پته‌وكردن يان هه‌ڵته‌كاندنى سيسته‌مى تاك جه‌مسه‌رى جيهانى؟

دواى كۆكردنه‌وه‌ى هێز له سه‌ر سنوورى ئۆكرانيا و گه‌مارۆدانى له سێ لايه‌وه، گريمانه و شيكردنه‌وه و پێشبينييه‌كان له هه‌موو لايه‌كه‌وه ده‌ستييان پێكرد. له 24ى شوباتى 2022 ئه‌وه‌ى پێشبينى نه‌ده‌كرا روويدا! رووسيا هێرشى سه‌ربازى ده‌ست پێكرد، به‌ڵام ناوى نه‌نا جه‌نگ، به‌ڵكو ((پڕۆسه‌يه‌كى سه‌ربازى تايبه‌ت))، چونكه پێى وابوو له ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك كيێڤى پايته‌خت ده‌گرێت و حكومه‌تێكى ده‌سته‌مۆ و ملكه‌چى بۆ داده‌مه‌زرێنێ. به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌و بۆنه‌ى كه كردبووى بۆنى كه‌باب نه‌بوو! له پڕێك هه‌موو هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه بوونه‌وه و، سوپاى رووسیا خۆى له‌ناو زه‌ڵكاوێك دۆزييه‌وه، نه پێشڕه‌وى و نه پاشه‌كشه ده‌ربازى نا‌كات. پێش ئه‌وه‌ى رووسیا رۆژئاوا به نانى ئێواره بخوات، رۆژئاوا ده‌يه‌وێ رووسیا به نانى نيوه‌ڕۆ بخوات. ئه‌وه‌ى دوێنێ له سووريا كردى، له نمايش و تاقيكردنه‌وه‌ى چه‌ك له‌سه‌ر هاوڵاتييان، ئه‌مڕۆ هه‌مان سيناريۆ له‌سه‌ر سوپاكه‌ى دووباره ده‌بێته‌وه، هه‌رچى وڵاتى به‌رهه‌مهێنى مووشه‌كى دژه‌تانك و دژه‌فرۆكه هه‌يه، چه‌كه‌كانيان له ئۆكرانیا له‌سه‌ر سوپاى رووسیا نمايش و تاقيده‌كه‌نه‌وه! كار گه‌يشته ئه‌وه‌ى رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ى ناوه‌كى بكات، جيهان هه‌موو ده‌ستى كه‌وته سه‌ر دڵى و ده‌پرسن چى روو ده‌دات؟
له 21ى ئادارى 2022 جۆ بايدن، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا ده‌رباره‌ى سيسته‌مى جيهانى نوێ گوتى: ((وه‌كو ده‌زانين هه‌موو سێ بۆ چوار نه‌وه‌يه‌ك خاڵێكى وه‌رچه‌رخان دروست ده‌بێت. من نه‌وه‌ك ته‌نها باوه‌ڕم به ئابوورى جيهانى، به‌ڵكو باوه‌ڕم به جيهانيش هه‌يه. يه‌كێك له سه‌ركرده سه‌ربازييه‌كان له كۆبوونه‌وه‌يه‌ك پێى گوتم: 60 مليۆن كه‌س له ماوه‌ى نێوان ساڵانى 1900 تاكو 1946 به‌هۆى رووبه‌ڕووبوونه‌وه و جه‌نگ و سه‌ركوت كردن مردوو‌ن. له‌و كاته‌وه سيسته‌مێكى جيهانى ليبراڵيمان دامه‌زراندووه و، سه‌قامگيريمان دروستكردووه و رێگريمان له جه‌نگ و كوشتار كردووه. به‌ڵام ئێستا خه‌ريكه دۆخه‌كه گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، سيسته‌مێكى نوێى جيهانى به‌ڕێوه‌يه و پێويسته خۆمان سه‌ركردايه‌تى بكه‌ين و، به‌شه‌كانى تر‌ى جيهانى ئازاديش يه‌ك بخه‌ين)).
له به‌رامبه‌ردا له 30ى ئادارى 2022، سێرگى لاڤرۆڤ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا له چينه‌وه وه‌ڵامى بايدنى دايه‌وه و گوتى: ((به قۆناغێكى زۆر هه‌ستيار و مه‌ترسيدار تێپه‌ر ده‌بين له مێژووى په‌يوه‌ندييه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، به‌ڵام به‌ته‌واوى باوه‌ڕم وايه له كۆتايى ئه‌و قۆناغه دۆخى نێوده‌وڵه‌تى باشتر روونده‌بێته‌وه، ئێمه به به‌شدارى چين و پشتيوانانمان به‌ره‌و جيهانێكى فره جه‌مسه‌رى دادپه‌روه‌ر و ديموكراتى ده‌ڕۆين)).
كه‌واته شه‌پۆلى رووداوه‌كانى ئۆكرانیا سنووربه‌زێنه و كاريگه‌رييه‌كانى كيشوه‌ربڕه، ئه‌وه‌ى رووده‌دات داڕشتنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى جيۆپۆله‌تيكى جيهان و دابه‌شكردنه‌وه‌ى وڵاتانه به‌سه‌ر زياتر له يه‌ك جه‌مسه‌ر. هه‌ندێك جار له مێژوو بۆ چه‌ندين ده‌يه هيچ رووداوێك روونادات، به‌ڵام له پڕێك له هه‌فته‌يه‌ك به قه‌د چه‌ندين ده‌يه گۆڕانكارى رووده‌دات، كه رووشيدا كۆتاييه‌كه‌ى به‌هيچ جۆرێك وه‌ك سه‌ره‌تا‌كه‌ى لێناهێته‌وه.
له‌م چه‌ند دێره‌ى سه‌ره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ریكا ده‌يه‌وێت سيسته‌مى جيهانى تاك جه‌مسه‌رى پته‌وتر و فراوانتر بكات، له به‌رامبه‌ردا رووسیا و چين ده‌يانه‌وێت هه‌ڵيته‌كێنن و ركابه‌رێكى به‌هێزى له ناوچه‌ى ئۆڕاسيا بۆ قيت بكه‌نه‌وه. به‌ڵام پرسياره گرنگه‌كه ئه‌وه‌يه: چۆن ئه‌و كاره ده‌كه‌ن؟
بۆ وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره و بۆ ئه‌وه‌ى درێژدادڕى نه‌كه‌ين، به دوو به‌ش ده‌يخه‌ينه روو؛ به‌شى يه‌كه‌م، له رووى سياسى و جيۆپۆله‌تيكى و سه‌ربازى. به‌شى دووه‌م، له رووى ئابوورى.
ئۆكرانیا و داهاتووى جيۆپۆله‌تيكى رووسى
بۆچى ئۆكرانیا؟
ئۆكرانیا دواى سه‌ربه‌خۆيى له‌ساڵى 1991، له‌گه‌ڵ رووخانى يه‌كێتى سۆڤيه‌ت، هه‌نگاوى به‌ره‌و يه‌كێتى ئه‌وروپا و هاوپه‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) نا، تا ساڵى 2013 نزيك بووه‌وه له‌وه‌ى رێككه‌وتنى نزيكتر بوونه‌وه، له‌سه‌ر حسابى نزيكبوونه‌وه له رووسیا، له‌گه‌ڵ يه‌كێتى ئه‌وروپا واژوو بكات، به‌ڵام پوتن فشارى له (ڤيكتۆر يانوكۆفيچ)، سه‌رۆكى ئه‌وكاتى ئۆكرانیا كرد، كه رێككه‌وتنه‌كه واژوو نه‌كات، ئه‌وه‌ش بووه هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ده‌نگى ناڕه‌زايه‌تى و دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رۆكه له مانگى شوباتى ساڵى 2014. له وه‌ڵامدا رووسیا كۆنترۆڵى نيمچه دوورگه‌ى كریمیای كرد و، له ماوه‌ى هه‌شت ساڵى رابردووى جه‌نگى نێوانيان پاڵپشتى له هێزه جياخوازه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ئۆكرانیا كرد، كه بووه هۆى كوژرانى زياتر له چوارده هه‌زار كه‌س. ئه‌و قه‌يرانه به‌رده‌وام بوو تا 24ى شوباتى 2022، كاتێك پۆتن بڕياريدا، ئه‌و لاپه‌ڕه‌يه‌ش وه‌ك لاپه‌ڕه‌ى جۆرجيا بپێچێته‌وه!
له جۆرجيا چى روويدا؟
جۆرجياش هاوشێوه‌ى ئۆكرانیا له ساڵى 1991 له‌كاتى داڕمانى يه‌كێتى سۆڤيه‌ت سه‌ربه‌خۆيى خۆى راگه‌ياند. به‌ڵام زۆرى نه‌خاياند جه‌نگ له نێوان جۆرجيا و گروپه جياخوازه‌كانى سه‌ر به رووسیا روويدا، ده‌ره‌نجام به‌شێكى ئۆبلاست ئۆسيتاى باشوور به حوكمى ديفاكتۆ كه‌وته ده‌ستى رووسیا. دواتر هه‌مان كێشه له ناوچه‌ى ئه‌بخازيا دروست بوو و له ساڵانى 1992 و 1993 جه‌نگ له نێوان ئه‌بخازييه‌كان و جۆرجيا روويدا. به‌ڵام له ساڵى 2000 له دواى هه‌ڵبژاردنى ڤلاديمێر پوتن به سه‌رۆكى رووسیا و گۆڕ‌انى سيسته‌مى سياسى جۆرجيا له دواى شۆرشى 2003، په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان جۆرجيا و رووسیا شڵه‌ژان و له ساڵى 2008 بووه قه‌يرانێكى ديبلۆماسى، له رێكه‌وتی 8ى ئابى 2008 رووسیا هێرشێكى گشتگيرى وشكانى، ئاسمانى و ده‌ريايى كرده سه‌ر جۆرجيا و سه‌ركه‌وتنى تۆمار كرد، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه كاريگه‌رى له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌ى ئۆڕاسيا هه‌بوو. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه خاڵێكى گرنگى وه‌رچه‌رخان بوو له پێناو هه‌نگاونان بۆ دروستكردنى سيسته‌مێكى جيهانى فره جه‌مسه‌ر و لادانى ئه‌مه‌ریكا له سه‌ركردايه‌تى جيهانى تاك جه‌مسه‌ر.
ویلایه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ئه‌و كات هيچ هه‌ڵوێستێكى نه‌بوو بۆ جۆرجيا كه شايه‌نى باس بێت، ته‌نها هه‌ندێك هاوكارى دارايى و مرۆيى پێشكه‌ش كرد و (ميخائيل ساكاشفيلى)، سه‌رۆكى ئه‌و كاتى جۆرجياى رزگار كرد. هه‌رچه‌نده (ديك چينى)، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا چه‌ند مانگێك پێشتر سه‌ردانى باكۆ و ته‌بليسى و كيێڤى كردبوو بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى ترسى ئه‌و وڵاتانه له رووسیا.
كه‌واته پوتن و رووسیا بۆ وا ده‌كه‌ن، چييان ده‌وێت؟
بۆ وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره له بيرمه‌ند و فه‌يله‌سوفى به‌ناوبانگى رووسى (ئه‌ليكسه‌نده‌ر دۆگين)مان باشتر ده‌ست ناكه‌وێت، كه به‌عه‌قڵى بيركه‌ره‌وه‌ى پوتن ناسراوه، خۆى ده‌ڵىت: من بير ده‌كه‌مه‌وه و پوتنيش جێبه‌جێى ده‌كات. ئه‌گه‌ر له ئینته‌رنێت به‌دواى ژياننامه‌ى كه‌سى ئه‌و بيرمه‌ندهدا بگه‌ڕێى، ئه‌وا يه‌كه‌م وێنه كه ده‌كه‌وێته پێش چاوت، ئه‌و وێنه‌يه كه چه‌كێكى كلاشنكۆفى رووسىی به ده‌سته‌وه‌يه و، دواى خوێندنه‌وه‌ى سێ چوار دێر ده‌زانى كه ئه‌و كه‌سه‌يه بانگه‌وازى جه‌نگى رووسى ده‌كات. ده‌يان كتێبى نووسيوه سه‌باره‌ت به زيندووكردنه‌وه‌ى ئيمپڕاتۆريه‌تى رووسى و گێڕانه‌وه‌ى هه‌ژموونى جيهانى له رێگه‌ى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه و وڵاتانه‌ى كه رووسى زمانه‌كان تێيدا ده‌ژين، وه‌ك جۆرجيا و ئۆكرانیا و نيمچه دورگه‌ى كریمیا و وڵاتانى به‌ڵتيك. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تى سياسى رووسى پێى سه‌رسامن، بووه‌ته يه‌كێك له گرنگترين داڕێژه‌رانى سياسه‌ت و ستراتيجييه‌تى رووسى و، سه‌رۆكى رووسیاش ڤلاديمێر پوتن ئه‌و بيرمه‌نده به يه‌كێك له گرنگترين شيكه‌ره‌وه جيۆپۆله‌تيكييه‌كان داده‌نێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه پۆستى سه‌رۆكى شاره‌زايانى جيۆپۆله‌تيكى پێدراوه، كه سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نى راوێژكارى تايبه‌تمه‌نده به كاروبارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى رووسیا.
له چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى (الجزيرة) له رێكه‌وتی 19ى ئادارى 2022 ده‌ڵێت: ((ئه‌و قه‌يرانه‌ى ئێستا قوڵتره له‌وه‌ى ته‌نها په‌يوه‌ست بێت به رووسیا و ئۆكرانیا. ئێمه قوربانى زۆرمان داوه بۆ ئه‌و پرۆسه سه‌ربازييه‌ى ئۆكرانيا و، سيسته‌مى جيهانى تاك جه‌مسه‌ريمان هێناوه‌ته لێواری داڕمان و، دواى سه‌ركه‌وتنمان جيهان ده‌گۆڕێت و هه‌ژموونى رۆژئاوا بۆ هه‌ميشه كۆتايى دێت، سيسته‌مێك نامێنێت به‌ناوى تاك جه‌مسه‌رى به سه‌ركردايه‌تى رۆژئاوا)). لێدوانى مه‌ترسيدارتر ده‌دات و ده‌ڵێت: ((قه‌ده‌رمان به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌ركه‌وتن، جگه له سه‌ركه‌وتن هيچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان نييه، ئێمه له ئۆكرانیا جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و هه‌ژموونى ئه‌مه‌ريكى و رۆژئاوايى و ده‌سته‌بژێری "نوخبه‌ى" ليبڕاڵى ده‌كه‌ين، كه ده‌يه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر جيهاندا بگرێت، ئه‌وه جه‌نگى ئازادييه، جه‌نگى هرز و بير و باوه‌ڕه، ئێمه وه‌كو فرانسيس فۆكۆياما ده‌ڵێت دژى "كۆتايى مێژوو" ده‌جه‌نگين)). له وه‌ڵامى ئه‌گه‌رى دۆڕانيان له‌و جه‌نگه ده‌ڵێت: ((بير له‌و ئه‌گه‌ره ناكه‌ينه‌وه، چونكه ئه‌وه مه‌حاڵه، و ئه‌گه‌ر روويدا ئه‌وا نه پوتن ده‌مێنێت و نه رووسیا و نه جيهانيش! چونكه ئه‌وه جه‌نگى مان و نه‌مانه و په‌نا ده‌به‌ينه به‌ر چه‌كى ناوه‌كى. ئه‌گه‌ر بيانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ويه بژين، ده‌بێ رووسیاى سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رييان قبوڵ بێت)).
بۆ تێگه‌يشتنى زياتر له ورده‌كارى چۆنيه‌تى گۆڕينى سيسته‌مى جيهانى تاك جه‌مسه‌ر له لايه‌ن رووسیاوه، ئه‌وا پێويسته بگه‌ڕێينه‌وه بۆ يه‌كێك له گرنگترين كتێبه‌كانى ئه‌و بيرمه‌نده، كه له ساڵى 1999 له ژێر ناونيشانى ((بنه‌ماكانى جيۆپۆله‌تيك و داهاتووى جيۆپۆله‌تيكى رووسیا)) چاپكراوه، بيرمه‌ند و فه‌يله‌سوفى رووسى (ئه‌ليكسه‌نده‌ر دۆگين) كێبه‌كه‌ى به يه‌كه‌م كتێبى فێركارى له زانستى جيۆپۆله‌تيك به زمانى رووسی وه‌سف ده‌كات، و بۆ يه‌كه‌مجار بيروباوه‌ڕى جيۆپۆله‌تيكى بۆ رووسیا داڕشت.
زانستى جيۆپۆله‌تيك
جيۆپۆله‌تيك زانستێكى ئاوێته‌ييه و پێويستى به كۆمه‌ڵێك زانسته بۆ شيكردنه‌وه‌ى، ئه‌گه‌ر ماركسيه‌ت و ليبڕاڵييه‌تى ئاده‌م سميس ئابوورى به چاره‌نووسى نه‌ته‌وه‌كان بزانن، ئه‌وا جيۆپۆله‌تيك هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى به چاره‌نووس ده‌زانێت. چونكه هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى له‌و زانسته ئه‌و رۆڵه ده‌گێڕيت كه پاره و په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌رهه‌مهێنان ده‌يگێڕن له ماركسيه‌ت و ليبڕاڵييه‌ت.
له‌به‌ر ئه‌وه ده‌توانين بڵێين: جيۆپۆله‌تيك شيكردنه‌وه بۆ رابردوو و كاريگه‌رييه‌كانى ده‌كات له‌سه‌ر رێكخستنى ئێستا و داڕشتنى ئاسۆى ئاينده. و توخمى سه‌ره‌كى جيۆپۆله‌تيك مرۆڤى په‌يوه‌ستكراوه به هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى. به‌ڵام گرنگى په‌يوه‌ستبوونى مرۆڤ به شوێن و هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى به روونى ده‌رناكه‌وێت بۆ هاووڵاتى و تاكى ئاسايى، به پێچه‌وانه‌ى ئابوورى، كه گرنگييه‌كه‌ى روونه بۆ تاك و بۆ ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه جيۆپۆله‌تيك نه‌بووه‌ته ئايدۆلۆجياى جه‌ماوه‌ر و بابه‌ته‌كانى فراوانترن له ئاستى تێگه‌يشتنى تاك و په‌يوه‌ستن به پلاندانى ستراتيجى و جيهانى. بۆيه ده‌توانين بڵێين: جيۆپۆله‌تيك ديدى ده‌سه‌ڵاته، زانستى ده‌سه‌ڵاته و له پێناو ده‌سه‌ڵاته. ئه‌گه‌ر له مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و زانسته بكۆڵينه‌وه، ده‌بينين هه‌موو ئه‌وانه‌ى په‌ره‌يان به‌و زانسته داوه، به‌بێ هه‌ڵاوێر، ئه‌و كه‌سانه بوون كه فه‌رمانڕه‌وایی وڵات و نه‌ته‌وه‌كانيان كردووه، يان ئه‌وانه‌ن كه خۆيان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رۆڵه بگێرن. بۆيه ئه‌و زانسته رێبه‌رى پياوى ده‌سه‌ڵاته و پێويسته له كاتى ده‌ركردنى بڕياره چاره‌نووسسازه‌كان ره‌چاوى بكات، وه‌ك دروستكرنى هاوپه‌يمانێتى و راگه‌ياندنى جه‌نگ و چاكسازى سياسى و ئابوورى له ئاستێكى باڵا.
به‌ره‌و ئيمپڕاتۆريه‌تى نوێى ئۆڕاسيا!
ئه‌ليكسه‌نده‌ر دۆگين پێى وايه، كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مرۆڤايه‌تى كارێكى سروشتييه و كۆڵه‌گه‌يه‌كى بوونى بوونه‌وه‌ره. به‌ڵام ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كه له كتێبه‌كه‌ى باسى ده‌كات، جياوازه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ره‌گه‌زى و چينايه‌تى به مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، به‌ڵكو په‌يوه‌ستى ده‌كات به سروشتى پێكهاته‌ى جيهان و به دوو جه‌مسه‌رى تيلوروكراتيا و تالاسوكراتيا ناوده‌بات، واته دوو هێزى وشكانى و ئاوى. هه‌روه‌ها پێى وايه، پێويسته له قۆناغى يه‌ك جه‌مسه‌رى ده‌ربچين، كه له دواى رووخانى يه‌كێتى سۆڤيه‌ته‌وه دروست بووه، و به‌دواى رێگايه‌كدا بگه‌ڕێين، كه بمان گه‌يه‌نێته ئه‌و ئامانجه. چونكه ئه‌و دوو هێزه‌ى كه به درێژايى سه‌ده‌ى بيسته‌م رووبه‌ڕووى يه‌كتر بوونه‌وه، بريتى بوون له رووسیا يان ئۆراسيا (هێزى وشكانى) و، جيهانى رۆژئاوا يان ئه‌تڵه‌سى (هێزى ده‌ريايى). ئه‌و دوو هێزه به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌دا بوون، تا ئه‌و كاته‌ی بوونه هێزى مه‌ترسيدارى ناوه‌كى، ئه‌وه‌ش ناچاريان ده‌كات يان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يان ببه‌نه ده‌ره‌وه‌ى زه‌وى (جه‌نگى هه‌ساره‌كان)، يان يه‌كێكيان ئه‌وى دیكه له‌ناو ببات. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو جه‌مسه‌ر به‌رده‌وام بوو تا ئه‌و كاته‌ی هێزى ده‌ريايى به‌سه‌ر هێزى وشكانىدا سه‌ركه‌وت و، سيسته‌مى يه‌ك جه‌مسه‌رى له ئاستى نێوده‌وڵه‌تى چه‌سپاند، به‌ڵام نووسه‌ر پێى وايه، دۆڕ‌انى هێزى وشكانى ديارده‌يه‌كى كاتييه و ئۆڕاسيا ده‌گه‌ڕێته‌وه گۆڕه‌پان به شێوازێكى نوێ و به ره‌چاوكردنى هه‌موو هۆكاره جيۆپۆله‌تيكييه نوێيه‌كان و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
له خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كه تێده‌گه‌ى، كه زانستى جيۆپۆله‌تيك تايبه‌ته به وڵاته زلهێزه‌كان يان سه‌روو زلهێزه‌كان، چونكه ته‌نها چه‌ند وڵاتێك به‌شدارن له داڕشتنى نه‌خشه‌ى جيۆپۆله‌تيكى جيهانى و، ولاتانىدیكه ته‌نها رۆڵى لاوه‌كييان هه‌يه. بۆيه ده‌بينين په‌ره‌پێدانى ئه‌و زانسته تايبه‌ت بووه به وڵاته كاريگه‌ره‌كانى وه‌ك ئه‌ڵمانيا، ئينگلته‌را، ئه‌مه‌ریكا، رووسیا و فه‌ره‌نسا، به‌ڵام وڵاتانى دیكه‌ی وه‌ك ئيتاڵيا، ئيسپانيا، به‌لجيكا و رۆمانيا كاريگه‌رى پێويستييان نه‌بووه.
نووسه‌ر ئاماژه به ئه‌وه ده‌كات، چاره‌نووسى وڵاته‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه به چاره‌نووسى زاناكانيان، چونكه دوو جۆر زانا هه‌يه: ئه‌وانه‌ى ده‌نگيان بيستراوه له وڵاتى خۆيان و به‌ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بوونه هۆى پێشكه‌وتن و فراوانبوونى وڵاته‌كانيان و ئه‌و په‌ڕى زلهێزى له ئاستى جيهان، وه‌ك به‌ريتانيا و ئه‌مه‌ریكا. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى كه‌متر گوێيان لێگيرا وه‌ك فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا يان سوكايه‌تيان پێكرا وه‌ك رووسیا. له‌به‌ر ئه‌وه وڵاتانى رۆژئاوا به‌سه‌ر جيهاندا زاڵبوون، به‌ڵام ئه‌ڵمانيا له مێژوودا به‌هۆى پشتگوێخستنى تێزى جيۆپۆله‌تيكييه‌كانى بۆ ماوه‌ی نيو سه‌ده باجى كه‌وتنى دا، و يه‌كێتى سۆڤيه‌ت كاريگه‌رى جيهانىی سفر بووه‌وه و ڕووبه‌رى بچووك بووه‌وه و له ڕووى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه، ته‌نها وه‌ك پاشماوه مايه‌وه.
نووسه‌ر پێى وايه، رووسه‌كان ئێستا وڵاتيان نييه و پێويسته ئيمپراتۆريه‌تى رووسی دروست بكرێته‌وه، چونكه سيسته‌مى فيدراليزمى ئێستا و سيسته‌مه‌كانى يه‌كێتى سۆڤيه‌ت و قه‌يسه‌رى پێشووش ڕه‌تده‌كاته‌وه، بۆيه پێويسته به سوودوه‌رگرتن له كه‌م و كورتييه‌كانى هه‌ردوو سيسته‌مى قه‌يسه‌رى و سۆڤيه‌تى بنچينه‌ى ئيمپراتۆريه‌تى نوێى يه‌كگرتووى ئۆڕاسى دابمه‌زرێت و دوور بێت له هه‌موو ئه‌و لایه‌نه لاوازانه‌ی كه بوونه هۆى له‌ناوچوونى هه‌ردوو سيسته‌مى قه‌يسه‌رى و سۆڤيه‌تى.
بۆيه پێويسته زه‌مينه بڕه‌خسێندرێت و ده‌ست بكرێت به‌و به‌رنامانه‌ى بۆ دروستكردنى ئه‌و ئيمپراتۆريه‌ته پێويستن، وه‌ك دروستكردنى هاوپه‌يمانى بۆ درێژكردنه‌وه‌ى سنوورى ده‌ريايى بۆ درێژترين مه‌ودا و، دووركه‌وتنه‌وه له مادديه‌ت و ئيلحاد و گرنگيدانى ته‌واو به لايه‌نى رۆحى و، گرتنه‌به‌رى سيسته‌مێكى ئابوورى گونجاو، كه تواناى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌بێت دوور له سه‌رمايه‌دارى و به‌تايبه‌تكردنى ئابوورى و، گرتنه‌به‌رى ئاراسته‌يه‌كى ئه‌خلاقى مرۆيى و ديموكراتى، كه له رووى رۆشنبيرى، زمانه‌وانى، ئابوورى و ياسايى بۆ هه‌موو ڕه‌گه‌ز و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانى ناو ئيمپراتۆريه‌ته‌كه پشت به سه‌ربه‌خۆيى زاتى ببه‌ستێت. بۆ ئه‌وه‌ى ئيمپراتۆريه‌تى ئۆڕاسى ببێته هێزێكى جيهانى، چونكه جه‌نگى رووسیا له پێناو سه‌ركردايه‌تى جيهان هێشتا كۆتايى نه‌هاتووه.
بۆ دروستكردن و پاڵپشتىكردنى ئه‌و ئيمپڕاتۆريه‌ته گه‌وره‌يه، كه بتوانێت رووبه‌ڕووى هێزى ئه‌تڵه‌سى ببێته‌وه، نووسه‌ر پێشنياز ده‌كات له‌كاتى جێبه‌جێكردندا له رووى جيۆپۆله‌تيكييه‌وه ره‌چاوى چه‌ند هاوپه‌يمانييه‌تييه‌ك بكرێت:
يه‌كه‌م: هاوپه‌يمانييه‌تى موسكۆ – به‌رلين:
نووسه‌ر پێى وايه، ناوه‌ڕاستى ئه‌وروپا ناوچه‌يه‌كى له‌يه‌كچووه و ده‌كرێت كاريگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر باشوورى كيشوه‌ر هه‌بێت، وه‌ك ئيتاڵيا و ئيسپانيا. به‌ڵام به‌ريتانيا ته‌نها بنكه‌يه‌كى ئاوى ویلایه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكايه، بۆيه پێويسته بكرێته قوربانى و له گۆره‌پانه‌كه دوور بخرێته‌وه، ئه‌ویش له رێگه‌ى هاندانى بزووتنه‌وه جياخوازه‌كان له نه‌ته‌وه‌كانى ئيرله‌ندا، سكۆتله‌ندا و وێڵز له سه‌ر دوورگه‌كه. و فه‌ڕه‌نسا هه‌رچه‌نده هه‌ميشه ئاراسته‌كه‌ى ئه‌تڵه‌سى بووه، به‌ڵام ده‌كرێت كارى له‌سه‌ر بكرێت و بۆ گێرانه‌وه‌ى بۆ سه‌ر هێلى ناپليۆن كه پێى وابوو ئه‌وروپا يه‌ك كيشوه‌ره، وه‌ك ئه‌و سياسه‌ته‌ى كه ديگۆل له رێگه‌ى به‌ستنى هاوپه‌يمانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانيا بۆ دروستكردنى كۆنفيدراڵى ئه‌وروپى جێبه‌جێى كرد، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ویلایه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا.
و پێى وايه رۆژئاوا هه‌ميشه له رێگه‌ى وڵاته بچووكه‌كانى نێوانيان به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هاوپه‌يمانى رووسیا و ئه‌ڵمانيا دروست ده‌كات، سه‌ره‌ڕاى چاندنى رق و كينه له نێوانيان. و پێى وايه يه‌كگرتنى رووسیا و ئه‌ڵمانيا پێويستييه‌كى هه‌نووكه‌ييه، چونكه ئه‌ڵمانيا عيملاقى ئابوورى و قه‌زه‌مى سياسييه، و رووسیا عيملاقى سياسييه و شه‌لى ئابوورييه. بۆيه هه‌ردووكيان ده‌توانن يه‌كتر ته‌واو بكه‌ن. و پێويسته رووسیا ئاماده بێت ناوچه‌ى كاليننگراد بگێڕێته‌وه بۆ ئه‌ڵمانيا به‌مه‌به‌ستى دروستبوونى ئه‌و هاوپه‌يمانى و ته‌واوكارييه، چونكه ئه‌و ناوچه‌يه ره‌مزێكى هه‌رێمييه و ره‌نگه ببێته هۆكارى جه‌نگ و خوێنڕێژى له نێوان برا ئه‌ڵمانه‌كان و رووسه‌كان. و نووسه‌ر ئاماژه به وته‌يه‌كى (بسمارك) ده‌كات، كه ده‌ڵێت: ((ئه‌ڵمانيا دوژمنى نييه له رۆژهه‌ڵاته‌وه)). بۆيه پێويسته رووسه‌كانيش ئه‌وه دروشميان بێت كه: ((رووسیا له ناوه‌ڕاست و رۆژئاواى كيشوه‌رى ئه‌وروپا ته‌نها دۆستى هه‌يه)).
دووه‌م: هاوپه‌يمانييه‌تى مۆسكۆ – تۆكيۆ:
نووسه‌ر پێى وايه، پێويسته سياسه‌تى ئيمپراتۆريه‌تى ئۆڕاسى به ئاراسته‌ى رۆژهه‌ڵات به‌وجۆره بێت: سه‌ره‌تا له‌باره‌ى هيندستانه‌وه ده‌ڵێت: هيندستان له دواى سه‌ربه‌خۆييه‌وه به‌دواى رێگاى سێيه‌مدا ده‌گه‌ڕێت و مه‌يلى يه‌كێتى سۆڤيه‌تى هه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه پێويسته هاوپه‌يمانى له‌گه‌ڵ ببه‌ستێت، به‌ڵام لاوازى هيندستان له رووى ئابوورى و نزمى ئاستى ته‌كنه‌لۆجى واى لێده‌كات رۆڵى گه‌وره‌ى پێ نه‌سپێردرێت و ته‌نها بنكه‌يه‌كى پێشه‌وه‌ى ئيمپراتۆريه‌تى ئۆراسى بێت و گرنگى زياتر به لايه‌نى رۆشبيرى و رۆحييه‌كه‌ى بدرێت.
دواتر دێته سه‌ر باسى چين و، پێى وايه چين و ژاپۆن جێگره‌وه‌ى يه‌كتر نين له هاوپه‌يمانى له‌گه‌ڵ ئۆراسيا، و مێژوو سه‌لماندويه‌تى، كه چين، نه‌وه‌ك ژاپۆن، له رووى جيۆپۆله‌تيكييه‌وه بنكه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌نگلۆساكسۆنى بووه له كيشوه‌رى ئاسيا، به‌ڵام ژاپۆن هه‌ميشه هاوپه‌يمانى وڵاتانى به‌ره‌ى ئه‌وروپى بووه. دواتر باسى گرنگترين هێزه كاريگه‌ره‌كان ده‌كات له ئاستى جيهان، كه بريتين له: رۆژئاوا (ئه‌مه‌ریكا، ئينگلته‌را، فه‌ڕه‌نسا و هه‌ندێك وڵاتى ئه‌وروپى) و، ئه‌وروپاى ناوه‌ڕاست، رووسیا و هه‌رێمى زه‌رياى هێمن كه مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ى ژاپۆنه. له‌به‌ر ئه‌وه زانا جيۆپۆله‌تيكييه‌كان هه‌ميشه هۆشدارييانداوه له‌وه‌ى، كه گه‌وره‌ترين مه‌ترسى له‌سه‌ر ئه‌تڵه‌سى دروستبوونى هاوپه‌يمانييه له نێوان ئه‌و سێ لايه‌نه: ئه‌وروپا، روسيا و زه‌رياى هێمن. بۆ رێگرى له‌و هاوپه‌يمانييه هه‌ميشه رق و كينه چێندراوه و دووبه‌ركى نراوه‌ته‌وه له نێوان رووسیا - ئه‌ڵمانيا و رووسیا - ژاپۆن به درێژايى مێژوو. ئێستا كاتى ئه‌وه هاتووه هه‌موو رق و كينه و دووبه‌ره‌كييه‌كان به‌لاوه بنرێن بۆ چه‌سپاندنى هاوپه‌يمانييه‌تى مۆسكۆ – تۆكيۆ، چونكه ئه‌و هاوپه‌يمانێتييه ته‌نها ئه‌تڵه‌سى لاواز نا‌كات، به‌ڵكو له‌ناوى ده‌بات. زه‌مينه‌ش له‌باره بۆ ئه‌و هاوپه‌يمانييه‌تى و ته‌واوكارييه، چونكه ژاپۆنييه‌كان نه كۆمه‌ڵكوژى ناوه‌كييان بير ده‌چێته‌وه و نه داگيركارى سياسى وڵاتيان. رووسه‌كانيش هاوپه‌يمانى باشتريان له ژاپۆنييه‌كان ده‌ست ناكه‌وێت، پێكه‌وه ده‌توانن ته‌واوكارييه‌كى ناوازه دروست بكه‌ن، به جۆرێك ژاپۆن سه‌ربه‌خۆيى سياسى و سيسته‌مى سه‌ربازى ستراتيجى و ده‌رامه‌تى سروشتى له‌بن نه‌هاتووى ده‌ست ده‌كه‌وێت، رووسیاش ته‌كنه‌لۆجياى كواليتى به‌رز و تواناى دارايى زه‌به‌لاحى ده‌ست ده‌كه‌وێت، پێكه‌وه ده‌توانن په‌ره به سێبێريا بده‌ن و كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر بكه‌ن، و ده‌توانرێت سوود له په‌يوه‌ندييه‌كانى مه‌نگۆليا – ژاپۆن و بنه‌چه‌ى هاوبه‌شيان وه‌ربگێرێت بۆ نزيكبوونه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌كرێت رووسیا دوورگه‌كانى كۆڕيل بگێڕيته‌وه بۆ ژاپۆن، كه بيره‌وه‌رى كۆمه‌ڵكوژى ئه‌تڵه‌سييه‌كانه.
سێيه‌م: هاوپه‌يمانييه‌تى مۆسكۆ – تاران:
نووسه‌ر پێى وايه، پێويسته هاوپه‌يمانيه‌تييه‌كى كيشوه‌رى هه‌بێت له‌سه‌ر بنچينه‌ى هه‌بوونى دوژمنى ئه‌تڵه‌سى هاوبه‌ش. جيهانى ئيسلامى به‌ده‌ست دابه‌شبوون به‌سه‌ر چه‌ندين ئاراسته‌وه ده‌ناڵێت، وه‌ك: ئاراسته‌ى ئسوڵى ئێرانى، ره‌وتى عه‌لمانى توركى، ره‌وتى عروبه (سووريا و عێڕاق و سودان له پێشوودا و تا ئاستێك میسر و سعوديه‌ش بانگه‌وازى بۆ ده‌كه‌ن)، ره‌وتى ئسوڵى سعودى وه‌هابى، سه‌ره‌ڕاى شێوازه جياوازه‌كانى ئيشتراكى و ئيسلامى. به‌ڵام زياتر گرنگى به دوو ره‌وت ده‌دات كه ((ئسوڵى ئێرانى)) و ((عروبه‌ى چه‌پڕه‌و))ن.
پێى وايه ده‌ستكه‌وته‌كانى هاوپه‌يمانى له‌گه‌ڵ ره‌وتى ئسوڵى ئێرانى ئه‌مانه‌ن: خۆشكردنى رێگا بۆ گه‌يشتنى رووسیا به ئاوى ده‌ريا گه‌رمه‌كان، كه چه‌ندين سه‌ده‌يه هه‌وڵى بۆ ده‌دات و ده‌ستى پێناگات. و سووربوونى رووسیا روون ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ده‌ست گه‌يشتن به ئاوه گه‌رمه‌كان و، سووربوونى ئه‌تڵه‌سى له‌سه‌ر رێگرىكردن له گه‌يشتن به‌و ئامانجه، جا له رێگه‌ى كه‌ناراوه‌كانى باشوورى كيشوه‌ر بێت له رێگه‌ى زه‌رياى هيندى يان له رێگه‌ى بوسفۆڕ و ده‌رده‌نيل بێت يان له رێگه‌ى جه‌به‌ل تارق. ئه‌و ناوچانه ماوه‌يه‌كى دوورودرێژه له‌ژێر كۆنترۆڵى ئه‌تڵه‌سين. خاڵى دووه‌م په‌يوه‌سته به چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئاسياى ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ى كه سعوديه و توركيا ناتوانن ئه‌نجامى بده‌ن به‌هۆى ئاڕاسته‌ى ئه‌تڵه‌سييان، هه‌روه‌ها ره‌وتى عروبه‌ش ناتوانێت ئه‌نجامى بدات، چونكه ئاسياى ناوه‌ڕاست تورك زمانن. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه ئێرانه، كه ده‌توانێت دژبه‌رى نێوان قبوڵكردنى رووسیا و بيروباوه‌ڕى ئيسلامى دوور بخاته‌وه و، بيكاته يه‌ك ئاراسته‌ى جيۆپۆله‌تيكى به‌روه مۆسكۆ و به‌روه تاران له هه‌مانكاتدا. به‌و جۆره ئێران ده‌توانێت يارمه‌تى و هاوكارى رووسیا بكات له چاره‌سه‌ركردنى كێشه جيۆپۆله‌تيكييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئاسياى ناوه‌ڕاست و، دامه‌زراندنى ته‌شكيله‌يه‌كى جيۆپۆله‌تيكى هاوشێوه له رووى ستراتيجييه‌وه و، ره‌نگكراو له رووى ئيتنى و كولتوورييه‌وه بۆ به‌ستنه‌وه‌ى به ئيمپراتۆريه‌تى ئۆڕاسى.
به‌ڵام نووسه‌ر ره‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندى توركيا نا‌كات له قۆقاز و ئاسياى ناوه‌ڕاست، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه، داوا ده‌كات هانى هێزه جياخوازه‌كانى ناو توركيا بدرێت بۆ لاوازكردنى.
هێلى دووه‌مى هاوپه‌يمانى ئاسيايى له باشووره‌وه، كه نووسه‌ر ناوى ده‌نێت هاوپه‌يمانى عروبى و به‌شێك له ئاسياى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فريقا ده‌گرێته‌وه، ئه‌و هاوپه‌يمانييه‌ته‌ش زۆر گرنگه بۆ كۆنترۆڵكردنى كه‌ناراوه‌كانى باشوورى رۆژئاواى ئه‌وروپا. چونكه ماوه‌يه‌كى درێژه ئه‌تڵه‌سييه‌كان كۆنترۆڵى رۆژهه‌ڵاتى ناوين و باكوورى ئه‌فريقايان كردووه به مه‌به‌ستى فشارى سياسى و ئابوورى بۆ سه‌ر ئه‌وروپا. به‌ڵام نووسه‌ر پێى باشه ئه‌و ئه‌ركه به ئه‌وروپييه‌كان، به‌تايبه‌تى ئه‌ڵمانيا بسپێرێت، بۆ دروستكردنى پرۆژه‌ى ئۆرۆئه‌فريقى، بۆ ئه‌وه‌ى ببنه يه‌ك كيشوه‌ر نه‌وه‌ك دوو كيشوه‌ر. هه‌روه‌ها ئه‌وروپييه‌كان به‌ره‌و باشوور بخزێن به پاڵپشتى كوتله‌ى عروبى و، له ئه‌فريقاش تاكو بيابان برۆن، بۆ ئه‌وه‌ى دواتر به‌ته‌واوى كۆنترۆڵى ئه‌و كيشوه‌ره بكه‌ن.