هۆشیاریی نەتەوەیی جەوهەری سەربەخۆیی یە

Kurd24

سەت ساڵ دەبێ، کورد بە قەد ئەم هەفتەیە جووڵەی سیاسیی ئاست بەرز بەو قەبارەیە فراوانە لە گەل به‌ریتانیا نەبووە، چونکە رۆڵی به‌ریتانیا به‌رده‌وام لە ئاست داخوازییەکانی گەلی کورد نەرێنی بووە و کاریگەری لەسه‌ر لەتکردنی کوردستان و لێکترازانی کۆمەڵگەی کورد هەبووە. لەم هەفتەیەدا نەریتی دیپلوماسیەتی کورد لە قۆناغی هەرێمایەتیی بەرەو نێودەوڵەتیبوون گواستراوەتەوە، کە دیاردەیەکی ناوازەیە. هەرچەند ئۆفەرەکانی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا گرنگن، بەڵام ژیری و پێگەیشتوویی پێگەی سیاسیی سەرکردایەتیی کورد و تێگەیشتنی پانۆرامای سیاسیی جیهانی کاریگەریی خۆی هەیە و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستانی پاراستووە کە ناکرێ نادیدە بگیرێ. بۆیە ئاسایییە لە هەمبەر سەرکەوتنە دیپلوماسییەکانی سەرکردە رەسەن و راستەقینەکان، تاقمێکی سەرلێشێواو بە فیتی ئەجێندایەکی دەرەکی قەلس بن و دوژمنکارانە هەڵوێستی ناشیاو دەرببڕن.

لە مێژووی دوور و درێژی وڵاتان، هیچ وڵاتێك نەبووە، كه‌ بەر لە سەربەخۆیی قۆناغی هوشیاریی نەتەوەیی تێنەپەڕاندبێ، کە بریتییە لە تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەی دۆخی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکەی و تامەزرۆبوون بۆ یەکگرتووویی و سەربەخۆیی. هه‌رچەند نەتەوە بەرەو ئامانجەکانی نزیکتر دەبێتەوە، ئەوەندە ئاستەنگەکانی پتر دەبن، بۆ ئەوەی سارد ببنەوە و کوڵ بدەن. بۆیە زۆر جار لە ناوخۆشدا کێشە دروست دەکەن، بۆ ئەوەی میسداقییەتی دۆزەکە کەم بکەنەوە و رووە راستەقینەی پاکی سیاسەتی کوردی چەواشە بکەن. لە هەندێ قۆناغی مێژووی کورد پڕە لەو بەکرێگیرانەی لە هەمبەر دۆزی رەوای کورد بوونە جاش و لەمپەر و ئامانجەکانی دوژمنانیان پێکاوە؛ چ بەشێوەیەکی سەربازی، یان سیاسی، یان میدیا و راگەیاندن و ده‌ستكردن به‌ پرۆپاگەندەی نابەجێ.

دۆخی چەقبەستووی کوردستان بەرەو هەڵدێرێکی زۆر کرێت و نەخوازراو پاڵنراوە. کوردستان تەنراوە بە هەموو جۆرە شێوازێکی دژایەتی و هەرچەند پتر لە سەدەیەکە کاری لە سەر دەکرێت، بەڵام ئەم 30 ساڵە و بە تایبەت لەم 15 ساڵەی دواییدا، لە بەر دەستەبەربوون و فراوانبوونی سەکۆکانی سۆشیال میدیا، زۆر بە ستراتیژی و پیلانداڕێژاوتر کار دەکەن بۆ روخاندنی کەسایەتیی تاکی کورد و بێزارکردنیان لە ئامانجی خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی؛ بە ئاستێك کە سۆشیال میدیا کراوەتە سەکۆیەکی قێزەوەنی نەیاری سەربەخۆیی، ناوزڕاندن، درۆ، تەشهیر و شکاندنی ئەو سەرکردە راستەقینانە، کە بۆ دۆزی کورد بە پەرۆشن.

نەیاران باش تێگەیشتوون، کلیلی سەربەخۆیی سیاسیی، سەربەخۆیی ئابوورییە؛ بۆیە بە هەموو شێوازێك هەوڵ دەدەن ئەو رێبازە دڕکڕێژ بکەن، بۆ ئەوەی نەگەینە ئامانج. بۆ ئەوەش لە سەرەتادا کار لە سەر مێشکی مرۆڤی کورد دەکەن، کار لە سەر نەوەی نوێ دەکەن و هزر و فیکریان وا دەشێوێنن، کە هەرچی بەها جوانەکانی کۆمەڵایەتیی و جووڵە پیرۆزەکانی کوردایەتییە بشوێنن؛ دڵسۆزەکان پاشگەز بکەنەوە، بۆ ئەوەی کۆڵ بدەن؛ هاندەر بن سەرمایەی گەنجی ئەم ووڵاتە بەرەو هەندەران کۆچ بکەن و کرێکاری لە وڵاتێکی بێگانە بەرزتر بنرخێنن لە کار کردن لە وڵاتی خۆیان و لە کۆتاییدا بمانخەنە ناو هەمان دۆخی چەقبەستووی بندەستی.

وێڕای تێبینی لە سەر مامەلەکردنی مەلەفی نەوت و ئابووریی کوردستان، سەربەخۆیی ئابووری زامنی سەربەخۆییی سیاسییە و پێوستە نەك بەهیچ شێوازێك نەگەڕێندرێتەوە بەغدا، بەڵکو پەرەشی پێبدەین. لە هەمان کاتیشدا دەرفەت بە پسپۆڕان بدرێ بۆ ئەوەی ئالۆزییەکانی بڕەوێنن و بە شەفافیەت بەڕێوە ببرێ، بۆ ئەوەی هیچ جێگەی شك و گومانی تێدا نەمێنێ و نەیاران نەیکەنە بنێشتە خۆشەی راگەیاندن و، بۆ بەرژەوەندیی سیاسی سەدان بوختانی تری بۆ بهۆننەوە و بیکەنە ئامرازێك بۆ پەرچەکردار و لێدان لە حکومەتی هەرێم.

بەرهەڵستکاریی هەندێ سەرلێشواوی پیلانداڕێژەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی چالاك و ستراتیژ، درێژە پێدەری رەوتی چەوتی تۆمەتبەخشین، ناوزڕاندن و چەواشەکاریی دوژمنانە بۆ پاشگەزکردنەوەی سەرکردایەتیی باڵای کورد لە ئاست دۆزی رەوای گه‌له‌كه‌ی. ئەم شێوازە باوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا تەشەنەی کرووەتەوە ناو سۆشیال میدیا و ئامرازە تازەکانی راگەیاندن و بووەتە نەخۆشییەکی کوشندە کە لە کۆتایی دا خۆیان دەبنەوە قوربانی، بەڵام ئەم بزاوتە ناوەستێنێ و بە تینتر و خوڕسکتر هەنگاو دەنێ. خاڵێکی جەوهەریی ئەوەیە، کە مێژووی مرۆڤایەتی پڕاوپڕە لەم چەشنە بیچمە نامۆیانە کە بە جێ دەمێنن و هەر خۆری سەربەخۆیی هەڵدێ و بەرەی راستی سەردەکەوێ، ئەوانەش کە دژی دەوەستنەوە، دەچنە ناو زبڵدانی مێژوو.