هەڵبژاردنەوەی سەرۆك ماکرۆن

Kurd24

زۆر لە رێبەر و سەرانی جیهانی بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئیمانویڵ ماکرۆن کرد، بەمەش لە کۆتاییدا   چ ئەوروپا بە تایبەتی و چ جیهان بە گشتی توانیان هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژن، لە ترسی سەرکەوتنی پارتی راسترەوی لۆپێن کە تەنها ئامانجی ئەوە بوو، فەرەنسا لە یەکێتی ئەوروپا دوورخاتەوە، ئەو یەکێتیەی کە فەرەنسا یەکێك بوو لە دامەزرێنه‌رانی.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا دوای پیرۆزبایەکەی گوتی: " فەرەنسا هاوبەشێکی سەرەکیە لە بەرەنگاربونەوەی کێشەکانی جیهان". هەروەها بایدن لەلاپەڕەی خۆی له‌ تویتەر نووسیویبوی: " من چاوەڕێی بەردەوامبوونی فەرەنسا دەکەم بۆ ئەو هاوکارییانەی کە تا ئێستا پیشانی داوە، لەوانە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و بەرگری لە دیموکراسی و رووبەڕووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی ژینگە. ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاش پیرۆزبایی لە ماکرۆن کرد، بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی و گوتی: واشنتن پێشبینی دەکات هاوکارییەکی بەهێز لەگەڵ پاریس ببەستێت، بلینکن لە تویتەر نوسیویەتی: "ئێمە بەپەرۆشیەوە چاوەڕێی ئەو هاوکارییه‌ بەهێزە دەکەین لەگەڵ فەرەنسا بۆ بەرەنگاربونەوەی کێشەکانی جیهانی و پتەوکردنی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتیی درێژخایەنمان".

هەروەها راوێژکاری ئەلمانیا، ئۆلاف شوڵز دوای پیرۆزباییکردن لە ماکرۆن، گوتی: هەڵبژاردنەوەی سەرۆکایەتی ئەوە دەگەیه‌نێ، کە ئەوانەی دەنگیان پێ داوە وەك دەنگیان بە ئەوروپا دابێ، هەروەها دەنگدەرانی ئێوە ئەمڕۆ ئاماژه‌یه‌كی بەهێزیان بۆ ئەوروپا نارد، من خۆشحاڵم کە ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاری وهەماهەنگی.

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن پیرۆزبایی لە ماکرۆن کرد، بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆکی فەرەنسا و گوتی: "خۆشحاڵە بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵیدا، جەختیشی کردەوه‌، فەرەنسا یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی بەریتانیا، پیرۆزبایی لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا، کە یەکێکە لە نزیکترین و گرنگترین هاوپەیمانەکان، خۆشحاڵم کە بەردەوام دەبم لە کارکردن لەسەر بابەتە گرنگەکان بۆ هەردوو وڵاتمان و بۆ جیهان.

هەروەها سەرۆکی ریکخراوی هەماهەنگیی نێوان کەنەدا و فەرەنساش لە گوتەیه‌کیدا کە ئاراستەی ماکرۆنی کرد، گوتی: "پیرۆزبایی لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم، من چاوەرێی ئەوە دەکەم، بەردەوام بم لە کارکردن لەسەر گرنگترین پرسەکان بۆ خەڵکی کەنەدا و فەرەنسا، لە بەرگریکردن لە دیموکراسی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆ دروستکردنی کاری باش و گەشەی ئابووری بۆ چینی ناوەند.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئیوارەی یەکشەمە پیرۆزبایی لە هاوتا فەرەنسییەکەی، ماکرۆن کرد و له‌ تویتێكدا گوتی: "پیرۆزبایی لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم، هەمیشە هاوڕێی راستەقینەی ئۆکرانیا بووە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی، هیوای سەرکەوتنی نوێی بۆ دەخوازم ،هەروەها بۆ خەڵکی (فەرەنساش) من پشتگیری ئەو بەرز دەنرخێنم و قایلم کە پێکەوە بەرەو سەرکەوتنە باوەکانی نوێ دەچین. بەرەو ئەوروپایەکی بەهێز و یەکگرتوو!

هەروەها ماریۆ دراگی، سەرۆك وەزیرانی ئیتالیاش لەلێدوانێکی رەسمیدا رایگەیاند، " سەرکەوتنی ئیمانوێل ماکرۆن لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا هەواڵێکی گەورەیە بۆ هەموو ئەوروپا". پیدرۆ سانچێز، سەرۆك وەزیرانی سۆسیالیستی ئیسپانیاش لە تویتەر نوسیویەتی: "هاووڵاتیان فەرەنسایان هەڵبژاردووە کە پابەندن بە یەکێتی ئەوروپای ئازاد، بەهێز و یەکسان" دیموکراسی دەباتەوە و ئەوروپاش دەیباتەوە. گوتیشی: "پیرۆزبایی لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم". سەرۆك وەزیرانی بەلجیکی، ئەلێکساندەر دی کرۆو گوتی: دەنگدەرە فەڕەنسییەکان بە هەڵبژاردنی "بەهاکانی دڵنیایی و رۆشنگەری هەڵبژاردنێکی بەهێزیان کردووە".

لە راستیدا هیچ شتێکی نوێ لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسادا نییە، وەك پێشبینی دەکرا.