یەك ناونیشان بۆ سەردانەکەی مەسرور بارزانی

Kurd24

سەردانەکەی مه‌سرور بارزانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، تەنها یەك ناونیشانی لێ دەوەشێتەوە، کە سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان خاوەنی ستراتیژیەتێکی روون و چەسپاو و نەگۆڕە، ئەویش دەستبەردارنەبوونی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستانە، هەروەها سازش نەکردنه‌ لە سەر مافە دەستووریەکانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان.

لە سێ ساڵی رابردوودا وێڕای ئەو هەموو ئالنگاریە سەخت و جددییانەی هەبوون و هەن، مەسرور بارزانی توانی رەهەندەکانی دونیابینی خۆی بۆ حوکمڕانی و ستراتیژیەتی کارکردنی کابینەکەی بە تەواوی دیاری بکات و بچەسپێنێ، لە رێگای هەبوونی ئیرادەیەکی جددی بۆ راستکردنەوەی هەموو ئەو هه‌ڵانه‌ی لە رابردوو کراون.

جیهان بە گەشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە بەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، لەو گۆڕانکاریانە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی لە بەردەمدایە بۆ بەهێزبوونەوەی پێگەکەی و باشتربوونەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لە رێگه‌ی زیادبوونی داهات بە هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، هەر ئەوەشە کە چەند لایەنێکی لە بەغدا نارەحەت کردووە، بە دەست لە پشدانی وڵاتێکی ئیقلیمی و لە رێگه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵ و بەکارهێنانی لە دژی مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان، هەروەها بە هاندانی لایەنێکی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی کێشە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، کۆسپ لەبەردەم سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لەو کارەیدا دروست دەکرێت.

بەڵام ئەوەی روون و دیارە، ئایندەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە، کە بەسەر قەیرانەکاندا سەردەکەوێت، هەروەها ستراتیژیەتی نەگۆڕی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان و سەرۆکەکەیەتی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستووریەکان و سازشنەکردن بۆ هیچ لایێك و بۆ هیچ شتێك، ئەوەش ئیرادەی خەڵکی کوردستانی لە پشتە و ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەگەڵدایە.