مانگی ره‌مه‌زان ده‌رفه‌تێك بۆ مرۆڤدۆستی و لێبورده‌یی
ئه‌گه‌ر وا دابنێین مانگی پڕ خێری ره‌مه‌زان، مه‌وسمی خواپه‌رستی و به‌رۆژووبوون و نزیكبوونه‌وه‌یه له خوای گه‌وره، ئه‌وه له‌هه‌مان كات ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌و مانگه وێستگه‌یه‌كی گرنگه بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و رێكخستنه‌وه‌ی دڵ و ده‌روون له لایه‌ك و، وه‌رگرتنی ره‌وشته به‌رز و ئاكاره جوانه‌كان له لایه‌كی تره‌وه.
چونكه فه‌لسه‌فه‌ی خواپه‌رستی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، كه كاریگه‌ری هه‌مه لایه‌نه‌ی ئه‌رێنی چێ ده‌كات و تاكه‌كان له فۆڕمێكی تازه، پاك، دروست و به‌رزه‌وه داده‌ڕێژێته‌وه و ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌یان ده‌كاته‌وه.
مه‌به‌ستیش له‌و ئاراسته ئه‌وه‌یه، كه خودی ئه‌و تاكه ببێته فاكته‌ری خێر بۆ خۆی و ده‌وروبه‌ری و پاڵنه‌رێكی چاكه‌خوازیش بێت بۆ كۆمه‌ڵگه و كیان و ئه‌و نیشتمانه‌ی لێی ده‌ژیت، دروستبوونی ئه‌و جۆره‌ی كه‌سایه‌تییه له كه‌سێتی هه‌ر مرۆڤێكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو خاڵی سه‌ره‌كی:
یه‌كه‌م: وازهێنان له هه‌ڵه و كه‌موكوڕی و تاوان و هه‌موو ئه‌و دیارده قێزه‌ونانه‌ی ده‌بنه هۆی تێكچوونی شیرازه‌ی بینچینه‌یی و كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌وه.
دووه‌م: خۆ راهێنان له‌سه‌ر چه‌مكی لێبورده‌یی و نه‌رمی و به‌زه‌یی هاتنه‌وه و ویژدانێكی زیندووه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی وردتر بچینه كرۆكی باسه‌كه‌وه و شیكارێكی ته‌عبیری و وێنایی بۆ حاڵه‌تی یه‌كه‌م بكه‌ین، ده‌كرێت بڵێین، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بۆ خۆیی و له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی خودا هۆشیار نه‌بێ، ئه‌وا رێك سه‌رپێچی و تاوانه‌كان ده‌یخه‌نه په‌رێزێكی ناته‌ندروست و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین نه‌خۆشی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوناهـ و تاوان هه‌میشه مرۆڤ به شێوه‌یه‌كی ره‌شبینانه ئاراسته ده‌كه‌ن و ژه‌نگ و ژاڵی زۆریش به‌سه‌ر ده‌روونیه‌وه جێده‌هێڵێ.
هه‌ركات مرۆڤ خۆی وا راهێنا تاوانی گچكه ئه‌نجام نه‌دا، ئه‌وه ده‌بێته هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی له تاوانه گه‌وره و مه‌ترسیداره‌كانه‌وه، هه‌ركاتیش نه‌یتوانی به‌سه‌ریان زاڵ ببێ، ئه‌وه ده‌كه‌وێته داوی هه‌ڵه و كه‌موكوڕی و تاوانه‌وه، كه سه‌ره‌نجام كاریگه‌ری و ده‌رهاوێشته‌ی سلبی به‌سه‌ر كه‌سایه‌تیه‌وه لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
چونكه تاوان و نه‌خۆشی دوو لای یه‌ك دراون، وه‌ك چۆن نه‌خۆشی هه‌یه ساده‌یه و به خواردنی حه‌بێك چاره‌سه‌ر ده‌بێ، به‌هه‌مان شێوه تاوانیش هه‌یه به ساده‌یی بنبڕ ده‌بێ و نامێنێ، وه‌ك چۆن نه‌خۆشی هه‌یه پێویستی به چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن و خه‌واندن هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه تاوان و ره‌وشتی خراپی واش هه‌یه پێویستی به كات و ده‌رفه‌رت و گرتنه‌به‌ری ئامرازی پێویست هه‌یه تا لێی ده‌رباز ده‌بێ، وه‌ك چۆن نه‌خۆشیش هه‌یه كوشنده‌یه و چاره‌سه‌ری نیه و ده‌بێته شێرپه‌نجه و به‌ناخی مرۆڤ ده‌چێته خواره‌وه و به‌رۆكی ده‌گرێ و ژیانی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، به‌هه‌مان شێوه تاوان و گوناهیش هه‌یه ده‌بێته ده‌درێكی بێ چاره‌سه‌ر و سه‌ره‌نجام ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه چاره‌سه‌ری بۆ نه‌دۆزرێته‌وه، مه‌ترسی زۆر و گه‌وره له‌سه‌ر ژیان و كه‌سایه‌تی ده‌نێته‌وه و ئه‌سته‌مه له‌ژێر كاریگه‌ریه خراپه‌كانی ده‌رباز ببێت.
بۆیه باشترین وێستگه و چاره‌سه‌ری هۆشیاربوونه له به‌های مانگی ره‌مه‌زان، كه زێڕینترین ده‌رفه‌ته بۆ مرۆڤ بتوانێ تێیدا خۆی پاك بكاته‌وه و كه‌سایه‌تی خۆی دابڕێژێته‌وه، ئه‌وه‌ش به گه‌ڕانه‌وه و وازهێنان له هه‌ڵه و تاوانه‌وه دروست ده‌بێ و به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌روون و جه‌سته ده‌كه‌ونه‌وه حاڵه‌تی ته‌ندروستیه‌كی باش و ئه‌خلاقێكی به‌رز و جوانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
سه‌روه‌ری مرۆڤایه‌تی حه‌زره‌تی محمد (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له چه‌ندین فه‌رمووده، هێمای بۆ ئه‌وه كردووه، كه له مانگی ره‌مه‌زان خوای گه‌وره لێبورده‌یی خۆی ده‌كاته خه‌ڵاتی ئه‌و به‌ندانه‌ی ته‌وبه ده‌كه‌ن و رێگه‌ی چاكه‌كاری ده‌گرنه‌به‌ر و خۆیان له په‌رێزی خراپه و تاوان و سه‌رپێچه‌كانه‌وه دوور ده‌خه‌نه‌وه.
هه‌ر بۆیه‌ش یه‌كێ له‌ناوه‌كانی خوای گه‌وره (عفور - لێبورده)یه‌و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زۆرترین نزای پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) له مانگی ره‌مه‌زان ئه‌وه بوو، كه ده‌یفه‌رموو: (خوایه تۆ لێبورده‌ی و حه‌زیش به لێبوردن ده‌كه‌یت ده‌سا لێمان ببوره)، كه‌واته به به‌ڵگه‌وه مانگی ره‌مه‌زان ده‌رفه‌تێكی گرنگه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌دوای لێبورده‌یی تامه‌زرۆن و ده‌یانه‌وێ خوای گه‌وره ته‌وبه‌یان لێ قبووڵ بكا‌ت.
كه‌وایه با ئێمه به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ك له كردار و ره‌فتار و گوفتاره‌كانمان بكه‌ین، سا به ئومێدی لێبورده‌یی په‌روه‌ردگاره‌وه هه‌ڵه‌كانمان ره‌ش ببنه‌وه و بكه‌وینه حاڵه‌تێكی باشتری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
له‌هه‌مان كات ئه‌ركه ئه‌و وانه‌ش له ناوه‌رۆكی چه‌مكی لێبورده‌یی په‌روه‌ردگاره‌وه فێر ببین، كه بریتیه له‌وه‌ی، مادام خوای گه‌وره لێبورده‌یه به‌هه‌مان شێوه كه‌سانی لێبورده‌شی خۆش ده‌وێت.
ده‌ی با له‌و ده‌رفه‌ته و له‌ناو خۆماندا لێبوردن بكه‌ینه هه‌وێنی ته‌بایی و برایه‌تی و قیه‌می كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه و، هه‌ر یه‌كێكمان با له ئاست هه‌موو ئه‌و كه‌سانه لێبورده بێت، كه هه‌ڵه‌یان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام داوین، با له هه‌موو ئه‌و دراوسێ و ده‌وروبه‌ر و خه‌ڵكانه ببورین، بۆ ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه له جۆری په‌یوه‌نده‌یه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان دروست بێ و ته‌بایی و ئاشتبوونه‌وه و برایه‌تی و یه‌كڕیزی بگه‌ڕێته‌وه نێو كۆمه‌ڵگه، له سایه‌ی كاریگه‌ری ئه‌و ته‌باییه‌ش هه‌موو لایه‌ك له به‌خته‌وه‌ری ده‌روونی و ویژدانی و ژیانه‌وه نزیك ببینه‌وه.
به‌تایبه‌ت له‌و مانگه ئه‌ركه هه‌ر تاكێك چه‌مكی لێبورده‌یی له خۆیدا به‌رجه‌سته بكا‌ت و ئاشت ببێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی له‌گه‌ڵیان هه‌یه، له‌هه‌مان كاتیش بۆ ده‌ربازبوون له قه‌یرانه ده‌روونی و نه‌خۆشیه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه پێویسته گیانی لێبورده‌یی ببێته چاره‌سه‌ر و خه‌ڵكیش به‌هۆیه‌وه بكه‌ونه شادومانی و ئاسوده‌یی و ناخێكی پاك و دوور له ڕق و كینه‌وه.