پارتی لە پێگەیەکی باڵاترەوە سیاسەت دەکات

Kurd24

بە پێی ئەو فۆڕمە حیزبییەی ھەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، پارتی جیاوازتر سیاسەت دەکات.

سیاسەتی پارتی لە سیاسەتی ھیچ پارت و رێکخراوێکی تری سیاسی ناچێت، جیاوازییەکەش ئەوەیە پارتی شوێنپێ بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام ئەوانی تر بە شوێنپێی پارتیدا دەڕۆن.

کاتێک سەرۆک بارزانی، یان رێزدار نێچیرڤان بارزانی و رێزدار مەسرور بارزانی، سەردانێکی فەرمی ئەنجام دەدەن و دیدارییان دەبێت لەگەڵ بڕیاربەدەستەکانی جیھاندا، پلانی دیدار و بەرنامەکانییان پەیوەستن بەو بوارانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە لێی دەڕوانێت و بەشێکە لەو ئاراستە گشتییەی کە جیھانی پێشکەوتوو کاری لەسەر دەکەن و نەخشە سیاسییەکانی لەسەر دادەنرێت.

ھەرێمی کوردستانیش لەم ھاوکێشەیەدا لە لیڤڵی دەوڵەتدا مامەڵە دەکات و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەم پێگەیەش بەدەستھاتووە نەک پێی بەخشرابێت، تەنانەت لە رابردوو لە ئێستاشدا تاوێری بۆ دەخرێتە سەرڕێ، بۆ ئەوەی رابوەستێنرێت یان خاو بکرێتەوە.

کاتێک باسی پارتی دەکەم، دەزانم بۆ وا دەڵێم، چونکە تەنھا پارتییە کە سیاسەت بە روونی دەکات و لە کاتی پێویستدا ھەڵوێست وەردەگرێت و بەرگری لێدەکات و تەنانەت باجیشی لەسەر دەدات، بەڵام نە پەشیمان دەبێتەوە، نە نکۆڵی لێدەکات، بەڵکو شانی دەداتە بەر بەرپرسیارێتییەکانیش.

پارتی لە کاری سیاسی و لە حکومڕانیدا راشکاوە، بەرنامەی ھەیە و ئامانجی دیارە و لە ستراتیجیشیدا ھەموو ھەنگاوەکانی دەستنیشانکراون، بۆیە کە ھەنگاوێک دەنێت دەزانێت ھەنگاوی دواتر چی دەبێت، کە تاوێریشی لەبەردەمدا داندرا، ئەو رێگایەشی دەستنیشان کردووە کە چۆن تاوێرەکە لابدات، یان خۆی لێ لابدات!

جا سیاسەت کە چووە چوارچێوەی پەیوەندی نێودەوڵەتییەوە، ھەموو سنورە لۆکاڵییەکان دەبەزێنێت و ئەو گۆشەیە بەجێدەھێڵێت بۆ ئەوانەی بەشوێن پێیدا دێن و دەیانەوێت پێی بگەنەوە.

بۆیە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک گەنج و دروشم بەرزکردنەوە و ھێلکە ھاویشتن، ھەمیشە بۆ ئەوانە باشە کە ھێشتا لە ناو گەڕەک و شاردا سیاسەت دەکەن و بڕوایان وایە سۆشیال میدیا باری لاریان راست دەکاتەوە، پارتیش لە ناوەندە گرنگەکانی بڕیاری جیھاندا، سەرقاڵی نەخشەی ستراتیژییە بۆ ئایندە لە بوارەکانی ئاسایش و وزە و ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

ئەم جیاوازییە لە فکری سیاسی و بەرنامەی سیاسیدا، لە یەک تەرازووی ھاوسەنگدا جێگایان نابێتەوە، ئەوەی جێگایان دەکاتەوە راوەستانییانە لە تەنیشت پارتییەوە بۆ ئەوەی دەستکەوتەکان بۆ ھەمووان بێت، خۆ گەر لە ریزیشدا نەوەستن و لاقرتێی پارتی بکەن، دواجار دەستکەوتەکان بۆ ھەمووانە دیسان، بەڵام ئەوکات شانازییەکەی تەنھا بۆ پارتی دەبێت و ئەوان بە دەستی خۆیان خۆیانی لێ بێبەری دەکەن!