کوردبوون لە نیوان حەز و ستراتیژدا

Kurd24

زۆرن ئەوانەی بۆ حەزێک، یان بەهۆی گرێیەکی کەسی بزمار لە تابووتی کوردبوونی خۆیان دەدەن، لە دێرزەمانەوە کەمنەبوون ئەو کەسانەی چاویان بەسەرکەوتنی تاکێکی کوردی هەڵنەهاتووە، لە هەموو شۆڕشە رزگاریخوازەکانی میللەتەکەماندا، دەیان نابەرپرس و نەشارەزا لە باوەڕی کوردبوون بوونەتە پیاوی بێگانە، بۆ ئەوەی بەپلانی دوژمنان هەرەس بە شۆڕشە ڕزگاریخوازەکانی کورد بهێنن. ئەوان بۆ شێواندنی هەر ئەزموونێکی کوردی لە چوار پارچەی کوردستان سەری هەڵدابێیت بوونەتە داردەستی دوژمن، چونکە خۆیان ناتوانن  بگەن بەو ئاستە، یان چاویان بە سەرکەوتنەکانی ڕێبەرە رزگاریخوازەکانی کورد هەڵنەهاتووە. لە نزیکترین پێشهاتیشدا، دوای دروستبوونی ئەزموونی حوکمڕانی کوردی لە باشووری کوردستان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەی بووە، جیا لەوەی نزیکەی سی ساڵە  باشووریان کردووەتە پەناگەیان و لە ناوجەرگەی باشوور و لە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم بە  ئارامی ژیاون، وێڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیان جار باجی بوونی ئەوانی داوە، بەڵام ئەوان لە دوژمنکاریان بەرامبەر هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، سڵیان نەکردووەتەوە، لەکاتێکدا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستەڵاتێکی کەمیان کەوتووەتە دەست، جگە لە خۆیان ڕێگە بەهیچ کەس و پارت و لایەنێک نادەن، تەنانەت ڕەخنەشیان لێبگیرێت، چونکە ئەوان ئەجێندای وڵاتانی ئەقلیمی جێبەجێ دەکەن، فەرمان و ستراتیژی کارکردنیان، هەمان ستراتیژیەتی دوژمنانی کوردە.

لە هەرێمی کوردستان هەزاران پیلانی ناحەزانی ئەم ئەزموونەیان، بە ئەجێندای دەرکی و  کەسانی نەزانی ناو هەرێم جێبەجێ کردووە و ئیستاش بەردەوامن.

ئەوانە ناتوانن وەک حکومەتی هەرێم، سەروەری و مێژوو بۆ کورد و باشوور تۆمار بکەن، بۆیە بە پلانی دوژمنان کەسانی ساویلکە هەڵدەخەڵتێن و دژی سەرۆکی حکومەت لە دەرەوەی وڵات هانیان دەدەن، ئەمانە بێئاگان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و کارە ستراتیژی دوورمەوداکانی حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی کورد، کە خەباتی چەندین ساڵەیان بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە بووە، بەڵام چاویان بەرای نادات و هەمان پیلانی دوژمانی میللەتەکەمان دووبارە دەکەنەوە.

دووبارە بوونەوەی مێژوو، لە کاتە جیاوازەکاندا، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات، کە دەبێیت چاوەڕوانی خراپی ئەو کەسانە بکەین، کە چاکەیەکی زۆرمان بەرامبەر کردوون، لەمێژە کورد بە پەندێک ئەم جۆرە بیرکردنەوانەی پشت ڕاستکردووەتەوە، کە وتوویەتی: (دار کرمی لەخۆی نەبێ هەزار ساڵ دەژی) ئیتر بەلاتانەوە ئاسایی بیت، کاتێک کارێکی لەم جورە ئەنجام دەدەن، چونکە ستراتیژی دوژمنانی کورد لەناوبردنی کارەکتەرە سەرەکی و گرنگەکانی کوردە، چونکە سەرکەوتنی سەرکردەیەکی ڕاستەقینەی کوردستان لە ئاستی  نیودەوڵەتی و پیشوازی شاهانە و دانانی ئاڵای کوردستان و بەفەرمی ناساندنیان و پرۆتۆکۆڵی پێشیوازی لێکردنیان، زیاتر توشی هیستریا دەکات و وایانلێدەکات بەرچاویان ڕەش ببێی و هەموو کارێکی ناکوردانە بگرنە ئەستۆ.

ئێستاش کە نزیکبووینەتەوە لە ساڵی 2023، کە ساڵی کۆتایهاتنی سەدی ڕێکەوتننامەی (سایکس پیکۆ)یە، ئەگەرێکی زۆرە ئەو وڵاتانەی لەو پەیماننامەیەدا دروستبوون، لێکهەڵنەوەشێن و حکومەتی کوردستانیش بەدەستی سەرکردە ڕاستەقینەکانی دروست ببێت، چونکە پێگەی  وزەی کوردستان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نوێدا، کوردستان دەوڵەتە. لەم نێوەندەدا بەریتانیا سەرەکیترین داشی یاریە نیودەوڵەتییەکانە و ئەمریکا و ئەوروپاش یەکەم بەرە دەبن ئەو ڕاستیە قبووڵ بکەن و دان بەدەوڵەتی کوردستاندا بنین.

مێژوو گەواهیدەری سەربەرزی و سەرفرازی کوردە، هەتا ئەوان دژایەتی کورد و سەرکردە ڕاستەقینەکانی بکەن، ئەمان بەهێزتر و بەگڕوتێنێکی کوردانە و نیشتمانپەروەرانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە و هەموو ڕەشەبای ناحەزانی حکومڕانی کوردی، ناتوانن مۆمی حکومەتداری و بنیادنانی ئایندەیەکی گەش و خزمەتگۆزار لە باشوور خامۆش بکەن.