کاریگەری لێکەوتەکانی شەڕی رووسیا - ئۆکراینا لە سەر کەرتی وزەی کوردستان

Kurd24

هەناردەکردنی غاز و نەوتی کوردستان، بەتایبەتی گازی شل بۆ ئەوروپا، هەروەها داهاتووی ئەو دوو کەرتە بووەتە بابەتی رۆژەڤ بۆ سیاسەتڤانان و ئابووریناسان، ئەوەی تێبنی دەکرێت سیاسەتی ئەمه‌ریکا و ئەوروپایە و بەشێوەیەك پیشاندەدرێت، کە دەیانەوەێت سەرچاوەی وزە لە ئەوروپا جۆراوجۆر بکەن، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین هەمووی دووفاقییە، تاوەکو ئێستاش کۆمپانیاکانی ئەوروپا بەردەوامن لە کڕینی غاز و نەوتی رووسیا، دەنا بۆچی تائێستا ئەمه‌ریکا نەوتی رووسیا دەکڕێت؟ بۆچی ئەوروپا غازی رووسیا دەکڕێت؟ بە پێچەوانەوە، ئەمه‌ریکا و ئەوروپا زۆر هەوڵیاندا خۆیان لە کڕینی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووربخەنەوە. بۆیە ئەوەی باس دەکرێت تەنیا قسەیە، بەڵام لە واقعدا تاوەکو ئەم ساتەش بازرگانی نەوت و غازی رووسیا و ئەوروپا بەردەوامە. بۆ نموونە، کۆمپانیای شیل دەڵێت:"چیتر نەوتی رووسیا بە گرێبەستی دەماودەست ناکڕین، بەڵکو قۆناخ بە قۆناخ ده‌كڕین و کەمیشی دەکەینەوە".

باشترە سیاسەتی کوردستان بێلایەن بێت و نەبێتە بەشێك لە سیاسەت و رکابەری نێوان بایدن پووتین، چونکە ئێستا کەس ناتوانێت پێشبینی داهاتووی سیاسەتی غاز و نەوت بکات لە جیهاندا. هیچ وڵاتێك جگە لە سعوودیە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی رووسیا، لەکاتێکدا تا ئێستاش هەڵوێستێكی بێلایەنانه‌ی هەڵبژاردووە و بەڵێنی بە ئۆپیك داوە، پاپەندی ئەو بەشە بێت، كه‌ بۆی دانراوە.

تا هەڵگرتنی ئابلووقەی سەر ئێران و فەنزوێلا و گازی قەته‌رییەکان، باشترە لەم دۆخ و کاتەدا خۆی بێلایەن نیشانبدات و خۆی لە قەرەی ئەو بابەتە نەدات.

لە ئەمه‌ریکا و کەنەدا نرخی بەنزین زۆرگران بووە و بایدن دەڵێت: "بە دەستی من نییە" بۆ نموونە: لە کالیفۆرنیا گاڵۆنی بەنزین بووەتە ٦ دۆلار.

پشت بەستنی ئەوروپا بە غازی ئەمه‌ریکی جێگەی دڵنیایی نییە، بەهۆی ئەوەی گرفتی زۆرە، بە تایبەت کێشەی کەش و هەوای کەنداوی مەکسیك کە تووشی گیژەڵووکە و گه‌رده‌لوولی زۆر دەبێت، بە تایبەت لە هاوین و پایزدا، نموونەی وەکو کاترینا و ئیتیا، کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی زۆری کانەکانی بەرهەمی نەوت و گاز، بە وەستانی بەرهەم بۆ چەند هەفتەیەك کێ قەرەبوو بۆ ئەوروپا دەکاته‌وه‌ و گه‌ره‌نتی سەرهەڵنەدانی کێشەی سووتەمەنی چی دەبێت لەو ماوەیەدا.

گرنگە لەم کاتەدا کوردستان هەستیاربێت و بەژیرانە سیاسەت بە نەوت و گازی هەرێمەوە بکات، هەرچەندە تا راده‌یه‌ك خۆی بێلایەنکردووە، بەڵام باسکردنی ناردنی غاز بۆ تورکیا یان بۆ ئەوروپا کاتەکەی باش نییە و نابێ رووسەکان لە خۆیان توڕە بکەن و رووسیا دەنگی ئۆپیکە لە ئەنجوومەنی ئاسایش، رووسیا مافی ڤیتۆی هەیە دژی ئەو هەموو پلانەی ئەمه‌ریکا و ئەوروپا دژی پیشەسازی نەوت و غاز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت پێش شەڕی ئۆکراینا و باس باسی گۆڕانکاری ئاوهەوا و وزەی نوێبووەوە بوو، هەروەها هانی کۆمپانیاکان دەدرا، سەرمایەداری و وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا نەکەن، بەڵکو زۆرتر پارە بۆ پڕۆژەی وزەی هایدروجینی و نوێبووەوە خەرج بکەن.

هەروەها نابێت و ناکرێت هەرێمی کوردستان بەتەواوی و بەتەنیا پشت بە کەرتی غاز و نەوت ببەستێتت، دەبێت بیر لە وزەی نوێبووەوە بکاتەوە، بە تایبەت چەندین لێکۆڵینەوە هەن کە شوێنێكی لە بارە بۆ بەرهەهێنانی وزەی نوێبووەوه‌، بە تایبەت با، ئاو و تیشکی خۆر.

کوردستان چەندین ساڵی دیکە پابەنددەکرێت بە بابەتی سیاسەتی (حیاد کاربونی) یان دەرنەدانی گازە پیسەکان، بۆیە دەبی ئامادەکاری بکرێت بۆ داهاتوو و بیر لە سیاسەتی ئایندە بکاتەوە، کورد گوتەنی "پێش تایێ بەڕێ بەخۆتدا بدە"، هەوڵبدرێت هانی کۆمپانییەکان بدرێ بەرهەمهێنان لە کەرتی وزە نوێبووە بکەن و پلانی وردیی بۆ دابڕێژرێ، چونکە ئاووهەوا رۆڵی دەبێت و داوا لە کۆمپانیاكان دەکات، نەهێنە هەرێمی کوردستان بۆ نەوت و گاز، بەڵكو بۆ هایدروجین یان بۆ وزەی نوێبووەوه‌کان دێن.

پسپۆری جیۆپۆلیتیکی وزە