لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان و بەشداری کارای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Kurd24

لە ڕۆژانی 29 و 30ی ئاداری 2022، لە شاری دوبەی، بە سەرپەرشتیی بەڕێز (شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتوم)، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و حاکمی دوبەی، لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2022، بە بەشداری سەرۆك و سەرکردەی وڵاتان و سەرۆکی حکومەت و وەزیر و سەرۆکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و شارەزا و پسپۆڕانی بواری کاری حکومەتی و ئاییندەناسان، بەڕێوەچوو.

لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2022 لە دوبەی، کە یەکەم کۆبوونەوەی فراوان بوو لەسەر ئاستی جیهان لە دوای پەتای کۆرۆنا، رووداوێکی سەرەکی جیهانییە بۆ پێشخستنی نموونەی حکومەتداری لە ئاییندەدا. ئەم لووتکەیە، بەشدارییەکی فراوانی زیاتر لە 4 هه‌زار کەسایەتی لە 190 وڵاتی جیاوازەوە بەخۆیەوە بینی و بژاردەی بەرپرسانی حکومەتەکان و زیاتر لە 30 رێکخراوی نێودەوڵەتی تیایدا بەشداربوون و گفتوگۆ و بیروڕایان بە مەبەستی دروستکردنی ئاییندەیەکی باشتر و هاوکاریکردن، ئاڵوگۆڕ كرد.

لەو لووتکەیەدا کە زیاتر لە 110 دانیشتنی سەرەکی و دیالۆگ و 15 کۆڕبەندی جیهانیی ئەنجامدران، تیایاندا ئالنگارییە جیهانییەکانی سەردەمی ئێستا و ئەوانەی لە داهاتوودا ئەگەری روودانیان هەیە، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. هەروەها شێوازەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای حکومەت و بەهێزکردنی توانای حکومەتەکان بۆ ئامادەیی و گونجان لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان و دۆزینەوەی شیاوترین چارەسەرییەکان، کە ژیانی کۆمەڵگەکان باشتر بکات، باسیان لەبارەوە کرا. بە هەمان شێوە گرنگیی روانین بۆ ئاسۆی پێشکەوتنەکانی ئاییندە لە بوارە جیاجیاکانی زانست، تەکنۆلۆژیا، پزیشکیی، کۆمەڵایەتیی و کارکردن لەو بوارانە، بە جۆرێك لە خزمەتی کۆمەڵگەکان و ئایندەیەکی بەردەوام بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو، جەختی لێ کرایەوە. جگە لەو بابەتانەی ئاماژەیان پێدرا، بابەتەکانی کەشوهەوا، بازرگانیی نێودەوڵەتی، ئاییندەی شار، هاتوچۆ، هایدرۆجین وەك سەرچاوەی وزەی جێگرەوە، سەرکردەکانی نەوەی داهاتوو بۆ حکومەتەکان، گەشەپێدانی بەردەوام و ئابووری و دەیان بابەتی دیکە، تەوەرەی سەرەکی و ناونیشانی ئەو دانیشتنانە بوون، کە گفتوگۆیان تێدا دەکرا.

رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دانیشتن و دیالۆگ و کۆڕبەندەکانی لووتکەی جیهانی حکومەتەکان 2022 لە دوبەی، بەشدارییەکی کارای کرد و یەکێك بوو لەو سەرۆك حکومەتانەی کە بایەخی زۆر بە بەشداریکردنیان درابوو. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو 110 دانیشتنە جیاوازەی ئەنجامدران، لە سێیەمین دانیشتنی سەرەکی ئەو لووتکەیە، لە رۆژی یەکەمیدا لە 29ی ئاداری 2022، لەژێر ناونیشانی (ئایا جیهان ئامادەیە بۆ قۆناغی دوای نەوت)، بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میر (عەبدولعەزیز بن سەلمان ئال سعود)، وەزیری وزەی شانشینی عەرەبی سعودیە و (سوهێل بن محەممەد ئەلمەزروعی)، وەزیری وزە و ژێرخان لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی، یەکێك لە دانیشتنە گرنگەکانی ئەو لووتکەیەیان ئەنجامدا. لەو دانیشتنەدا کە ئامادەبوویەکی زۆری تێدا بەشداربوون، تیایدا جگە لە شیکردنەوەی روانینەکان بۆ مەترسییەکانی ئاییندە لە روانگەی جیاوازەوە و سەرنج و را لەسەر کەرتی وزە بەشێوەیەکی گشتی، باس لەو هێرشانەش کرا کە لەلایەن دەوڵەت و تاقمە جیاجیاکانەوە دەکرێنە سەر دەوڵەت و هەرێمەکانی دیکەوە. لێرەدا سەرۆکی حکومەت ئەو پاساوانەی رەتکردەوە، کە کرانە بیانووی مووشەكبارانکردنی هەولێر لەلایەن ئیرانەوە، هەروەها بەڕاشکاویش باسی لە یاسایی و دەستووریبوونی ئەو گرێبەستانە کر،د کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری وزەی ئەنجام داون و دڵنیاییشی بە هەموو لایەك دا، کە بەپێی یاسا و مافە دەستوورییەکانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوکارە نێودەوڵەتییەکانی بەردەوام دەبێت.

هەر لە پەراوێزی دەستپێکی ئەو لووتکەیە، لە (کۆڕبەندی وزەی جیهانیی)دا کە لەلایەن (ئەنجوومەنی ئەتلانتیك)ەوە رێکخرابوو، رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 28ی ئاداری 2022دا لە دانیشتنێکی ئەو کۆڕبەندە لە ژێر ناوی (پێشخستنەکانی وزە، هەناردەکردن، ئاییندەی هەرێمی کوردستان) وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و تیاییدا ئامادەیی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن بۆ چارەسەری لەهەر قەیرانێك، کە رووبەڕووی کەرتی وزەی جیهانی دەبێتەوە، هەروەها باسی لەو گرفت و فشارە سیاسییانە کرد، کە دەویسترێت بە ناوی دادگای فیدڕاڵییەوە بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان و راستیی و رەوایی و یاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی خستەڕوو، کە بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا داڕێژراون. دواتریش لەلایەن چوار لە پسپۆڕ و شارەزا نێودەوڵەتییەکانەوە گفتوگۆ دەربارەی ئەو هێڵە سەرەکییانە کران، کە سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر و لەلایەن دەزگا میدیاییە جیهانییەکانەوە بایەخێکی گرنگی پێدرا.

جگە لەو بەشدارییە سەرەکیی و گرنگەی ئەو دوو رۆژە لە پێشکەشکردنی وتار و دانیشتن و کۆڕبەندەکان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی گرنگ لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکومەتدا ئەنجامدران، گرنگترینیان کۆبوونەوە بوو لەگەڵ (سوهەیل ئەلمەزروعی)، وەزیری وزە و ژێرخانی دەوڵەتی ئیمارات، کۆبوونەوە لەگەڵ (محەممەد بارکیندۆ)، سکرتێری گشتیی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، کۆبوونەوە لەگەڵ (محەممەد ئەلجەدعان)، وەزیری دارایی شانشینی عەرەبی سعودیە، کۆبوونەوە لەگەڵ (عەبدوڵلا بن تۆق) وەزیری ئابووریی دەوڵەتی ئیمارات.

هەروەها کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ زیاتر لە 50 خاوەنکار و کۆمپانیای گەورە و وەبەرهێنەر بۆ باسکردنی دەرفەت و ئاسانکارییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان هەن سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی وەبەرهێنان.

کارێکی دیکەی گرنگی بەڕێز سەرۆکی حکومەت لەو لووتکەیەدا، واژووکردنی یادداشتێکی لێکتێگەیشتن بوو لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی، کە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی حکومەت و (محەمەد قرقاوی)، وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئیمارات واژوو کرا، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتدا، کە لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی ئیمارات هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەتی هەرێم و برەودان بە توانا مرۆیی و دام و دەزگاکانی حکومەت و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی دەوڵەتی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکاندا.

ئەوەی جێی باسە، کە سەردانی بەڕێز سەرۆکی حکومەت لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیماراتەوە بە گرنگییەوە بایەخی پێدرا و بە جیا لە ماوەی دوو رۆژدا لەلایەن (شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم)، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و حاکمی دوبەی، (شێخ سوڵتان بن محەممەد ئەلقاسمی)، حاکمی مینشینی شاریقە، (شێخ سعود بن سەقڕ ئەلقاسمی)، حاکمی میرنشینی رەئس ئەلخەیمە پێشوازی کرا و ئەو سەردانەی سەرۆکی حکومەت رووماڵێکی گرنگی رۆژنامەوانی و میدیایی دەوڵەتی ئیماراتی پێدرا.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان