک هەر کۆنە قین و هەوەسی تۆڵەسەندنەوە، بگرە زۆرو کەمیی ڕێژەی شەکر لەخوێندا، بەرزو نزمیی پەستانی خوێن لە جەستەماندا، خەمۆکی و تووڕەیی و کێشە دەروونییەکانمان و کەم خەوی و تەنانەت باوبژی ناو ڕیخۆڵەکانیشمان ڕۆڵیان هەیە لە (بڕیارداندا)!

زۆر جار بارودۆخ ناچارماندەکات هاوسەنگیی هاوکێشەکان ڕابگرین و نەیشێوێنین، چونکە بەردەوامیدان بەو هاوسەنگییە ناچارییە، سەدجار لە لێکەوتەکانی تێکچوونی هاوسەنگییەکان چاکترە. تێگەیشتن لە بایەخی هاوسەنگی، هاندەرێکی زۆر گرنگە بۆ هێورکردنەوەی سەرکردە ژیرو بەرپرسەکان لە بڕیارداندا. بڕیاربەدەستی لێهاتوو، گوێ نادات بە لۆمەی لۆمەکاران و قسەو توانجی قسەزلە هیچ لەبارانەبووەکان !

پرۆسەی بڕیاردانی حەکیمانە هەم زانستی تێگەیشتنە لە هاوکێشەو هاوسەنگییەکان. هەم هونەری چەند هەنگاوێک گەڕانەوەیە بۆ دواوە تا گووڕو تینێکی زیاتر بدەیت بە خۆت بۆ بازدانێکی بەرین تر !