دیسان ئێمە و پلاسخارت

Kurd24

ئێمە وازمان هێناوە و پلاسخارت وازمان لێناهێنێت، رۆژی سێ شەممە 17ی ئەم مانگە، جینین پلاسخارت نوێنەری یونامی لە عێراق، لە راپۆرتەکەیدا لە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە بارەی رەوشی عێراق، هاتە سەر باسی باردۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش، لە رێڕەوی قسەکانیدا باسی لە چالاکییەکی پارساڵی زانکۆی کوردستان کرد، هەندێک لە قسەکانی خۆی بیر ئامادەبووان هێناوەیە کە گوتبووی: پێویستە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم  یەکگرتووبن، بەڵام دیاربوو لە قسەکانی پارساڵ ئومێدەوارتربوو، وەک لەوەی ئەم ساڵ، چونکە دۆخی دابەشبوونی سیاسی و ئابووری، نەک باشتر نەبووە، بەڵکو زیاتر قووڵ بووتەوە.

نوێنەری یۆنامی لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە، کە جێۆ سیاسیەکەی هی ئەوە نییە، میللەتێک بەم دۆخەوە بێخەم لێیدانیشێ و هەروەک کورد دەڵێ: نەبای بێ و نەباران. دیارە قەدەری کورد وایە، هیچ رووداوێک ناتوانێ رایچڵەکێنێ، هەروەها ناتوانێت مەترسیەکانیش ببینێت تا ئەو کاتەی روودەدەن، ئەمەش قۆناغی عەقڵی منداڵییە، تا دەستی نەسووتێت، ناتوانی درک بەمەترسی ئاگر بکات.

دیدارەکەی پارساڵی زانکۆی کوردستان لە بارەی پرسی یەکبوون و دەستوورو هەڵبژاردن، هیچیان ئەنجام نەدراون، هەرچەندە هەڵبژاردن ماوەی پێنج مانگی ماوە، بەڵام وەکو دیارە ئەویش لەم کاتەدا ناکرێت، سەرباری خراب بوونی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی هێزو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە لایەک و لەگەڵ هێزو لایەنە عێراقییەکانیش لەلایەکی تر، دۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە وکاریگەری خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان داناوە، بەجۆرێک جووڵەی بازاڕی زۆر سست کردووە و هەندێک لە سەرمایەداران بەرەو شوێنەکانی تر روویان وەرگێڕاوە.

هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئەوەی لە توانای خۆی و دامەزراوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بووە، هەرلە پرسی یەکبوون و کۆی پرسەکانی تر درێغی نەکردووە، چەندین پەیام و دەستپێشخەری بۆ چارەسەری گرفتەکان خستوونەتە روو، بەڵام لایەنە سیاسییەکان وەڵامێکی ئەرێنیان بۆ ئەو پەیام و دەستپێشخەریانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبووە،  ئێستاش درەنگ نییە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان وەڵامی ئیجابیانەی پەیام و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بدەنەوە.

پێش هەموو لایەکیش روو لە حزبەکەی خۆم دەکەم، دەڵێم: سەروەریەکی گرنگ و گەورەیە، وەک چۆن هەمیشە لە رابردوودا لە پێناوی بەرژەوەندی گشتییدا قوربانیتان بە مافە حزبییەکانمان داوە، بەهەمان دیدو تێڕوانینەوە بۆ ئەم قۆناغەش وابکەن، هەرچی گیرو گرفت هەیە، بۆخەڵکی کوردستان روونی بکەنەوە و کۆسپەکانی بەردەم چارەسەرییەکانیش دیار بکەن، بۆ ئەوەی بەرپسیارییەتی مێژوو نەکەوێتە ئەستۆمان. بەبێ یەکبوون و یەکگرتووی، نەک هەر ناتوانین دەسکەوتی زیاتر وەدەست بێنین، بەڵکو ئەوەی ئێستاش هەیە لە دەست دەچێت، وەک پلاسخارت پارساڵ گوتی: تکایە ئەو دەستکەوتانە بەکەم مەزانن، سەت ساڵی خوێن و فرمێسکی لە پێناو رژاوە، تکایە چیترخەڵکی دڵسۆزو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیش لەوە زیاتر بێ ئومێد نەکەن.