لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ چی باسکرا؟

Kurd24

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەئەنجام بەڕێوەچوو لەنێوان سەرۆك وەزیران، جێگری سەرۆك وەزیران، وه‌زیری په‌یوه‌ندیداره‌كان، سەرۆکی دیوان، سکرتێری ئەنجوومەن، پارێزگارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لەسەر کێشەی داهات و مووچە و دۆخی حکومەت.

‎لەبارەی حکوومەت

‎بەڕێز سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە، هەروەکو لەسەرەتای کابینە رامگەیاندووە و ئێستاش دەیڵێمەوە، من سەرۆکی حکومەتی هەرێمم، واتە سەرۆك حکومەتی هەموو شار و شارۆچکەیەکی ئەم هەرێمەم، هەروەك چۆن گوتوومە: کاك قوباد جێگری سەرۆکی حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە، خەمی مووچەی سلێمانی و هەولێر بۆ من یەك خەمە و خەڵکی هیچ ناوچەیەك سزا نادرێت و نەدراوە و ئێمە خزمەتی هەموو کوردستان بەیەك ئاست دەکەین.

لەبارەی شەراکەت  لەحکوومەت و شەڕی راگەیاندن

‎بەڕێز سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە، ئەو لایەنانەی بەشداری کابینەن، زەرورەتە هەموومان پێکەوە کاربکەین و ئه‌ركی سەرشانی خۆمان بەپێی قەبارەی خۆمان لەناو حکومەت جێبەجێ بکەین و بەرامبەر هاووڵاتیانمان ئەرکمان لەسەر شانە، حکومەتێکی ئارام و سەقامگیریش خواستی منە و خوازیاری شەڕی راگەیاندن و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان نیم و هەر ئەمڕۆ داوا لە حزبی خۆم و یەکێتیش وەك شەریکێکی ئەساسی دەکەم، شەڕی راگەیاندن رابگرن و لەبری ئەمە خزمەتی خەڵك بکرێتە ئەولەوییەت، پاڵپشتی هەر هەوڵ و داوایەکیش دەکەم، کە دۆخەکە هێور دەکاتەوە و هەر لەو کۆبوونەوەیە پەیام بە راگەیاندنی هەردوولا درا، ئەم داوایە جێبەجێ بکەن.

لەبارەی دۆخی دارایی

‎سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە، لێژنەیەکی شارەزا لە وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و کەسانی شارەزا پێکدەهێنن بۆ راستی و دروستی ئەو زانیاریانەی لەسەر داهاتی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین باس دەکرێن، وەزارەتی دارایش لەلایەن سەرۆك وەزیرانه‌وه‌ راسپێردراوە، بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانه‌ی لە مووچەی فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانی هەیە پڕی بکەنەوە و دەبێت داهاتی هەموو کوردستان بەیەکسانی و وەك یەك بۆ حکومەت بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی پێبکات و خەڵکی ئێمە کێشەکانی رابردوو نەبینێتەوە، بۆیە ئەگەر هاوبه‌شه‌كانمان هاوکاربن لە گەڕاندنەوەی هەموو داهاتەکان بۆ حکومەت، کێشەی مووچەی پارێزگای سلێمانیش چارەسەر دەبێت، چوونکە ئێستا دەبێت بەپێی هەموو پێوەرێك جیاوازی لە داهاتی ناوخۆ هەبێت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئەو کاتەی کە نەخۆشی کۆرۆنا هەبوو.