گرنگی  پرۆتۆکۆلی پێشوازی و کات لە سەردانی دیبلۆماسیدا

Kurd24

وەک نەریتێکی سیاسی و دیبلۆماسی هەموو سەردانێکی فەرمی ڕێکاری دیبلۆماسی تایبەت بەخۆیی هەیە و تێکڕای وڵاتانی جیهان پابەندی خاڵەگشتیەکانی دیبلۆماسیەت و پەیوەندیە تایبەتەکان و نەریتە باوەکانی وڵاتەکەیان دەبن تێکەڵ بەیەکیان دەکەن و وەک هۆکارێک بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندیەکانیان بەجیهانی دەرەوەی  بەکاریان دەهێنن

بۆ خوێندنەوەی سەرکەوتنی هەر سەردانێکی دیبلۆماسی نێوان دوو وڵات یاخود زیاتر دوو خاڵی گرنگ هەیە کە لەبەرچاو دەگیرێت ئەوانیش (پرۆتۆکۆلی پێشوازی و کات)ی سەردانی کردنەکەیە، بەدرێژایی مێژووی پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسیەکان زۆر ڕووداوی گرنگ و بەرچاو هەن کە هەر بەخوێندنەوەی ئەم دووخاڵەدا ڕادەی سەرکەوتنی سەردانەکان خوێنراوەتەوە

نزیکترین و زیندووترین نمونەش سەردانی (ئیمانوێل ماکرۆن)ی سەرۆکی فەڕەنسا بوو بۆ ڕوسیا چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراین بە شێوازی پێشوازی ماکرۆن لە فڕۆکەخانە و درێژی مێزی گفتووگۆی نێوان پۆتین و ماکرۆن و جێهێشتنی ماکرۆن لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا جیهان تێگەشت سەردانی ماکرۆن نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو لە شکۆی دەوڵەتی فەڕەنساشی هێنایە خوارەوە.

کاتی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ڕوسیا بەهەمان شێوە هەر دروست نەبوو چونکە ڕوسیا پێشتر بڕیاری خوی دابوو بۆیە سەردانی ماکرۆن  زۆر دواکەوتوو درەنگتربوو لەوەی بتوانێت ڕێگە لەو هێرشەی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراین بگرێت کەوابوو هەردوو فاکتەری پێشوازی پرۆتۆکۆل و کات گرنگیەکی تایبەتی خۆیان لە پەیوەندییە دیبلۆماسیەکاندا هەیە.

نمونەیەکی دیکەی گرنگی لەم بوارەدا سەردانی چەندساڵی ڕابردووی (ڕەجەب تەیب ئەرۆغان)ی سەرۆکی کۆماری تورکیا بوو بۆ ڕوسیا وەک لەمیدیاکان نیشاندرا پۆتین بە قەستی ئەردۆغانی لەبەردەم دەرگای کۆشکەکەی ڕاگرت وەک جۆرێک لە ئیستیفزاز بەرامبەر بەوەی تورکیا فڕۆکەیەکی ڕوسی خستەخوارەوە هەر لەو دیمەنانەوە ئاستی خراپی سەردانەکەو شکانی تورکیا لەو سەردانە دیبلۆماسیەدا بۆجیهان نمایشکراو لەسەر ئاستی ناوخۆش زۆر لەسەر ئەردۆغان کەوت.

لەم دیمەنانەوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ ڕادەی سەرکەوتنی سەردانە دیبلۆماسیەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش بکەین تۆ بڕوانە لە کاتێکدا گەلەکۆمەیەکی گەورە لەسەر کوردستان بوو سەرۆک ماکرۆن بەچی پرۆتۆکۆلێک پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ڕێزدار(نێچیرڤان بارزانی) کرد بەجۆێک لەوچرکەساتەوە بەستەڵەکی گەمارۆ دیبلۆماسیەکانی جیهان لەسەر هەرێم کوردستان شکێنراو دەرگا بەڕووی کوردستاندا کرایەوە.

بێشک ئەو خوێندنەوەیە بۆ سەردانی  سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ شانشینی بەریتانیا و  پێشتریش بۆ وڵاتانی ناوچەکەو جیهان ڕاستەو ئەو پێشوازیە گەرمەی لەسەر ئاستی سەرۆک وەزیران و تێکڕای وەزارەتە گرنگەکانی بەریتانیا لەسەرۆک وەزیرانی کوردستان کرا سیمایەکی سەرکەوتوانەی بەسەردانەکە بەخشی بەتایبەت دانانی ئاڵای کوردستان لەپێشوازیدا و لێدوانی سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن بۆ میدیاکان و ئاماژەدان بەپەیوەندی لەمێژینەو توندوتۆڵی شانشینی بەریتانیاو کوردستان هێندەی دیکە هێزو قوەتی بەخشی بە سەردانەکە.

فاکتەری کاتیش خاڵێکی دیکەی هێزی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانە بۆ بەریتانیا لەکاتێدا عێراق لە لەدۆخێکی ناسەقامگیرو ناخۆشدایەو پاشی شەش مانگ لە هەڵبژاردن هێشتا کابینە پێک نەهاتوە، لەکاتێکدا دادگای فیدراڵی کۆمەڵێک بڕیاری یاسایی ئاخنراو بەمەبەستی سیاسی دژی خەڵکی کوردستان دەرکردووە، لە کاتێکدا ئێران هەولێری موشەک باران کردوە ئالەم ساتەدا ئەو دەوڵەتەی عێراقی دروستیکردووە و بەشێکی داشی دامەی سیاسی ناوچەکەش هێشتا ئەو دەیجوڵێنێت پێشوازیەکی بەوجۆرەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان دەکات زۆر گرنگە و بایەخێکی تایبەتی خۆی هەیە بەجۆرێک دەتوانێت دەرگای دیبلۆماسی زیاتر بخاتە سەرپشت بۆ کوردستان و پاڵپشتێکی بەهێزی ئەو دۆخەبێت کەبۆ هەرێمی کوردستان هاتوەتە پێشەوە.

بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کەواتە فاکتەری کاتیش لە بەرژەوەندی سەردانەکەو خەڵکی کوردستانە بۆیە بەهەردوو پێوەری ئاماژەپێکراو دەتوانین بڵێین سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ بەریتانیا سەردانێکی گرنگ و، پڕبایەخە و دڵنیاشم ناواخنی کۆبوونەوەکان و لێکگەشتنەکان لەئایندەدا زیاتر واقیعیەتی ئەم خوێندنەوەیەمان بۆ دەسەلمێنێت.